بەمجۆرە ئاگادارتان دەکەینەوە کە پلینۆمی نۆیەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٤ و ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بە سروودی ئینتێرناسیۆناڵ و خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختکردوانی بەفرانبار و هاوڕێیان نەسرین شوجاعی و سەعید ویسی کە لەم دواییانەدا ماڵئاواییان لە ژیان کرد، کارەکانی دەستپێکرد. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و کۆمەڵێک لە کادرەکانی حیزب وەک چاودێر بەشدار بوون. کارنامەی دانیشتنەکانی پلینۆم بریتی بوو لە ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە، ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نۆزدەهەمی کۆمەڵە، تاوتوێکردنی بڕیارنامە پێشنیارکراوەکان و دابەشکردنی ئەرکە ناوخۆییەکانی کۆمیتەی ناوەندی. پلینۆم تەرکیزی سەرەکی خستەسەر ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ڕێبەریی. ئەوەی کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە، هێڵە گشتییەکانی ڕاپۆرتی سیاسییە بە پلینۆمی نۆیەم.
کوشتاری خوێناوی ١٩ و ٢٠ی بەفرانبار، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ئێراندا. کۆماری ئیسلامی بە پەنابردن بۆ توندوتیژی بێبەزەییانە و بێ وێنە، توانی بەشێوەیەکی کاتی پێش بە شەپۆلی ئاخێزی جەماوەری بگرێت، بەڵام ئەم پێشگرتنە بەو مانایە نییە کە ڕێژیم قەیرانەکانی تێپەڕاندووە. ئەوەی ئێستا لەگەڵی بەرەوڕووین، ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی گۆڕینی هاوسەنگی هێز، قۆناغێک کە هەم هەڕەشەی جددی و هەم دەرفەتی مێژوویی بۆ هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لەخۆدەگرێت. ڕەهەندەکانی ئاخێز و لۆژیکی سەرکوتکردنی بێبەزەییانەی ئاخێزی ئەم دواییەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، سەربەخۆ لە بانگەوازی فەرمیی هێزە سیاسییەکان و تەنانەت سەربەخۆ لە ڕاگەیاندنی پشتیوانی دەرەکی و بەتایبەت ئەمریکا، ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتر و جەماوەریی تر دەبوو. ڕاگەیاندنی پشتیوانی ئەمریکا و بەڵێنی هاوکاری، لە دۆخێکدا کە ناڕەزایەتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەیان دەسەند، لە لایەن ڕژیمەوە وەک زەنگی مەترسی کۆتایی چاوی لێکرا. کۆماری ئیسلامی لە هەر قۆناغێکدا کە بوونی خۆی لە مەترسیدا ببینێت، پەنا بۆ سیاسەتی “مانەوە بە هەر نرخێک” دەبات و لە هیچ ئاستێک لە جینایەت دەست ناپارێزێت.
ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، کۆماری ئیسلامی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەیی یەکێک لە تاوانە ترسناکەکانی مێژووی خۆی ئەنجامدا. سەرەتای سەرکوتەکە بە بڕینی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە سەرانسەری ئێران دەستیپێکرد. لە هەندێک پارێزگا، لەوانە پارێزگای مەرکەزی، تەنانەت تۆڕی کارەباش پچڕا بۆ ئەوەی زەمینە بۆ کوشتاری شەوانە خۆش بکات. هێزە چەکدارەکان لە تاریکی شەودا بە چەکی ئۆتۆماتیکی لە شەقامەکاندا تەقەیان لە جەماوەری بێ چەک کرد. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. ئەو هێزە ڕاهێنراوانەی کە وادیارە بۆ ئاوا ڕۆژێک ئامادە کرابوون، بەبێ دوودڵی تەقەیان لە هەر کەسێک دەکرد کە دەستیان پێی ڕادەگەیشت. بە وتەی شایەتحاڵەکان سەدان بریندار لە نەخۆشخانەکان هێنراونەتە دەرەوە و بە گوللەی کۆتایی کوژراون. ئامانجی سەرەکی ئەم کوشتارە بریتی بوو لە پێکهێنانی ترس و خۆف لە ئاستێکی بەربڵاودا. دارودەستەی سەر بە ئیتلاعاتیش هاتبوونە ناو خۆپیشاندەران و بە کەڵک وەرگرتن لە تاریکی شەو هێرشیان دەکردە سەر خەڵک و برینداریان دەکردن.
