کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن

image 23

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ژندا، ئەم ڕۆژە مێژووییە مەزنە لە سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز پیرۆزبایی دەکەین. ڕێز دەگرین لە یاد و بیرەوەری فیداکاریی ئەو ژن و کچە ئازادیخوازانەی کە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانه و شکۆداری “ژن، ژیان، ئازادی”دا وەک ئەستێرە درەوشانەوە و ڕێگای شۆڕشی چارەنووسسازی داهاتوویان ڕووناک کردەوە.

بزووتنەوەی ژنان لە ئێران قۆناغی پڕ هەوراز و نشێوی تێپەڕ کردووە، بەڵام ئێستا بە وانەوەرگرتن لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی”، یەکێک لە مرۆڤانەترین و پڕ جۆش و خرۆشترین ڕاپەڕینەکانی دەیەی ڕابردوو، بووەتە بزووتنەوەیەکی بەردەوام لەپێناو گەیشتن بە داخوازییە یەکسانیخوازانەکان نەک هەر بۆ ژنان، بەڵکوو بۆ سەرجەم ئەو توێژە ستەملێکراوانەی کۆمەڵگا کە لەگەڵ هەڵاواردن بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بزووتنەوەیەک کە ڕێگای نەدا حکوومەتی ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و لایەنگری گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی، دروشم و داخوازییە یەکسانیخوازانە و ڕادیکاڵەکانی بخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە. ئێستا بزووتنەوەی ژنان نەک هەر خوازیاری یەکسانی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدایە، بەڵکوو خوازیاری نەمان و لەناوچوونی ئەو سیستەمە ئایینی و پیاوسالارییەن کە ژیانی لێکردوون بە دۆزەخ. هەر ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی چەپی ژن لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا دەستبەسەرن و هۆکاری سەرەکی زیندانیکردنی جەستەیی ئەوان، دەگەڕێتەوە بۆ توانایی و پۆتانسێلە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری قووڵی کۆمەڵایەتی.

ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک نمونەیەکی بەرچاوی حکوومەتێکی ئایینی پشتیوانی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری، هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی خۆی لەسەر پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی ژنان دامەزراند. یەکەمین هەنگاوی سیاسی خومەینی لە ساڵی ١٣٤٢دا لە دژی ژنان و ئەو مافە سەرەتاییەکانە بوو کە لەو سەردەمەدا بەدەستیان هێنابوو، هەڵوێستێکی کە لە یەکەمین ڕۆژەکانی دوای بەدەسەڵات گەیشتنی لە ڕەشەمەی ١٣٥٧دا جەختی لەسەر کردەوە و بە کردەوەی دەرهێنا. لەو کاتەوە ڕژێمی ئیسلامی هەردوو ئامرازی ئایین و پیاوسالاریی، بەوپەڕی هێز و تواناوە لە دژی ژنان بەکارهێناوە. بێبەزەییانەترین شێوازەکانی توندوتیژی و سووکایەتی لەدژی ژنان لە ڕژێمی ئیسلامیدا بە یاسایی کران. سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ وەک هێمای کۆیلەیی ژن، مناڵ-هاوسەری، پەرەپێدانی لەشفرۆشی لە ژێر ناوی سیغە، چاوپۆشی یاسایی لە کوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس، بێبەشکردنی ژنان لە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ، زەوتکردنی مافی دادوەری لە ژنان، زەوتکردنی مافی گەشتکردن بەبێ ئیزنی پیاوان و بە یاساییکردنی مافی دوو ژن بەرانبەر بە یەک پیاو، تەنها بەشێکن لە یاسا دژە-ژنەکانی ڕژێمی ئیسلامی.

