کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی کرێکارانی مەیدانەکانی تەڕەبار

18 0 1

کرێکارانی مەیدانەکانی تەڕەبار، هەموو ئاستەکانی تەمەن لەخۆدەگرێت و هەر لە مناڵان و تازە لاوانی کەم تەمەنەوە بگرە هەتا بەساڵاچووانی تەمەن حەفتا ساڵ لەو ناوەندانەدا سەرقاڵی کارکردنن. سەعات کاری ئەو کرێکارانە هەر لە یەک و دووی نیوە شەوەوە دەستپێدەکات و تا کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. هەڵبەت ئەم سەعات کارە لە دوای پەتای کرۆناوە دیاریکراوە، ئەگینا پێشتر لە سەعات یەک و دووی شەوەوە تا چوار و پێنجی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبوو. کاری کریکارانی مەیدانەکانی تەڕەبار بریتییە لە داگرتن و سەرلەنوێ بارکردنەوەی ئەو میوە و سەوزەڵاتەی کە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە دێتە ئەو ناوەندانە و دواتر ناردنیان بۆ دوکان و بازاڕەکانی میوەفرۆشی. کرێی داگرتن لەلایەن خاوەن دوکان و غورفەکانەوە دەدرێت بەو کرێکارانە و کرێی بارکردنەوەشی لەلایەن خەڵک و بە واتایەکی تر کڕیارانەوە دەرێت.

ئەو کرێکارانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بەردەوام بە شێوەیەکی تاقەت پروکێن کاردەکەن و لە بەرامبەردا داهاتێکی مەمرەومەژی بەدەست دەهێنن، ئەرکی پاراستن و ئەمانەتداری ئەو کەل و پەل و میوەجاتەشیان دەکەوێتە سەرشان بۆ ئەوەی بەهۆی قەرەباڵغی بازاڕەکانەوە، لە دزی و شتی لەو چەشنە بیانپارێزن، ئەگینا لە کرێ و حەقدەستەکانیان کەم دەبێتەوە. ئەو کرێکارانە لە شوێنی کەرەکەیان هیچ جێگایەکیان بۆ پشوودان و حەسانەوە نییە و  تەنانەت کاتی ژەمەکانیشیان هەروا بە شێوەی سەرپێیی و یان لە سووچێکی دوکان و غورفەکاندا پەتوویەکی کۆن ڕادەخەن و لەسەری دادەنیشن. ئەگەرچی لە هەر دوکان و غورفەیەکدا شوێنێکی بەرتەسک و بچووکیان وەک جێگەی خەوتن بۆ ئەو شۆفیرانەی کە لە شارە دوورەکانەوە بار دەهێنن، دیاری کردووە، بەڵام زۆر پیش و نەگونجاو و ناتەندروستە و هیچ ڕێوشوێنێکی بێهداشتیان تێدا ڕەچاو نەکراوە. جگە لەمانە، شوێنی کاری ئەو کرێکارانە سەرئاواڵایە و لە وەرزەکانی زستان و هاویندا بە دەست سەرما و گەرمای لەڕادەبەدەر ئازار دەچێژن. خاوەنکارەکان لیباسی گونجاو و کەوشی کاریان بۆ دابین ناکەن و کرێکارەکان ناچارن بۆخۆیان لەو حەقدەستە کەمەی کە بەدەستی دەهێنن، لیباس و کەوشی کار بۆخۆیان دابین بکەن. ئەو کرێکارانە لە شوێنی کارەکانیان لە بوونی حەمام و سەرویسی بێهداشتی و هۆکارەکانی پاک و خاوێنی بێبەشن و یان دەبێ لە سەرویسێکی غەیرە بێهداشتی گشتیی کەڵک وەربگرن. ئەو ناوەندانە سەرەڕای بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر و زەوەندە بەڵام نەک هەر هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی فریاگوزاریی و دۆکتۆر و ئامرازێکی پێشگیرییان بۆ کاتی ڕووداوەکانی کار تێدا نییە، بەڵکوو کرێکارەکانیش لە هەبوونی هەر جۆرە بیمەیەک بێبەشن و خاوەنکارەکان نەک هەر خۆ لە بیمە کردنیان دەبوێرن، بەڵکوو هەر کاتێک بیانەوێت بە تۆمەت و بیانووی جۆراوجۆر لەسەر کار دەریان دەکەن. تەنانەت ئەگەر کرێکارێک بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە، بریندار ببێت یان تووشی لەکارکەوتوویی بێت، خاوەنکارەکان خۆیان لە ئاست تەندروستی و بژێوی کرێکاران بە بەرپرسیار نازانن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوەندە پێوەندیدارەکانی دەوڵەتیش هیچ چاودێرییەکیان بەسەر ئەو شوێنانەدا نییە.

ئەم بەشە لە کرێکاران شەش ڕۆژ لە حەفتەدا کاردەکەن و تەنیا ڕۆژانی هەینی پشوویان هەیە. جگە لەوەش، ئەگەرچی بەهۆی سەختی کار و بێخەوی و گواستنەوەی باری قورسەوە، تووسی نەخۆشی و پشت ئێشە و زوو پیربوون دەبن، بەڵام هیچ یاسایەکی خانەنشینی نایانگرێتەوە و تا دوا وزەی لەشیان دەبێ کار بکەن بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە لەلایەن خاوەنکارانی چاوچنۆکەوە دەچوسێنەوە و شیرەی گیانیان دەمژرێت.