کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاپۆرتی شیکاریی سیاسیی پلینۆمی دەیەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

komala logo

پووشپەڕی ۱۴۰۵ / ژوئەنی ۲۰۲۶

بارودۆخی سیاسیی ئێستا و ئەرکەکانی ئێمە

پێشەکی

ئەم ڕاپۆرتە بە کورتی چاوێک بە بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و دەرئەنجامەکانی شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەخشێنێت. ئامانج لێی پێشکەشکردنی شیکارییەکی ڕوونە بەمەبەستی داڕشتنی تاکتیک و سیاسەتەکانی داهاتووی حیزب. بە سەرنجدان بەوەی کە بڵاوکراوە و ئۆرگانەکانی تەبلیغی و پەڕەپێدانی حیزب بەردەوام هەوڵ دەدەن هیچ بۆشاییەکی شیکاری لەم بوارانەدا نەهێڵنەوە، ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەسەر ڕەهەندە سەرەکییەکانی شەڕی ۴۰ ڕۆژەی ئەم دواییە و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە و جیهان دەکاتەوە. ئەم شەڕە کە هێشتا نەبووەتە هۆی ئاگربەستێکی بەردەوام، ڕووداوێکی گرنگ بووە لە سەر ئاستی جیهانیدا و دەرئەنجامەکانی کاریگەرییان لەسەر ئابووری و سیاسەتی جیهانی هەیە.

شەڕی ئەم دواییە ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا و ئیسرائیلدا بدرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەم شەڕە لە بارودۆخێکدا ڕوویداوە کە سیستەمی نێودەوڵەتی بەهۆی چڕبوونەوەی کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان، داڕمانی میکانیزمەکانی پێشووی نەزمی جیهانی و پەرەسەندنی ململانێ ژیۆپۆلیتیکییەکان، چووەتە قۆناغێک لە ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێ. بەردەوامیی شەڕی ئۆکراین، گۆڕانکارییەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێبڕکێی هەرچی زیاتری ئەمریکا لەگەڵ چین و ڕووسیا و گرنگیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە، هەموویان ئەوە نیشان دەدەن کە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێتە بەشێک لە ململانێیەکی بەرفراوانتر لەسەر شێوازی داهاتووی دابەشبوونی دەسەڵات لە جیهاندا.

بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە ۲۴ی جۆزەردانی ۱۴۰۴دا سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەرچوو، هێشتا بنەمای سیاسەتەکانی ئێمە پێکدەهێنێت. ئەو بەیاننامەیە هەر لە سەرەتاوە ماهییەتی شەڕەکە، پێگەی هێزە بەشداربووەکان، ڕۆڵی زلهێزە جیهانییەکان و ئەرکی سەربەخۆی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و کرێکاریی بە ڕوونی دەستنیشان کرد. لە بارودۆخی ئێستادا کە ئاگربەستێکی لەرزۆک لە ئارادایە و چارەنووسی ئاشتی نادیارە، پێویستە ئەو چوارچێوە شیکارییە پەرە پێبدەین و بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییە نوێیەکان، ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی خۆمان بە وردی دابڕێژینەوە.

۱. ماهییەتی شەڕی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا و ئیسرائیل

ئەم شەڕە لە لایەن هەردوولاوە کۆنەپەرستانەیە. کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی کۆنەپەرست، دوژمنی خەڵک، دژەژن، دژەکرێکار و سەرکوتکەرە کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی شەڕ دەکات. سیاسەت و کردەوە کۆنەپەرستانەکانی لە چەند دەیەی ڕابردوودا بیانووی بۆ ئەم هێرشە ڕەخساندووە. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیلیش ڕژێمێکی جینایەتکار و داگیرکەرە کە سیاسەتی جینۆساید دژی خەڵکی فەلەستین بەڕێوە دەبات و دەیەوێت هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بگۆڕێت. دەوڵەتی ئەمریکاش بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆماری ئیسلامی و گۆڕینی بۆ هاوبەشێکی ئاسایی، بە مەبەستی چەسپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا و پاشەکشێپێکردن بە نفوزی هێزە ڕکابەرەکانی، شەڕ دەکات.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌، هێزێکی شۆڕشگێڕ و بەرپرسیار هه‌رگیز بهبیانووی هێرشی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئێران، ستراتیژیی خه‌باتی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی ڕاناگرێت و هیوای پووچ و بێنەما لەسەر ئیسرائیل و ئەمریکا وەک هێزێکیڕزگارکەرهەڵناچنێت. ئەم ئاراستەیە، جەوهەری سیاسەتی سەربەخۆی چینایەتی و شۆڕشگێڕانەی ئێمەیە کە دەبێ وەک خۆی بپارێزرێت.

۲. ئامانجەکانی ئەم شەڕە

• (ئەلف) کۆماری ئیسلامیی ئێران: ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی مانەوە و ڕێگریکردنە لە ڕووخان یان گۆڕینی ڕژێم. پاراستنی بەرنامەی ئەتۆمی وەک ئامرازێکی دانوستان، پاراستنی توانای موشەکی وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە و بەردەوامیی نفوز و کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە وەک ئامرازێکی ناڕاستەوخۆی سەپاندنی دەسەڵات، هەموویان بۆ جێگیرکردنی پێگەی ئەم ڕژێمە وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر گرنگن.

• (ب) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: ئامانجەکانی ئەمریکا بریتین لە کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێگریکردن لە بوونی ئێران بە هێزێکی سەرکێش و کۆنترۆڵنەکراو، و ناچارکردنی بە قبوڵکردنی یاساکانی ئەو نەزمە ناوچەییەی کە دڵخوازی ئەمریکایە. ئەم ئامانجانە مەرج نییە بەدوای گۆڕینی ڕژێمەوە بن، بەڵکوو لەسەر دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی، سنووردارکردنی نزیکبوونەوەی ئێران لە هێزەکانی وەک چین و ڕووسیا، ڕێگریکردن لەبوونی ئێران بە بەشێک لە بلۆکی ڕکابەر لە نەزمی جیهانیدا و کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی وزە (نەوت و گاز) و بە کراوەیی و نێودەوڵەتی هێشتنەوەی گەرووی هورمز جەخت دەکەنەوە.

• (ج) ئیسرائیل: ئامانجەکانی ئیسرائیل سروشتێکی ئەمنی تر و زێدەخوازانەتری هەیە: ڕووخاندن یان داڕمانی کۆماری ئیسلامی وەک ئامانجێکی باڵا، ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بە هەر شێوازێکی گونجاو، لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، و لێدان لە تۆڕی هێزە بەوەکالەتەکانی.

خاوبوونەوەی ڕەوتی دانوستانەکانی ئێستا لەم ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە کۆماری ئیسلامی ئامادە نییە دەستبەرداری پێکهاتە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی خۆی بێت، چونکە ئەوە بە واتای لەدەستدانی مانەوەی خۆی دەزانێت. ئیسرائیل ئەم پێکهاتانە بە هەڕەشەیەکی قبوڵنەکراو دادەنێت. ئەمریکاش لە نێوان ئەم دووانەدا، لەهەوڵی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی قەیرانەکەدایە بێ ئەوەی بچێتە ناو شەڕێکی پڕ تێچووی هەمەلایەنەوە. لە ئەنجامدا، نە شەڕ توانیویەتی ئەم دژوازییە چارەسەر بکات و نە دیپلۆماسیش توانیویەتی کۆتایی پێ بهێنێت، و ئێستا ململانێکان لە ئاستە جیاوازەکاندا بەردەوامن.

۳. دوو هەڵوێستی جیاواز

لە سەردەمی ڕووداوەکانی وەک کوشتارەکەی مانگی بەفرانبار و شەڕی ۴۰ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دوو ڕوانگەی جیاواز لە نێوان لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا سەریهەڵدا:

ئاڕاستەی یەکەم: چ لە ڕاستی سەڵەتەنەتخواز و چ لە نێوان بەشێک لە هێزە چەپەکاندا، بە پشتبەستن بە جۆش و خرۆشی سیاسی و هەندێک شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی بەپەلە، خەڵکیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ڕەوانەی سەر شەقام دەکرد یان شەڕی دەرەکییان وەکدەرفەتێکبۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدا. ئەم ڕوانگەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز، ئامادەیی ڕێکخراوەیی، ڕێبەریی، ئامانجێکی دیاریکراو و تێچووی مرۆیی، بە کردەوە خەڵکیان بەبێ بەرگریی لەبەرامبەر دەزگای سەرکوت یان وێرانکاریی شەڕدا بە تەنیا جێدەهێشت.

ئاڕاستەی دووەم: لە بەرامبەردا، ئاڕاستەکەی دیکە هۆشداری دەدا کە بانگەشەی خەڵک بۆ سەر شەقام بەبێ ڕێکخستن، ڕێبەریی و بەرنامەیەکی ڕوون، لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی دەستی لەسەر پەلەپیتکەیە، دەکرێ کارەساتی لێ بکەوێتەوە. ئەم ئاڕاستەیە لەم قۆناغەدا لەسەر شێوازی کاریگەرتر و کەم‌تێچووتر، لەوانە مانگرتنی گشتی، ڕێکخستنی گەڕەکەکان و ناوەندەکانی کار، و دروستکردنی ڕێبەرییەکی بەکۆمەڵ جەختی دەکردەوە. سەبارەت بە شەڕیش، ئەم ڕوانگەیە پێی وابوو کە هێرشی دەرەکی نەەک هەر نابێتە هۆی ئازادی، بەڵکوو دەکرێت پاشەکشێ بە کۆمەڵگە بکات لە خەباتی سەربەخۆ (وەک ئاخێزی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴، بە دروشمینان، کار، ئازادی“) لەدژی ڕژێم، تاوانە ناوخۆییەکان پەراوێز بخات، کەشوهەوای ئەمنی توندتر بکاتەوە و تەنانەت یارمەتی مانەوەی حکومەتیش بدات.

