“ڕوونکردنەوە”
ئەوەی کە لەبەردەستدایە، ڕاپۆرتێکی سیاسییە بە کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. ئەم بەڵگەنامەیە لە سێ بەش پێکهاتووە. کە بریتین له، ئاوڕدانەوەیەک لە ڕەوتە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی جیهان، بارودۆخی سیاسیی ئێستا و ئاسۆی داهاتووی ئێران و هەروەها پاشکۆیەک لە ژێر ناوی: هەڵسەنگاندنی دۆخی بابەتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. بەشی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕاپۆرتە بە زۆرینەی ڕەهای دەنگ لە کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا پەسەند کرا. بەشی هاوپێچ یان پاشکۆکەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی نوێنەرایەتی بۆچوونی نووسەرانی ڕاپۆرتەکەی دەکرد، نەخرایە دەنگدانەوە. جێگای ئاماژەیە کە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە و دواتریش لە پڕۆسەی پەسەندکرانی لە لایەن کۆنگرەوە، شەڕی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان کە بووە هۆی کوژرانی ڕێبەری حیزبوڵڵا و هەروەها هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی، ڕووی نەدابوو، هەربۆیە ئەم ڕووداوانە و کاردانەوەکانی لەم ڕاپۆرتەدا ڕەنگی نەداوەتەوە. دواتر کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو ڕووداوانە و سیاسەتی حیزب لەم بابەتەوە ڕاگەیەندراوە.
ڕاپۆرتی سیاسی بە کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ئەلف: چاوخشاندنێک بەسەر ڕەوتە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی جیهاندا
١_ لەگەڵ ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، جیهان پێینایە قۆناغێکی نوێوە. دەوڵەتی ئەمریکا کە خۆی بە براوەی ململانێکانی سەردەمی شەڕی سارد دەزانی، لە حاڵێکدا کە بەم سەرکەوتنە سەرخۆش ببوو، دەستپێکی “نەزمێکی نوێی جیهانی”ی ڕاگەیاند. بیرمەندە سەرمایەدارییەکان ئەم گۆڕانکارییەیان بە “کۆتایی مێژوو” ناوبرد. بەڵام زۆری نەخایاند ئەم بڵقە تەقیەوە. ئاکامەکەی بوو بە نیزامێکی جیهانیی سەرچاوەی قەیران کە قەیرانەکانی یەک لە دوای یەک دەرکەوتن. لە سەر بەستێنی قەیرانی پێکهاتەیی ئابووری، پەتای کوشندەی کۆڤید ١٩، ئەولەویەتی سوود و قازانجی بەسەر گیان و ژیانی مرۆڤەکان لەم سیستەمەدا بە توندترین شێوە نیشان دا. قەیرانە ژینگەییەکان هەرچی زیاتر پەرەی سەند. شەڕە وێرانکارەکان ڕوویاندا. بەها لیبراڵییەکان جێگەی خۆیان دا بە نیۆلیبرالیزم و دەرەنجامەکەی بوو بە قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی، بەهێزبوونی فەرهەنگی دژە ژن و ڕەگەزپەرستی لەڕادەبەدەر، سەرهەڵدانی ڕەوتە ڕاستڕەوە فاشیستییەکان و هەروەها گەشەی تاقم و گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان. جەمسەرگیری نوێ جێگەی جیهانی دوو جەمسەریی سەردەمی جەنگی ساردی گرتەوە و جبەخانەی چەکە کۆمەڵکوژەکان، جیهانیان لەگەڵ مەترسی زیاتر بەرەوڕوو کردەوە.
٢- یەکێک لە لێکەوتە هەرە بەرچاوەکانی دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداریی لە فۆرمی گەشەسەندووی ئێستایدا، بریتییە لە فرەڕەهەندبوونی شێوازەکانی چەوساندنەوە، کە بەو پێیەش ئاستی خەبات لەدژی ئەو ڕەوتە پەرەی سەندووە. ئەگەر بەشێوەیەکی سروشتی نیزامی سەرمایەداری، بە نیزامێکی چەوسێنەری کرێکاران و باقی موچەخۆرانی تر لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بەتایبەتی لە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا دەناسرا، کە لە شکڵی هەندێک نەزم و نۆرمی تایبەت لەوانە جیاکردنەوەی بەشەکانی بەرهەمهێنان، خاوەنکاری ناسراو، گرێبەستی دیاریکراو و کات و شوێنی دیاریکراوی کاردا خۆی نیشان دا، ئێستا بەشێکی زۆری هێزی کار لە پێکهاتەی جیاواز و نایەکسان، بێ دەوام و ناجێگیری پیشەییدا دەچەوسێنرێتەوە. پێکهاتە گەلێکی کە هۆکارەکانی چەوساندنەوەی فرەچەشنی ئەولاتر لە فۆرمە تەقلیدییەکانی پێکهێناوە، کە بە سروشتی خۆی جەماوەرێکی هەرچی زیاتری لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو هەژاری و کۆیلایەتی پاڵ پێوەناوە. دەیان ساڵە کە هەلومەرجێکی لەم چەشنە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چینێکی بەربڵاوی هێزی کار لە هەموو بەشەکانی جیهان و لە ئاستە جیاوازەکانی پیشەییدا، کە پێگەیان تەنانەت لە پێگەی پیشەیی کرێکاران و موچەخۆرانی تەقلیدی، گەلێک لاوازترە. ئەم توێژە کۆمەڵایەتییەی چینی کرێکار، کە وەک “بۆمبێکی کۆمەڵایەتی” و گەورەترین مەترسی بۆ سەر نەزمی هەبوو ناودەبرێن، لە نێوان کاری سەربەخۆ و کاری کورت ماوە بەبێ گرێبەست و هەروەها گرێبەستە کاتییەکاندا سەرگەردانن و لە دەرەوەی بازاڕی کاری فەرمی، بەبێ ئاسۆ و بێهیوان، بە هەستێکی ئاوێتە لەگەڵ نامۆیی قووڵ لەگەڵ شوێنی کار و ژیانیاندا، ڕۆژگار بەسەر دەبەن. سەرجەم کەسانی سەر بەم توێژە کۆمەڵایەتییە، بەدەست نەبوونی باری کەسێتییەوە ئازار دەچێژن و هەستکردن بە نائەمنی سەبارەت بە داهاتوویان، بێبەشبوون لە مافی بیمەی تەندروستی، پشوو، پەروەردە و حەقدەستی خانەنشینی، بەردەوام ئەم ڕەنج و ئازارەیان زیاتر دەکات. لە ئاوا هەلومەرجێکیدا، کەسەکان ناچار دەبن پەنا ببەنە بەر کار و پیشەی کورت ماوە بەبێ بەهرەمەند بوون لە هیچ مافێکی ئەمنییەتی، بیمە و تەنانەت بریاردان لەسەر شێوازی کار و دیاریکردنی ئاستی حەقدەست و لەگەڵ تەواوبوونی کارێک، بەشوێن کارێکی تردا بگەڕێن. لە هەمان کاتدا ئەم بەشە لە چینی کرێکار، بە هۆی ئامادەنەبوونی لە بازاڕی کاری فەرمیدا و هەروەها بە هۆی نەبوونی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان ئەندامەکانیان، تاڕادەیەکی زۆر پرش و بڵاو و بێبەش لە ڕێکخراوە و پێکهاتەیەکی دیاریکراوی خەباتە و بێ ئاگایە لە جێگە و پێگەی خۆی. بەبەراورد لەگەڵ کرێکارانی کاری تەقلیدی، ئەندامانی ئەم بەشەی چینی کرێکار هیچ شتێکیان بۆ لەدەستدان نییە و ناڕەزایەتییەکانیان لە بنەڕەتدا نەک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستایان و بۆ زیادکردنی و تەنانەت بەخەمەوە بوون بۆ ئەوەی کە لەدەستیان داوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی سەرەکی لەپێناو ئەوەدایە کە هەرگیز نەیانبووە، بەڵام خۆیان بە موستەحەقی دەزانن. لەمڕووەوە ڕەفتار و هەڵچوونەکانیان گەلێک ناڕێکخراوە و ئاوێتەیەکە لە هەستکردن بە نادادپەروەری، چاوەڕوانییەکی زۆر و لە هەمان کاتدا بێهیوایی و نائومێدی. ئەم دۆخە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ڕەفتاری پێشبینینەکراو، بێ پلان و بێ ئامانج و زۆرجاریش تەنیا کاردانەوە. بەم هۆیەوە، ئەندامانی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە دیارترین هێزی پێکهێنەری ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانن کە بە داگیرکردنی فەزای شارەکان و هێرشکردنە سەر دامەزراوە دەوڵەتی و داراییەکان لە ئاستێکی بەربڵاوی جەماوەریدا، نەک تەنیا شێوازی نئولیبرالی ڕێکخستنی ئابوورییان لە چەند دەیەی ڕابردوودا تووشی ئاڵەنگاری کردووە، بەڵکوو بە کردەوە بنەما سیاسیی و ئیدئۆلۆژییەکانی نیزامی سەرمایەدارییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. بزووتنەوەکانی وەک ٩٩٪یەکان، بزووتنەوەی جلیقە زەردەکان لە فەڕانسە، ناڕەزایەتییە دژە ڕەگەزپەرستییەکان و ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە “بەهاری عەرەبی” چەند نموونەیەکن لەو ئاخێزە کۆمەڵایەتییانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن ئەم بەشەی چینی کرێکارەوە کەوتوونەتەڕێ. لە پەنای هەموو ئەمانەدا پێویستە گەشەکردن و پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتیک و تەکنەلۆژیا سەردەمییەکانیش لەبەرچاوبگیرێت، کە وێڕای ئەوەی سەرجەم مرۆڤایەتی هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێشەوە دەبات، بەڵام تا ئەو کاتەی کە ئەم تەکنۆلۆژیانە لە دەستی کەمینەیەکی سەرمایەداردا بێت، لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووردا دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر چینی کرێکار. هەڕەشەیەکی کە لەگەڵ سەرجەم هەڕەشەکانی تر، جێگە و پێگەی پیشەیی ملیۆنان ئینسان دەخاتە مەترسییەوە.
٣- جیهان لێوانلێوە لە سامان و نێعمەت و پێداویستیەکانی ڕزگاربوونی مرۆڤ لە قەید و بەندی پێداویستییە مادییەکان لەهەر بارێکەوە فەراهەم بووە. بەڵام هەژاری و نایەکسانی و زیانە کۆمەڵایەتییە ئازاربەخشەکانی سەرچاوەگرتوو لێی، هێشتا زۆر و بەرچاون. بەرهەمهێنەرانی سەرجەم ئیمکاناتە ماددییەکانی جیهان، لەگەڵ بەرهەمی کاری خۆیاندا نامۆن. ئەم نادادپەروەرییە لە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆدا، ناتوانێت چارەنووسی حەتمی و چارەهەڵنەگری مرۆڤەکان بێت. ئەگەرچی سۆسیالیزم وەک بەدیلی سیستەمی سەرمایەداری، هێشتا نەبووەتە گوتاری چینی کرێکار و ستەمدیتووان و هەر بەم هۆیەوە ناتوانرێت باس لە خاڵی وەرچەرخانی تێپەڕبوونی کۆتایی لە سەرمایەداریی بکرێت، بەڵام ڕەوتی پەرەسەندنی ئەم نیزامە و سروشتی ناڕەزایەتییەکان لەبەرامبەریدا، خۆی لەخۆیدا ڕێگە خۆشکەرە بۆ گەیشتن بەو خاڵی وەرچەرخانە. ئەزموونە مێژوویی و دیالێکتیکییەکانی تا ئێستای گۆڕانی نیزامە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەمان پێ دەڵێت کە: پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان یەکتر ڕەتدەکەنەوە و لە هەناوی یەکتر لەدایک دەبن. ئەم گۆڕانکارییە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن. کرێکاران لە ئاوا پرۆسەیەکدا دەسەڵاتی سیاسی بەدەستدەهێنن و سەرەنجام گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی ئێستاوە بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی باشتر، سۆسیالیزم بەدی دەهێنێت.