هێشتا هیچ ناوەند و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ نەیتوانیوە ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەم کارەساتە بە تەواوی بەڵگەمەند بکات. ئامارەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان زیاتر لە بیست هەزار کوژراو و دەیان هەزار بریندار و زیاتر لە سەد هەزار کەسیش دەستگیرکراون. تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکان
باسلەدەستگیرکردنیسەدانهەزارکەسدەکەن. لە ئاکامی ئەم کوشتارە بەکۆمەڵە دا، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەر بۆ ماوەیەکی کاتیی دامرکاوە. کۆماری ئیسلامی توانی سیستمی کۆنتڕۆڵی ئەمنییەتی خۆی ڕێکبخاتەوە، بەڵام ئەم کۆنتڕۆڵە لەسەر بنەمای ترس و توندوتیژیی بنیات نراوە، هەر بۆیە ڕواڵەتی و لاوازە. گرانی و هەڵاوسانی بێ سنوور، دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەنی ئێران، بێکاریی بەربڵاو و داڕمانی بژێوی هەژاران و چینی مامناوەند، نیشانەی ئەو قەیرانە قووڵ و لەڕادەبەدەرەن کە سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵکی لەخۆگرتووە. ڕژیم نە بەرنامەیەکی هەیە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک و نە توانای چاکسازییەکی ڕاستەقینە. لەمڕووەوە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی وەک سکڵی ژێر خۆڵەمێش ماوەتەوە و بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان، وەک پێویستییەک بۆ مانەوە، دوای ماوەیەک لە هێوربوونەوە سەرلەنوێ سەرهەڵدەدەنەوە.
ئاسۆی کورتماوەی سیاسی لە ئێران
١_ لە کورتماوەدا چەندین سیناریۆی سەرەکی دوور لە چاوەڕوانی نین. لە هەموو ئەم سیناریۆیانەدا سێ پێکهاتەی هاوبەش هەن: ١– سپای پاسداران و دام و دەزگای ئەمنییەتی لە چەقی ململانێکاندان. ٢– سیمای ڕێبەرایەتی سیاسی دەگۆڕێت. ٣– جۆرێک لە سازان بە چڕی و لە فۆرمێکی جیاواز لەگەڵ ئەمریکا ڕوودەدات،. ٤– سیناریۆی مەرگی خامنەیی.
یەکەم: سیناریۆی خۆڕاگریی و شکست: لەم سیناریۆیەدا بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات ئامادەی پاشەکشە لە بەرامبەر ئەمریکادا نییە و لەسەر سیاسەتی گۆشەگیری و ڕووبەڕووبوونەوە پێداگری دەکات. بە شێوەی شاراوە یان ئاشکرا لەسەر درێژەدان بە پڕۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکان و بەهێزکردنی هێزە بەوەکالەتەکان بەردەوام دەبێت. لەم حاڵەتەدا ئەگەری هێرشی نیزامی ئەمریکا یان شەڕی بە وەکالەت لەلایەن ئیسرائیلەوە زیاتر دەبێت. کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی دەبێت و هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر کۆمەڵێک ئامانج لە ناوچەکەدا، بەڵام سەرئەنجام بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێزی واقیعی لەسەر زەوی، شکست دەهێنێ و ناچار دەبێت بەگوێرەی خواستی ئەمریکا ڕێککەوتنێکی سەپێنراو واژۆ بکات. لەم پرۆسەیەدا ڕێبەرایەتی و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو دەسەڵات دەگۆڕدرێن.
دووەم: سیناریۆی سازان لە سەرەوە: بۆ خۆپاراستن لە شەڕ، ڕژیم مل دەدات بە سازان و مەرجەکانی ئەمریکا قبوڵ دەکات. بەڵام سازانێکی لەو شێوەیە بەبێ گۆڕانکاری لە ڕێبەرایەتیدا مومکین نییە. لەم سیناریۆیەدا ڕووخسارەکان دەگۆڕدرێن و دەسەڵات ڕێکدەخرێتەوە، بەجۆرێک کە سازشەکە لانیکەم تا ڕادەیەک لە ئاستی چاوەڕوانییە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا بێت.