ئەزموونی کرداری نیشانی دا کە سیاسەتی یەکەم سەرکێشانە، نابەرپرسانە و پشتئەستور بوو بە هیوا بەستن بە هێزە کۆنەپەرستە دەرەکییەکان و شۆکە شەقامیی یان سەربازییەکان. بەڵام سیاسەتی دووەم، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕێکخستن، هۆشیاری، هاوسەنگیی هێز و سەربەخۆیی خەباتی جەماوەر، واقیعیانەتر و بەرپرسیارانەتر بوو.

۴. چاوەڕوانییە ئەگەرەییەکان

بە ئەگەرێکی زۆر، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەگەر نەشگاتە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی و بەردەوام، کە لە بارودۆخی ئێستادا دوور لە چاوەڕوانییە، لانیکەم دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ئاگربەست و دروستبوونی قۆناغێکینە شەڕ، نە ئاشتی“. ئەم قۆناغە دەکرێت بریتی بێت لە دانوستانی درێژخایەن، هەڕەشەی دوولایەنە، گوشاری سیاسی و ئابووری، و هەروەها ئامادەباشی هەمیشەیی.

دەوڵەتی ئەمریکا پێدەچێت بە لەبەرچاوگرتنی تێچووەکان، دژایەتییە بەربڵاوە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، و سوود و قازانجەکان، زۆر حەز بە دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی شەڕ نەکات. ئەمریکا پێی باشترە بە شێوازی جۆراوجۆر درێژە بە هەمان سیاسەتی ناسراوی گوشاری زۆرتر بدات: گەمارۆ، گۆشەگیریی دیپلۆماتی، هەڕەشەی سەربازی، داڕمانی ئابووری، و ئیمتیازوەرگرتنی قۆناغ بە قۆناغ. مانای ئەم دۆخە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی، تەنانەت لە نەبوونی شەڕی ڕاستەوخۆشدا، هێشتا لەژێر گوشارێکی تونددا دەمێنێتەوە. بەڵام ئەم گوشارانە ڕژێم دەخەنە بەردەم دووڕیانێکی مێژوویی:

• (ئەلف) پاشەکشێ و گۆڕانی ڕواڵەتی پێکهاتەی ناوخۆیی دەسەڵات:

خۆبەدەستەوەدانی ڕێژەیی لە بەرامبەر گوشارەکاندا، هەرچەندە ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتیی لە توندیی قەیرانەکە کەم بکاتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتە و ڕوخسارەکانی ڕێبەرایەتی داهاتووی کۆماری ئیسلامیدا، واتە جۆرێک لە گۆڕینی پێکهاتەی ڕێبەرایەتی لە سەرەوە بۆ پاراستنی تەواوەتی سیستەمەکە بە تێچوویەکی کەمتر. بەڵگەکان نیشان دەدەن کە لایەنگرانی ئەم سیاسەتە ئێستا دەستی باڵایان هەیە.

• (ب) هەنگاونان بەرەو مۆدێلی مانەوە لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە:

خۆبەدەستەوەنەدان دەکرێت بە مانای هەڵبژاردنی ئاراستەی سەرکوت، ئابووری داخراو، کۆمەڵگەی کۆنترۆڵکراو، و هەنگاونان بێت بەرەو چەکی ئەتۆمی وەک گەرەنتی کۆتایی بۆ مانەوە، مۆدێلێکی کە لە کۆریای باکوورەوە نزیکە. بەڵام وەها ئاراستەیەک تەنیا بە واتای دواخستنی کارەساتەکەیە. ئەگەر ئەم بژاردەیە بگیرێتەبەر، شەڕێکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل لە ئەگەرێکی دوورەوە دەبێتە چاوەڕوانییەکی جیدی.

لە هەردوو بارودۆخەکەدا، ئەنجامەکە ڕوونە: قەیرانی ڕژێم چارەسەر نابێت، بەڵکوو تەنیا شێوازەکەی دەگۆڕێت.

ئێران لە دوای شەڕ: چاوەڕوانییەکان و ئەرکەکانی ئێمە

پێشەکی

کۆتاییهاتنی بەکردەوەی شەڕ و فەرمیبوونی ئاگربەست نابێت وەک جێگیربوونی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر بکرێت. ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هەمان قەیرانی پێشووە بە شێوازێکی تر. تێگەیشتن لەم جیاوازییە، بنەمای هەر شیکاری و ستراتیژییەکی کردەییە. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی ئەم ئاگربەستە و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕێکخستنی هێزەکانی ناوچەکە و ناوخۆی ئێران و ئەرکەکانی بەردەممان ڕوون دەکاتەوە.

۱. پێویستیی ئاگربەست و لێک تێگەیشتن

ئەو بارودۆخەی کە ئیمکانی ئاگربەستەکەی ڕەخساند و لایەنەکانی ناچار کرد، لە ڕاستیدا لە هەمان لۆژیکی مادیی ئەو قەیرانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بنەمای شەڕەکەی بە پێویست زانیبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا و هێزە ناوچەییەکان مەیلیان لە بەردەوامبوونی شەڕەکە نەبوو. تێچووی قورسی ئابووری، نائەمنبوونی بازاڕەکانی وزە و گەشتیاریی دەریایی لە کەنداوی فارسەوە تا دەریای ناوەڕاست، و پێویستیی سەرمایەی جیهانی بە لانیکەمێک لە سەقامگیری بۆ قازانج بەدەستهێنان، لە زومرەی هۆکارەکانی ئەم بێ‌مەیلییە بوون. ئیسرائیلیش، سەرەڕای حەزی لە بەردەوامبوونی شەڕ، بەهۆی وابەستەیی زۆر بە پاڵپشتیی ئەمریکا، ناچار بوو لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنامەیەدا هاوڕا بێت. سەرەڕای ئەمەش، بەردەوامیی شەڕەکە دەیتوانی ببێتە هۆی گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی زیاتر، گوشاری ڕای گشتیی جیهانی، و تەنانەت قووڵبوونەوەی کەلێن و ناکۆکی ناوخۆیی لە ئەمریکا (لەوانە پەرەسەندنی کەلێن لە نێوان ڕای گشتی، کابینە و شەخسی ترامپ) و ئیسرائیل.

۲. ڕێککەوتنامەی نوێ و گۆڕانکاری لە ئارایشی هێزەکاندا

پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا کۆماری ئیسلامی ئیمتیازی زیاتری وەرگرت یان ئەمریکا، بەڵکوو ئەوەیە کە ئەم ڕێککەوتنامەیە چ گۆڕانکارییەک لە ئارایشی هێزە چینایەتی و سیاسییەکانی ناوچەکە و لە هاوسەنگیی هێزی ناوخۆی ئێراندا دروست دەکات. ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ۲۰۱۵ تەنیا ڕێککەوتنێکی تەکنیکیی ئەتۆمی نەبوو، بەڵکوو کرانەوەیەکی ڕێژەیی ئابووریی بەدوای خۆیدا هێنا، تەکنوکراتەکان وبۆرژوازیی لیبراڵڕانتیبە شێوەیەکی کاتیی بەهێز کرد و هێزە توندڕەوەکانی تا ڕادەیەک پەراوێز خست. بەرجام لە بارودۆخێکدا پێکهات کە ئەمریکا لە چوارچێوەی نەزمێکی تا ڕادەیەک سەقامگیردا کاری دەکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و کۆماری ئیسلامیش بەدوای کەمکردنەوەی گەمارۆکانەوە بوو بەمەبەستی بەردەوامبوونی هەمان مۆدێلیسەرمایەداریی ڕانتیسەربازی“.

بەڵام ئەم ڕێککەوتنە نوێیە، دوای شەڕێکی ناوچەیی ڕاستەقینە و لە سەر بەستێنی قەیرانی قووڵی سەرمایەداریی جیهانی، کێبڕکێی ئەمریکا و چین، و زیانگەیشتن بە نەزمی ئەمریکاتەوەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێک دێت. ئێمە لەبەردەم قۆناغێکی نوێ لە قەیرانی هەژموون (باڵادەستی) لە ناوچەکەداین، نەک گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخە تاڕادەیەک سەقامگیرەی ساڵانی ۲۰۱۳ تا ۲۰۱۶. ئەم ڕێککەوتنامەیە کۆتایی قەیرانەکە نییە، بەڵکوو داڕشتنەوەیەکی نوێیە لە هەمان قەیرانی ناوچەیی.

۳. فاکتەرە سەرەکییەکان لە ئارایشی نوێی ناوچەکەییدا

عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو: ئەم وڵاتانە بە وەبەرهێنانی گەورە لە پڕۆژەکانی وەک شارینیئۆمو ناوچە ئازادەکان، وابەستەن بە سەقامگیریی نرخی نەوت و ئاسایشی ڕێڕەوەکانی گەشتیاریی دەریایی. نزیکبوونەوەی ڕێژەیی عەرەبستان و ئێران و پەیوەندی لەگەڵ چین لە چوارچێوەی پڕۆژەیکەمەربەند و ڕێگانیشان دەدات کە ئەم وڵاتانە بەدوای یاریکردن لە گۆڕەپانی چەندین هێزدان، نەک تەنیا گۆڕەپانی ئەمریکا.

ئەمریکا و ئیسرائیل: ئەمریکا دەیەوێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بپارێزێت و باڵادەستیی تەواوی پترۆدۆلار زیندوو بکاتەوە، بەڵام لە شەڕێکی ماندووکەری نوێوە نەگلێت. بەڵام دەوڵەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو دەیەوێت پرسی کۆماری ئیسلامی بە توندوتیژی و هەرچی زووتریەکلاییبکاتەوە.