٤- شەڕ لە ئوکراین
هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئوکراین بە پێچەوانەی پێشبینییە سەرەتاییەکان، ئێستا بووەتە شەڕێکی بەشێنەیی و درێژماوە. کاریگەرییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو شەڕە زۆر لە جوگرافیای شەڕەکە تێپەڕیوە و بە کردەوە بووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو بلۆکی سەرمایەداری جیهانی. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا زۆربەی شەڕە وێرانکەرەکان، ناوچەیی بووبێتن یان جیهانیی، جگە لەوەی کە هەریەکەیان تایبەتمەندی و هۆکاری تایبەتی خۆیان هەبووە، بەڵام لە بنەڕەتدا لە کێبڕکێ و دژایەتییە بنەڕەتییەکانی جیهانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەیان گرتووە و نزیکەی هەموویان مۆرکی ململانێ لەسەر دابەشبوون و دووبارە دابەشکردنەوەی جیهانیان بەسەر ناوچەکانی ژێر نفووز و کاریگەریی زلهێزەکاندا بەسەرەوەیە. شەڕی ئۆکراینیش لە بنەڕەتی ترین لێکدانەوە و شرۆڤەدا، هەر لەم چوارچێوەیەدا دەگونجێت. ئەم شەڕە لە بارودۆخێکدا ڕوویدا کە هێزی زەبەلاحی نیزامیی و ئابووریی ڕووسیا، لەژێر باری شکستی سەرچاوەگرتوو لە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی یەکێتی سۆڤیەت، هاتبووە دەرەوە. ناسیۆنالیزمی پاوانخوازی ڕووسیا کە بەهۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١دا تووشی سووکایەتی و نەهامەتی هاتبوو، ئێستا ئیتر خۆی لەو ئاستەدا دەدیت کە بتوانێت بەربەستێک لەبەردەم زیادەڕۆییەکانی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دروست بکات. ئەم هێزە “زەبەلاحە نوێیە” بە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بەرەی سوریا و بینینی پاشەکشەی سەرشۆڕانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، وێڕای بەدەستهێنانی متمانە بەخۆبوون، ئەو دەرفەتەی بە هەند وەرگرتبوو تا بتوانێت گورزێکی سەربازیی لە ڕکابەرەکەی بوەشێنێت. دەوڵەتی ئوکراین هەوڵی دەدا بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، ببێت بە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئورووپا. ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ ناسراو بە “مەیدان”، ڕووخانی دەوڵەتێکی نزیک لە ڕووسیا لە ئۆکراین و ململانێی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا بۆ دانانی حکومەتێکی دەسکردی خۆیان، بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و داگیرکرانی ناوچەی دۆنباسی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیاوە. ئەم ململانێیانە ڕێککەوتنی مینسکی لێکەوتەوە، بەڵام ناکۆکی و دژایەتییەکان هەروا بەردەوام بوون. دەسەڵاتدارانی ڕووسیا، پێویستییان بە لێدانی گورزێکی سەربازیی کاریگەر بوو لە ئوکراین و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بۆ ئەوەی بەر بە پێشڕەوییەکانی ناتۆ بەرەو سنوورەکانی ڕووسیا بگرێت و لەو ڕێگەیەوە هاوسەنگییەکی هێزی نێودەوڵەتی لەبارتر لە بەرژەوەندی خۆیدا پێک بهێنێت. ئەمریکا بەجۆرێک لەجۆرەکان نەک هەر لە پاوانخوازییەکانی ڕووسیا، بەڵکوو لە گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئورووپا و بەتایبەت بۆریی نەوتی “پایرپلان”ی ڕووسیا بۆ ئاڵمان، ناڕازی بوو وە ئەم پرۆسەیەی بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی خۆی لە ئاستی جیهاندا دەبینی. بەم هۆیەوە بە پەلکێشکردنی ڕووسیا بۆ ناو شەڕێکی بە وەکالەت و لاوازکردنی ڕووسیا و بەهێزکردنی بلۆکی ناتۆ، بە دوای بەرژەوەندییە هەژموونی و درێژخایەنەکانی خۆیەوە بوو. بێ هۆ نەبوو کە لە مانگەکانی سەرەتای ئەم شەڕەدا، ئەم بۆرییە نەوتە تەقێنرایەوە و ئاڵمان و وڵاتەکانی تری ئورووپا ناچار بوون نەوت و گاز لە ئەمریکا بکڕن. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان بەوجۆرەی کە پوتین و دەسەڵاتدارانی ڕووسیا پێشبینیان کردبوو، بەرەو پێش نەچووە. درێژەکێشانی ئەو شەڕە لەگەڵ ئەوەدا کە هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە پاڵنەر و بەرژەوەندییە شاراوەکانی ئەم شەڕەدا پێک نەهێناوە، دەریدەخات کە دەوڵەتی ڕووسیا و خودی پوتین، لەبابەت دیاریکردنی کاتی هێرشەکەوە، تووشی هەڵە بوون و خۆڕاگریی لە ئۆکراین بە پشتیوانی چەک و چۆڵی ڕۆژئاوا، درێژەی کێشاوە.
ە- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ئەمڕۆ بووەتە ناوەندی ململانێ و بەریەککەوتنی نێوان بەرژەوەندی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی هەژموون و وەرگرتنی پشک لە دابەشکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان. گوشارە سیاسییەکان، کێبڕکێی ئابووریی، شەڕە ناوخۆیی و بە وەکالەتەکان، لە زومرەی ئامرازەکانی دەستەبەرکردنی ئەو بەرژەوەندییانەن. دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە لەوانە ئێران، تورکیا، میسر، سعودیە و ئیسرائیل، دەستێوەردان لە کاروباری ناوچەکە بە قووڵایی ستراتێژی مانەوەی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا دەزانن. زلهێزەکانی ئورووپای ڕۆژئاوا، ڕووسیا، چین و ئەمریکاش لەم ناوچەیەدا لەسەر دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە بوارە جیاجیاکانی سیاسیی و ئابوریی و تەنانەت نیزامیشدا، کەوتوونەتە کێبڕکێ. جگە لەمانە و لە ئاستێکی تردا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕەوتگەلێکی بناژۆخوازیی ئیسلامیی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دواکەوتوو لە شێوە و فۆرمی جۆراوجۆری وەک داعش، تاڵیبان، حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و هتد، بەرەوڕووین. جگە لەوەش پێویستە ئاماژە بە دوو فاکتەری گرنگی دیکە بکرێت کە بەشێکن لە ململانێکانی ئەم ناوچەیە. کە بریتین له پرسی فەلەستین و پرسی کورد.
٦- جینۆساید لە غەززە
ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤، ڕێکخراوی کۆنەپەرستی ئیسلامیی حەماس، لە هێرشێکی هۆڤانەدا بۆ سەر شارۆمەندانی ئیسرائیل، بیانووی جینۆسایدێکی ئاشکرای فەلەستینییەکانی دا بەدەست دەوڵەتی مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە. ئەم جینۆسایدە هەتا ئێستاش هەروا بەردەوامە و زیاتر لە ٤١ هەزار قوربانیی لێکەوتووەتەوە کە زۆربەیان منداڵن. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە مێژووی داگیرکاری و ئاوارەبوون و کوشتاری خەڵکی فەلەستین تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ ٧ی ئۆکتۆبەر. دەیان ساڵە سەرزەمینی خەڵکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و ئەم خەڵکە بە شێوەی جۆراوجۆر ستەمیان لێکراوە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی فەلەستین هەوراز و نشێوی زۆری تێپەڕ کردووە. ئەم بزووتنەوەیە لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەکی سیکۆلار و چەپ و پێشکەوتنخواز بوو. لە دژایەتیکردنی ئەو بزووتنەوەیە و بە پاڵپشتی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە و لەسەرووی هەموویانەوە ئیسرائیل، ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس و تاقم و گروپە هاوشێوەکانی پێکهاتن و بەهێزیان کردن. خەڵکی فەلەستین لە لایەکەوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر و شۆڤێنیست و پڕ چەک و چۆڵی ئیسرائیلەوە و بە پاڵپشتی دەوڵەتی ئەمریکا، خەڵتانی خوێن دەکرێن و لە لایەکی دیکەوە لەلایەن ئەو هێزە کۆنەپەرست و گەندەڵانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، کە خۆیان بەشێکن لەو کارەساتەی کە بەسەر ئەو خەڵکەدا هاتووە. بەڵام ئەوەی کە حەماس ئەم قۆناغەی ململانێکانی بە خوڵقاندنی جینایەتێک دەستپێکرد و ئەوەی کە تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن دەسەڵاتێکی گەندەڵە، یان ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لایەنگر و بەرگریکاری ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەیە و هەروەها ئەوەی کە هەمووی ئەمانە بە ناوی دیفاع لە خەڵکی فەلەستینەوە ئەنجام دەدرێن، هیچ لە ڕەوابوونی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی فەلەستین بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ئەو خاکەی کە بە زۆر لێی دوورخراونەتەوە و هەروەها لە پێویستی بەهرەمەند بوونی ئەو خەڵکە لە مافی چارەی خۆنووسین، کەم ناکاتەوە. لەم دۆخە سەخت و دژوارەدا، خەڵکی فەلەستینی دانیشتووی غەززە، لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە پشتیوانی و هاوسۆزی گەلانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە سەرانسەری جیهان هەیە. ئەم هاوپشتی و هاوسۆزییە دەتوانێت ببێتە هێزێکی ماددی کاریگەر، بۆ پێشگرتن لە جینایەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.
٧- پرسی کورد
خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لەدژی دەوڵەتە مەزهەبی-شۆڤنیستەکانی ئێران، تورکیە، عێراق و سوریا هەروا بەردەوامە. دابەشبوونی ناوچە کوردنشینەکان لە نێوان ئەم چوار وڵاتەدا، ئاستی خەبات و خۆڕاگریی لەپێناو ئازادی و یەکسانی و کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەییدا، کەم نەکردۆتەوە. نەخشە و پیلانگێڕییەکانی ئەم چوار دەوڵەتە سەرەڕای جیاوازی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانیان، هەروا بەردەوامە. ئەگەر حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لەوانە سەرکوت، کوشتار، بەهێزکردنی بناژۆخوازیی مەزهەبی و بەهێزکردنی کۆنەپەرستانی ڕیفۆرمخواز، هەوڵیداوە خەباتی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی کوردستان لاواز بکات، بەڵام ئاکامی پێچەوانەی ئەم هەوڵە داماوانەی حکوومەتی ئیسلامی، لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. دوایین نموونەی ئەو ورە و ئیرادەی خۆڕاگرییەمان لە دووەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ٢٥ی گەلاوێژدا ئەزموون کرد. حکوومەتی ئیسلامی، بە گوشار و هەڕەشە و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بە کەڵک وەرگرتن لە کەسایەتییە ئایینییەکانی سەر بە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی، و هەروەها گوشار خستنە سەر حیزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکان، لەوانە کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان، ویستی بەر بە حەرەکەتێکی بەکۆمەڵ لە ساڵیادی ئەو ئاخێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەدا بگرێت. بەڵام خەڵکی کوردستان، لە وەڵام بە بانگەوازی کۆمەڵە و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی دیکە، مانگرتنێكی گشتیی بەربڵاویان لە وەڵام بە سەرکوتگەرییەکانی دەسەڵات، بەرێوەبرد. ئەم بزووتنەوەیە بە پشتبەستن بە وشیارییەکی بەکۆمەڵی لەم چەشنە و ئیرادەی خۆڕاگریی و ڕێکخراوبوون، نەک هەر خواستی لابردنی ستەمی نەتەوایەتییان بردە ناو نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ناو جوگرافیای ئێران و هاوپشتی خەباتکارانەی نەتەوە ستەملێکراوەکانی بەهێزتر کردووە، بەڵکوو لە بواری خەبات لەپێناو یەکسانی چینایەتی و جێندەری و هەروەها پاراستنی ژینگەشدا، بەردەوام لە گەشەکردن و بەرەوپێشچووندا بووە. هێرشی جینایەتکارانەی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە بە هەماهەنگی پیلانگێڕانە لەگەڵ دەوڵەتەکانی سووریا و ئێران ئەنجام دەدرێن، هەروا بەردەوامن و قوربانی لێدەکەوێتەوە. دەوڵەتی تورکیا، عەفرین و چەند شوێنێکی دیکەی ڕۆژئاوای داگیرکردووە و سەرقاڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیەیە. ئەو ئامانجانەی کە ئەرتەشی جینایەتکاری تورکیا هەڵیبژاردووە، دەریدەخات کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا، وێڕای کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع، بریتییە لە لەناوبردنی سامان و ژێرخانی ئابووریی، لەناوبردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ناچارکردنی خەڵک بە جێهێشتنی ناوچەکە و سەرەنجام شکستپێهێنانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا. لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی تورکیا ڕاستەوخۆ هێرشی کردۆتە سەر ئازادی و مافی ئەو خەڵکە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی خۆیان، لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، هاوئاراستە بوون لەگەڵ دەوڵەتی تورکیای پێ بە قازانترە لە پشتگیریکردن لە خەڵکی ڕۆژئاوا، لە هەلومەرجێکدا کە سەرجەم دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەوانە کۆماری ئیسلامی و ڕژێمی بەشار ئەسەدیش، لە ڕێگەی پیلانگێڕییەکانیانەوە بەکردەوە هاوئاهەنگ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا کار دەکەن، لە ئاوا دۆخێکدا تاکە لایەنگر و پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا بریتییە لە جەماوەری خەباتکار و تێکۆشەری ناوچەکە و ئازادیخوازانی جیهان.
