کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كانوتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە شەڕی دژە خەڵکیی ئێران و ئیسرائیل

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە شەڕی دژە خەڵکیی ئێر

 

نه شەڕ، نه هیوا بە هێزە جیهانییەکان. ڕێگای ڕزگاری لە گرەوی ناڕەزایەتی، ئاگایی و کردەی جەماوەریدایە

یەکەم: بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران. لەم هێرشەدا، دامەزراوە ناوەکییەکان، پایگاکانی سپای پاسداران، بەرگریی ئاسمانیی، پایگاکانی هێزی ئاسمانی و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵی ڕژیمی ئیسلامی، کرانە ئامانج و زیانێکی گەورەیان پێگەیشتووە. ئەم هێرشانە هێشتا بەردەوامن. هاوکات، ژمارەیەک لە بەرپرسە جینایه‌تكارەکانی سپای پاسداران کوژران. کەمتر لە ١٢ کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، ڕژیمی ئیسلامی بە ناردنی نزیکەی ١٥٠ مووشەکی دوورهاوێژ، هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک لەو مووشەکانە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی تەل ئەڤیڤ کەوتوونەتە خوارەوەو زەرەر و زیانی گیانی لێکەوتۆتەوە.

دووەم: ئەم ئۆپەراسیونە کە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی دوو دەوڵەتی فاشیستی ئاینیی ئێران و ئیسرائیلە. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە هەردوولاوە دژبە خەڵکە. ڕژیمی ئیسلامی ڕژیمێکی گەندەڵ، دژ بە کرێکار، دژ بە ژن و پێشێلکاری سەرەتاییترین ئازادی و مافەکانی مرۆڤە، کە بە درێژایی ٤٦ ساڵی ڕابردوو بە پشتبەستن بە سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و سزای لەسێدارەدان درێژەی بە دەسەڵاتی خۆیداوە. ئەم ڕژیمە بە گەمەیەکی ناوەکی بێ سەمەر و درووشمی “لەناوبردنی ئیسرائیل”، دەرفەتی دا بە دەوڵەتی ئیسرائیل کە ئاوا هەوسارپچڕاوانە هێرش بکاتە سەر ئێران. لایەکی تری ئەم ململانێیە، بریتییە لە ڕژیمی جینایەتکاری ئیسرائیل کە بە هێز و کوشتار، ملیۆنان فەلەستینی ئاوارە و باریکەی غەزە و کەناری ڕۆژئاوای کردووە بە دۆزەخ بۆ دانیشتوانەکەی. ئەم ڕژیمە کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانەکەی، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی لاهەوە بە تۆمەتی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی حوکمی بەدواچوونی بۆ دەرچووە، تاوانکار، شەڕخواز و مرۆڤکوژە.

سێیەم: بەردەوامی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە، جگە لە قوربانی بوونی خەڵکی بێ تاوان و وێرانبوونی ژێرخەنی ئابووریی ئێران، ڕێگە بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەسەرەوەی خەڵک و پێکهاتنی ئاڵتەرناتیڤی دڵخوازی دەوڵەتی ئەمریکا خۆش دەکات. شەڕ و ئاڵۆزی ئەو دەرفەتە دەدات بە ڕژیمی ئیسلامی کە بە توندوتیژییەکی هەرچی زیاتر سەرکوتی خەبات و ناڕەزایەتی ژنان، کرێکاران، نەتەوە ستەملێکراوەکان، ئازادیخوازان و مافخوازان درێژە پێبدات. بەردەوامی ئەم شەڕە لەلایەن دەوڵەتی جینایەتکاری ئیسرائیلەوە، نە ئازادیخوازانەیە، نە بە پێچەوانەی پرۆپاگەندەی هەندێک لە ڕەوتە نیمچە فاشیستییەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەبەرژەوەندی ڕزگاری خەڵکی ئێراندایە و نە لە پێناو مافی مرۆڤ و دێموکراسیدایە. کڕۆکی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە، بریتییە لە شەڕ و ململانێی دوو بلۆکی دژبەری یەک بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی ناوچەیی، کە هەردوو لایەن لەم پێناوەدا ئامادەن دەست بدەنە جینوساید و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی. بەردەوامی شەڕ، زیانێکی گەورە دەگەیەنێت بە کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، بەساڵاچووان، پەراوێزنشینان، منداڵان، وەرزێران و زۆرینەیەکی کە بەدەست برسێتی، هەژاری، بێ ئاوی و بێ کارەباییەوە دەناڵێنن. ژێرخەنەکان وێران دەکات و ئەو کارەساتە ژینگەییەی ئێستا کارەساتبارتر دەکات.