کۆماری ئیسلامی: تۆڕی هێزە بەوەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە حیزبوڵڵا و حوسییەکانەوە بگرە تا هەندێک گرووپی عێراقی، بەشێک لە زەربەکانیان بەرکەوتووە. تێچووی دارایی، لۆجستی و سیاسیی پاراستنی ئەم تۆڕانە بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا لە ناوخۆی وڵاتدا هەژاری، هەڵاوسان و ناڕەزایەتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم دۆخە دەرفەتی ئاشکراکردنی ماهییەتی دژە نەتەوەیی و دژە چینایەتیی ئەم سیاسەتانە لە ڕێگەی دژوازی نێوان تێچووە دەرەکیی و پێداویستییە ناوخۆیییەکان دەڕەخسێنێت.

ڕووسیا و چین: ئەم دوو زلهێزە ئەڵتەرناتیڤی دژە سەرمایەداری نین، بەڵکوو هێزی سەرمایەداریی دەوڵەتین کە لە کێبڕکێ لەگەڵ ئەمریکادا قازانج دەکەن، بەڵام لۆژیکی قازانج و بازاڕ بەرهەم دەهێننەوە. هیچ کامێکیان حەز بە نائەمنی و نەسەقامگیرییەکی کۆنترۆڵنەکراو ناکەن.

ئورووپا: بەپێچەوانەی سەردەمی بەرجام، ئورووپا ئەمجارە زیاتر پاشکۆ و شوێنکەوتووە. قەیرانە ناوخۆییەکانیان، لە وزە و کۆچبەرییەوە بگرە تا گەشەی ڕەوتی ڕاستی توندڕەو، توانای مانۆڕی ئەوانی کەم کردووەتەوە.

۴. کاریگەریی ڕێککەوتنامەکە لەسەر پێکهاتەی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی

بەردەوام مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە شێوازی ئێستایدا، ڕێگاچارەی ئابووریی نییە و ڕێگاچەرە سیاسییەکەشی قەیرانی سیاسیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی سەرمایەداریی ڕانتینیزامیئایدۆلۆژییە. ڕێککەوتنامەکە ئەم ماهییەتە ناخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو تەنیا شێوازی بەڕێوەبردن و مانەوە هەموار و دەستکاری دەکات: کەمێک نەرمی لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەبێ کرانەوەی ڕاستەقینەی فەزای سیاسی. حاکمییەت لەجیاتی چارەسەرکردنی قەیرانەکە، شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە دەگۆڕێت.

ئەو قەیرانە چەند ڕەهەندانەی کە تەنانەت بە کەمبوونەوەی گوشاری دەرەکیش وەک خۆیان دەمێننەوە، بریتین لە: قەیرانی مەشروعییەت لەگەڵ میراتی ئاخێزی ساڵەکانی ۹۶، ۹۸ و ۱۴۰۱، ۱۴۰۴، قەیرانی ئابووری لەگەڵ هەڵاوسان، بێکاری و داڕمانی بەهای دراو، قەیرانی پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگە، قەیرانی ژینگەیی، و قەیرانی سندووقەکانی خانەنشینی. ئەمانە نیشانەکانی سەرمایەدارییەکی پەراوێزیی ڕانتین کە ناتوانێت سەقامگیریی کەڵەکەکردنی بەردەوام دەستەبەر بکات و بەردەوام لە نێوان ڕانت بەخشین بە تۆڕەکانی دەسەڵات و سەرکوتی توندوتیژی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا دێت و دەچێت.

حکومەت پێدەچێت دوای ڕێککەوتنامەکە کۆمەڵێک بەڵێن بهێنێتە ئاراوە: ئازادبوونی بەشێک لە داراییە بلۆکەکراوەکان، زیاتربوونی فرۆشتنی نەوت، چالاکبوونی پڕۆژە گەورەکان، و کەمبوونەوەی ڕێژەیی گرژی لە بازاڕی دراودا. بەڵام لە پێکهاتەی ئێستادا، ئەم کرانەوەیە پێش ئەوەی بگاتە سەر سفرەی خەڵک، سەرفی قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت، بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان، زیندووکردنەوەی کۆمپانیا نیمچە دەوڵەتییەکان و پێدانی ڕانت بە بەڵێندەرانی نزیک لە دەسەڵات دەکرێت.

ئەنجامی ڕاستەقینە بریتی دەبێت لە دابەشکردنەوەی ڕانت لە نێوان سپا و تۆڕە ئابوورییەکانی، بنیادەکان، بەڵێندەرە گەورەکانی نەوت و گاز و توێژە بۆرژوازییەکانی بازرگانیی سەر بە دەسەڵات. بەڵام لە خوارەوە هەژاری، بێکاری، گرێبەستی کاتیی، قەیرانی نیشتەجێبوون، داڕمانی سندووقەکانی خانەنشینی و نایەکسانیی چینایەتی وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئەزموونی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە کەمبوونەوەی گوشاری دەرەکی نەک هەر بەواتای کرانەوەی فەزای سیاسیی ناوخۆ نەبووە، بەڵکوو جاروبار پێچەوانەکەی ڕاست بووە. حکومەت کە تا ڕادەیەک خەیاڵی لە مەترسیی دەستێوەردانی دەرەکی ئاسوودە تر بووە، توندوتیژتر لە ڕابردوو دەستی کردووە بە سەرکوتی ناوخۆیی. دوای ڕێککەوتنی ئەم دوایییەش ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆنترۆڵی شەقام توندتر بکرێت، گوشار لەسەر چالاکوانانی کرێکاری، موعەلیمان، ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان و ڕۆژنامەنووسان زیاد بکات، ڕێکخراوە سەربەخۆکان بکەونە ژێر زەبر (توندتربوونەوەی سیاسەتەکانی سەرکوت لە ئێستادا نیشانەی زاڵبوونی سەرکوتە، بەڵام یارمەتیدان بە باشتربوونی بژێوی خەڵکیش ئەگەرێکی چاوەڕوان کراوە)، و لە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا، پاکتاوکردنی نوێ بەمەبەستی لادان و لەمەیدان بەدەرکردنی ڕکابەرە ناوخۆییەکان بەڕێوە بچێت. ئارامی لە بەرەکانی شەڕ، دەکرێت پەرەسەندنی توندوتیژی و خەفەقانی لە ناوخۆدا بەدواوە بێت، مەگەر ئەوەی کە گوشاری ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان پێچەوانەکەی بسەپێنێت.

۵. ڕەوتە ناوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی و کەشوهەوای چاوەڕوانی لە کۆمەڵگەدا

لە ناو کۆماری ئیسلامیدا دوو ئاڕاستە بەرچاوتر دەبن:

ڕەوتی توندڕەوئایدۆلۆژی: هەر چەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بەخیانەتدەزانێت و نیگەرانی پێگەی ئابووریی خۆیەتی لە دابەشکردنی ڕانتی نوێدا.

ڕەوتی پراگماتیک یان عەمەلگەرا: بۆ پاراستنی نیزام، کەمکردنەوەی گوشاری دەرەکی بە پێویست دەزانێت و دەیەوێت بیسەلمێنێت کە بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات دەتوانێت لەگەڵ ئەمریکادا مامەڵە بکات بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە ماهییەتی دیکتاتۆریی ڕژێمدا بکات.

جیاوازیی ئەم دوو ڕەوتە لەسەر شێوازی مانەوەیە، نەک ماهییەتی نیزامەکە. هەردووکیان لە پاراستنی پێکهاتەکە، ڕێگریکردن لە دروستبوونی هێزی سەربەخۆی جەماوەر و کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکان، ژنان، گەنجان و نەتەوە بندەستەکاندا، بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە.

یەکێک لە دەرئەنجامە کورتخایەنەکانی ڕێککەوتنامەی ئەم دواییە و بەردەوامیی دانوستانەکان، بریتییە لە دروستبوونی کەشوهەوای چاوەڕوانی لەناو بەشێک لە کۆمەڵگەدا. خەڵک دەپرسن ئایا دۆلار دادەبەزێت، ئایا هەلی کار باشتر دەبێت و ئایا هەڵاوسان کەمێک کۆنترۆڵ دەکرێت. ئەم چاوەڕوانییە دەکرێت بە شێوەیەکی کاتیی ڕیتمی ناڕەزایەتییەکان خاو بکاتەوە. بەڵام بەردەوام نابێت بەمەرجێک لە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵکدا، لەسەر سفرە و لە ناوەندەکانی کاردا، گۆڕانکارییەکی بەرچاو دروست نەبێت. کۆمەڵگەی ئێران چەندین جار ئەوەی ئەزموون کردووە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەم قۆناغی چاوەڕوانییە هەرچی درێژخایەنتر بکاتەوە (نموونەی قۆناغی ۸ ساڵەی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق).

۶. لاوازبوونی ڕەوتە شەڕخوازەکان و دەرفەت بۆ ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک

یەکێک لە ئەنجامە سیاسییەکانی ڕێککەوتنی ئەم دواییە، بریتییه لە لاوازبوونی ئەو هێزانەی کە ستراتیژیی خۆیان لەسەر بۆردومان، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی دەرەکی و داڕمانی لە دەرەوە بنیاد نابوو. ڕەوتە شەڕخواز و سەڵتەنەتخوازەکان کە هیوایان لەسەر توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی هەڵچنیبوو، لە ڕوانگەی ڕای گشتی و واقیعییەتە سیاسییەکانەوە لاواز دەبن. ئەم گۆڕانکارییە، ئەگەر لەگەڵ بەهێزبوونی بەدیلە دیموکراتیک، چینایەتی و جەماوەرییەکاندا هاوکات بێت، دەتوانێت فەزای سیاسی لە دوو جەمسەرییدیکتاتۆریی ناوخۆیی / دەستێوەردانی ئیمپریالیستیڕزگار بکات و ڕێگا بۆ بەدیلی سێیەم لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی، پشتبەستوو بە هێزی هۆشیاری، ڕێکخستن، خەبات و ناوەندێکی ڕێبەریی کە لە ناو جەرگەی ئەم ڕەوتەوە سەر هەڵدەدات خۆش بکات.

ڕیفۆرمخوازان ساڵانێکی زۆر خۆیان وەک هێزێکی ئەقڵانی و دور لە توندوتیژی بە ڕۆژئاوا ناساند. بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنی ئەم دواییە ڕاستەوخۆ لە لایەن بازنەی بەرتەسکی دەسەڵاتەوە، بەبێ نێوەندگیریی ڕیفۆرمخوازەکان بەرەوپێش بچێت، ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پێویست بە ڕیفۆرمخوازان نییە. ئاکامی چاوەڕوانکراو، بریتییە لە لاوازبوونی هەرچی زیاتری پێگەی ئەوانە، کە هەم هەڕەشەیە لەبەر مەترسیی جێگۆڕکێی ناکارامەییەکەیان لەگەڵ نائومێدی و بێ‌ ئاسۆیی، و هەم دەرفەتە بەهۆی ڕزگاربوونی بەشێک لە هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە وەهمیچاکسازی لە سەرەوەو گەڕان بەدوای ڕێگاچارەی بنەڕەتی تردا.

۷. دەرفەتەکانی بەردەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەرکەکانی ئێمە

خودی ڕاگرتنی کوشتار و کەمبوونەوەی نائەمنی، دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە. لە سەردەمی شەڕدا، هەر ناڕەزایەتییەکی کرێکاری و جەماوەری بە بیانووی شەڕ سەرکوت دەکرا. بە کەمبوونەوەی گرژییەکان، دەزگای سەرکوت هێشتا وەک خۆی ماوە، بەڵام فەزای واقیعی بۆ خستنەڕووی داواکارییە پیشەیی و سیاسییەکان بەرفراوانتر دەبێت.

لە سەرەتای ئەم قۆناغە نوێیەدا، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی خەبات، لەسەر ئەو ئامانجانە جەخت دەکەنەوە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکان بەریەککەوتنیان نەبێت: حەقدەستی دواکەوتووی کارگە تایبەتەکان، گرێبەستی کاتیی، دەرکردنی بەکۆمەڵ، زیادبوونی حەقدەست هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان، ئەو بەتایبەتکردنانەی کە بوونە هۆی مایەپووچبوون بۆ نموونە حەوت‌تەپە، هێپکۆ و ئازەرئاب و هتد. لە کوردستان، جگە لەو بوارانەی سەرەوە، بەردەوامیی بزووتنەوە مەدەنی و فەرهەنگییانەی کە خاوەن نەریتێکی ڕیشەدارن لەم کۆمەڵگەیەدا، لە زومرەی ئەو بوارانەن کە دەتوانن ڕێگری بکەن لە زاڵبوونی فەزای نائومێدی و بێ هیوایی کۆمەڵایەتی سەرچاوەگرتوو لەو بارودۆخە نوێیە.

لە هەلومەرجی ئێستادا، جۆرێک لە دابەشکاریی سیاسیپیشەیی پێویستە: حیزب دەبێ لە تەبلیغاتی خۆیدا لەسەر ئازادییە دیموکراتیکەکان، مافی مانگرتن، مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ و نەهێشتنی سەرکوت و بەتایبەت لەسەر نیشاندانی ئاسۆی سۆسیالیزم زۆرتر تەرکیز بکاتەوە، لە کاتێکدا هەڵسووڕاوانی کرێکاری لە هێڵی پێشەوەی خەباتدا، قسە لە نان، کار، گرێبەست و ئەمنییەتی شوێنی کار و هەروەها خۆڕاگریی و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان بکەن. ئەم دابەشکارییە هەم ئاستی هۆشیاریی چینایەتی بەرز دەکاتەوە و هەم دەرفەت بە بزووتنەوەکە دەدات کە لە کاتی خستنەڕووی داواکارییە پیشەیییەکاندا، پەیوەندیی ئۆرگانیکی خۆی لەگەڵ خەباتی سیاسیدا بپارێزێت. بەڵام هاوکات دەبێ بەردەوام سەبارەت بەم مەترسییەش هۆشداری بدرێت: وەرچەرخانی فاشیستی ناوخۆی ڕژێم، بەهێزبوونی زیاتری سپا، ئەمنیتربوونی فەزا و سەرکوتی توندتر لە پەراوێزی شارەکاندا. ڕێنمایی بۆ لایەنگرانی ناوخۆی وڵات ئەوەیە کە داواکارییە دیاریکراوەکان ئاوێتەی بەرزترین ئاستی وشیاری و وردبینی ڕێکخراوەیی بکەن.

ئەرکی بنەڕەتی لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە نەک هەر نابێت ڕێگا بدرێتچاوەڕوانیی پاسیڤ و ناچالاکجێگەیڕێکخستنی ئەکتیڤ و چالاکبگرێتەوە، بەڵکوو دەبێ ئەم قۆناغە ببێتە دەورانی ڕۆشنگەری و ئاگایی بەخشین، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کۆڕ و کۆمەڵە جیاوازەکانی ناڕەزایەتی و خۆئامادەکردن بۆ شەپۆلەکانی داهاتووی خەباتی کۆمەڵایەتی.

٨. ئاخێزی ساڵەکانی ۱۳۹۶ تا ۱۴۰۴ و دەرس و ئەزموونەکانی

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم دەورانە، بریتییە لە داڕمانی سنووری نێوان نان و ئازادی. ئەگەرچی چەخماخەی هەندێک لە ناڕەزایەتییەکانی (وەک ۹۶ و ۹۸) بەهۆی کێشەکانی بژێوی و سووتەمەنییەوە لێدرا، بەڵام بە خێرایی بەرەو بەئامانجگرتنی بنەماکانی دیکتاتۆریی ئایینی و گشت پێکهاتە سیاسییەکە هەنگاوی نا. لە ساڵی ۱۴۰۴یشدا، پەیوەندیی نێوان هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و بێ‌متمانەیی سیاسی گەیشتە لووتکەی خۆی، کە ئەمەش نیشانەی ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگە چیتر باشبوونی بژێوی ژیان بەبێ گۆڕانکاریی بنەڕەتیی سیاسی، بە مەحاڵ دەزانێت.

بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ۱۴۰۱دا خاڵێکی وەرچەرخانی نەک تەنیا سیاسی، بەڵکوو کولتووریش بوو. ئەم ئاخێزە بە ئاڵەنگاریکردنی باوکسالاری و کۆنترۆڵ و دیکتاتۆریی بەسەر جەستەدا، دەستکەوتێکی بەرجەستەی وەکلەگۆڕنانی بەکردەوەی یاسای حیجابو گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگەی بەرامبەر بە یەکسانیی ڕەگەزی بەدەستهێنا. ئەم گۆڕانکارییە فەرهەنگیانە، بەپێچەوانەی هەوراز و نشێوە سیاسییەکان، لە قوڵایی کۆمەڵگەدا جێگیر بوون.

لە ساڵی ۱۳۹۶ بەدواوە، ناڕەزایەتییەکان ناوەندە گەورەکان و چینی مامناوەندیان تێپەڕاند و شارە بچووکەکان و چینە هەژار و  دەستکورتەکانی بە شێوەیەکی ئەکتیڤ و چالاکتر لەخۆگرت. هاوتەریب بوون و لێکنزیکبوونەوەی داواکارییەکانی موعەلیمان، کرێکاران، خانەنشینان و خوێندکاران نیشانەی شکڵگرتنی ئازارێکی هاوبەشە لە دەوری تەوەرەیعەداڵەت و کەرامەتی ئینسانیی“.

ئاخێزەکانی ئەم دەورەیە، بە تایبەت خەزەڵوەری ۹۸ و بەفرانباری ۱۴۰۴ دا نیشانی دا کە حکومەت لەپێناو مانەوەی خۆیدا هیچ سنورێک لە بەکارهێنانی دڕندەیی و کوشتاری بە کۆمەڵ ناناسێت. لەم پێوەندییەدا، نابێت ڕۆڵی فریوکارانەی هێزە ڕاستڕەوەکان (سەڵتەنەتخوازان) و دەستێوەردانە دەرەکییەکانی (وەک ترامپ) لەبەرچاو نەگیرێت کە لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا لەجیاتی بەهێزکردنی بزووتنەوەکە، بوونە هۆی بەلاڕێدابردن یان زیانپێگەیاندنی.

چدند دەرس و ئەزموون بۆ داهاتوو:

گەورەترین خاڵی لاوازی ئەم ئاخێزە خۆڕسکانە: بریتی بووە لە نەبوونی ڕێبەرییەکی یەکگرتوو، نەبوونی حیزبێکی سەرتاسەری و ڕێکخراوگەلێکی سیاسیی خاوەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی. گوشاری ئەمنی و بڕینی ئینتەرنێتیش بەردەوام ئەم بۆشایییە ڕێکخراوەییەی قووڵتر کردووەتەوە.

گرنگترین دەرس بۆ زەحمەتکێشان ئەوەیە کە: ئازادییە مەدەنییەکان، دادپەروەریی ئابووری و یەکسانیی ڕەگەزی لێک دانەبڕاون. خەبات بۆ نان بەبێ خەبات لەدژی ستەم و سەرەڕۆیی ناگاتە ئەنجام و بەپێچەوانەشەوە.

بەبێ بوونی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و داواکاریی ڕوون و شیاوی بەدیهاتن، تەنانەت ئاخێزە مەزنەکانیش لە بەدەستهێنانی گۆڕانکاریی دەستبەجێی سیستەمی سیاسیدا لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوڕوو دەبنەوە.

و لە سەرەنجام، نابێت سەرکەوتن تەنیا بە ڕووخانی دەستبەجێی حکومەت بپێورێت، هاوپشتی بەکۆمەڵ، بەهێزبوونی ڕۆحییەی خۆڕاگریی و گۆڕانکاری لە فەرهەنگی سیاسیی کۆمەڵگەدا، لە زومرەی ئەو دەستکەوتانەن کە ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئاڵوگۆڕە گەورەکانی داهاتوو.

٩. وێنە گشتییەکە و ئەرکی هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان

وێنەی گشتی دوای ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیەیە: لە سەرەوە، هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی ناوەندە فەرماندەییە زیانپێکەوتووەکان، سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان، دابەشکردنەوەی ڕانت، و کۆنترۆڵکردنی کەلێن و ناکۆکییەکانی ناو بازنەی دەسەڵات. لە خوارەوە، بەردەوامی و تەنانەت قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری و نایەکسانی، بێ‌ئاسۆیی گەنجان، تووڕەیی و بێزاریی ژنان دژ بە هەڵاواردن و سەرکوت، و هەروەها ئەزموونی سەرکوتی توند و بێبەزەییانە لە بزووتنەوەکانی ئەم دواییەدا. پرسی سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا ناڕەزایەتی بوونی هەیە یاخود نا، ناڕەزایەتی بە قووڵی بوونی هەیە. بەڵکوو پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتییانە چۆن، لە چ ڕەوتێکدا، و بە چ شێوازێکی ڕێکخراوەیی دەتوانن ببنە هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هۆشیار، بەردەوام و کاریگەر.

ئەگەر ڕەوتی ڕێکخستن لە خوارەوە لاواز، پرشوبڵاو و بێ‌بەرنامە بمێنێتەوە، بنیاتنانەوەی دەسەڵات لە سەرەوە دەستی باڵای دەبێت، ئەگەرچی ناتوانێت قەیرانەکە بە تەواوی چارەسەر بکات. بەڵام ئەگەر بزووتنەوە کرێکارییەکان، ژنان، خوێندکاران، پەراوێزنشینان و خانەنشینان بتوانن داواکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بە داواکارییە دیموکراتیکەکانەوە گرێ بدەن، ئەزموونە پرشوبڵاوەکانی ڕێکخراوەیی بگۆڕن بۆ تۆڕی سەرتاسەری و بەردەوام، و لە دەوری ئاسۆیەکی ڕوونی عەداڵەتخوازی و ئازادیخوازیدا یەکگرتوو بن، ئەو کاتە ڕێککەوتنامەکە ناتوانێت داهاتوو بە تەواوی لە چوارچێوەی سات و سەودای نێوان زلهێزەکان و بازنەی بەرتەسکی ڕژێمدا قەتیس بکات.

لێرەدایە کە ئەرکی هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان ڕوون دەبێتەوە: نە گرەوکردن لەسەر شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکی، نە هیوا بەستن بە چاکسازی و ڕیفۆرم لە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتدا، بەڵکوو دروستکردنی پەیوەندییەکی زیندوو لە نێوان خەبات بۆ نان و کار لەگەڵ خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی، و ڕێکخستنی هۆشیارانەی ئەم خەباتە لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا.

ئەرک و ئەولەوییەتەکانی ئێمە:

۱. ڕزگاربوون لە دوو وەهمی زیانبەخش:

وەهمی ڕزگاریی لە دەرەوە: نە گوشاری دەرەکی، نە هێرشی سەربازی، و نە دەستێوەردانی هێزە جیهانییەکان، ڕێگای ئازادیی خەڵکی ئێران خۆش ناکەن. ئەم گوشارانە تەنیا هاوسەنگیی نێوان هێزە کۆنەپەرستەکان سەرلەنوێ ڕێکدەخەنەوە و تێچووەکەشی خەڵک دەیدات.

وەهمی سەرکەوتن بەبێ ڕێکخراوبوون و ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و بەهێز: سەرکەوتن تەنیا دتوانێت بەرهەمی ئاوێتەبوونی سێ بابەتی سەرەکی بێت: هۆشیاری، ڕێکخراوبوون و ڕێبەریی. لە نەبوونی ئەم بابەتەدا، بانگەوازکردنی خەڵک بۆ ڕژانە سەر شەقامەکان، بە واتای سەپاندنی زیان و بردنەسەرەوەی تێچووی گۆڕانکارییە لەم کۆمەڵگەیەدا. قەیرانە ناوخۆیییەکانی ڕژێم و کەلێن و ناکۆکی لە سەرەوە، لە نەبوونی ئامادەییدا بەو واتایەی کە ئاماژەی پێکرا، نابێتە هۆی ڕزگاریی جەماوەر. مەودای نێوان لاوازبوونی حکومەتێک و ڕووخانی ئەو حکومەتە، تەنیا هێزی ڕێکخراوی جەماوەر دەتوانێت پڕی بکاتەوە. ئەم دوو ڕوانگەیە، بڕبڕەی پشتی سیاسەتی ئێمەن لە قۆناغی داهاتوودا.

۲. پێویستیی خستنەڕووی تاکتیکی ڕوون لە ژێر ڕۆشناییی ستراتیژیی گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا:

• (ئەلف) بەجیدیگرتنی سەرکەوتنە بەڕواڵەت بچووک و هەنگاو بە هەنگاوەکان: خەڵک لە بەدەستهێنانی هەر دەستکەوتێک بۆ هەڵگرتنی هەنگاوەکانی داهاتوو هێز وەردەگرن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی ۴۷ ساڵ خەبات و خۆڕاگریی لەدژی کۆماری ئیسلامی، ئەنجامێکی بنەڕەتی بەدەست دێت: سەرجەم پاشەکشەکانی ئەم ڕژێمە، تەنانەت لەو شوێنانەش کە بە ئاشکرا لەگەڵ شروشت و ئایدۆلۆژیاکەیدا ناتەبا بووە، تەنیا و تەنیا لەژێر گوشاری خەباتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جەماوەردا سەپێنراوە. ئەم واقیعە نیشان دەدات کە خەڵکی ئێران، ئەگەرچی هێشتا نەگەیشتووەتە ئامانجی کۆتایی خۆی، بەڵام خەباتەکەی بێ‌ئاکام نەبووە. هیچ کام لەم ڕەنج و تێکۆشانەهەوڵێکی  بێ بێهوودە نەبووە. بەپێچەوانەوە، هەر شەپۆلێکی خەبات، ئەزموون، هۆشیاری، بوێری و توانایەکی نوێی بۆ نەبردەکانی داهاتوو کۆ کردووەتەوە.

• (ب) گۆڕینی گوشاری کۆمەڵایەتی بۆ ڕێکخستنی بەردەوام: قۆناغی داهاتوو، قۆناغی بەردەوامبوونی گوشارەکان دەبێت بۆ سەر حکومەت. بەڵام ئەگەر بڕیارە ئەم گوشارانە ببنە هۆی باشبوونی ڕاستەقینەی بارودۆخی ژیانی خەڵک و کرانەوەی سیاسی، پێویستی بە مەرجێکی یەکلاکەرەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە ناو جەرگەی هەر خەباتێکی ناوچەیی یان سەرتاسەرییەدا، ڕێکخراوتر بێینە دەرەوە. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە ڕێگای ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و سیاسی داهاتووی ئێران، لە هەڵچوونە کتوپڕ، ئەگەرچی قارەمانانە و بەربڵاوەکان بەڵام بێ ڕێکخراو و ڕێبەرییەکی بەردەوامەوە، تێپەڕ نابێت. ئەم ئاخێزانە دەتوانن دیوارەکانی ترس بڕوخێنن، بەڵام بە تەنیا ناتوانن هاوسەنگیی هێز بە شێوەیەکی بەردەوام بگۆڕن. لەمڕووەوە، ئەرکی ناوەندیی ئێمە ئەوەیە کە لە ژێر ڕۆشنایی ستراتیژیی ڕوونی حیزبدا، تاکتیکە سیاسییە بەردەست، عەمەلی و ڕێکخەرەکان دیاری بکەین. تەوەرەی ئەم تاکتیکانە دەبێ بریتی بێت لە دروستکردن و بەهێزکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان. دەبێ لەسەر بەستێنی نەبردەکانی ڕۆژانەدا بۆ نان، کار، ئازادی، یەکسانی وئەم تۆڕە ڕێکخراوانە پێک بهێنرێن.

کۆتاییهاتنی شەڕ دەکرێت و دەبێت ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە خەباتی بەربڵاو و هۆشیارانە بۆ بەدەستهێنانی مافی مانگرتن و مافی ڕێکخراوبوون. تا ئەو کاتەی ئەم مافانە بە شێوەیەکی فەرمی و عەمەلی بەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتدا نەسەپێنرێن، خەبات لەپێناو داواکارییە بژێوییەکان بە ناچاری بە پرشوبڵاوی، لۆکاڵی و کەم‌کاریگەر دەمێنێتەوە. بەڵام بە سەپاندن و جێگیربوونی ئەم مافانە، خەبات بۆ نان، نیشتەجێبوون، دەرمان و پەروەردە دەکەوێتە ڕێڕەوێکی سەرتاسەری و کاریگەرترەوە و ڕێگا بۆ هەڵگرتنی هەنگاوەکانی داهاتوو خۆشتر دەکات.

ئەمڕۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پێویستیان بەوەیە کە لە تەنیایی و پرشوبڵاوی بێنە دەرەوە، ئەڵقەکانی هاوپشتی لە ناوەندەکانی کار و لە گەڕەکەکاندا، لە دروستکردنی تەعاونی یان سندووقی هاوپشتی دارایییەوە بگرە تا شێوازە بەربڵاوترەکانی ڕێکخستن، دروست بکەن و بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆ و ڕاستەقینەکان، هەنگاوی بچووک بەڵام بەردەوام هەڵبگرن. قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان نیشانیان داوە کە تەنیا لە ناو جەرگەی یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوون و خەباتی بەکۆمەڵدایە کە دەتوانرێت لە بەرامبەر ئەم تۆفانەدا خۆڕاگریی بکرێت و ئاسۆی ژیانێکی شایستەتر بەڕووی کۆمەڵگەدا بکرێتەوە.

۳. جێگە و پێگەی بزووتنەوەی کرێکاری:

لە نێوان سەرجەم ئەو بوارانەدا، بزووتنەوەی کرێکاری پێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەگەر بزووتنەوەی کرێکاری بتوانێت لە قۆناغی دوای شەڕدا دوو داواکاریی سەرەکی بەسەر حکومەتدا بسەپێنێت، گرێکوێرەی زۆرێک لە بزووتنەوەکانی تریش دەکرێتەوە: مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی مانگرتن، هەردووکیان بە واتا بەرفراوانەکەی وشەکە.

مافی مانگرتن: تەنیا بە مانای دەست هەڵگرتن لە کار نییە. مانگرتن، ئەگەر بە فەرمی بناسرێت، لە ناخی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک ماف و ئیمکاناتی جۆراوجۆرە لەوانە: مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، پارێزراوبوون لە دەرکردن و سزادان بەهۆی مانگرتنەوە، مافی دانوستانی بەکۆمەڵ و بەستنی گرێبەستی دەستەجەمعی، مافی زانیاریبەخشین بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیریی گشتی، مافی هاوپشتی و بانگەشە بۆ مانگرتنی پشتگیری، مافی ئەمنییەتی فیزیکیی کرێکاران لە کاتی مانگرتندا، مافی بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە لەبەردەم ناوەندەکانی کار، مافی دەستڕاگەیشتن بە شوێنی کار، و هەروەها مافی بەهرەمەندبوون لە پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و دارایی، لەوانە سندووقەکانی مانگرتن. بە واتایەکی تر، مانگرتن تەنیا ڕاگرتنی کار نییە، بەڵکوو گۆڕینی هێزی پرشوبڵاوی کرێکارانە بۆ ئامرازی گوشاری کۆمەڵایەتی.

مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ: مافێکە کە لەسەر بنەمای ئەو، کرێکاران دەبێ بتوانن بە ئازادی سەندیکا، یەکێتی، ئەنجومەن یان هەر دامەزراوەیەکی تری پیشەیی سەربەخۆ دروست بکەن، پێوەی پەیوەست بن، نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ بەرگری لە مافە پیشەییەکان، حەقدەست و مافە مرۆییەکانی خۆیان بکەن. پێویستیی ئەم مافە، بریتییە لە قەدەغەکردنی دەرکردن، هەڕەشە، گوشار، پەروەندەسازی و هەر جۆرە ڕێگرییەک لە چالاکیی پیشەیی. ڕێکخراوی سەربەخۆ واتە کرێکار لە دۆخی تاکەکەسیی تەنیا و بێ‌پەنا بێتە دەرەوە و ببێتە بەشێک لە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ.

بەبێ ئەم دوو مافە، چینی کرێکار بەردەوام بە پرشوبڵاوی، بێ‌پەنا و سەرکوتکراوی دەمێنێتەوە. بەڵام بە سەپاندنی ئەم دوو مافە، دەرفەتی پێوەندی نێوان خەباتە پیشەیی و سیاسییەکان، نێوان داواکارییە ئابووریی و ئازادییە دیموکراتیکەکان، و هەروەها بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر دەڕەخسێت.

ئەرکەکانی ئێمە لە کوردستان

پێشەکی

لە بارودۆخی ئێستای دوای شەڕدا، بە سەرنجدان بە تایبەتمەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، و بە لەبەرچاوگرتنی تواناکان، مێژووی خەبات و ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، پێویستە هەڵسووڕاوانی حیزبی زیاتر لە هەمیشە بەرەو چالاکیی کۆمەڵایەتی، جەماوەری و ڕیشەدار لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا ئاراستە بکرێن. خەباتی سیاسی ئەگەر لە واقیعی کۆمەڵگە، لە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک و لە داواکارییە بەرجەستەکانی کرێکاران، ژنان، گەنجان، موعەلیمان، کۆڵبەران، و زەحمەتکێشانی شار و لادێ دوور بکەوێتەوە، لە ئاستی دروشمی گشتی و زهنی دا سنووردار دەبێتەوە. لەمڕووەوە، دەبێ ئاراستەی تاکتیکی لەم قۆناغەدا لەسەر ئەو ئەسڵە دابمەزرێت کە چالاکیی سیاسی و حیزبی لە ناو جەرگەی خەباتە کۆمەڵایەتییە باوەکاندا حزووری بەهێزی هەبێت و لە ڕێگەی ڕێکخستن، هۆشیارکردنەوە و لێکهەڵپێکانی داواکارییە جۆراوجۆرەکانەوە، ڕێگا بۆ بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەن و ستراتیژییەکان خۆش بکات.

سەبارەت بەوەی کە لە کوردستان دەگوزەرێت، ئاماژەکردن بە پێکهاتنیناوەندی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانپرسێکی گرنگە کە وەبیرهێنانەوەی لەم پێشەکییەدا پێویستە. کۆمەڵە سەرەڕای بەشداریی ئەکتیڤ و چالاک لە ڕەوتیناوەندی دیالۆگدا، بەڵگەنامەیهاوپەیمانیی واژۆ نەکرد و لەم بوارەدا هۆکارەکانی خۆی بە ڕوونی لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکردەوە:

دیالۆگ بەڵێ، بەڵام بە شەفافییەت: کۆمەڵە پشتگیری لە دیالۆگێکی شارستانیانە لە نێوان حیزبەکانی کوردستاندا دەکات، بەڵام خوازیاری بەفەرمیناسینی جیاوازییە ڕاستەقینەکان، کێبڕکێی تەندروستی سیاسی، و قبوڵکردنی داوەریی دیموکراتیکی جەماوەر دەکات، نەک شاردنەوەی ناکۆکی و جیاوازییەکان.

سنووربەندییە ستراتیژییەکانی کۆمەڵە: یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریی لە سەرتاسەری ئێران، دژایەتیکردنی هاوڕایی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرەنگاربوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و سەڵتەنەتخواز، و ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق. بەڵگەنامەی هاوپەیمانی لەم تەوەرانەدا ناشەفاف و ناڕوونە.

ئەولەوییەتی سیاسەت بەسەر دامەزراوەسازیدا: بەر لە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش، پێویستە سیاسەت و تاکتیکێکی ڕوون بۆ بارودۆخی ئێستا هەبێت، دروستکردنی دامەزراوەی وەککۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشبەبێ سیاسەتێکی دیاریکراو، بێ‌کاریگەر دەبێت یان تەنانەت دەبێتە سەرچاوەی قەیران.

پرسی هێزی چەکدار: کۆمەڵە پێی وایە چەک نابێت لە دەستی حیزبەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێ لەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوە هەڵبژێردراوە جەماوەرییەکاندا بێت، بیرۆکەیسوپایەکی یەکگرتووی کوردستانیی لەژێر فەرماندەیی حیزبەکاندا بە مەترسیدار دەزانێت، چونکە ململانێی حیزبی دەتوانێت بەسەر گرووپی دژبەر و جیاوازدا دابەشیان بکات.

دەسەڵاتی جەماوەریی، نەک دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حیزبەکاندا: هەر جۆرە بۆشاییەکی دەسەڵات دەبێ بە دامەزراوە دیموکراتیکە جەماوەرییەکان لە (گەڕەکەکان، کارگەکان و زانکۆکان) پڕ بکرێتەوە، نەک بە دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان حیزبەکاندا.

هۆشداری سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا و ئیسرائیل: کۆمەڵە بە سەرنجدان بەو هەواڵانەی کە لە پەراوێزی واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیەدا هاتبوونە ئاراوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و هۆشداری دا کە سیاسەتی هاوتەریببوون لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بزووتنەوەی کوردستان کارەساتبار دەبێت.

کۆمەڵە هێشتاشناوەندی دیالۆگبە دەستکەوتێکی ئەرێنی دەزانێت و پشتگیری لە بەردەوامیی گفتوگۆکان دەکات.

واژۆنەکردنی ئەم بەڵگەنامەیە بە مانای کشانەوە لە هاوکاری نییە، کۆمەڵە هێشتا خوازیاری هاوکارییە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان.

لە کۆتاییدا هەڵوێستی ئێمە بریتی بوو لەوەی کە: هاوپەیمانییەکی کە لەسەر بنەمای شاردنەوەی جیاوازییەکان بونیاد بنرێت، لە ساتە هەستیارەکاندا هەرەس دەهێنێت، و ڕاشکاوی ئەمڕۆ، باشترە لە قەیرانی سبەینێ.

۱. ئاراستەی تاکتیکی و گرێدانی بە ئامانجە ستراتیژییەکانەوە

تاکتیکەکانی ئەمڕۆ نابێت وەک بابەتگەلێکی جیا لە ئامانجە کۆتاییەکان سەیر بکرێن. بەپێچەوانەوە، هەر هەنگاوێک لە پێناو ڕێکخستنی کرێکاراندا، هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان، هەر هەنگاوێک لە پێناو بەرگری لە ئازادییە دیموکراتیکەکان، هەر چالاکییەکی فەرهەنگی، هونەری، ژینگەیی و هەر داواکارییەک بۆ خوێندن بە زمانی دایک، ئەگەر هۆشیارانە و لە چوارچێوەی ئاسۆیەکی ڕوونی کۆمەڵایەتیدا بەرەوپێش بچێت، دەتوانێت ببێتە ئەڵقەیەک لە زنجیرەی خەبات بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵگە. بە واتایەکی تر، سیاسەتی تاکتیکیی دروست، پردێکە لە نێوان پێداویستییە دەستبەجێ و هەنووکەییەکانی خەڵک و ئامانجە ستراتیژییەکانی داهاتوودا، پردێکی کە لە لایەکەوە بارودۆخی ژیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی باشتر دەکات و لە لایەکی تریشەوە، جەماوەری خەڵک لەگەڵ پێویستیی ڕێکخستن، یەکگرتوویی و دەخالەتی ڕاستەوخۆ لە چارەنووسی خۆیاندا ئاشنا دەکات.