ب- بارودۆخی سیاسی ئێستا و ئاسۆی داهاتووی ئێران
یەکەم: حکوومەتی ئیسلامی لە خراپترین بارودۆخی خۆیدایە لەماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا. ئەم ڕێژیمە لە ناوخۆیدا لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی جددی و دژوازیی چارەهەڵنەگر بەرەوڕووە. سیاسەتی یەکدەست کردن، درێژەی ناکارامەیی سیاسەتەکانی ناو بازنەی بەرتەسکی دەسەڵاتی ئاشکرا کرد. دەوڵەتی یەکدەست و پارلمانی یەکدەستی ڕێژیم نەک هەر نەیتوانی قەیرانە ئابووری، سیاسی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان کەم بکاتەوە، بەڵکوو زیاتر پەرەی پێدان. لە ئاکامی ئەم پرۆسەیە و هەستکردنی خامنەیی و هاوپەیمانەکانی بە مەترسی، بواریان بۆ ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی خۆشکرد بۆ ئەوەی وەک هەمیشە ئەرک و ڕۆڵی خۆیان وەک ئامرازێک بۆ بەردەوامی و درێژەی ژیانی کۆماری ئیسلامی بە ئەنجام بگەیەنن. ئەگەرچی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات، بەپێی بەرژەوەندییە کورت ماوەکانی بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ، شانۆی بەناو هەڵبژاردنێکی موهەندیسی کرد، بەڵام ئەم موهەندیسی کردنە لە هەمان کاتدا ناکۆکییەکانی ناو لوتکەی دەسەڵاتی قووڵتر کردەوە و ڕاسپاردەکانی خامنەیی بۆ یەکگرتوویی، گوێی لێنەگیرا. لە هەمان کاتدا سەرەڕای یاریکردن بە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی بۆ گەرمکردنی بازاڕی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵک بایکۆتیان کرد. ئەم شانۆی هەڵبژاردنی حکوومەتییە، بوو بە ڕیفراندۆمێک لەدژی حکوومەتی ئیسلامی کە تیایدا سەرەڕای فریوکاری و هێنانە ئارای بابەتی خراپ و خراپتر و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم ئیمکاناتی ئابووری، فەرهەنگی و میدیایی و دەستکاریکردنی ئامارەکان، “نا”یەکی بەهێزیان بە دەسەڵات وت.
دووەم: کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە دواکەوتووترین چین و توێژەکان و لەلایەن بۆرژوازی ناوخۆیی و بە هاوکاری ئیمپریالیزمی جیهانی و لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، هێنرایە سەر دەسەڵات، بەڵام سیاسەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی قووڵایی ئەمنییەتی لە ناوچەکەدا، ڕێگەی بە ڕژیم نەدا بۆ ئەوەی بە ئاسانی بچێتە ناو بازنەی سەرمایەداریی ڕۆژئاواوە، کە لەگەڵ پێکهاتەی سەرمایە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ئێران هاوئاهەنگ بوون. بەشێکی بەرچاو لە دەسەڵاتداران پێ بە پێی بەهێزکردنی دیکتاتۆریی ئایینی، خۆیان لە چین و سەرەنجام لە ڕووسیا نزیک کردەوە. ململانێی شاراوە و ئاشکرای نێوان هێزەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بە هەوڵی ڕژێم بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و دروستکردن و پەرەپێدانی مووشەک، کە لە ئاستێکدا لەلایەن ڕۆژئاواوە قبوڵ نەکراوبوو، توندتر بۆوە. ئەم ململانێیە بووەتە یەکێک لە بوارەکانی ناکۆکی نێوان باڵەکانی حکوومەت، کە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا حسابیان لەسەر کردووە.
سێیەم: پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامی و زۆرینەی خەڵکی ئێران، گەیشتۆتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لە زۆرینەی کۆمەڵگا زەوتکردووە، بەڵکوو بە زیندان، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان، دەستێوەردان لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکەکەسی ئینسانەکان، هەژاری، گرانی، هەڵاوسان، چەوساندنەوە، بێکاریی بەتایبەتی لە نێو جیلی خوێندەوار، کۆڵبەری، سوختبەری، گەندەڵی دارایی و ئیداریی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، جیاکاری ئایینی، هەڵواردنی زمانی و نەتەوەیی، پەرەسەندنی منداڵانی کار و سەرشەقام، زیادبوونی تەڵاق، لەشفرۆشی، فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، خەوتن لەناو گۆڕ و لەناو کارتۆندا، گەڕان لەناو زبڵدان، تووڕەیی و توندوتیژی سەر شەقامەکان، زیادبوونی مردن بەهۆی ڕووداوەکانی ڕێگاوبان، مردن بەهۆی نەخۆشییە ئاسایی و چارەهەڵگرەکان، مردن بەهۆی کارەساتە سروشتییەکان، گیرۆدەبوونی زیاتر لە ٣٠%ی خەڵک بە خەمۆکی شاراوە و ئاشکرا، نزیکەی دە ملیۆن ئالوودەبووی مادە هۆشبەرەکان و چەند ملیۆن ملێۆن ئالوودەبووی خواردنەوە کحولییەکان، بەکارهێنانی کحولی خۆراکی بە شێوەی شاراوە و لە ئاکامدا پەرەسەندنی مافیای فرۆشتن و بلاوکردنەوەی، نزمبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، لەناوبردنی سیستماتیکی ژینگە، کەوتنەژێر هێڵی هەژاری نزیکەی ٧٠%ی خەڵک و کۆچکردنی زیاتر لە دە لەسەدی هاووڵاتیانی ئێران بەرەو دەرەوەی وڵات، ئەم دۆخە بە گشتی کۆمەڵگای ئێرانی خستۆتە سەر لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە.
چوارەم: کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا شایەتی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو بووە. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگایە بەڕادەیەکی زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە سەردەمی حکوومەتی ئیسلامیدا دوو هێندە و نیو زیادی کردووە. شەپۆلی کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە جەماوەرێکی زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن کەس لە پەراوێزی شارەکاندا نیشتەجێ بن کە زۆربەیان کرێکار و زەحمەتکێشن. پەراوێزی شارە گەورەکان بەهۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان، بووەتە سەرچاوەی پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکان. بە پێچەوانەی ئەم ئاڵوگۆڕە بەرچاوە کۆمەڵایەتییانە، ڕێژیمی ئیسلامی نەک هەر نەیتوانیوە تەنانەت بە شێوەیەکی ڕێژەییش ژیانی زۆرینەی خەڵکی ئێران لەباری ئابوورییەوە باشتر بکات، بەڵکوو توانایی کڕین و ئاستی گوزەرانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانی تا ڕادەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە. لە هەمان کاتدا ئەم ڕێژیمە نەیتوانیوە شێوازی ژیانی خوازراوی خۆی بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا بسەپێنێت. ئۆلگووی ژیانی خەڵک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. مانگی دەستکرد، ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆسیقا، هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکی لەخۆگرتووە. مزگەوتەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان پێنادرێ و ئایینی فەرمی تا ڕادەیەکی زۆر و بەتایبەتی لەلای توێژی لاوان کەمڕەنگ بووە و بانگەشەکاران و شرۆڤەکارەکانی، واتە ئاخوندەکان کەوتوونەتە بەر نەفرەت و بێزارییەکی کەموێنە. فەرهەنگ و هونەر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک موزیک و ئەدەب و سینەما، دیوارەکانی کۆنترۆڵ و سانسۆر و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتیان تێشکاندووە. ژمارەی خاوەن بڕوانامە و دەرچووانی زانکۆکان دەیان هێندە زیادی کردووە، کە لەم بابەتەوە ژنان پێشەنگن. لە بەرامبەر ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییە بەرچاوانە، پێکهاتە سیاسی و ئایدۆلۆژی و یاساییەکانی ڕژیم، لەوانە یاسای بنەڕەتی، وەلایەتی فەقی، شۆڕای نیگەهبان و دام و دەزگاکانی پەرەپێدانی خوڕافات، هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە. کۆی گشتی ئەمانە بۆتە هۆی ئەوەی کە سەدان ملیارد دۆلار سامانی سەرچاوەگرتوو لە فرۆشتنی نەوت و چەوساندنەوەی کرێکاران، لە شەڕی ئێران و عێراق، شەڕ لە کوردستان، شەڕە بە وەکالەتەکان، پڕۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکان، کڕین و هاوردەکردن لە ژێر کۆنترۆڵی گەمارۆکان و لە ڕێگەی دەڵاڵەکان و زۆر بابەتی تری لەو چەشنە، بەهەدەر چووە. ئەم دژوازیانە نەک هەر حوکمڕانی و دەسڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا هەرچی زیاتر لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو کردووەتەوە، بەڵکوو نەفرەت و بێزارییەکی لەڕادەبەدەری لە دژی ڕێژیم پێکهێناوە.
پێنجەم: سەرەڕای بەربڵاویی و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان، هێشتا ڕێبەرییەکی کە جێگەی پەسەند و متمانەی کۆمەڵایەتی بێت و وەک بەدیلێکی ئەو دۆخەی ئێستا، پێی نابێتە ناو مەیدانی کردارییەوە، پێک نەهاتووە.ڕەوتە سیاسییە چەپ و ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە لوتکەی ئەو ناڕەزایەتیانەدا ببیننەوە. سەرەڕای ئەوەش خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا و ئاخێزە یەک لە دوای یەکەکانی چەند دەیەی ڕابردوو، ماتریاڵی مرۆیی پێکهاتنی ڕێبەرییەکی ڕادیکاڵ و پێشڕەوی ئەمڕۆ و سبەینێ دابین کردووە. لە هەناوی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستادا، ڕێبەران و پێشڕەوانێکی متمانەپێکراو لە ناوخۆی وڵاتدا سەریان هەڵداوە. ناڕەزایەتییەکانی ژنان، مانگرتنە کرێکارییەکان، ناڕەزایەتی مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، جووتیاران و ژینگەپارێزان، ڕێبەرانێکیان پەروەردە کردووە کە بە ئاشکرا ڕێبەریی ئەو بزوتنەوانە بەدەستەوە دەگرن. گەشە و بەرەوپێشچوونی پرۆسەیەکی لەو چەشنە دەتوانێت ببێتە هەوێنی شکڵگرتنی بەدیلێکی ڕادیکاڵ لەبەرامبەر ڕێژیمی ئیسلامیدا.
شەشەم: پرسی ڕێکخراوبوون و پێکهاتنی ڕێکخراوە، لەبنەڕەتدا بەهۆی دیکتاتۆری و سەرکوتی پۆلیسی، هەتا ئێستاش فۆرم و شێوازە سەرەتاییەکانی خۆی ئەزموون دەکات. ئەگەرچی شایەتی پێکهاتنی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییە سەرتاسەرییەکان نین، بەڵام جەماوەری ناڕازی لە پڕۆسەی خەبات و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم ڕێژیمەدا، فێربوون کە چۆن بە تێکشکاندنی دیواری سەرکوت و خەفەقان، لە شکڵی کۆڕ و کۆبوونەوەدا خۆیان نیشان بدەن. جگە لە بوونی ڕێکخراوەکانی وەک سەندیکای کرێکارانی هەفت تەپە، سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحید، شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیانی ئێران، کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، شۆڕای هەماهەنگی، ڕێکخراوی کرێکارانی فولاد، هێڵی ئاسن، پەرستاران، کۆڕ و کۆمەڵەی کرێکارانی ناڕازی، ڕێکخراوەکانی خانەنشینان، گرووپە وەرزشییەکان، ئەندامانی یانەکان، گرووپەکانی شاخەوانی، گرووپەکانی پاراستنی سروشت و ژینگە، کۆڕ و کۆمەڵە خوێندکارییەکان، هاوگەڕەکییەکان، کۆمیتەکانی هەرەوەز و هاوکاری جەماوەریی لە کاتی ڕووداو و کارەساتی چاوەڕواننەکراوی وەک پەتای کۆرۆنا، بوومەلەرزە و لافاو و هتد، کۆبوونەوەکانی دایکانی دادخواز، بوونیان هەیە کە بەشداربووانی ئەو بزووتنەوانە بێبەشترین بەشی کۆمەڵگا، بێکاران، کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، کەمداهاتەکان و دانیشتوانی پەراوێزی شارەکان پێکدەهێنن. بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان وەک ستەملێکراوترین بەشی ئەم کۆمەڵگایە، لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان، وەرچەرخانێکە کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا گەیشتە لوتکە.