چوارەم: بەڵام ئەم یارییە بەبێ ڕۆڵی یاریزانێکی سێیەم نییە. ڕۆڵی دەوڵەتی ئەمریکا لەم هاوکێشەیەدا، هەمان ڕۆڵی هەمیشەییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە: پاراستنی هاوسەنگی ناپایەدار لە نێوان هێزە کۆنەپەرستەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هێزە جەماوەرییەکان. ئەمریکا بە پشتگیری لە ئیسرائیل و نیشاندانی گڵۆپی سەوزی سیاسی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ڕێک هەروەک چۆن لە بەرامبەر پرۆژە سەرکوتگەرییە ناوخۆییەکانی ڕژیمی ئیسلامیشدا، بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، بێدەنگ بووە یان لەحاندیدا چاوی نووقاندووە. لە ڕاستیدا، دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی ئیسلامی، سەرەڕای ناکۆکییە ڕواڵەتییەکان، لە یەک شتدا هاوبەشن، کە بریتییە لە پاراستنی ئەو پێکهاتە ئابوورییانەی ئێستا، کۆنتڕۆلی سیاسی لە سەرەوە و سەرکوتی هەر چەشنە ئاڵتەرناتیڤێکی جەماوەریی.

پێنجەم: بەردەوامی شەڕی ڕژیمی داگیرکەر و تاوانکاری ئیسرائیل لەگەڵ دەسەڵاتی دژە ئینسانی ئیسلامی، بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان پەراوێز دەخات و بۆ خەڵکی ئێران زۆر گران تەواو دەبێت. ڕێگایەکی سێیەم کە ئێمە بەرگری لێدەکەین و گەلێک کم هەزینەترە لە شەڕ و دەرەئەنجامەکانیشی خەڵک خۆیان دیاریدەکەن بریتییە لە: خەبات و ڕێکخستن لەپێناو ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامیدا. لە بارودۆخی ئێستادا کە دەسەڵاتی ئیسلامی لاواز بووە و ئامرازەکانی شەڕی خۆی بۆ وێرانکارییەکی هەرچی زیاتر ئامادە دەکات، ڕوخاندنی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرست و دژی خەڵکە، ڕێگر دەبێت لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ئیسرائیل و ڕژیمی ئیسلامی، واتە شەڕ، ماڵوێرانی، برسێتی، ئاوارەبوون و قات و قڕی. ئێمە وێڕای دژایەتی ڕاشکاوانە لەگەڵ ئەم شەڕە دژی خەڵکییە لە هەردوولاوە، بڕوامان وایە کە لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا، ڕێکخراوبوونی هەرچی زیاتری بزووتنەوە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان، یەکگرتوویی زیاتری دامەزراوە سەربەخۆکانی خەڵک، پاراستنی بەهێزتری دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر، ناڕەزایەتی دژ بە داگیرکاریی دەرەکی و سەرکوتی ناوخۆیی و هەروەها هەوڵدان بۆ دروستکردنی ستافێکی سیاسیی بزووتنەوەی جەماوەریی، ئەرکێکی بێ پسانەوە و بەردەوامی سەرجەم هەڵسووڕاوانی پیشەیی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

شەشەم: هیچ هێزێکی دەرەکی، هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی لە سەرەوە، توانایی رزگارکردنی خەڵکی نییە. تەنها هێزێک کە دەتوانێت ئێمە لە درێژەی ستەم و سەرەڕۆیی، گەمارۆکان، هێرش و قەیران ڕزگار بکات، بریتییە لە جەماوەری خەباتکاری ئێران. پێویستە جەماوەری خەڵک لە پێگەی چاوەدێرەوە بگەڕێتەوە بۆ پێگەی ئەکتەرێکی چالاک، نەک لە داهاتوویەکی نادیاردا، بەڵکوو هەر ئەمڕۆ و لە جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا. ئەوەی کە دیاریدەکات، ئاستی ئامادەکاری و هێزی خەبات و تێکۆشانی جەماوەریی ئێمەیە. نه شەڕ، نه هیوا بە هێزە جیهانییەکان. ڕێگای رزگاری تەنها لە گرەوی ناڕەزایەتی، ئاگایی و کردەی جەماوەریدایە.

 

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤

١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٥