سێیەم: سیناریۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی–فاشیستی: لەم سیناریۆیەدا درزەکانی ناوخۆی ڕژێم قووڵتر دەبنەوە و پاکتاوی خوێناوی لەناو حکومەتدا ڕوودەدات. لەسەر بەستێنی قەیرانی ئابووری، داڕمانی متمانەی گشتی، بێ ئاسۆیی کۆمەڵایەتی و پێویستی بەشێک لە سەرمایە و دام و دەزگای ئەمنی بە “نەزمێکی ئاسنین“، بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی–فاشیستی لە دڵی حکومەتەوە لەدایک دەبێت. تایبەتمەندییەکانی ئەم هەلومەرجانە بریتین لە: قەیرانی ئابووریی لەڕادەبەدەر و بێتوانایی ئەم پێکهاتەی ئێستا بۆ وەڵامدانەوە، لە دەستدانی مەشروعییەتی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی، ترسی چینی مامناوەند لە ناجێگیری و داڕمانی بەتەواوەتی، پشتبەستنی ڕەوتی نوێ بە ناسیۆنالیزم و بەڵێنی “ڕزگاری نەتەوەیی”. ئەم ڕەوتە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان، هەندێک سازشی دیاریکراویش لەگەڵ ئەمریکا دەکات و بە دانی کۆمەڵێک ئیمتیازی سنووردار، چینی مامناوەند بۆ ماوەیەکی کاتیی بێکاریگەر و ئومێدەوار دەکات.
چوارەم: سیناریۆی مەرگی خامنەیی: مەرگی خامنەیی، بە هەر هۆکارێک و بە هەر شێوەیەک بێت، دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی ئاشکرای دەسەڵات. لە ئاوا دۆخێکدا ململانێی نێوان باڵە جیاوازەکانی ناو دەسەڵات توندتر دەبێتەوە. سەرئەنجام ئەو باڵەی کە زۆرترین هێزی نیزامی و ئەمنی و ئابووریی لەبەردەستدایە، زاڵتر دەبێ و دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەم باڵەش بۆ سەقامگیرکردنی جێگە و پێگەی خۆی پەنا دەباتەبەر سازان لەگەڵ ئەمریکا.
ئاسۆی درێژماوەی سیاسی لە ئێران
شیکارییەکی ماددی لەسەر دۆخەکە دەریدەخات کە ئێران لەبەردەم گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدایە. بەڵام هێشتا ئاراستەی ئەم گۆڕانکاریانە ڕوون نییە. دەتوانێ بەرەو فاشیزمێکی نوێ هەنگاو بنێت، بەرەو هەژموونی بەتەواوەتی ئیمپریالیزم بڕوات، یان دەتوانێت زەمینە بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە خۆش بکات.
ڕێژیمێکی کە لە ئەنجامی هەریەک لەو سیناریۆیانەی سەرەوە بێتە سەرکار، لە هەر حاڵەتێکدا لەم کۆماری ئیسلامییەی ئێستا لاوازتر دەبێت. لە هاوسەنگی نوێی هێزەکاندا، فەزا بۆ گەشەی بزووتنەوە مەدەنییەکان دەکرێتەوە: بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی پەراوێزنیشینان، بزووتنەوەی دادخوازان، بزووتنەوەی ژینگەپارێزی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە گەشە دەکەن. لێرەدایە کە بزووتنەوە چەپەکان لەسەر بەستێنی ئەو بزوتنەوانە دەتوانن دەرفەتی گونجاو بەدەست بهێنن و گەشە بکەن. گەشەکردن و بەهێزبوونی ئەوان دەتوانێت کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگا باشتر بکات. کۆمەڵگا متمانەبەخۆی بەدەست دەهێنێتەوە و لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەی نوێ نزیک دەبێتەوە. دەسەڵاتدارێتی جەماوەری لە خوارەوە پێکدێت، شۆڕا و ئۆرگانە جەماوەریی و خۆبەڕێوەبەرەکان سەرهەڵدەدەن و لە پرۆسەی پەرەسەندنی دا، کۆمەڵگا بەرەو پێکهاتنی حکوومەتێکی هاوتەریب هەنگاو دەنێت. ئەم ساتە مێژووییە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی چەپ و ڕادیکاڵ بێتە مەیدان و ڕێبەریی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکە بەدەستەوە بگرێت.