حەوتەم: بزووتنەوەی “ژینا” کە لە کوردستانەوە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێکرد، سەرەڕای دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام، لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا هەروا بەردەوامە و ئاستە جۆراجۆرەکانی کۆمەڵگای گرتووەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە بە گرتنەبەری تاکتیکی نوێ، لەسەر بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی لە بوارەکانی ژن و ژیان و ئازادیدا بە شێوازی نوێ بەردەوامە، ئەوانەی باس لە شکستی ئەم بزووتنەوەیە دەکەن، ئەوانەن کە یان هیوایان لەسەر سەرکەوتنێکى خێرا هەڵچنیبوو، یان ڕەوتگەلێک بوون کە هەوڵیان دەدا بە بەکارهێنانی ئەم بزووتنەوەیە وەک ئامرازێک، ڕێگە بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی خۆیان خۆش بکەن. پاشەکشەی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر شەقامەکان، کارێکی وشیارانە بوو، چونکە بەردەوام بوون لەسەر تاکتیکێکی لەو شێوەیە، قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە. هەربۆیە پێویست بوو ڕێگەی نوێ بدۆزرێتەوە و بگیرێتەبەر. یەکێک لەو ڕێگایانە دەکرا تاکتیکی مانگرتنی گشتی بێت، کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە شێوەیەکی کاریگەر کەڵکی لێ وەرگیرا. ئەم بزووتنەوەیە یەکێکە لە گەورەترین بزووتنەوە سیاسییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران. ژنانی چاونەترس و بوێری ئێران بە پشتیوانی پیاوانی یەکسانیخواز، سەرپۆش و حیجابی ئیجبارییان وەک سیمبولێکی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی ئیسلامی خستەژێرپێ و جلوبەرگی دڵخوازیان جێخست. لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا، خەبات لەپێناو نانیان بە خەبات لەپێناو ئازادییەوە گرێدا. ئەم بزووتنەوەیە قەیرانی ناوخۆی دەسەڵاتی قووڵتر کردەوە، دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە و دەنگدانەوەکانی لە بەلوچستان و ئازەربایجان لەگەڵ خەڵکێکی کە بەدەست ستەمی نەتەوایەتییەوە دەناڵێنن، هاوپشتی و هاوخەباتی جەماوەری ستەملێکراوی بەهێزتر کرد. دیواری ترس و خۆف لە ڕێژیم تێکڕووخا و بوێری و چاونەترسی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی پەرەی سەند. بزووتنەوەی دادخوازان بوو بە بزووتنەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی. ئەم بزووتنەوەیە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی جیهانی بەدەست هێنا و پەیامی خۆی لە ڕێگای دروشمی پڕ ناوەرۆکی ژن، ژیان، ئازادییەوە گەیاندە گوێی خەڵکی جیهان. گۆڕانکارییەکی کە ئەم بزووتنەوەیە لەسەر ئاستی فەرهەنگیی لە کۆمەڵگادا هێناویەتییە ئاراوە، حاشا هەڵنەگر. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە شۆڕشێکی فەرهەنگیی لە بیر و مێشکی کۆمەڵگادا ڕوویداوە. بابەتی هەڵاواردنی سیستماتیکی ئایینی-سەرمایەدارانە لە دژی ژنان، قەتڵی نامووسی، مافی جیابوونەوە، ئازادی جلوبەرگ، ئازادی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و مافی هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان و دیفاع لە مافی پەلکەزێڕینەکان، بوونەتە گوتارێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی. بە چاوخشاندنێک بەسەر ئەو ئاستە زۆرەی بەرهەمە ئەدەبی و سینەمایی و هونەریانەی کە لەو ماوەیەدا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەرهەم هاتوون، بەبەراورد لەگەڵ قۆناغەکانی ڕابردوو، بەسە بۆ ئەوەی دەرک بە واقیعی ئەو شۆڕشە فەرهەنگییە ئومێدبەخشە بکەین. جگە لەوەش دوابەدوای هێوربوونەوەی بزووتنەوەکە لەسەر شەقامەکان، جموجۆڵی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان بە خێرایی و هێزێکی زیاترەوە سەریان هەڵدا. ناڕەزایەتی کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، دادخوازان و خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنان لە دژی حیجابی ئیجباری، هەموویان لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیاندا، درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادین.
هەشتەم: لە وەڵام بەم بارودۆخەی ئێستای ئێران، دوو ڕەوت بەشێوەیەکی هاوتەریب خەریکی شکڵگرتن و پەرەدەسەنن:
١. پرۆسەی شۆڕش بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. بنەمای کۆمەڵایەتی ئەم ڕەوتە، بریتین لە کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و نەتەوە ستەملێکراوەکانی تر، مامۆستایان، خوێندکاران، دادخوازان، پەرستاران، خانەنشینان، خەڵکی ئازادیخواز، ژنان و لاوانی بێزار و وەتەنگ هاتوو لە دەست ڕژیم. ستراتێژی ئەم ڕەوتە پشتبەستووە بە وشیاری، خەبات و تێکۆشان، ڕێکخستنی جەماوەریی و حیزبی و شكڵپێدان بە ڕێبەرییەکی جەماوەریی. گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە لە هەموو ئەم بوارانەدا بەرچاو دەکەوێت. ئاخێزی مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ هەنگاوێکی بنەڕەتی بوو لە بابەت وشیاری و باشتر تێگەیشتنی جەماوەری خەڵک سەبارەت بەم ڕێژیمە. سندووقی دەنگدان و مەسەلەی ڕیفۆرم لەناو ڕژێم و وەهمەکانی تر بایەخیان نەما، لە ئاخێزی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا شاهیدی شێواز و فۆرمی وشیارانەتر بووین لە تاکتیک و ڕێکخستنی جەماوەریی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمدا. ساڵی ١٤٠١ لە شۆڕشی “ژینا”دا، بەرنامەیەکی ئەرێنی سەلماو کە کورتکراوەکەی لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بوو، جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەدەست هێنا. شۆڕشی ژینا لە چوارچێوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا درێژەی پێدرا. لە ئاکامی پێشڕەوییەکانی داهاتووی ئەم ڕەوتەدا، هێزە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا سەرهەڵدەدەن، چەپی کۆمەڵایەتی لە شێوازی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، تۆڕە جەماوەریی و حیزبە چەپەکاندا پێ دەنێتە ناو گۆڕەپانی نەبەردێکی چارەنووسسازەوە، هاوسەنگی هێز هەنگاو بە هەنگاو بە قازانجی بەرەی شۆڕش دەگۆڕێت و قەیرانەکانی ناو حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی قووڵتر دەبێتەوە، هەمووی ئەمانە سەرەنجام دەتوانێت شۆڕشێکی ڕزگاری بەخشی لێبکەوێتەوە. ئەوەی کە ئەم پرۆسەیە چەندە دەخایەنێت تا ئەنجامی کۆتایی و گەیشتن بە ئامانجەکانی، ناتوانرێت بەڕوونی پێشبینی بکرێت، بەڵام ڕەوتێکی هەبوو و حاشا هەڵنەگرە و هەر ئەم بوونە ڕاستەقینەیە کە لایەنی بەربڵاوی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و تەنانەت خودی ڕژێمی دەسەڵاتداریشی ناچار کردووە بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بکەنەوە. بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بە مەبەستی لەناوبردنی پۆتانسێلی شۆڕشگێڕانە، پێویست بوو لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە داخوازی تەوەرەکان جەخت بکرێتەوە. ئەو بزووتنەوانەی کە هەم ئەمڕۆ دەردێک لە دەردەکانی زۆرینەی کۆمەڵگا کەم دەکەنەوە و هەم لە داهاتووشدا دەتوانن بە ڕێکخستنی جەماوەریی پێکهێنانی ڕێکخراوە گەلێکی بەهێز، بەربەستێک بن لە بەرامبەر هەر هەوڵێکدا بۆ بەلاڕێدا بردنی شۆڕش و لە هەمان کاتدا، داواکارییە مافخوازانەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاکام بگەیەنن.
٢. ڕەوتی بۆرژوا-لیبراڵ، ئەم ڕەوتە دەیەوێت بەبێ پەنابردنە بەر شۆڕش، سەرمایەداریی ئێران لە داوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، وەک ڕژیمێکی بۆرژوازی ناتەقلیدی ڕزگار بکات. بە واتایەکی تر پێکهاتەی بەرهەمهێنانی هەڵاواردن، چەوسانەوە و نایەکسانی، هەروا بمێنێتەوە و تەنها ڕوخسارە سیاسییەکانی ناو دەسەڵات بگۆڕدرێت. کەرەستەی پێکهاتنی ئەم ڕەوتە لەناو چینە جیاوازەکانی ڕژیمدا فەراهەم بووە. بەدرێژایی چەندین ساڵ و تێپەڕبوونی کات و کەمبوونەوەی ڕۆڵ و کاریگەری نەوەی کۆن، نەوەیەکی گەنج دەرکەوتووە کە بیر لە پەیوەندی ئایدیۆلۆژی ناکاتەوە، بەڵکوو بیر لە بەرژەوەندی ماددی و ئەو سامان و دەسەڵاتە دەکاتەوە کە دەستی پێڕادەگات. دوورکەوتنەوە و پاکسازییە یەک لە دوای یەکەکان، لەوانە “ڕیفۆرمخوازان”ی ناوخۆی ڕژیم لەگەڵ نەوەیەکی گەنج لە بەرپرسانی سپای پاسداران و ئەرتەش لە پشت پەردەوە و هەروەها بەڕێوەبەرانی بەشدار لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان، کەرەستەی گۆڕینی ڕژێمیان لە ناوەوە پێکهێناوە. ئەم ڕەوتە بوونی واقیعی و نفووز و کاریگەری خۆی لە سەردەمی سەرهەڵدانەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوزدا نیشاندا. دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا هیوای خۆیان لەسەر ئەم ڕەوتە هەڵچنیوە و بە ئاشکرا و بە نهێنی پشتیوانی لێ دەکەن. هۆکاری پشتیوانیکردنی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوا- لیبراڵ لە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییە ژیۆپۆلەتیکی و ئابووری و سیاسییەکان و پاراستنی ئەم نەزمە نایەکسان و چەوسێنەرەدایە. ئەم پشتیوانییە بێ درێغەی ڕۆژئاوامان لە شۆڕشی ١٣٥٧دا ئەزموون کرد. جێگایەکی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە بەدەسەڵات گەیشتنی خومەینی و ڕەوتی ئیسلامیدا هەبوو. ئۆپۆزسیۆنەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا لە دەرەوەی وڵاتیش دڵیان بەم ڕەوتە خۆش کردووە و لە هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەیەکدان بۆخۆیان لەناو ئەو ڕەوتەدا. لە سەردەمی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، هەندێک لایەنی هەوڵەکانی ئەم بەشە لە لیبڕاڵەکانمان ئەزموون کرد. ئەوان لە ڕادەبەدەر لە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دەترسن. بۆ نموونە بەردەوام باس لە مەترسییەکانی شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی ئێران و ئاژاوە و بێسەرەوبەرەیی دەکەن و هەوڵ دەدەن تەکلیفی دەسەڵاتی سیاسیی لە سەرەوەی کۆمەڵانی خەڵکی شۆڕشگێڕ یەکلایی بکەنەوە. دەچنە ناو پرۆسەی سات و سەودا یان دڵ بە پشتیوانی نیزامییەکان دەبەستن.
