خه‌ڵكی خه‌باتكاری كوردستان، ژنان و پیاوانی ئازاده!
ئاخێزێك كه له ٢٤ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌وه ده‌ستی پێكرد و نزیك به حه‌فته‌یه‌كی خایاند، هاوسه‌نگی هێزی له نێوان كۆماری ئیسلامی و خه‌ڵك به قازانجی جه‌ماوه‌ری خوازیاری “نان و كار و ئازادی” گۆڕی. به‌ڵام سه‌رانی ڕژیم، كه هه‌ستیان به جه‌وهه‌ری دژه ڕژیمی ئاخێزی مانگی به‌فرانبار كردبوو، به‌كرێ گیراوانی ڕاهاتوو و بێ ڕه‌حمی خۆیانیان به فه‌رمانی “ئاته‌ش به ئیختیار” له گیانی خه‌ڵكێك به‌ردا كه درووشمی سه‌ره‌تاییان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری گران كردنی بێنزین بوو. هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم هه‌ر له یه‌كه‌مین ساتهكانهوه، خۆپیشانده‌رانیان به هه‌موو جۆر چه‌كێكی كوشنده كرده ئامانج و سه‌دان كه‌سیان له خه‌ڵك خه‌ڵتانی خوێن كرد. سه‌رانی ڕژیم هه‌تا ئێستاش له ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ی گیان به‌خت كردووان خۆیان ده‌بوێرن. به‌ڵام نیشانه‌كان پێمان ده‌ڵێن كه ڕژیم پتر له هه‌زار كه‌سی كردووه‌ته قوربانی. هه‌تا ئێستا هه‌واڵی مه‌رگی ٣٠٤ كه‌س له لایه‌ن ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه پشتڕاست كراوه‌ته‌وه.
سه‌رانی ڕژیم هه‌تا ئێستا خۆیان له دانه‌وه‌ی ته‌رمی زۆربه‌ی گیان به‌خت كردوان بواردووه و كاتێكیش به ناچار ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجام داوه، هه‌ڕه‌شه‌یان له بنه‌ماڵه‌كانیان كردووه كه نابێ ڕێوڕه‌سمیان بۆ بگیرێت و یان سه‌باره‌ت به‌وان ئاگاداری بدرێت. به‌ڵام بنه‌ماڵه خه‌باتكاره‌كان وڵامی ددان شكێنانهیان به ڕژیم داوه‌ته‌وه. ژماره‌یه‌ك له‌و بنه‌ماڵانه به بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێك، داوایان له خه‌ڵكی ئێران كردووه كه ڕۆژی پێنجشه‌ممه، ٥ی مانگی به‌فرانبار، له ڕێوڕه‌سمی جۆراوجۆردا یادی گیان به‌خت كردوووان بكه‌نه‌وه و جهنایهتهكان مه‌حكووم بكه‌ن.
خه‌ڵكی ئازاده!
له ئێستادا سه‌رانی كۆماری ئیسلامی سیاسه‌تی فریوكارانه و دووڕوویانهیان گرتووه‌ته به‌ر. ئه‌وان له لایه‌كه‌وه ڕوویان كردووه‌ته جۆرێك له دڵنه‌وایی له خه‌ڵك و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌روا درێژه به ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هاووڵاتیان ده‌ده‌ن. پێویسته به هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه ده‌كرێ هه‌زینه‌ی كوشتاری لاوان بۆ ڕژیم ببردرێته سه‌ر، ده‌ستیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنیان ببه‌سترێ، ئازادی به‌ندكراوانی سیاسی بێته داخوازێكی گشتی و پێویسته خوازیاری سزادانی بڕیارده‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و كوشتاره بین. كۆمه‌ڵه به گه‌رمی پشتیوانی له بانگه‌وازی ئه‌و دایكه جه‌رگ سووتاوانه ده‌كات و داوا له خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات كه ئیراده‌ی خۆیان بۆ مه‌حكووم كردنی ئه‌و جه‌نایه‌ته، بۆ ڕێزگرتن له یادی گیان به‌خت كردووان و بۆ دیفاع له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، به‌هه‌مووان نیشان بده‌ن.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه
(ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)
٢٧ی مانگی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٨ی هه‌تاوی