له ڕۆژانی رابردودا ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به یارمه‌تی هه‌موو هێزه سهركوتگهرهكانیهوه هه‌وڵی ڕێگری كردن له به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی نه‌ورۆزی له سه‌قز، شنۆ، كرماشان و بۆكان داوه، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ته‌وه.
ڕۆژی هه‌ینی ٢٤ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٤٠٣، هێزه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به كۆبوونه‌وه له گوندی “سینگان“ی شاری شنۆ، به دانانی وێستگه‌ی پشكنین هه‌وڵی ڕێگری كردن له به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسمی نه‌ورۆزیان دا. هاوكات هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی به بڵاوه پێكردنی به‌شداربووانی مه‌راسمی نه‌ورۆز له گونده‌كانی “كانی سوورهك” و “قهڵاتووك“ی شنۆ، هه‌وڵیان دا ڕێگری له كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك بكه‌ن، به‌ڵام له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هێرش كرایه سه‌ریان و چه‌ك كران. هه‌روه‌ها له شاری بۆكان ڕێگری له كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له قه‌ڵای ته‌ره‌غه كرا. له شاری سه‌قز به ساز كردنی خاكڕێژ و چاودێری په‌هباد مه‌راسمه‌كه به ڕێوه چوو.