کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
جیهانهه‌واڵه‌کان

ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كرێكاران له‌ ڕۆژی جیهانیی كرێكار

ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كرێكاران له‌ ڕۆژی جیهانیی كرێكار

ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كرێكاران له‌ ڕۆژی جیهانیی كرێكار

دوای ئەوەی ویرووسی کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبووەوە، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی زەوی قه‌ره‌نتینه‌ کراون و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار راپۆرتێكی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پێشبینی كردووه‌، ویرووسی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر دوو ملیارد و ٧٠٠ ملیۆن کەس لە کرێکاران و كارمه‌ندان دابنێ، واتە ٨٠ له‌سه‌دی کۆی کرێکارانی جیهان.

رێکخراوەکە پێشبینیی ئەوەش كردووه‌ کە کرێکاران و كارمه‌ندانی چوار کەرتی تایبەت، له‌وانه‌ کەرتی خۆراک و گه‌شت و گوزار به‌ ١٤٤ ملیۆن کرێکار، وردەفرۆش و کۆفرۆشی بە ٤٨٢ ملیۆن کرێکار، خزمەتگوزاریی بازرگانی و کارگێڕی بە ١٥٧ ملیۆن کرێکار و كارمه‌ند و كه‌رتی بەرهەمهێنان بە ٤٦٣ ملیۆن کرێکار، هەست بە لێکەوتەی قورسی پەتاکە ده‌كه‌ن. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ لە ئەمریکای خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهان، کاریگەرییەکانی کۆرۆنا بەڕوونی لەسەر کرێکاران دەرکەوتوون و بانکی سەنت لویسی فیدراڵیی ئەمریکا، پێشبینی دەکات کە بەهۆی کۆرۆناوە، ٤٢ ملیۆن کەس لە ئەمریکا کارەکانیان لەدەستبدەن و رێژەی بێکارییش تاوەکو ٣٢ له‌سه‌د بەرزببێتەوە. هاوكات چین دووەم بەهێزترین ئابووریی جیهانە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی کۆرۆناوە زیانێکی زۆر بەر کرێکار و كارمه‌ندانی بکەوێت. لە مانگەکانی ژانوییه‌ و فێورییه‌ ئەمساڵ زیاتر له‌ ٢ ملیۆن کەس پارەی بیمەی بێکارییان وەرگرتووه‌، بەڵام لە هەمان ماوەدا نزیک پێنج ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستداوە. پێشبینیش دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس لە چین کارەکانیان لەدەست بدەن. بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، ژمارەی گەنجانی جیهان لە ساڵانی نێوان ١٩٩٩ تا ساڵی ٢٠١٩ له‌ یه‌ك ملیارد کەسەوە بۆ یەک ملیارد و ٣٠٠ ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەدا ژمارەی گەنجان لە هێزی کاردا لە ٥٨٦ ملیۆن کەسەوە بۆ ٤٩٧ ملیۆن کەس دابەزیوە.