به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سایین قەڵا لە زیندانی ناوەندیی شاری میاندواو بە هۆی پێدانی دەرمانی هەڵە گیانی لە دەست داوە و بهرپرسانی زیندان بەڵێنیان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە کە سکاڵا دهرنهبڕن.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی دووشهممه ١٥ی مانگی گوڵان، بەندکراوێکی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی شاری سایین قەڵا بە ناوی “پەرویز قارەمانی” لە زیندانی ناوەندیی میاندواو گیانی لە دەست داوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قارەمانی لەوبارەوە ڕاگەیاندووه: ناوبراو دوای ئەوەی کە باری جەستەیی ناجێگیر بووە لەلایەن براکەیەوە کە ئەویش لەو زیندانیە بەندکراوە بۆ بێهداری بەندیخانە گوازراوەتەوە و لەو ڕووەوە کە پزیشک لەوێ نەبووە، پەرەستارەکە سەربەخۆ دەرمانێکی پێداوە. شایانی باسه، پەرویز دوای ئەوەی دەرمانەکانی خواردووە دۆخی جەستەیی بەتەواوەتی تێک چووە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “فاتمە” و لەوێ گیانی لە دەست داوە. جێگهی ئاماژهیه، بهدوای ئهم ڕووداوه، ئیدارەی ئاگاهی میاندواو بەڵێنیان لە باوکی ناوبراو وەرگرتووە کە نابێت سکاڵا بکات. ئەوان هەروەها بە بنەماڵەکەیان وتووە کە دەبێ لەبەڵگەی سەرەخۆشی بنووسن بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لە دەست داوە.