بەڵام ئەم دەرفەتە لە خۆیەوە بەدی نایەت. بەڵکوو پێویستی بە ڕێکخستنی پێشوەختە، ستراتیژێکی واقیعبینانە، بەرنامە و جێگە و پێگەی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریدا هەیە. هێزی چەپ دەبێت هەر ئەمڕۆ لەناو کارگەکان، گەڕەکە هەژارنشینەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی کار، بوونی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە ساتەوەختی قەیرانەکاندا لەو شوێنانە و لەسەر ئاستی سەراسەریدا ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بگێڕێت.
ئەرکەکانی ئێمە وەک هێزێکی چەپ و سۆسیالیستی لەم هەلومەرجەدا:
یەکەم: حزووری شێلگیرانە و بەردەوام لە نێو چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و چین و توێژە پەراوێزنشینەکان: هێزی چەپ دەبێت لەناو کارگە و گەڕەکە هەژارنشین و ناوەندەکانی کاردا چالاکانە حزووری هەبێت و لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە خەباتی ڕۆژانەی جەماوەردا سەرقاڵی کاری حزبی و ڕێکخراوەیی بێت.
دووەم: بنیاتنانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی: پێکهێنانی شۆڕای گەڕەکەکان، شۆڕای کارگەکان، ڕێکخراوی موعەلیمان، پەرستاران و هتد. لاوازبوونی حکومەتی ناوەندی و کرانەوەی فەزای سیاسی لە ئەنجامی هەر پێشهاتێکدا، وا دەکات بە کردەوە ئیمکانی پێکهێنانی ناوەند و دامەزراوە گەلێکی لەو چەشنە فەراهەم بێت. ئەم ئۆرگانانە لە داهاتوودا دەبنە کاکڵی ئەو دەسەڵاتە هاوتەریبە.
سێیەم: هەوڵدان بۆ هاوکاری و لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان لە ناوخۆ و دەرەوە
ئێمە لە بەردەم قۆناغێکی ئاڵۆز و چارەنووسسازداین. سەرکوتە خوێناوییەکانی ئەم دواییە، بە واتای کۆتایی بزووتنەوەکە نییە، بەڵکوو ڕاوەستانێکە بە ئاراستەی قەیرانێکی قووڵتر. ئەرکی هێزە چەپەکان بریتییە لە تێگەیشتنێکی دروست لەم پێشهاتانە، دوورکەوتنەوە لە وەهمەکان و ئامادەکاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بۆ قۆناغێکی کە تیایدا کەلێنەکانی دەسەڵات لە سەرەوە و گوشاری بزووتنەوەکان لە خوارەوە، ئیمکان و بەستێنی نوێ بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە دابین بکات.
جێگە و پێگەی کوردستانی ئێران لە هەلومەرجی قەیرانی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا
پێشهاتە خوێناوییەکانی ئەم دواییە لە ئێران، جارێکی دیکە پرسی دەوڵەت، توندوتیژی ڕێکخراو و فۆرمەکانی خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی خستۆتەەوە بەر سەرنج. لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بە پەنابردن بۆ کوشتاری بەربڵاو توانی لە زۆر شوێنی وڵات ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام بە شێوەیەکی کاتیی سەرکوت بکات، لە بەشێکی بەرینی کوردستانی ئێران فۆرمێکی جیاواز لە کردەی بەکۆمەڵ زاڵ بووە: مانگرتنی گشتی وەک تاکتیکێک بۆ پووچەڵکردنەوەی هێزی سەرکوت. ئەم جیاوازییە لە پێگەی تایبەتی کوردستان لە پێکهاتەی سیاسی–کۆمەڵایەتی ئێراندا سەرچاوە دەگرێت، جێگە و پێگەیەکی کە بەبێ تێگەیشتنێکی قووڵ لێی، ناتوانرێت ستراتێژێکی سەرکەوتوو بگیرێتەبەر.
١– کوردستان کۆمەڵگایەکی کە تیایدا سیاسەت تەنیا لە کاتی هەڵبژاردن یان سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکدا بەتەسک نابێتەوە، بەڵکوو لە ناخی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەئارادایە. حزووری مێژوویی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، یادەوەریی بەکۆمەڵی خەبات و شێوازی جۆراوجۆری خۆڕێکخستن بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆرجار کردەی سیاسی لە کوردستان، زۆر جار لە ئاستی کاردانەوەیەکی پەرشوبڵاو تێپەڕێت و شکڵ و شێوازێکی ڕێکخراوتر بەخۆیەوە بگرێت. ئەم بەحزبی بوونەی کۆمەڵگا، ئەگەرچی سەرمایەیەکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی سەرکوتگەر، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵگری کۆمەڵێک دژوازی ناوخۆیی تایبەت بەخۆیەتی. لە هەلومەرجی داڕمان یان لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندیدا، هەمان ئەم فرە حزبییە دەتوانێت ببێتە هۆی کێبڕکێی کۆنترۆڵ نەکراو و تەنانەت ململانێی توندوتیژی نێوان هێزە سیاسییەکان، بە تایبەت کاتێک چەک وەک سەرچاوەی هێزی سیاسی لە کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و دێموکراتیک دەربچێت.
