کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی پلینۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدەیەم

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی پلینۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی

بەمجۆرە ئاگادارتان دەکەینەوە کە پلینۆمی یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزب، ڕۆژی شەممە ٢٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ بەرامبەر بە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بەڕێوەچوو.

ئەم پلینۆمە بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب هاوڕێیان: فەرەیدون نازری، حەبیب سادقی، کاوە ئەلیاسی، شاهین خەلیلی، هیوا ئەمانی، پەروانە بوکاە، ئیبراهیم عەلیزادە، کەریم ئەمانی، سروە ناسری، فەرشید غەفارنەژاد، گوڵناز گۆڵمحەممەدی، فوئاد سوڵتانی، ئەسعەد ڕۆستەمی، کامەران دەباغیان، شەهرام ئەمانەتی، ئەندامانی سەرەکی و هەروەها هاوڕێیان مینو درەخشان، ئەسرین ڕەحیمی و بەیان زەندی ئەندامانی جێگرەوەی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو. هەروەها لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبیش وەک چاودێر بەشدار بوون.

بەرنامەی کاری پلینۆم بریتی بوون لە:

ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی بە پلینۆم، تاوتوێکردنی قەرار و بڕیارنامەکان و دابەشکردنی ئەرک و کارە ناوخۆییەکانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب.

پلینۆمەکە بە سروودی ئەنتەرناسیۆنال سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستیپێکرد و لە درێژەدا، وێڕای جەختکردنەوەی سەرلەنوێ لەسەر هەڵسەنگاندنی سیاسی کۆنگرەی سێزدەیەمی حزب سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای جیهان و ئێران، دوایین پێشهاتەکانی دوای بەڕێوەچوونی کۆنگرەشی تاوتوێ کرد کە کۆدەنگی گشتی لەسەر ئەو بابەتە دەستەبەر بوو. لە پلینۆمەکەدا هەروەها جەخت لەسەر زەروورەتی لێکنزیکبوونەوەی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەو بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا کرایەوە و بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەو پرسە، هەیئەتێکی لە هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دیاریکرد.

وردەکاری ئەو پرسە سیاسییانەی کە لە پلینۆمدا کەوتنە بەر باس، دواتر لە چوارچێوەی وتووێژ و بابەتی سیاسیدا لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزبەوە بە ئاگاداری ڕای گشتی دەگات.

لە بەرنامەی کاری تایبەت بە دابەشکردنی ئەرک و کارە ناوخۆییەکانی کۆمیتەی ناوەندی، ئۆرگانەکانی کار و چالاکی حیزبی: کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، دەبیرخانەی حیزب، دەستەی سەرنووسەری گۆڤار وچاپەمەنی حیزب و هتد، دیاریکران. پلینۆم هەروەها هاوڕێیان: ئەسعەد ڕۆستەمی، سروە ناسری، فەرەیدون نازری، ئیبراهیم عەلیزادە و فەرشید غەفارنەژادی وەک ئەندامانی هەیئەتی ئیجرایی حیزب بەمەبەستی ئاراستەکردنی سەرجەم ئەرک و کارەکانی حیزب لە نێوان دوو پلینۆمدا، هەڵبژارد.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣

٢٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٤