• (ئەلف) حزووری چالاکانە لە ئەنجومەنە پیشەیییەکانی کرێکاراندا: یەکێک لە بوارە گرنگەکانی ئەم ئاراستەیە، بریتییە لە حزووری چالاکانەتر لەو ئەنجومەنە پیشەییە کرێکارانەی کە لە شارەکانی کوردستان بوونیان هەیە. چینی کرێکار و زەحمەتکێشان لە بارودۆخێکدا دەژین کە هەڵاوسان، بێکاری، حەقدەستی کەم، نەبوونی بیمە و ئەمنییەتی پیشەیی، ژیانیانی ئەوانی بە توندی خستووەتە ژێر گوشارەوە. هەڵسووڕاوانی حیزبی دەبێ لە جەرگەی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاراندا حزووریان هەبێت، لە بەدواداچوونی داواکارییەکانی بژێویدا، لە پشتگیریکردنی موعەلیمان، خانەنشینانی کرێکاریی، کرێکارانی کارگەکان، کشتوکاڵ و بیناسازی، کرێکارانی خزمەتگوزاری (لەوانە کرێکارانی پلاتفۆرمی)، کرێکارانی وەرزی و کۆڵبەران، و لە دروستکردنی سندووقەکانی هاوپشتی دارایی، ڕۆڵی کرداری بگێڕن. وەها چالاکییەک ئەزموونی ڕێکخراوەیی، بڕیاردانی بەکۆمەڵ و پشتبەستن بە هێزی خۆیان فێر دەکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە خەباتی ڕۆژانە بۆ نان و کار، بە ئاسۆی بەرفراوانتری دەسەڵاتی جەماوەری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە گرێ دەدات.

• (ب) ڕێکخستنی ژنان لە دەوری مافە بنەڕەتییەکان: بوارێکی گرنگی تر، ڕێکخستنی ژنانە لە دەوری مافە بنەڕەتییەکان و لەسەر بنەمای بەیاننامەی مافەکانی ژن. ستەم لەدژی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا وەک هەموو شوێنەکانی تری ئێران، بە پێکهاتە چینایەتی، باوکسالاری، ئایینی و سیاسییەکانەوە بەستراوەتەوە. لە کوردستان، ژنان هاوکات لەگەڵ شێوازە جیاوازەکانی ستەم و چەوسانەوە ڕووبەڕوون: هەڵاواردنی ڕەگەزی، گوشارە نەریتی و ئایینییەکان، نایەکسانیی ئابووری، توندوتیژیی خێزانی، کوشتن بە بیانووی شەرەف، بەربەست لەبەردەم کار و بەشداریی کۆمەڵایەتی، و بێبەشبوون لە مافی یەکسان لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگەدا. لەمڕووەوە، دروستکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆڕ و کۆبوونەوە ناوچەییەکان، دەتوانێت ڕۆڵێکی دیاریکەر لە گۆڕینی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتیدا بگێڕێت. خەبات بۆ مافی پۆشینی جلوبەرگی دڵخواز، مافی کار، حەقدەستی یەکسان، مافی تەڵاق، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و بەرگری لە سەربەخۆیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ژنان، بەشێکە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد لە داهاتوودا. هەر هەنگاوێک کە ژنان لە گۆشەگیری بێنێتە دەرەوە و بیانکات بە هێزێکی ڕێکخراو و دەخالەتگەر لە کۆمەڵگەدا، لە ڕاستیدا هەنگاوێکە بە ئاراستەی ئاڵوگۆڕێکی کۆمەڵایەتیی قووڵتر.

• (ج) بەرگری لە ئازادییە دیموکراتیک و مەدەنییەکان: بەرگری لە ئازادییە دیموکراتیک و مەدەنییەکانیش یەکێک لە تەوەرە بنەڕەتییەکانی ئەم سیاسەتەیە. ئازادیی بەیان، ئازادیی ڕێکخراوەیی، ئازادیی ناڕەزایەتی، ئازادیی چاپەمەنی، مافی کۆبوونەوە، مافی چالاکیی حیزبەکان و ئەنجومەنەکان، و هەروەها مافی دەخالەتی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا،  داخوازی گەلێکی گشتیی و سەرەکین. لە کوردستان، ئەم داواکارییانە لەگەڵ پرسی نەتەوەیی، چینایەتی و کۆمەڵایەتیی ئاوێتە بوون. خەڵکی کوردستان نەک تەنیا خوازیاری نەمانی هەڵاواردنی نەتەوەیی و کۆتاییهێنان بە کەشوهەوای ئەمنییەتین، بەڵکوو خوازیاری بەشداریی ڕاستەوخۆن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی خۆیانن. هەربۆیە چالاکی لە بواری ئازادییە دیموکراتیکەکان دەبێ لەسەر بنەمایبەیاننامەی مافەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستانوبەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتدارێتی جەماوەریبەرەوپێش بچێت. بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەرکوتی موعەلیمان، خوێندکاران، خانەنشینان، کۆڵبەران، کرێکاران، ژنان و گەنجان، کۆتاییهێنان بە کەشوهەوای سەربازی و ئەمنی لە شار و گوندەکان، و برەودان بە بیرۆکەی شۆڕا و دامەزراوە جەماوەرییەکان، سەرجەمیان دەتوانن ئازادیی سیاسی لە دروشمێکی گشتییەوە بگۆڕن بۆ پێداویستییەکی زیندوو و ڕۆژانەی خەڵک.

• (د) چالاکیی فەرهەنگی، هونەری، ژینگەیی و بەرگری لە خوێندن بە زمانی دایک: چالاکیی فەرهەنگی، هونەری، ژینگەیی و بەرگری لە خوێندن بە زمانی دایکیش دەبێ پێگەیەکی بەرچاوی لە کار و هەڵسووڕانی کۆمەڵایەتیی چالاکواناندا هەبێت. فەرهەنگ و هونەر لە زومرەی کاریگەرترین ئامرازەکانن بۆ پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری بەرفراوانی خەڵکدا. شیعر، مۆسیقا، شانۆ، ئەدەبیات، سینەما، هونەری شەقام و چالاکییە کولتوورییە ناوخۆیییەکان دەتوانن پەیامی ئازادی، یەکسانی و خۆڕاگریی بە زمانێکی بەرجەستە و شیاوی تێگەیشتن بگوازنەوە. لە پاڵ ئەوەشدا، بەرگری لە زمانی کوردی و مافی خوێندن بە زمانی دایک، بەرگری لە مافی یەکسانی خەڵکی کوردستانە. ئەم داواکارییە دەبێ بە خەبات بۆ خوێندنی بێ بەرامبەر، یەکسان، دیموکراتیک و ڕزگاریبەخشەوە گرێ بدرێت. هەروەها قەیرانی ژینگە، لەناوچوونی دارستانەکان، کەمئاوی، پیسبوونی هەوا، تێکچوونی لەوەڕگاکان و کەمتەرخەمی بەرامبەر بە سەرچاوە سروشتییەکان، ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی زەحمەتکێشان، گوندنشینان و نەوەی داهاتوو. چالاکییە ژینگەیییەکان دەتوانن گەنجان، موعەلیمان، خوێندکاران، گوندنشینان و چالاکوانانی شار لە مەیدانێکی هاوبەشدا کۆبکەنەوە و هەستی بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ بەرامبەر بە داهاتووی کۆمەڵگە بەهێز بکەن.

• (هـ) لێکهەڵپێکانی داواکارییە جۆراوجۆرەکان: خاڵی دیاریکەر و سەرەکی لە سەرجەم ئەم بوارانەدا، بریتییە لە لێکهەڵپێکانی داواکارییە نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی و دیموکراتیکەکان لە قاڵبگەلی کۆمەڵایەتی و زیندوودا. هیچ کام لەم داواکارییانە نابێت بە جیا لەوەی تر ببینرێت. کۆڵبەر تەنیا قوربانیی هەژاری نییە، ئەو هاوکات قوربانیی چەوسانەوەی نەتەوەیی، نادادپەروەریی ئابووری، سەرکوتی ئەمنییەتی و نەبوونی دەرفەتی یەکسانە. ژنی کرێکاری کورد تەنیا لەگەڵ هەڵاواردنی ڕەگەزیدا ڕووبەڕوو نییە، ئەو هاوکات لەژێر گوشاری ستەمی چینایەتی و نەتەوەییشدایە. موعەلیمێکی کە لەپێناو خوێندن بە زمانی دایک خەبات دەکات، تەنیا داواکارییەکی فەرهەنگی ناخاتە ڕوو، بەڵکوو لەپێناو دادپەروەریی پەروەردەیی، دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسیش شەڕ دەکات. کەواتە ئەرکی چالاکوانان ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییانە بەکردەوە، لە دروشمەکاندا، لە ڕێکخراوەکاندا و لە چالاکییەکانی ڕۆژانەدا نیشان بدەن تا کرێکار، ژن، گەنج، خوێندکار، موعەلیم، کۆڵبەر و گوندنشین خۆی بە بەشێک لە خەباتێکی هاوبەش بزانێت.