٢– هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کوردستان لە چوارچێوەی لۆژیکی کلاسیکی “ناکۆکی بنێوە و حوکمڕانی بکە” شیاوی تێگەیشتنە. حکوومەتی ناوەندی نەک تەنیا بە سەرکوتی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو لە رێگەی ئەندازیاریکردنی کەلێن و ناکۆکییە سیاسی و نەتەوەیی و حیزبییەکان هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی بپارێزێت. دانوستانی جیا جیا لەگەڵ حیزب و لایەنەکان و پێدانی ئیمتیازاتێکی سنووردار و کاتیی و هەروەها بە فەرمی ناسینی هەندێک هێز و لایەنی دیاریکراو هەموویان بەشێکن لەم ستراتێژە. ئەم لۆژیکە تەنیا خۆی لەم کۆماری ئیسلامییەی ئێستادا نابینێتەوە و لە ئەگەری پێکهاتنی هەر حکوومەتێکی ناوەندگەرای بەدیلیش دەتوانرێ سەرلەنوێ بەرهەم بهێنرێتەوە. لەمڕووەوە پرسی یەکگرتوویی کرداریی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوە لە ستراتیژێکی خاوەن ئاسۆیەکی ڕوون.
٣– بوونی کەلێن و ناکۆکییە نەتەوەییەکان لە کوردستان، بۆ نموونە لە نێوان کورد و تورکدا، ئەگەر بە دروستی ئاراستە نەکرێت، جێگای ناکۆکی نێوان چین و توێژە هەژار و ستەملێکراوەکان لەگەڵ دەسەڵاتە باڵادەستەکان دەگرێتەوە و وەک مەترسییەکی هەمیشەیی بەسەر سەری ئەو خەڵکەدا دەسوڕێتەوە. هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی بەتەواومانای ئەم مەترسییە ئەرکێکە کە پێویستە هەرلە ئەمڕۆوە لە بەرنامەی کاردا دابنرێت و ببێتە ئەولەویەتی سەرەکی هەڵسووڕاوانی خۆجێیی ئێمە و ئۆرگانەکانی تەبلیغ و پەرەپێدانی ئێمە لە ئاستی سەراسەریدا.
ئەگەر بڕیارەوایە کۆمەڵە ببێتە هێزێکی چارەنووسساز لە ئایندەی کوردستاندا، دەبێت بتوانێت خەباتی دژ بە ستەمی نەتەوەیی بەشێوەیەکی ئۆرگانیک بە خەباتی چینایەتییەوە گرێبدات، نەک ئەمیان لەبەرامبەر ئەویتردا ڕابگرێت و نە هیچکامیان لەناو ئەوی دیکەدا بتوێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە تەنیا لە ڕێگەی سیاسەتێکی یەکسانخوازانە، دژە ڕەگەزپەرستی و دژە شۆڤێنیستی لە هەموو ئاستەکاندا مومکین دەبێت. لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت کۆمەڵانی خەڵکی هاوچارەنووس بەبێ لەبەرچاوگرتنی پرسی نەتەوە، لێک نزیک بکرێنەوە و یەکڕیزییان پتەو بکرێت.
٤– بوونی بزووتنەوە سیاسییە ئیسلامییە سوننەکان لە کوردستان، بەیانگەری دژوازییە ناوخۆییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە. ئەم هێزانە ئەگەرچی بە هۆی ستەمی ئایینییەوە دژ بە حکوومەتی شیعەن لە ناوەند، بەڵام لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە، هەڵگری پڕۆژەیەکی تا سەر ئێسقان دژە سیکۆلار، دژە یەکسانی جێندەری و هەروەها دژە چەپن. ئەم ڕەوتانە دەبێ وەک بەشێک لەو بلۆکە کۆنەپەرستانەی ئەڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی هەژمار بکرێن کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد. پێویستە ئەم پڕۆژەیە نەک بەزەبری هێز، بەڵکوو بە پەرەپێدانی وشیاری چینایەتی و بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنی و سیکۆلارەکان بەرپەرچ بدرێتەوە.