نۆیەم: بزووتنەوەی کرێکاری:
بزووتنەوەی کرێکاریی-سۆسیالیستی ئێران خاوەن مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەیە، ئەم بزووتنەوەیە لە دوو قۆناغی مێژووییدا، جگە لە خەباتی پیشەیی لەپێناو ویست و داواکارییەکانی خۆیدا، کە بێ پسانەوە بەردەوام بووە، هاوکات وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێزیش ڕۆڵی بینیوە. یەکەم جار بۆ ماوەی ١٢ ساڵ واتە لە ساڵی ١٣٢٠وە تا ١٣٣٢ بوو کە لەو سەردەمەدا یەکێتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەژێر کاریگەریی حیزبی توودەی ئێراندا بوون. جاری دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٥٧ و سەردەمی خەبات و ناڕەزایەتییەکان لە دژی ڕێژیمی سەڵتەنەتی. لەم قۆناغەدا، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لەوانە کرێکارانی پیشەسازی نەوت، جگە لە ویست و داواکارییە پیشەییەکان، لە پێشهاتە سیاسییەکانیش دا ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا. لەم سەردەمەدا ڕێکخراوە کرێکارییەکان هەنگاوێکی دیکەیان بەرەو پێشەوە هەڵگرت و جگە لە ڕێکخستنی ڕێکخراوە سەربەخۆکان،لەڕێگەی بەڕێوەبردنی بەڕێوەبردنی شۆڕاییەوە، دەستیان بەسەر زۆرێک لە کارگەکاندا گرت و کۆنترۆڵی ئەو ناوەندانەیان بەدەستەوە گرت. ئەمڕۆ دووبارەکردنەوەی ئەو ئەزموونانە لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا مەرجێکی پێویستە بۆ ئەوەی چینی کرێکار ڕۆڵی مێژووسازی خۆی لە داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و دامەزراندنی نیزامێکی سۆسیالیستیدا بگێڕێت. لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوەی کرێکاری یەکێک بووە لە بەربڵاوترین و زیندووترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران. کۆمەڵێک لە باشترین تێکۆشەرانی ئەم بوارە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە. لە ژێر تیغی سەرکوتدا هەوڵێکی زۆریانداوە بەمەبەستی خۆڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوەیسەربەخۆ. لەم بوارەدا گەلێک ئەزموونی بەنرخیان بەدەستهێناوە، جگە لەوەش هەم لە سەر ئاستی ئێران و هەم لە ئاستی نێونەتەوەییشدا کۆمەڵێک سیمای ناسراویان هەیە. چەندین ڕێکخراوی کرێکاریی سەرەڕای هەزینەیەکی زۆر، بەڵام توانیویانە ناویان هەروا زیندوو بهێڵنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک جار توانایی و پۆتانسێلی بوون بە ڕێکخراوێکی جەماوەرییان هەبووە، بەڵام تا گەیشتن بەو ئامانجە ڕێگەیەکی دوور و درێژیان لەپێشدایە. دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم دەرکیان بەو توانایی و پۆتانسێلە کردووە، هەربۆیە تێچووی بە ئەندامبوون لەو ڕێکخراوانەیاندا گەیاندووەتە بانترین ئاست و تا ڕادەی سزای دەیان ساڵ زیندان زیادیان کردووە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، پێداگری لەسەر خواستەکانی کرێکاران، لەوانە حەقدەستی گونجاو لەگەڵ ئاستی ژیانێکی ستاندارد، بیمەی بێکاری، مافی ڕێکخراوبوون، ئازادی ڕادەربڕین، بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دژایەتیکردن لەگەڵ یاسای سەرمایەداری و نیولیبراڵی لە بوارەکانی تایبەتکردن و گرێبەستی سپی واژۆ، مافی نیشتەجێبوون و ئەمنییەتی شوێنی کار، بەردەوام لە دەستووری کاریاندا بووە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا شاهیدی گەلێک مانگرتنی شکۆداری کرێکارانی پەیمانی لە پیشەسازییەکانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، شارەوانییەکان، کانەکان، ئۆتۆمبێل سازی ئەراک، نەیشەکەری هەفت تەپە و فولادی ئەهواز بووین، کە ئەوەش ویست و داواکارییە بەدینەهاتووەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان نیشان دەدات. خەباتی خانەنشینانیش لەم ساڵانەی دواییدا یەکێکی ترە لە لایەنەکانی خەباتی کرێکاران لە ئێران. ئەو خانەنشینانەی کە دوای چەندین ساڵ کار و ماندووبوون، لەبری پشوودان و حەسانەوە لە دوای تەمەنێک کارکردن، دەبوو لەپێناو زیندوو مانەوەیاندا ناچاربن دەست بدەنە خەبات و ناڕەزایەتی. ئەوان هەموو هەفتەیەک بە ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە لە سەرانسەری وڵات، بەرامبەر بەم یاسا و ڕێسا نامرۆڤانە و حەقدەستە کەمە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەموو ساڵێک ژمارەیان زیاتر بووە. شێلگیر بوون و گۆڕینی ئەو ویست و داواکاریانە بۆ وشیاری بەکۆمەڵ، ڕێگریی لە سەرلێشێواوی و کەوتنە دوای ئەڵتەرناتیڤی بۆرژوا لیبڕاڵ دەکات. بە واتایەکی دەقیقتر، ئەوە تەنیا سیاسەتمەداران و سەرمایەداران و دەسەڵات نین کە هۆکاری نەهامەتی و هەژاریی کرێکارانن، بەڵکوو ئەم ڕۆژڕەشی و چەوسانەوەیە، دەرئەنجامی سیستەمێکی ئابوورییە کە سەرمایەداران دەوڵەمەندتر و کرێکاران هەژارتر دەکات. لەمڕووەوە، هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە، ئەرکی سەرشانی کرێکاران و زەحمەتکێشانە. بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوونترمان لە بەربڵاویی ئەم بزووتنەوەیە لەبەردەستدابێت، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە کاتێک باس لە کرێکار دەکەین، مەبەستمان لە هەر ئینسانێکە کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەدا، لە بەرامبەر فرۆشتنی هێزی جەستە و فکریی جۆیدا، حەقدەستێک وەردەگرێت و خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان نییە. لەسەر بنەمای پێناسەیەکی لەم شێوەیە، کرێکارانی پیشەسازی، کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری، مامۆستا، پەرستار، خانەنشینان، شۆفێران و کارمندان و هیتریش، لە پلەبەندی چینایەتیدا، بە کرێکار ئەژمار دەکرێن. لەم گۆشە نیگایەوە، یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکانی خۆڕێکخستن و وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاریی، بریتی بووە لە بزووتنەوەی مامۆستایان. مامۆستایان سەرەڕای سەرکوتی بەردەوام، پیلانگێڕی، دەرکردن، زیندانیکردن و ئەشکەنجە، توانیویانە کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنن. لەوانە گەڵاڵە کردن و خستنەڕووی داخوازییە سەرەتاییەکانی وەک مافی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەمووان، دژایەتی لەگەڵ بە کاڵاکردنی خوێندن، دژایەتی لەگەڵ بە تایبەتکردنی قوتابخانە و پەیمانگاکان، خواستی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ ژیانێکی ستاندارد، دژایەتیکردن لەگەڵ دەستێوەردانی ئایین لە پەروەردەدا و هەروەها دیفاع لە مافی ڕێکخراوبوون و مانگرتن. هەروەها لە چەندین بۆنەی جیوازیش دا مانگرتنی سەرتاسەرییان بەڕێوە برد، کە لە زۆرێک لە شارەکان مامۆستایان تێیدا بەشدار بوون. ستراتێژی ئێمە لە بزووتنەوەی کرێکاریدا، لە بەڵگەنامەی “ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران” پەسەندکراوی کۆنگرەی یازدەی حیزبدا بە وردی باس کراوە.
دەیەم: بزووتنەوەی ژنان
بزووتنەوەی ژنان سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی تەشکیلات و ڕێکراوێکی دیاریکراو نەبووە، بەڵام لە ڕوانگەیەکی بابەتییەوە بەردەوام یەکێک بووە لە پایە سەرەکییەکانی خەبات لەدژی حکوومەتی ئیسلامی. کەسایەتییە شێلگیر، وشیار و خۆشناوەکانی بزووتنەوەی ژنان کە هەرئێستا بەشێکی زۆریان لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدان، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە وروژاندنی پرسی ژنان و ئەو هەڵاواردنە سیستماتیکییەی کە لە نێو سیستەمی ئایینی-سەرمایەداریی زاڵدا دەرحەق بەوان دەکرێ. حکوومەتێکی کە نیوەی کۆمەڵگا واتا ژنانی لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کردووە و بە دەیان ماددەی یاسایی و شەرعی جیاکارییان لە دژی ژنان بەکار هێناوە و سیستەمێکی ئاپارتایدی جێندەری بەتەواو مانای لە دژی ئەوان بنیات ناوە. حکوومەتێکی کە تەنانەت ئازادی پۆشینی جلوبەرگی لە ژنان زەوت کردووە و بەردەوام لە سەر شەقام و شوێنی کاردا، بە دانانی گەشتەکانی کۆنترۆڵکردنی حیجاب، سوکایەتیان پێدەکات، ئەزیەت و ئازارەیان دەدات و سەرکوتیان دەکات. بەڵام ژنان تا ئەم ساتەوەختە لەم خەباتەدا بۆ گەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، سەرکەوتوو بوون. ئێستا ئیتر ئازادیی پۆشینی جلوبەرگ بۆ ژنان و کۆمەڵگا بووەتە شتێکی ئاسایی و دەسەڵات لە وەرگرتنەوەی ئەو مافە، شکستی هێناوە. بزووتنەوەی ژنان بە قۆناغی پڕ هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و ئێستا بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، بووەتە بزووتنەوەیەکی بەردەوام و سەقامگیریش لەپێناو گەیشتن بە سەرجەم داواکارییە یەکسانیخوازەکاندا. بزووتنەوەیەکی کە ئیزنی بە حکوومەتی ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و لایەنگری گەڕانەوەی دیکتاتۆریی سەڵتەنەتی نەدا کە دروشم و داواکارییە یەکسانیخواز و ڕادیکاڵەکانی، بخاتە ژێر کاریگەرییوە. بزووتنەوەی ژنان نەک هەر خوازیاری یەکسانی بێ ئەملاو ئەولای ژنانە لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، بەڵکوو خوازیاری لەناوچوونی ئەو سیستمە ئایینییە پیاوسالارییەشن کە ژیانی لێکردوون بە دۆزەخ. هەرئێستا بەشێکی بەرچاو لە ژنانی چەپ لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا گرفتارن و هۆکاری سەرەکی دەستبەسەرکردنی جەستەیی ئەوان، بریتییە لە توانایی و پۆتانسێلی کۆمەڵایەتی ژنان بۆ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری قووڵی کۆمەڵایەتی. لە ئاوا هەلومەرجێکدا هێڵە ستراتێژییەکانی ئێمە لە بزووتنەوەی ژناندا، بەکورتی بەم شێوەیە:
١. خواستی ڕزگارکردنی ژنان لە کۆت و بەندەکانی پیاوسالاریی و کۆیلایەتی دەستی یاسا و رێسا ئایینییەکان و هەروەها دەستەبەرکردنی یەکسانی جێندەریی، پرسێکی جیا لە خواستی چینی کرێکار بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی سەرمایەداریی نییە. بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار، ڕزگاربوونی ژنان لە دەست ستەم و بێ مافی، مەرجی پێشڕەوی ئەوانە بۆ ڕزگاربوون لە چنگ چەوسانەوەی سەرمایەداریی.
٢. خەبات و تێکۆشان لەپێناو دەستەبەرکردنی یەکسانی ژن و پیاو، تەنیا ئەرکی ژنان نییە، بەڵکوو ئەرکی سەرشانی سەرجەم ئەو مرۆڤانەیە کە لەپێناو ڕزگاریی مرۆڤایەتی لە ژێر کۆت و بەندی ستەم و خەفەقان و چەوساندنەوە دا خەبات دەکەن. نابێ خەباتی یەکسانیخوازانە و ڕزگاریخوازانەی ژنان، تەنیا لە خەباتی خودی ژناندا سنووردار بکرێت. بەو مانایەی کە ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگایە.
٣. وەدیهاتنی خواستی یەکسانیخوازانەی ژنان لە گرەوی جەماوەریی بوونەوەی خەباتی ژناندایە. بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ژنان ببێتە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، پێویستە جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاستێکی ملیۆنی دا بێنە ناو مەیدانی ئەم خەباتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لەسەر سەربەخۆیی ئابووری ژنان و ویست و پێداویستییەکانی خۆشبژێوی ژنان جەخت بکرێتەوە و ڕێگاکانی گەیشتن بەو داخوازیانە دەستنیشان بکرێت. گەڵاڵە کردن و خستنەڕووی ئەو داواکاریانەی کە لە “بەیاننامەی مافی ژنان”دا هاتووە، چرای رێگای ئێمە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێبازە.
٤. بزووتنەوەی ژنان بەو ویست و داواکاریانەی کە هەیەتی، لە هەنگاوی یەکەمدا لەگەڵ بەربەستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو دەبێتەوە. بەمەبەستی تێکشکاندنی دیواری سەرکوت و خەفەقانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هاوکاری و یەکگرتوویی کرداری لەگەڵ بزووتنەوە دێموکراتیکەکان پێویستە. لە هەمان کاتدا پێویستە تەرکیز بکرێتە سەر ڕەخنە و ڕۆشنگەری سەبارەت بەوەی کە ڕەوتە لیبراڵەکان، بزووتنەوەی ژنان تەنها وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەکاردەهێنن.
٥. لە هەمان کاتدا کە ژنان هاوڕێ لەگەڵ پیاوان لە ڕێکخراوە جۆراوجۆرە سیاسی و چینایەتییەکاندا خۆ ڕێکدەخەن، بە مەبەستی جەماوەریی بوونەوەی هەرچی زیاتری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، پێویستە ڕێکخراوە گەلێکی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازانەی ژنان لە ئاستێکی بەربڵاوتردا پێک بهێنن.
یازدەیەم: بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان
لەگەڵ زاڵبوونی هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری لە ئێران، نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ناو جوگرافیای ئێران، بە زەبری سەرکوت و ئاسمیلەکردن، بەناچار یەکدەست کراون و هاوکات جوتیارانی هەژار و خۆش نیشینانی گوندەکانیش بە شێوەیەکی سەرەکی بوون بە کرێکارانی کۆچبەر. لە ئاکامی ئەو گۆڕانکارییەدا، خەبات لەدژی ستەمی نەتەوایەتی، بەردەوامبوونی خەبات لە دژی دەرەبەگ و خاوەن موڵکەکان، خەبات لەدژی ئەو جیاکاری و هەڵاواردنانەی کە لە لایەن حکوومەتی ناوەندی و شۆڤێنیزمی ئێرانییەوە سەپێنراوە، هەروەها خەباتی کرێکاران و ژنان لەپێناو بەدەستهێنانی مافی ڕێکخراوبوون، مانگرتن، ئازادی ڕادەربڕین و هیتر، لە زومرەی شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بووە. حکوومەتی ناوەندی ئێران، لە کاتی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی زۆرەملێ لەلایەن ڕەزا شاوە، لە بنەڕەتدا بوونی نەتەوەکانی دیکەی لە چوارچێوەی جوگرافیای ئەم وڵاتەدا، ڕەت کردووەتەوە و سەرکوتی کردوون. جگە لە سەرکوت، شکڵ و شێوازە ئاشکراکانی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان، لە دواکەوتوو ڕاگرتنی ئابوریی بە ئەنقەست، لەبەرچاوگرتنی ماف و ئیمتیازی تایبەت بۆ دەرەبەگ و کەسایەتییە ئایینییەکانی سەر بەوان، سەرمایەگوزاری نەکردن لە ژێرخانەکانی ئەم ناوچەیە، بە تاڵانبردنی سامانە سروشتیی و کانەکان، بە ئەمنییەتی کردن و پادگانی کردنی ناوچەکە، قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی و دوورخستنەوەی ئەو نەتەوانە لە پێکهاتەی سیاسی وڵاتدا، بە ڕوونی دەبینرێت. واقیعییەت ئەوەیە کە تەنانەت شۆڤینیستە ناوەندگەراکانی ناو ئۆپۆزسیۆنیش لە زومرەی نەیارانی سەرسەختی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێرانن. لەسەر بەستێنی فەزایەکی لەو چەشنەیە کە کۆمەڵە توانیویەتی وەک ڕەوتێکی چەپ و کۆمۆنیست، بە نوێنەرایەتیکردنی ویست داواکارییە ئابووریی، سیاسیی، ژینگەیی، جێندەری و فەرهەنگییەکان لە کوردستان، ببێتە ڕەوتێکی خۆشناوی کۆمەڵایەتی. ڕەوتێکی کە هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژێمی ئیسلامیدا، خەبات و خۆڕاگرییەکی جەماوەریی لە دژی ئەو دەسەڵاتە ڕێکخست، لە بەرامبەر کۆنەپەرستانی ناوچەکە و خان و فیۆداڵەکاندا ڕاوەستا و بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان، کرێکاران، زەحمەتکێشان و ژنان کرد. شۆڕاکانی شار و گەڕەکەکانی دامەزراند و خۆڕاگریی و بەرخۆدان لە کوردستانی کردە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرین. داخوازییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی لە کۆمەڵێک داخوازیی ڕیفۆرمخوازانەوە گۆڕی بۆ داخوازیی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە. دیفاعی لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان کرد و لەپێناو گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی بەدوور لە هەر چەشنە ستەم و هەڵاواردن و چەوسانەوەیەکدا خەباتی کرد. ڕەوتی چەپ لە کوردستان و لە سەروویانەوە کۆمەڵە، بە بەردەوامی خۆی وەک هاوپەیمانی بزووتنەوە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان و دادخوازان زانیوە. لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی و جۆرەکانی تری ناسیۆنالیزم، خەبات و خۆڕاگریی کردووە. لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک بزاڤی ناڕەزایەتی پێشکەوتنخوازانە لە کوردستاندا پێکهاتوون کە نموونەیەکی ئاشکرای ئەم بە ڕێکخراوبوونە کۆمەڵایەتییەیە. دوایین نموونەی بریتی بوو لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە چاوگەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و گەلێک تاکتیکی پێشکەوتنخوازی لە چەشنی مانگرتنی گشتی بوو. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، نموونەیەکی درەوشاوە بوو لە زیندوو بوون و توانایی بەرزی ڕێکخستنی هەڵسووڕاوانی مەدەنی لە کوردستان. بێ گومان کوردستان بە پشتبەستن بە نەریت و ئەزموونەکانی ٤٥ ساڵی ڕابردوو، وە ئەوەی کە کۆمەڵگایەکی ڕێکخراو و حیزبییە، جێگە و پێگەیەکی گرنگی دەبێت لە بزووتنەوەی خوازیاری ڕووخاندنی ڕژێم و داڕشتنەوەی دەسەڵاتی دوای کۆماری ئیسلامی. بەڵام لە هەمان کاتدا نابێ ئەوە لە بیر بکرێت کە لە کوردستاندا حیزب و مەیلی سیاسیی جیاوازی سۆسیالیستی، ناسیۆنالیستی، لیبراڵی و ئایینیی سەلەفیی بوونیان هەیە، کە هەرکامەیان کەم تا زۆر خاوەنی پێگەی کۆمەڵایەتین. چەکداربوونی ئەو حیزب و لایەنانە، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. تەنها گەشەکردن و پەرەسەندنی خەباتی کۆمەڵایەتی بەرین و خۆڕێکخستن لە ڕێکخراوە مەدەنی و چینایەتییەکاندا، دەتوانێت مەترسییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ئەگەری بەریەککەوتنی چەکدارانەی ئەو گروپەکانە و یان بوونی ئەم یان ئەو گرووپیان بە ئامرازی پیلانگێڕییەکانی حکوومەتی ناوەندی، پووچەڵ بکاتەوە و هێزە چەکدارەکان بخاتە خزمەت هاوڵاتیانی ڕێکخراو لە شۆڕاکاندا. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتی جەماوەریی لە کوردستان و هێڵە گشتییەکانی ستراتێژی ئێمە سەبارەت بە پرسی کورد و پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە، لە زومرەی ئەو بەڵگەنامە بنچینەییانەن کە تێیاندا سیاسەتی خەباتکارانەی ئێمە لە کوردستان، داڕێژراوە و بنەمای کار و چالاکییەکانی ئێستای کۆمەڵەن. ئەم بەڵگەنامانە وەک پاشکۆی ڕاپۆرتەکە دادەنرێت و لەبەردەستی هاوڕێیاندایە.
ج- پاشکۆ
هەڵسەنگاندنی جێگە و پێگەی بابەتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
پێشەکی:
بوونی حیزبی کۆمۆنیست لە زەروورەتی خەبات لەدژی ئەو نیزامەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژیانی لە چینی کرێکار و زۆرینەی کۆمەڵگا کردووە بە دۆزەخ. نیزامێکی کە لە ئارەقەی ڕەنج و کاری ئینسانەکان سەروەت و سامانێکی زۆر و زەوەند بۆ کەمینەیەک بەرهەم دەهێنێت. نیزامێکی کە خزمەتگوزاری پزیشکی و تەندروستی و پەروەردەی کردۆتە کاڵایەکی لۆکس و دوور لە دەست پێڕاگەیشتنی بێبەشانی کۆمەڵگا. نیزامێکی شەڕخوازی کە لە بەرامبەر کوشتنی مرۆڤەکاندا، کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵ و ئامرازەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ و قازانجی زۆر کەڵەکە دەکات. ژینگە وێران دەکات و داهاتووی مرۆڤایەتی لێڵ کردووە. ئەمە نیزامێکی قازانج پەرەستی جیهانییە و خەباتی کۆمۆنیستەکانیش لەدژی پێویستییەکی ئەنتەرناسیۆنالیستییە. حیزبی کۆمۆنیست ئامرازێکە بۆ بەیەکەوە گرێدانی خەباتی پەرشوبڵاو، ناڕێکخراو و هەندێکجاریش ناوشیارانەی چینی کرێکار. ئەگەر باوەڕمان وایە کە خەباتی بێ ڕێکخراوە و ڕێکخراوبوون نامانگەیەنێتە ئامانجە کۆتاییەکانمان، وەک جارانیش ئەو خەباتانەی کە لەچوارچێوەی نەتەوەییدا سنووردار بوون، ناتوانێت سنوورە جوگرافییە دەستکردەکانی دەوڵەت-نەتەوەی خۆیی تێپەڕێنن و ئارمانی ڕزگاری بەخشی سۆسیالیستی بەکردەوە وەدیبهێنێت. ئەگەر لەسەر ئەم پێویستییانە هاوڕا بین، ئەوکات دەتوانین باس لە سەرکەوتن یان شکستی ستراتێژییە جیاوازەکان بکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وەک نموونەیەکی دیاریکراو، بەرهەمی هەلومەرجێکی دیاریکراوی مێژووییە. ژیانی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، جیا نییە لە مێژووی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە ئێراندا. ناکرێت مێژووی کۆمۆنیزم لە ٤٠ ساڵی ڕابردووی ئێراندا بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە هەموو هەوراز و نشێوەکانییەوە، بنووسرێتەوە. هەر چەشنە شرۆڤە و شیکردنەوەیەک سەبارەت بە چۆنیەتی پێکهاتنی و ئەوەی کە ئایا ڕێکخراوە سیاسییە کۆمۆنیستەکانی ئەو قۆناغە بە کۆمەڵەشەوە، لە وەڵامدانەوە بە پێویستی یەکگرتوویی و یەکڕیزی کۆمۆنیستەکان، گونجاوترین ڕێگایان هەڵبژارد یان نا، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ڕووداوێکی گرینگ بوو لە مێژووی چەپی ئێراندا و گرێدراوە بە هەموو هەوراز و نشێوەکانی مێژووی ٤٠ ساڵەی چەپی سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕ لەم کۆمەڵگایەدا.