• (و) ڕاهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان لە ئەمڕۆوە: گرنگیی ئەم ئاراستانە لەوەدایە کە ئامانجە درێژخایەنەکان لە ئاستی دروشمەوە دەگۆڕێت بۆ ئەزموونی کۆمەڵایەتی. ئەگەر ئامانجی کۆتایی، کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان، شۆڕایی، سۆسیالیستی و پشتبەستوو بە دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی بێت، ئەم کۆمەڵگەیە دەبێ لە ئەمڕۆوە لە شێوازی بچووکتردا مەشق و ڕاهێنانی لەسەر بکرێت. کاتێک کرێکاران بۆ بەرگری لە مافەکانی خۆیان ئەنجومەن، کۆمیتە یان سندووقی هاوپشتی دروست دەکەن، لە ڕاستیدا بەڕێوەبردنی بەکۆمەڵ مەشق دەکەن. کاتێک ژنان ڕێکخراوی سەربەخۆ بونیاد دەنێن، بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دادەمەزرێنن. کاتێک خەڵک بۆ زمانی دایک، ئازادیی ڕێکخراوەیی، ژینگە و مافە دیموکراتیکەکان خەبات دەکەن، مافی دەخالەتی ڕاستەوخۆ لە چارەنووسی خۆیاندا دەهێننە گۆڕێ. ئەمانە لە زومرەی پێکهێنەرە زیندووەکانی ڕێگای گەیشتن بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتین.

• (ز) دوو ئەنجامی هاوکات: لەسەر ئەم بنەمایە، جێبەجێکردنی وەها سیاسەتێک دوو ئەنجامی هاوکاتی لێ دەکەوێتەوە. یەکەم، بارودۆخی ژیانی خەڵک لە ئاستێکی گونجاودا و بە شێوەیەکی ڕێژەیی باشتر دەکات، چونکە خەبات بۆ حەقدەست، بیمە، ئەمنییەتی پیشەیی، مافەکانی ژنان، ئازادییە مەدەنییەکان، خوێندن بە زمانی دایک و پاراستنی ژینگە، وەڵامدانەوەیە بە پێداویستییە ڕاستەقینە و دەستبەجێ و هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە. دووەم، ئاسۆی شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕوونتر و بەرجەستەتر دەکات، چونکە خەڵک لە ڕەوتی ئەم خەباتانەدا فێر دەبن کە بەبێ ڕێکخستن، هاوپشتی و دەخالەتی ڕاستەوخۆی خۆیان ناتوانن چارەنووسیان بگۆڕن. بەم شێوەیە، خەباتی جەماوەری و کۆمەڵایەتی نە بە واتای پاشەکشێیە لە ئامانجە ستراتیژییەکان و نە جێگرەوەی ئەو، بەڵکوو ڕێگایەکی ڕاستەقینەیە بۆ نزیکبوونەوە لێی.

• (ح) شۆڕش بەرهەمی کەڵەکەبوونی ئەزموونە: لە کۆتاییدا، شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە فەرمان، دروشم یان چاوەڕوانیی پاسیڤ شکڵ ناگرێت. شۆڕش بەرهەمی کەڵەکەبوونی ئەزموون، ڕێکخستن، هۆشیاری، متمانە، هاوپشتی و حزووری چالاکانەی جەماوەرە لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانەدا. سیاسەتی دروست لەم دەورانەدا ئەوەیە کە هەڵسووڕاوانی حیزبی خۆیان لە ناو دڵی کۆمەڵگە، لە پاڵ خەڵک و لە ناوەرۆکی داواکارییە زیندووەکانیاندا ببیننەوە، خەباتە پرشوبڵاوەکان بە یەکەوە گرێ بدەن، ئاسۆی ڕزگاری بەخش و یەکسانیخوازانە لە کردەوەدا نیشان بدەن، و هەنگاو بە هەنگاو بارودۆخی زەینی و عەینیی پێویست بۆ ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی دابین بکەن. ئەمە هەمان ئەو ڕێگایەیە کە هەم ژیانی ئەمڕۆ ئینسانیی تر دەکات و هەم دوورەدیمەنی داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و پشتبەستوو بە ئیرادەی جەماوەر دەکات بە واقیعێکی بەردەستتر و  شیاوی دەستپێڕاگەیشتن.

۲. ئەمنییەت و بەردەوامیی کار لە قۆناغی دوای شەڕدا

مانگەکانی سەرەتای دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، ڕۆژانێکی هەستیار و دیاریکەرن. کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا پەلەیەتی و دەیەوێت پێش شکڵگرتنی هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی، دەست بەکار بێت. ئەم مەترسییە بە تایبەت بەرەوڕووی چالاکوانانی سیاسی لە ئاستە جیاوازەکاندا دەبێتەوە. ئەم پرسە تەنیا تایبەت بە کوردستانیش نییە. سەرجەم چالاکوانانی ناوخۆی وڵات دەبێ بە بەرزترین ئاستی وریاییەوە کار و چالاکییەکانی خۆیان بەرەوپێش ببەن. ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی دەبێ بپارێزرێت. لەم قۆناغەدا دەبێ پشوودرێژ بی و بە پارێزەوە هەنگاو بنرێت. تا ئەو کاتەی حیزب لە ڕێگای ئۆرگانە فەرمییەکانی خۆیەوە سیاسەت و ڕێوشوێنێکی ڕوونتر ڕادەگەیەنێت، دەبێ لە هەر کردەوەیەکی کە بتوانێت بیانوو بداتە دەست هێزە سەرکوتگەرەکان، خۆبپارێزرێت. وشیاریی ئەمڕۆ، مەرجی بەردەوامیی خەباتی سبەینێیە.

۳. تەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان

• (ئەلف) پێگەی خەباتی چەکداری: ئەگەرچی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ڕاستای هەڵسەنگاندنی عەینی بۆ بارودۆخی نوێ، دەستیان نەبردووە بۆ عەمەلیاتی نیزامیی هێرشبەرانە لەدژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەم بابەتە هەرگیز بە مانای خستنەژێر پرسیاری ڕەوایی، ڕەسەنایەتی و پێویستیی مێژوویی بەرگریی چەکداری لە چوارچێوەیمافی بەرگریی ڕەوالە ستراتیژیی ئێمەدا نەبووە و نییە. واقیعی عەینیی مێژوو ئەوەیە کە خەباتی چەکداری هەرگیز بژاردەی یەکەمی خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵکوو لە لایەن هێرشی ڕژێمەوە بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا سەپێنرا. خەڵک ئازادییان دەویست و چونكە سوور بوون لەسەر ئەوەی بەرگری لە دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی خۆیان بکەن، ناچار بوون چەک هەڵبگرن.

ئەوان پەنایان نەبردە بەر توندوتیژی، بەڵکوو لە بەرامبەر دڕندەترین ئامێری سەرکوتی مێژووی هاوچەرخدا وەستانەوە و بەرگرییان لە کەرامەتی مرۆیی خۆیان کرد. ئەمڕۆ، کۆمەڵگەی وشیاری کوردستان بە کۆڵەبارێک لە ئەزموونی بەنرخی مێژووییەوە، خەریکی شکڵ پێدان بە ڕێگا و شێوازی نوێ و ئەمڕۆیی تری خەباتی جەماوەرییە. مانگرتنە سیاسییە گشتیی، یەکگرتوو و سەرتاسەرییەکان، ئەمڕۆ بوونەتە چەکێکی کارامە، جێکەوتوو و ئیفلیجکەر لەدژی دەسەڵات، شێوازێکی خەبات کە بە کەمترین تێچووی مرۆیی، زۆرترین دەستکەوتی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەدەست دەهێنێت.

پێکهێنانی بزووتنەوە بەردەوامە مەدەنییەکان، تۆڕە ناوخۆییەکان و پەروەردەکردنی ڕێبەری مەیدانی لە زانکۆکان، کارگەکان و گەڕەکەکاندا، کۆمەڵگەی خستووەتە سەر ڕێڕەوی ئامادەیی تەواو. ڕەنگدانەوەی شکۆمەندی ئەم ئامادەییە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بە ڕوونی خۆی نیشان دا. ئەم بزووتنەوەیە کە فەلسەفە و دروشمە تەوەرەییەکەی ڕیشەی لە کولتووری سیاسی و پێشکەوتنخوازانەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدایە، ڕێگایەکی ڕوون و بێ‌گەڕانەوەیە کە کۆمەڵگە بەرەو سەرکوتنی کۆتایی ڕێنوێنی دەکات.

• (ب) پێگەی ئێستای کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان: سەرجەم بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە قۆناغی دوای شەڕدا، بارودۆخی کاری ئێمە لەم ناوچەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. شێواز و ڕەهەندەکانی ئەم گۆڕانکارییە هێشتا ناتوانرێت بە وردی دیاری بکرێت. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی گوشارەکانی خۆی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سنووردارکردنی هەرچی زیاتری چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆن چڕتر دەکاتەوە. ئێمە ئاستێکی دیاریکراو لەم گوشارانەمان دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتی نێوان ئێران و عێراق ئەزموون کرد و ڕێگاکانی گونجاندنی دۆخی خۆمان لەگەڵ بارودۆخی نوێدا ئەزموون کردووە. وردەکاری ئەم سیاسەتە پێشتر داڕێژراوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا بە کردەوە دەرهاتووە. دوو ئەسڵی بنەڕەتی ئاراستەی کردەوەکانی ئێمە دیاری دەکەن: یەکەم ئەوەی کە، بەردەوامیی ئۆرگانە سەرەکییەکانی کار و چالاکیی کۆمەڵە نابێت تووشی ڕاوەستان بێت. دووەم، ئەمنییەت و کاروباری ژیانی هاوڕێیانی ئەم بەشەی تەشکیلات نابێت بکەوێتە مەترسییەوە.

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

پووشپەڕی ۱۴۰۵ / ژوئەنی ۲۰۲۶