ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە توانایدا نییە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران خامۆش بکات، هەربۆیە بە ئامانجی لادانی سەرنج لەسەر دیمەنی شکۆداری ئاخێزی خەڵک لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران و ڕاکێشانی سەرنجەکان بەرەو دەرەوەی سنوورەکان، لە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ی خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ڕەزبەر، بنکە و بارەگای لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی، لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا، کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و پەهبادی.
لەم هێرشانەدا مقەڕەکانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان، کراونەتە ئامانج. بەپێی دوایین هەواڵەکان لەم هێرشانەدا ٩ کەس گیانیان بهختکردوه و چەندین کەسێکی دیکەش برینداربوون. ئێمە بە تووندی ئیدانەی ئەم هێرشە تاوانکاریانە دەکەین کە مەترسییەکانیان زیاتر ئاراستەی خەڵکی ئاسایی و بە تایبەت ئەو منداڵان و بەساڵاچووانەی کە لە دەوروبەری ئەو دامەزراوانە دەژین.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار کردەوەی تیرۆریستی و هێرشی مووشەکی و تۆپبارانی لە دژی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە. هەر جارە و ئەم جۆرە کردەوانەی ڕێژیم ڕووبەڕووی کاردانەوەی خەڵکی کوردستانی ئێران و ڕق و بێزاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانه، كۆماری ئیسلامی وانەی له ڕابردوو وەرنەگرتووه و نەیتوانیوه بڵێسەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستان و ئێران خامۆش بکات، جارێكی تر ئەم سیاسەته شكستخواردووەی دووباره كردۆتەوه .
ئێمە دڵنیاین کە ئەو شەپۆلە بەرینەی دوای کوشتنی ژینای جوانەمەرگ لە کوردستانەوە کەوتەڕێ و تەواوی ئێرانی گرتەوە، بەم هەوڵە لاواز و بێ ئاکامانە دانامرکێتەوە. بێ گومان كۆماری ئیسلامی وڵامی ئهم جینایهتانهی، بە هەرچی زیاتر جهماوهڕی بوونەوە و بەرزتر بوونەوەی هاواری ئازادیخوازانەی خهڵك وەردهگرێتهوه.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاویی
٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی