کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوی بوومه‌له‌رزه‌ له‌كوردستانی ئێران و عێراق

7

2017-11-13 | ۱۳۹۶-۰۸-۲۲

7
شه‌وی ڕابردوو ٢١ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٦ سه‌عاتی ٢١ و ٤٨ ده‌قیقه‌ به‌ كاتی ئێران و سه‌عاتی ٢١ و ١٨ ده‌قیقه‌ به‌ كاتی عێراق، بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز به‌ گوڕی ٧ و ٢ ده‌هۆمی ڕیشتێر، به‌شگه‌لێك له‌ كوردستانی ئێران و عێراقی هه‌ژاند. ئه‌م بومه‌له‌رزه‌یه‌ بووه‌ته‌ هۆی زیانی گیانی و ماڵی و وێرانی زۆر به‌ تایبه‌ت له‌ ئوستانه‌كانی كرماشان و له‌ ناوچه‌كانی باشووری كوردستانی عێراق. به‌ داخه‌وه‌ ڕێژه‌ی گیان به‌ختكردوان له‌ حاڵی هه‌ڵكشاندایه‌. له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كانی ڕۆژئاوای ئێران هه‌تا ئێستا زیاد له‌ ٢١٠ كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و ١٧٠٠ كه‌س بریندار بوون. له‌ ئوستانی كرماشان ٨ ئاوایی به‌ ته‌واوی وێران بوون. ئاماره‌كان له‌ كوردستانی عێراق باس له‌ گیان له‌ده‌ستدانی ٩ كه‌س و بریندار بوونی زیاد له‌ ٧٠٠ كه‌س ده‌كه‌ن.

ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ یارمه‌تییه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌ر دوو لا زۆر كه‌م ئه‌نجام ده‌درێن و زیان به‌ركه‌وتوان پێویستیان به‌ یارمه‌تی خێرای خه‌ڵكی هه‌یه‌.

له‌ بارودۆخێكدا كه‌ خه‌ڵك له‌ هه‌ر دوو به‌شی كوردستان پێویستیان به‌ یارمه‌تی هه‌یه‌، ده‌وڵه‌تانی ئێران و عێراق و به‌رپرسانی حكومه‌تی ناوخۆیی كوردستان نابێت هیچ جۆره‌ به‌ربه‌ستێكی سنووری بۆ پێڕاگه‌یشتن به‌ زیان به‌ركه‌وتوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ پێك بێنن.

كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می قووڵی خۆی له‌گه‌ڵ كه‌س و كاری قوربانیانی ئه‌م ڕووداوه‌ سرووشتییه،‌ بۆ برینداران هیوای باش بوونه‌وه‌ ده‌خوازێت و بانگه‌وازی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات كه‌ یارمه‌تی بومه‌له‌رزه‌ لێدراوان له‌ كوردستانی عێراق و ئێران بده‌ن.

کومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌

ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

٢٢ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٦