پنجشنبه – ۱۱ بهمن – ۱۳۹۷ , 31 – 01 – 2019
بە داخێکی گرانەوە هەواڵی مەرگی هاورێ و هاوسنگەری لە مێژینە، پێشمەرگەی فداكار و دڵسۆزی كۆمەڵە، هاورێ عەبدولڵا مەنووچێهری ناسراو بە (مامە شوانە) ڕادەگەیەنین.
پاش نیوەرۆی پنج شنبە ١١ ی مانگی رێبەندانی ١٣٩٧ هەتاوی لە كاتی كۆتایی رێورەسمی چەكدار كردنی پۆلێك پێشمەرگەی تازە، هاوڕێ شوانەی ئازیز، تووشی جەڵدەی دڵ هات و سەرەڕای هەوڵی دەستبەجێی تیمی پزیشكی كۆمەڵە و گەیاندنی بە ” خەستەخانەی شورش” لە شاری سلێمانی و هەوڵ و كۆششی دڵسۆزانەی تیمی پزیشكی ئەو نەخۆشخانەیە، دڵە گەورەكەی هاورێ شوانە لە لێدان كەوت و ماڵئاوایی لە ژیان، بنەماڵە و هاوسەنگەرانی كرد.
هاورێ عەبدولڵا مەنوچێهری ناسراو بە شوانە، ساڵی ١٣٣٣ هەتاوی لە شاری مەریوان و لە كۆشی بنەماڵەیەكی دەست تەنگ چاوی بە ژیان پشكوت. تەمەنی منداڵی و لاویەتی بە كرێكاری و یارمەتیدانی بەرێچوونی بژێوی بنەماڵە بردەسەر. ٢٤ ساڵ تەمەنی بوو كە ڕاپەرینی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران دەستی پێكرد. مامە شوانە لە خەباتكارانی ئەو ڕاپەرینە لە شاری مەریوان بوو. یەكەم ئەزموونی هاورێ شوانە لە چالاكی ریكخراو دا بەشداری لە یەكێتی جوتیارانی مەریواندا بوو. هاورێ شوانە لەو كاتەوە چارەنووسی سیاسی خۆی به كۆمەڵەوە گرێدا و پاشان بوو بە پێشمەرگەی كۆمەڵە. لە كاتی پێشمەرگایەتی لە ناوچەی مەریوان و گوردانی كاك فواد و پاشان مەئموریەتی پێشمەرگانە بۆ ناوچەكانی دیكە لێبراو، دڵسۆز و فیداكار بوو. پاش چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی كاكە شوانە بە هۆی دەست كورتی بنەماڵەكەی گەڕایەوە مەریوان، بەڵام هیچ كات سەری بۆ كۆماری ئیسلامی و بەكرێگیراوانی دانەنەواند و سەربەرز و خۆشەویستی جەماوەری خەڵك مایەوە. سەرئەنجام هاوڕێ شوانە دوو ساڵ لەوە پێش پەیوەندی بە ریزەكانی كۆمەڵە( رێكخراوی كوردوستانی حیزبی كومونیستی ئیران) ەوە كرد. لەو ماوەیەدا لە هیچ كار و ئەركێكی حیزبی و پێشمەرگانە درێغی نەكرد و بەو پەڕی دڵسۆزی و فیداكاری خزمەتی بە كۆمەڵە، رێبازی كۆمۆنیستی و كرێكاران و چەوساوەكان كرد. كاكە شوانە مروڤێكی خۆنەویست و ئینساندۆست بوو و هەموو ژیانی لە پێناوی ڕزگاری چەوساوەكاندا بردەسەر.
بە داخەوە هاورێ شوانە لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا و لە كاتێكدا چاوەڕوانی پەیوەست بوون بە هاوسەر و دوو لە منداڵەكانی لە وڵاتی دانماركی دەكرد، لە ناكاو دڵی لە لێدان كەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لەوان و لە كۆمەڵە و لە هەموو ئەو جەماوەرە دڵسۆزە كرد كە خۆشیاندەویست. بە لە دەست دانی مامە شوانە، كۆمەڵە یار و پێشمەرگەیەكی دێرین و بە وەفا و خەڵكی ناوچەی مەریوان دڵسۆزێكی لە مێژینەیان لە دەستدا.
هەر لێرەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوسەری هاورێ شوانە، مریم خانم و جگەرگۆشەكانی، هەموو پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و تێكۆشەرانی ریزەكانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و جەماوەری دڵسۆزی شاری مەریوان و كوردستان دەكەین و خۆمان بە بەشداری ئەم خەمیان دەزانین.
یاد، بیرەوەری، دڵسۆزی و فداكاریەكانی هاوڕێ عەبدولڵا مەنووچێهری هەرگیز لە بیر ناكەین.
. دەبیرخانە كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە
( رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران)
١١ رێبەندانی ١٣٩٧
٣١ ژانویە ٢٠١٩