ڕۆژی سێشهممه ٨ی مانگی سهرماوهز، هەرچەندە هێزەکانی ڕژێمى ئێران گۆشارەکانیان بۆ گرتن و ڕاوەدونانی چالاکوانان و خۆپیشاندەران چڕکردوەتەوە و شارەکانیان بە هێز تەنیووە، بەڵام هێشتا ڕاپهڕین و ناڕهزایهتی بە چەندین شێوەی جیاواز بەردەوامە.
بهپێی ڕاپۆرتهكان، دوێنێ جارێکی دیکە لە شارەكانی سنە و ئابدانان، گەنجان هاتنەوە شەقام و كۆبوونهوهی ناڕهزایهتییان بهڕێوهبرد. ههر لە شاری سنە، چوار ئەندامی خێزانێک، کە پێکهاتوون لە دوو خوشک و دوو برا بە ناوەکانی “ئافاق، شەمسی، پەرویز و خەسرەو ساعد موچشی” دەستبهسهرکران و لە شاری مهابادیش تەرمی “شۆڕش نیکنام”، یەکێک لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەو شارە بە بەشداری دەیان کەس لە گۆندی قەڵاجوغە بەخاکسپێردرا و ئەمە لە کاتێکدایە، هێزەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی بەرفراوان بە شارەکاندا بڵاوبوونەوە و چەندین بازگەیان لەناو شارەکان داناوە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای خۆپیشاندەران و دەستبهسهرکردنیان. لەلایەکی ترەوە چوار ڕێکخراوی تایبەت بە خانەنشینیان وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە داواکاری خۆپیشاندەران، داوایان کردووە، کۆتایی بە هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزی لەو وڵاتە بهێنرێت و دەستبەجێ سەرجەم زیندانیان ئازاد بکرێن و ئەو کەسانەی دەستیان لە سەرکوت و ئازاردانی خۆپیشاندەراندا هەبووە دەستگیر و دادگایی بکرێن.
هۆشداریشیان داوەتە دەسەڵات، کە ئەگەر گوێ بۆ داواکاری خۆپیشاندەران نەگرێت، بە هێز ناتوانێت دەنگی شەقام کپ بکات و بە توندی خەڵک وەڵامی دەدەنەوە.