٥– لە هەلومەرجی لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندیدا، ئەگەری پێکهاتنی ئەوەی کە دەتوانین پێی بڵێین “دەسەڵاتی دوو لایەنە” یان هاوتەریب، لە کوردستان زیاتر لە ناوچەکانی تر، بوونی هەیە: ناوەند و دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرییە جەماوەرییەکان هاوشانی پاشماوەکانی پێکهاتەی فەرمی دەوڵەت دەتوانن پێک بێن. شۆڕاکان، بنکەکان و جۆرەکانی تری ڕێکخراوبوونی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، دەتوانن ببنە بەستێنی مومارەسەی ڕاستەوخۆی ئیرادەی جەماوەر و پێویستە بەرەو پێشوازی لەم جۆرە دەستکەوتانە و پاراستن و بەهێزترکردنیان هەنگاو هەڵبگیرێت. بەڵام ئەزموونی ئێمە دەریدەخات کە دەسەڵاتی هاوتەریب بەبێ پەرەسەندنی لە ئاستی سەرتاسەری و بەبێ چارەسەرکردنی پرسی دەسەڵات لە ناوەند، بەردەوام نابێت. تا ئەو کاتەی کە پێکهاتەی دەوڵەت لە تاران نەگۆڕدرێت، هەر دەسکەوتێکی لۆکاڵی لەگەڵ مەترسی وەرگیرانەوەی توندوتیژ بەرەوڕوو دەبێتەوە. لەمڕووەوە ستراتێژی کۆمەڵە لە کوردستان، بە ناچاریی پەیوەستە بە ئاسۆی گۆڕانکاری سەرتاسەری دەسەڵاتی سیاسییەوە.
٦– یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان لە هەر قۆناغێکی ئینتقالیدا، بریتییە لە بابەتی قۆرخکاری ئامرازەکانی توندوتیژیی. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم قۆرخکارییە نابێت لە دەستی حیزب و میلیشیا یان گرووپە چەکدارە نابەرپرسیارەکاندا بێت، بەڵکوو پێویستە لە ژێر کۆنترۆڵی ناوەند و دامەزراوە جەماوەرییە هەڵبژێردراو و بەرپرسیارەکاندا بێت. ئەگینا دەسەڵاتی جەماوەریی لە خوارەوە، دەکەوێتە ژێر کاریگەری و هەژموونی چەک لە سەرەوە. لەکەشێکدا کە ڕەنگە حیزب و لایەنە جۆراوجۆرەکان ئاڵوگۆڕی تاکتیکی و ستراتژیکییان بەسەردا بێت، ڕیزبەندی خۆیان بگۆڕن، بەهێزبوونی کۆمەڵە و سەرجەم بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت، بە تایبەت ئەگەر ئەم ڕەوتە لە ڕێکخستنی کرێکاران، زەحمەتکێشان، چینی هەژاری شار و گوندەکاندا خاوەن جێگە و پێگەی بەرچاو بێت. کۆمەڵە تەنیا کاتێک دەتوانێت سنووری سیاسەتی حیزبایەتی تێبپەڕێنێت کە پێگەی خۆی وەک گۆتاری سیاسیی بەرژەوەندی ماددی و مێژوویی ئەو چین و توێژانە بچەسپێنێت. بەم مانایە کۆمەڵە دەتوانێ و دەبێ ڕۆڵێکی سەرەکی لە گرێدانی خەباتی نەتەوەیی خەڵکی کورد بە خەباتی چینایەتی لە سەرتاسەری ئێران بگێڕێ. پردێکی کە بەبێ ئەو هیچ پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازانە بەردەوام نابێت.
٨– لە کۆتاییدا پرسی کوردستان بە جیا لە پرسی ئێران بەگشتی پێناسە ناکرێت. هاوپشتی نێوان خەڵکی کورد و غەیرە کورد دروشمێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو مەرجێکی ماددییە بۆ سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە. بەرگریی چالاکانە لە مافی یەکسانی سەرجەم نەتەوەکان و هەموو چین و توێژە ژێردەستەکان تاکە ڕێگایە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو سیاسەتە شۆڤێنی و ناوەندگەراییانەی کە بەردەوام لە بۆسەدان.
ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی هەروەها سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە جەختی کردەوە:
١– دوای چەندین ساڵ خەبات و پێکهێنانی ئەزموونێکی بێ وێنەی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بزووتنەوەی ڕۆژئاوا و هێزەکانی سووریای دێموکراتیک لە یەکێک لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی خۆیاندان. ئەو گرژیی و ناکۆکیانەی کە چەند مانگێک بوو لە هەناوی پێشهاتە سیاسییەکاندا لەئارادا بوو، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گۆڕاون بۆ شەڕ و تێکهەڵچوونی ئاشکرا و گوشاری چەند لایەنە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و سووریاوە و ئاسۆی داهاتووی خەڵکی ئەم ناوچەیەی لێڵ کردووە.
٢– “هەسەدە” کە بە پاڵپشتی ئەمریکا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە تێکشکاندنی داعش، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی و پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان ڕێکبخات، پێکهاتەیەکی کە هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر مافەکانی ژنان و بەشداری سیاسی گرووپە جیاوازەکان، بۆ زۆر کەس نموونەیەکی جیاوازی حوکمڕانی بوو لە سووریایەکی شەڕلێدراودا. بەڵام گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی دیمەشق و پێکهاتنی حکوومەتی نوێ، دۆخەکەی بەجۆرێک گۆڕیوە کە دەستکەوتی چەندین ساڵەی ڕۆژئاوا کەوتووەتەبەر مەترسی و هەڕەشەی جیددی.
٣– لەم نێوەندەدا حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع خوازیاری هەڵوەشانەوەی بەتەواوەتی هێزە کوردییەکان و “تێکەڵبوون“یان لەگەڵ سپای ناوەندە. لە ڕوانگەی “هەسەدە” و بەشێکی بەرچاو لە بیروڕای گشتی خەڵکی کوردەوە، داواکارییەکی لەو شێوەیە بابەتێکی زۆر ئەولاترە لە جێگۆڕکێیەکی ئاسایی ئیداری یان نیزامی، بەڵکوو واتە کۆتایی خۆبەڕێوەبەری و گەڕانەوە بۆ پێکهاتەیەکی دەسەڵاتی ناوەندی کە ئەزموونی مێژوویی خەڵکی کورد لە ناوچەکەدا ئەوری گرێداوە بە پەراوێزخستن و سەرکوتکردن و لاوازبوونی ناسنامەی نەتەوەیی.
٤– لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی حکوومەتی سووریا توانیویانه بەشێک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکەنەوە کە ساڵانێکە لە دەستی هێزەکانی (هەسەدە)دا بوون. لەهەمانکاتدا “قەسەدە” ڕایگەیاندووە کە بەرگری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەکات. بەڵام واقیعی سەر زەوی– وەک ئەوەی لە دەقەکەدا وێنا کراوە– بەیانگەری گەمارۆ و گوشاری هەمەلایەنە: لە لایەک حکوومەتی ناوەندی کە بە گوێرەی دەقەکە لە ژێر گوشاری تورکیادایە بۆ ئەوەی بە تەواوی ناوچە کوردنشینەکان کۆنترۆڵ بکات و لە لایەکی دیکەشەوە گرووپە میلیشیاکانی هاوپەیمان و هاوئاراستە لەگەڵ دیمەشق هێرشەکانیان چڕتر کردووەتەوە.
٥– یەکێک لە خاڵە هەرە بەرچاوەکان لەم قەیرانەدا بریتییە لە کاردانەوە و هاوسۆزی دەستبەجێی خەڵکی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆبوونەوەی پشتیوانی لە شارەکانی کوردستانی عێراق و کوردستانی تورکیا و هەروەها هەوڵی کۆمەڵێکی بەرینی خەڵک بۆ گەیشتن بە سنوورەکانی کوردستانی سووریا، نیشان دەدات کە پرسی ڕۆژئاوا تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە هەستێکی هاوبەشی ناسنامەیی و سیاسی لە نێوان کوردانی سەرتاسەری ناوچەکەدا. دەقەکە، ئەم هاوپشتییە وەک سەرمایەیەکی گرنگ بۆ خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکاندا دەبینێت.