بەڵام بە بارتەقای هەموو ڕەهەندەکانی دڕندەیی و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە دژی ژنان، خەبات و خۆڕاگریی ژنان لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوو لە کۆمەڵگا و لە ناوەندەکانی کاردا، بێ پسانەوە بەردەوام بووە کە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی (ژن، ژیان، ئازادی)، واتە لوتکەی ئەم ئاخێزە مێژووییە، نیشانی دا کە ئەمڕۆکە ژنان جێگە و پێگەی هەرە بەرزیان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دادپەروەر و یەکسانیخوازەکاندا بەدەست هێناوە. لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەدا ژنانی توانا، وشیار، بوێر و فیداکار نیشانیان دا کە شایستەترینن بۆ بەڕێوەبردنی جیهانێکی بێ شەڕوشۆر، بێ کوشتار و لێوانلێو لە ئاشتی، مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی. بە هەڵکەوت نەبوو کە سەرپۆشەکان دەسووتێنران، ژنان پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکانیان لە ئەستۆ بوو، لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردوان لەبری وتاری و بانگەشەی ئاخوندە ئایینییەکان، سروودی و شێعری شۆڕشگێڕانە  دەخوێندرانەوە و بەیاننامە و ڕاگەیەندراوی مژدەبەخش لەدژی هۆکارەکانی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ژنان، واتە ئایین، پیاوسالاری و سەرمایەداریی، دەنووسران و بڵاو دەکرانەوە.

کەم نین ئەو ژنە تێکۆشەر و خۆڕاگرانەی کە لەناو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا خەباتیان کرد، بەچۆکدا نەهاتن و گیانی ئازیزیان لە ڕێگای ئامانجە بەرزەکانیاندا بەخت کرد. کەم نین ئەو ژنە خەباتکارانەی کە هەموو تابۆکانیان شکاند و لە خەبات و خۆڕاگریی چەکدارانە و سەربەرزانەی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی هێزی سەرکوتگەری حکوومەتی ئیسلامیدا قارەمانانە خەباتیان کرد، گیانیان بەخت کرد و بوونە ئەفسانەی هەزاران ژن و کچی شۆڕشگێڕ کە ناویان وەک ڕەمزێک بۆ نەوەکانی داهاتوو بە زیندوویی دەمێنێتەوە. کەم نین ئەو ژن و کچە بێزار و وەگیانهاتووانە لە ستەم و سەرکوت، کە چارشێو و حیجابی زۆرەملێی ئیسلامی، ئەم سیمبولی وەحشیگەری و بەربەرییەتی پیاوسالاری ئایینییان، لە مەیدان و شەقامەکاندا ئاگر تێبەردا و بانگی یەکسانی و مرۆڤایەتییان بەرز کردەوە. کەم نین ئەو ژن و کچانەی کە لە ناڕەزایەتی و خەباتی مافخوازانە و بەردەوامی کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و دادخوازاندا، بە بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادی و یەکسانیی، هاتنە سەر شەقامەکان، سنگیان لە بەرانبەر سەرکوتگەرانی بێبەزەییدا کردە قەڵغان و ترسی مەرگیان خستە ناو جەستەی لەرزۆکی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵات و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، ڕەسمییەتی یاسایی نییە. دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم ڕۆژە، لە دژایەتی ئەم حکومەتە لەگەڵ ژنان و هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی یەکسانیخوازییەوە سەرچاوە دەگرێت. ٨ی مارسی ئەمساڵ دەتوانێت ببێتە ڕۆژی خستنەڕووی ویست و داخوازییەکانی ژنان، ڕۆژی بانگەوازی یەکسانی ژن و پیاو، ڕۆژی ناڕەزایەتی دژبە توندوتیژی لەدژی ژنان لە کۆمەڵگای ڕوو لە ئاڵوگۆڕی ئێراندا. ویست و داخوازییەکانی ژنان، ویست و داخوازی چینی کرێکار و بەشی وشیار و پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازی کۆمەڵگایە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژن، داوا لە سەرجەم ژنان و پیاوانی وشیار و یەکسانیخواز دەکات کە لەم ڕۆژەدا لەدژی ستەم و سەرکوت لەسەر ژنان و سیاسەتە دژە-مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

مارسی ٢٠٢٥

ڕەشەمەی ١٤٠٣