ئەم حیزبە لە هەلومەرجێکدا پێکهات کە شۆڕشی ئێران لە ژێر زەبری دژە شۆڕشی ئیسلامیدا خەریک بوو لە کۆتا ڕۆژەکانی خۆی نزیک دەبۆوە. هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر تووشی ئاڵۆزی و لێکترازانی فیکری و سەرلێشێواوی ڕێکخراوەیی ببوون. دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی بەربڵاو و ئەشکەنجەی هۆڤانە، بەشێک لە ڕێکخراوە چەپەکانی بەکردەوە لەبەریەک هەڵوەشاندبووەوە. ڕژێمی دەسەڵاتدار لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە کوردستان گۆشەگیر بکات و لە هاوپەیمانەکانی داببڕێت، بە تەبلیغات و پڕوپاگەندەی مەزهەبی-شوڤێنیستی، فەرمانی جیهادی لەدژی کوردستان دەرکردبوو و توانیبووی بەشێکی زۆری ناسیۆنالیستە ئایینی و غەیرە ئایینییەکان لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات. لە بارودۆخێکی لەو چەشنە دا، پێکهاتنی حیزب لە لایەن بەشێک لە هێزە ڕادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێرانەوە، وەڵامێکی مومکین بوو بۆ ئەو دۆخە ئاڵۆز و ناسەقامگیرە. لەکاتێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی لەهەموو شوێنێک باسی لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە سیاسییەکان دەکرد، حزبێکی سیاسی نوێ، بە ورە و ئومێدەوە خەریک بوو پێکدەهات، ئەم واقیعییەتە تین و تەوژمێکی نوێی بە هەموومان دەبەخشی. ئەم حیزبە هەر لە سەرەتای پێکهاتنیەوە ڕوانگە و بەرنامەیەکی سیاسی ڕوونی هەبوو، بەستێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کار و چالاکی خۆی دەناسی و ئاگاداری بەربەستەکان و خاڵە بەهێزەکانی خۆی بوو. نەک هەر چاوی لە ئاست لاوازی و کەموکورتییەکانی خۆی نەبەستووە، بەڵکوو دانی پێدا ناون و زۆرجاری بە توندی ڕەخنەی لێدەگرتوون و هەوڵی داوە لە مەیدانی نەبەرد دا، چارەسەریان بکات. بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ڕابردوو کردن و دەستنیشانکردنی ڕێگەی خۆی ڕوو بە داهاتوو، ڕێگە و ڕەوشتی ئەم حیزبە بوو. زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵیدەدا ببێت بە حیزبێک کە بتوانێت ڕێبەرانی کرێکاریی چالاک و کاریگەری ناو بزووتنەوەی کرێکاریی لەناو ڕیزەکانی خۆیدا جێ بکاتەوە. لەڕاستیدا، یەکەم قەیرانی ناوخۆیشی هەر لەم پێوەندییەدا سەری هەڵدا، کە پێویستە لە شوێنێکی تردا قسەی لەسەر بکرێت. لە هەمان کاتدا پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیست ئاسۆیەکی نوێی بەڕووی کۆمەڵەشدا کردەوە.
ورەی خەباتکارانە و جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانەی لەناو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوەیە دا بەرزکردەوە و نەیهێشت پاشەکشە نیزامییەکانی بزووتنەوەی کوردستان، ئاسۆی سیاسیی خەباتکارانی، لێڵ بکات. یارمەتیدەری کۆمەڵە بوو بۆ تێپەڕبوون لە قۆناغێکی سەخت و مەترسیدار.
دوای پێکهاتنی حیزبیش، چڕبوونەوەی هێرشەکانی کۆنەپەرستان و زەبری یەک لە دوای یەکی پۆلیسی لە سەرانسەری ئێران و هەروەها پاشەکشە یەک لە دوای یەکەکانی بزووتنەوەی کوردستان، بوو بە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم بەرەوپێشچوونی نەخشە و پلانە تەشکیلاتیەکانمان لە سەرتاسەری ئێران و لە کوردستانیش. هەلومەرجی کارکردن لە ئاستی سەرتاسەریدا بۆ حیزب ڕۆژ بەڕۆژ دژوارتر بوو. سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە مێژووی ژیانی ئەم حیزبەدا، بەدەر لە کەم و زۆرەکەی، جگە لە خزمەتکردن بە ئارمانە ئینسانی و سۆسیالیستییەکان هیچ شتێکی تر تۆمار ناکرێت و تەنانەت ئەمڕۆش قسە کردن لە لەدەستدانی ئەم ئاڵایە و ئەم ئامرازە، جگە لە هەنگاونان بەرەو دواوە هیچی تر نییە. کۆمەڵگای ئێران پێویستی بە کۆمۆنیزمی ڕێکخراو هەیە، ئێمەش نەبین لە وەڵام بەم پێویستییەدا، ئەم بۆشاییە پڕ دەکرێتەوە و لە قۆناغی شۆڕشگێڕانە و قەیرانی سیاسیدا، جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنێت. پێویستە ئەم پۆتانسێلە بپارێزین. بەڵام پاراستنی ئەم پۆتانسێلە، تەنها پاراستنی ناوێک و چوارچێوەیەک نییە، بەڵکوو پاراستنی ئەو پێگە و متمانە کۆمەڵایەتییەشە. جیاکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کۆمەڵە بە واتای بێبەشکردنی کۆمۆنیزم لە ئێران لە تاکە پێگە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکەی، پێگەیەکی کە لە ڕێگەی لێک هەڵپێکراویی لەگەڵ کۆمەڵەوە بەدەستی هێناوە. ئەمڕۆ ئەگەر سەیری ئەو مێژووە دەکەین، بە دڵنیاییەوە دەبوو بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە ڕابردووی ئەم حیزبەش بڕوانین، لە هۆکارەکانی نەگەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی بکۆڵینەوە، بەڵام خەباتگێڕی و فیداکاری و ئارمانخوازی شۆڕشگێڕانەی نەوەیەک لە باشترین کۆمۆنیستەکانی ئێران و کوردستان نابێ فەرامۆش بکرێت. نەوەیەکی کە ئەگەر ئامانجەکانی هێشتا دوورەدەست دەنوێنن، بەڵام ئاڵای سۆسیالیزم و ڕزگاری مرۆڤیان بەرز و شەکاوە ڕاگرتووە و بەش بە حاڵی خۆیان نەیایهێشت ئەم ئارمانە ئینسانیانە لە ژێر زەبری حکوومەتی ئیسلامی و هەژموونی بۆرژوازیی نیولیبراڵدا، لەگۆڕ بنرێت.
یەکەم: حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نەریتێکی خەباتکارانەی دیاریکراوە لە نێو بنەماڵەی چەپی ئێراندا. نەریتێکی کە ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەندی سیاسی و ڕەهەندێکیی کردەیی دیاریکراو بە کار لە نێو کرێکارانی لە پشتە. نەریتێکی کە مێژووی زارەکی و نووسراوی، کۆکراوەتەوە، لەبەردەستدایە و شیاوی هەڵسەنگاندنە. ئەم حیزبە خاوەنی جیهانبینی و بەرنامە و ستراتیژێکی ڕوون و جێکەوتووە کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم حیزبە و هەڵسووڕاوانی خۆجێی و ناوخۆیی حیزبەوە بەپێی توانا بانگەشەی بۆ کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەم حیزبە وێڕای هێزە چەپە شۆڕشگێڕەکانی دیکە و ئۆپۆزسیۆن، کەوتە بەر لێشاوی توندترین سەرکوت. ژمارەیەک لە کادرەکانی حیزب لە سەرەتای پێکهاتنی ئەو حیزبەدا لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، لەوانە لە نێو کۆڕ و کۆمەڵە کرێکارییەکان، دەسبەسەر و لە سێدارە دران، دەیان کەسیان کەوتنە زیندان و ئەشکەنجە دران. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەم حیزبە کە لە شارە جۆراوجۆرەکانەوە هاتبوونە کوردستان، لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە دا سەربەرزانە گیانیان بەختکرد. ئەم پاشخان و ڕابردووە، سەرمایەی سیاسی ئەم حیزبەیە.
دووەم: ئەم حیزبە خاوەنی پێشینەیەکی تاکتیکی پڕ لە شانازییە، لە هیچ قۆناغێکی ژیانی سیاسی ئەم حیزبەدا نابینرێت کە لەگەڵ دوژمنانی چینی کرێکار، دوژمنانی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی، چ لەناو ئۆپۆزسیۆن و چ لەناو دەوڵەتدا، لەسەر بەرژەوەندی ئەمڕۆ و سبەینێی ئەم چینە سازش و سات و سەودای کردبێت یان لە خەبات لەدژی تەواوەتی کۆماری ئیسلامیدا، تووشی بەلاڕێدا چوون و دوودڵی بووبێت. بەرچاوترین تایبەتمەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەوەیە کە پشتبەستووە بە ڕەوتێکی وەک کۆمەڵە و لەم ڕێگایەشەوە خاوەنی جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزە. کۆمەڵە وەک کۆڵەکەی سەرەکی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێنایەکی جەماوەریی بە سۆسیالیزم لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەخشیوە.
سێیەم: ڕێکخراونەبوونی کرێکارانی سۆسیالیستی ئێران لە حیزبی سیاسی خۆیاندا، پرسیار و کەڵکەڵەی ئێمەیە، نەک پێوەرێک بۆ پێوانەکردنی ڕەوایەتیی ئێمە. کێشەی بەکۆمەڵایەتی نەبوون، تەنیا گرفتی حزبی کۆمۆنیست نییە. بەڵکوو ئەو حیزب و لایەنانەش کە هیچ فڕیان بەسەر کۆمۆنیست بوونەوە نییە و بەجۆرێک لە جۆرەکان با لە هەر لایەکەوە بێت، ئەوان شەنی خۆیان دەکەن، لەگەڵ هەلومەرجێکی هاوشێوە بەرەوڕوون. جگە لەوە، ئێمە ئەو ڕاستییەش دەزانین کە بە ئیرادەی حزبێکی سیاسی بە تەنیا و لە دەرەوەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ناوچەیی و جیهانیی، ناتوانرێت گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانەی گەورە بەدی بهێنرێت. پڕۆسەی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە، پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە و حیزب ئامرازێکە بۆ بەهێزکردن و خێراتر کردنی وەها هەلومەرجێک. ئەمڕۆ هیچ حیزب و ڕێکخراوێک لە ئێراندا ناتوانێ ئیدیعای ئەوە بکات کە حیزبی چینی کرێکاری ئێرانە، بەڵام ئەو ئومێدەوارییەش کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە سەر بەستێنی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی داهاتووی ئێران، لەم بابەتەوە بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی شۆڕشگێڕانەی ١٣٥٧ جێگە و پێگەیەکی لەبارتر بەدەست دەهێنێت، ڕیشەیەکی واقیعی هەیە و بە کارکردن لە چوارچێوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، دەمانەوێت ڕۆڵی شایستەی خۆمان لە پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی و کرێکاریی لە ئێراندا بگێڕین. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نە ئەمڕۆ تاکە حیزبی چینی کرێکاری ئێرانە و نە ئاسۆی ئێمەش ئەوەیە کە ئەم حیزبە بە تەنیا، خۆی لە جێگە و پێگەیەکی لەو چەشنەدا ببینێتەوە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی بەشێک لە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و ئێرانە لەپێناو پێکهێنانی ئەلتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی لە داهاتووی سیاسی ئێراندا. ئەوەی کە ئەڵتەرناتیڤێکی لەم شێوەیە چۆن پێکدێت و چۆن بەرەوپێش دەچێت، پرسیارێکە کە لەبەردەم سەرجەم بزووتنەوە کرێکاریی و کۆمۆنیستییەکانی ئێراندایە و وەڵامی ئەم پرسیارەش نەک تەنیا لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و تیۆریەوە، بەڵکوو لە هەناوی بەرەوپێشچوونی خەباتێکی سیاسی و چینایەتیدا بەدەست دێت.
چوارەم: بەڵام چەندین جیابوونەوە و لێکترازان لەم حیزبەدا ڕوویداوە. بە پێچەوانەی هەندێ بۆچوونی باو، خودی پێکهاتەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هۆکاری جیابوونەوەکان نەبووە. حیزبی سیاسی ئامراز و کەرەستەیەکی خەباتە لە دەستی کۆمەڵێک ئینساندا بۆ بەدیهێنانی بەرنامەیەک لە ڕێگەی ستراتێژ و سیاسەت و تاکتیکێکی دیاریکراوەوە. بەڵام هەڵوێست و ڕوانگەی ئینسانەکان لە ڕەوتی کار و چالاکی حزبیدا و لەژێر کاریگەری فاکتەری جۆراوجۆردا گۆڕانی بەسەردا دێت. ئامانج و نەخشەڕێگای جیاواز دەگیرێتەبەر. لە ڕاستیدا، سەرەکیترین هۆکاری جیابوونەوە و دابڕانەنەکان، بریتییە لە گۆڕانی ڕوانگە و هەڵوێستی سیاسیی، بەرنامەیی و ستراتێژیی ئینسانەکانە. لە پەراوێزی ئەم هۆکارە سەرەکییەدا، بوونی بابەتگەلێکی لاوەکیتری وەک بەرەوپێش نەبردنی ناکۆکییەکانی خۆیان لە کەشێکی دێموکراتیکدا و لە ڕێگەی دیالۆگ و قەناعەت پێکردن، پاوانخوازی، بەرژەوەندی کەسیی، ڕق و کینە شاراوەکان و ناکۆکییە شەخسییەکانی کە بە سیاسی دەکران، بە ڕوونی هەستیان پێدەکرێت. لە هەر حاڵدا ئەوە ئینسانەکانن کە ژیان دەبەخشن بە شێوازی بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە و هەروەها دابڕان و جیابوونەوەکانیش نوێنەرایەتی دەکەن. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە تەنانەت ئەگەر بوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەکان لە کۆمەڵە بووبێت، دواجار دەرکەوتووە کە ئەوە نەک بوونی حیزبی کۆمۆنیست، بەڵکوو گۆڕانی هەڵوێست و ڕوانگەی هەندێک کەسی دیاریکراو بووە کە دابەشبوونەکانی کردووە بە پرسێکی بێ گەڕانەوە. سەرنج بدەنە ئەو دابەشبوونە زۆرانەی کە لە لقەکانی جیابۆوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ڕوویانداوە. تەنانەت چالاکیی بەناوی “کۆمەڵەشەوە” نەیتوانیوە ئەوان لە بەرامبەر چەندین جیابوونەوە و لێکترازاندا گەرەنتی بکات. سەبارەت بە ئێمەش تەنانەت ئەگەر گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی حزبیدا ڕووبدات، بێ گومان لەم بابەتەوە موعجیزەیەک ناکات. سەبارەت بە ڕوانگە و ناکۆکییە سیاسییەکان، مێژووی چالاکییەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانیانەوە تا ئێستا نیشان دەدات کە بوونی بیر و بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای بیروڕای جیاواز و کرداری یەکگرتووانە، بەردەوام بەشێکی دانەبڕاو بووە لە بوونی ئەم حیزبە. بیر و بۆچوونە جیاوازەکان هەمیشە دەرفەت و ئیمکانی باس و دیالۆگی سیاسییان هەبووە. گۆڤار و بڵاوکراوەی جۆراوجۆر، سیمینار و کۆنگرە و پلینۆمە تۆمارکراوەکان، ماتریاڵی پێویست بۆ کۆکردنەوەی بابەتیی مێژووی ئەم حیزبە دەخەنە بەردەست. بەم پێیە هەرکام لە جیابوونەوەکان هۆکار و خەسارناسی تایبەت بە خۆیان هەبووە، کە واباشە لە شوێنی خۆیدا وەک بەشێک لە ئەزموونی خەباتکارانەمان کۆبەندی بکرێت.