٦– دەوڵەتی ئەمریکا کە ساڵانێک لە شەڕی داعشدا کەڵکی هەسەدە وەرگرتووە، ئێستا هەنگاو بە هەنگاو لە پاڵپشتییە کردارییەکانی پاشەکشەی کردووە و پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ حکوومەتی نوێ لە دیمەشق دامەزراندووە. دەقەکە ئەم هەڵسوکەوتە بە دووبارەبوونەوەی نموونەیەکی مێژوویی ناودەبات کە تێیدا پشتیوانی لە کوردەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کورتماوە بووە نەک بنەمایەکی ئوسووڵی.
٧– لەم ئاوا هەلومەرجێکدا لەلایەکەوە مەترسی لاوازبوونی پێکهاتە ئەمنییەکانی هەسەدە و لەلایەکی دیکەوە ئەگەری گەڕانەوەی هەڕەشەی داعش لە ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی زیندانەکان و ئالوگۆڕی میکانیزمەکانی چاودێری. ئەگەر حکوومەتی سووریا هەست بەوە بکات کە دەتوانێت بە تەواوی ناوچە کوردستانییەکان بەدەستەوە بگرێت، ئەگەری چڕبوونەوەی سەرکوت و تەنانەت سیناریۆی کارەساتباری مرۆییش پەرە دەستێنێت.
٨– سەرەڕای ئەو کەشوهەوا لؽڵ و ناڕوونە، مرۆڤ دەتوانێ هیوادار بێت بەوەی کە ئیمکان و ڕێگاکانی تێپەڕبوون لەو هەلومەرجە نالەبارەی ئێستا کە هەڕەشەن لەسەر بزووتنەوەی ڕۆژئاوا بوونی هەیە: پاراستنی یەکڕیزی ناوخۆیی و شەفافیەت لە بڕیاردان بۆ پێشگرتن لە دروستبوونی کەلێنی کۆمەڵایەتی و بێمتمانەیی گشتی، پتەوکردنی پەیوەندی و هاوپشتی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەکارهێنانی پۆتانسێلی بەدەستهێنانی پشتیوانی جەماوەریی، گەڕان بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماتیکی ئەوتۆی کە مافی جەماوەر بپارێزێت بەبێ ئەوەی تەسلیمبوونی بەدوادا بێ و هەروەها ئامادەبوون بۆ بەرگرییەکی ڕەوا لە ئەگەری پەرەسەندنی هەڕەشەکان.
٩،– ئەزموونی چەندساڵەی خۆبەڕێوەبەریی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەریخستووە کە ئیمکانی دروستکردنی پێکهاتەیەکی دێموکراتیک و فرەنەتەوەیی بوونی هەیە تەنانەت لە هەلومەرجی شەڕ و نائەمنیشدا. بەڵام پاراستنی ئەم دەستکەوتانە پێویستی بە وشیاری و ڕیالیزم و ستراتێژێکی سەربەخۆ هەیە، ستراتیژێک کە نە پشت بەستوو بێت بە خۆشباوەڕی بە هێزە دەرەکییەکان و نە لەژێر گوشارەکانی حکوومەتی ناوەندیدا، مل بدات بە تەسلیمبوونێکی بێ شەرت و مەرج. چارەنووسی ڕۆژئاوا تەنیا بابەتیکی پێوەندیدار بە کوردەکانی سووریاوە نییە، ئەم پەروەندەیە بەستراوەتەوە بە ئایندەی سووریا، بە هاوکێشە ناوچەییەکان و هەروەها بە ئاسۆی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خەڵکی کورد لە سەرتاسەری ناوچەکەدا. لەم ئاوا هەلومەرجێکدا ئەوەی کە یەکلاکەرەوە دەبێت، بریتییە لە تێکەڵەیەک لە یەکڕیزی ناوخۆیی، شەفافییەتی سیاسی، توانای گفتوگۆ و دیالۆگی دیپلۆماتیک و بەرگریکردن لە کۆمەڵگا لە بەرامبەر مەترسییەکانی داهاتوو.
١٠– داوا لە ڕاگەیاندنەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی جیهانی دەکەین کە بەرامبەر بەم دۆخە دژوارەی کە هەڕەشە لە خەڵکی کورد لە سووریا دەکات، بێ هەڵوێست نەبن و ڕێگە نەدەن کارەساتێکی تری مرۆیی لە بێدەنگی و کەمتەرخەمیدا ڕووبدات.
