ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانیی ناتۆ، ڕایگەیاند کە ئەم هاوپەیمانییە بەتەواوی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک و پاراستنی سەرجەم وڵاتانی ئەندام.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “فاینانشەڵ تایمز“، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ شەڕەکە فراوانتر بکات، هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدوای ئامانجە ئەمریکییەکاندا دەگەڕێن لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، بەتایبەتی لە وڵاتی بۆلغارستان. لەم پەیوەندییەدا، بەرپرسەکەی ناتۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە سیستەمی بەرگری و ڕێگریی هاوپەیمانییەکەیان زۆر بەهێز و کاریگەرە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر لە ئەمساڵدا، بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ڕێگری لە چەندین مووشەکی بالیستی بکات کە لە ئێرانەوە ئاراستەی تورکیا کرابوون.