پێنجەم: واقیعییەت ئەوەیە کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە دوو ساڵی یەکەمدا و لە سەر بنەمای پێویستی بە کرێکاریی بوونی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی، لە بواری ڕێکخستن لە ناوخۆی وڵاتدا بەباشی کاری کرد. بەڵام لەژێر زەبری کوشندەی کۆماری ئیسلامی و هەڵە و کەم و کوڕی شێوازی کارکردندا، نەیتوانی کاریگەری لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان دروست بکات. بەڵام ئەوە تەنیا چارەنووسی حیزبەکەی ئێمە نەبوو. سەرجەم ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سەردەمی ڕژیمی ئیسلامیدا، هەر لە سەڵتەنەتخوازەکانەوە بگرە تا موجاهیدین، لیبراڵەکان، کۆماریخوازەکان و ڕەوتە چەپەکانی تاراوگە، سەرجەمیان لە دۆخێکی هاوشێوەدا بوون. ئەم دۆخە بە پلەی یەکەم ئاکامی ئەو دیکتاتۆریی و سەرکوت و جینایەتانەیە کە لە سەردەمی حکوومەتەکانی پەهلەوی و ئیسلامیدا ڕوویانداوە. پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لەم هەلومەرجەدا، لە بنەڕەتدا بە گۆڕانی هاوسەنگی هێز و زاڵبوونی کەشێکی تاڕادەیەک ئازاد و دێموکراتیک مومکین دەبێت. بێتوانایی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان بۆ بوون بە حیزبێکی بەهێز و خاوەن جێگە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی کرێکاریی لە ئێران، واقیعییەتێکی نەک هەر ئێرانی و کوردستانی، بەڵکوو جیهانییە.
ڕەوتی کۆمۆنیستی لە ئێران بە هۆی دەسەڵاتی خەفەقان و سەرکوتی وەحشیانەی پۆلیسی، لەهەردوو حکوومەتی پێشووتر و حکوومەتی ئێستادا، بە بەراورد لەگەڵ حیزبە هاوشێوەکان لە شوێنەکانی دیکەی جیهان، لە دۆخێکی گەلێک نالەبارتردایە. ئەڵبەت ئەمە هەلومەرجێکە کە نابێت وەک چارەنووسێکی هەمیشەیی سەیر بکرێت و لە ئاستیدا دەستەوەستان بیت، بەڵکوو لەکاتێکدا کە هەلومەرجێکی بابەتیی بوونی هەیە، دەبێ پێویستییەکانی تێپەڕبوون لەو بارودۆخە نالەبارە دابین بکرێت. دەستەوەستان بوون لە ئاست ئەم گوشارانەدا ڕێک ئەو ئامانجەیە کە دام و دەزگای ستەم و سەرکوت لە ئێران، مەبەستییەتی.
شەشەم: کۆمەڵە لە سەرەتای دروستبوونیدا و دوای ڕاگەیاندنی هەڵسووڕاوانی ئاشکرای خۆی لە ساڵی ١٣٥٧دا، ئەگەرچی ناوێکی کوردی بەسەرەوە بوو، بەڵام ڕێکخراوێکی ناوچەیی نەبووە. لە تاران، تەورێز، باکوور و باشووری ئێران ڕێکخراوەی هەبوو. سەیری یەکەم ژمارەی بڵاوکراوەکانی ئێمە بکەن لە ساڵانی پێش پێکهاتنی حیزبدا، دەبینن کە زیاتر له نەوەد لەسەدی ناوەرۆکەکانی، بابەتگەلێکن کە نەک هەر پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کار و چالاکی ئێمە لە کوردستانەوە نییە بەڵکوو هەموویان لە تەرکیزکردنە سەر پرسە سەرتاسەرییەکانی ئێمەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەڵام زەبرێکی کە ساواکی شا لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران لە تەشکیلاتی ئەو ناوچانەی کۆمەڵەی دا، چالاکییەکانی تا ڕادەیەک لە چوارچێوەی کوردستاندا سنووردار کرد. پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئیمکانی ئەوەی پێداین کە دیوارەکانی ئەو چوارچێوە بەرتەسکە تێکبشکێنین. ئەوانەی کە پێیان وایە هەڵگرتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بارێکی قورسە و لە توانایی ئێمەدا نییە، چی لەو بارگرانییەی سەر شانی ئەو “کۆمەڵە سەرتاسەرییە” دەکەن کە مەبەستیانە؟، چونکە بەشێوەیەکی سروشتی بەپێی سەرتاسەری بوونی، هەمان بارگرانی دەکەوێتە سەرشانی. لە ڕاستیدا کێشەکە لە حزبی کۆمۆنیستەوە نییە، بەڵکوو لەو بارە قورسەوەیە و ئێمە مادام که ڕێکخراوێکی سەرتاسەریی لەژێر هەر ناوێکدا بین، دەبێت توانایی گەیاندنی بە شوێنی مەبەست لە خۆماندا پێک بهێنین، گۆڕینی پێکهاتە بە هیچ شێوەیەک باری سەرشانمان سووک ناکات. بە دڵنیاییەوە کە بابەتی سیاسی و تیۆری زۆر و ئاڵۆزمان لە بەردەمدایە کە ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی بە ناوی کۆمەڵەوە یان حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، تەنیا بە وەڵامدانەوەیان دەتوانێت ڕێگای بەرەوپێشچوونی خۆی خۆش بکات. مادام ئێمە ڕێکخراوێکی سەرتاسەریی لەژێر هەر ناوێکدا بین، لەو ئەرکانەی کە لەمڕووەوە دەکەوێتە سەرشانمان بێبەری نابین. جگە لەوەش ئەگەر بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ هەمان بارودۆخی پێشوو و لەژێر ناوی کۆمەڵەدا خەریکی کار و چالاکی کۆمۆنیستی سەرتاسەریی لەو شێوەیە بین، لەو حاڵەتەدا پرسیار ئەوەیە وەک ئەوەی کە دەوترێت، ئێمە نە لەگەڵ کۆمۆنیزمەکەی و نە لەگەڵ سەرتاسەریی بوونەکەی و نە لەگەڵ حیزبی بوونەکەیدا، هیچ کێشەیەکمان نییە، هۆکاری پێکهێنانی گۆڕانکارییەکی نەخوازراوی لەو چەشنە لە پێکهاتەی چالاکییەکانی تا ئێستاماندا چیە؟ باش یان خراپ، ئێمە لەگەڵ حزبێک بەرەوڕووین کە دەیان ساڵە ئاڵاکەیمان بەرز ڕاگرتووە. لە سەردەمانێکدا کە تەنانەت هیچ نیشانەیەک لە خەباتی سەرتاسەری وەک بزووتنەوەکانی ٩٦ و ٩٨ و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیش لەئارادا نەبوو. ئەمڕۆ پێمان ناوەتە ناو سەردەمێکەوە کە حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرین بەرەوڕووە و زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا چاوەڕوانی ڕووخانی ئەم ڕێژیمەن. حیزب لە هەر فۆرمێکدا و لە هەلومەرجی خەبات لەگەڵ ڕژیمێکی فاشیستی وەک حکوومەتی ئیسلامی، تەنیا لە قۆناغەکانی شۆڕشگێڕانە و کرانەوەی کەشی سیاسیدا، دەتوانێت گەشە بکات و جەماوەریی بێتەوە. ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵەش هەروابوو. کۆمەڵە تا بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧، ڕێکخراوێکی جەماوەریی نەبوو و خۆی تەنیا لە چەند کۆڕ و کۆمەڵێکی شارە جۆراوجۆرەکاندا دەدیتەوە. دوای ڕووخانی حکوومەتی دیکتاتۆری پەهلەوی بوو کە کۆمەڵە توانی بە گرتنەبەری سیاسەتێکی دروست و ڕووناکبینییەکی سیاسی چینایەتی، ورەیەکی شۆڕشگێڕانە و لێهاتوویی، ببێتە حیزبێکی جەماوەری. ئێستا لە دۆخێکدا کە لەگەڵ سیناریۆی جۆراوجۆر سەبارەت بە درێژەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی بەرەوڕووین، لەدەستدانی ئامرازی حیزبی کۆمۆنیست یان پێکهێنانی گۆڕانکاری لە پێکهاتەکانی و یان سەرقاڵبوون و خۆ خەریک کردن بە باس و دیالۆگی بێکۆتایی لەسەر ئەم بابەتە، ئێمە لە ئەولەویەت، پێویستییەکان و بەرپرسیارێتیەکانمان دوور دەخاتەوە.
حەوتەم: بەڵام ئەگەر ئێمە مەبەستمان نەک کۆمەڵەیەکی خاوەن ئامانجی سەرتاسەریی، بەڵکوو ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی ناوچەیی و کوردستانی بێت، لەم بابەتەشەوە پێویستە وەڵامی ئەم پرسیار و ناڕوونییانەی خوارەوە بدەینەوە:
بەرنامە، دونیابینی و ستراتێژی سیاسی ئەم حزبە نوێیە چییە؟ سنوورەکانی کار و چالاکییە ڕێکخراوەییەکەی کوێیە؟ چ ناوچەگەلێک لەخۆدەگرێت و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئەم ناوچانە بۆ چالاکییەکان چین؟ پەیوەندی ڕێکخراوەیەکی لەم چەشنە لەگەڵ خەبات بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی چییە؟ خۆ سنووردارکردن لە چوارچێوەی کوردستاندا بەو مانایەیە کە ڕێکخراوێکی لەو شێوەیە، بەپێی بارودۆخی بابەتیی، ناتوانێت ستراتێژی خۆی لەسەر بنەمای ڕووخاندنی دەسەڵاتی ناوەندی دابنێت، مەگەر ئەوەی کە بچێتە ناو هاوکاری و هاوپەنییە سەرتاسەرییەکانەوە. بێ گومان هەڵبژاردنی فۆرمێکی لەو چەشنە وردە وردە کاریگەری لەسەر ناوەڕۆک و چییەتی کاری ئەم ڕێکخراوە دەبێت، پرسە سەرتاسەرییەکان پەراوێز دەخات و ئەم حیزبە لە بەرامبەر زۆر مەیل و ڕەوتی ناسیۆنالیستیدا گەلێک لاواز دەکات. کۆمەڵەیەکی لەم چەشنە، کە هەڵبەت هەرگیز بوونیشی نەبووە، دەبێتە ڕێکخراوێکی دیکە کە هیچ پەیوەندی بەو دیاردە سیاسییەوە نییە کە لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بووەتە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵەیە بریتی بووە لە هەبوونی بەرنامە گەلێکی پێشڕەو و دووربینانە لەسەر بنەمای باوەڕی سۆسیالیزمی زانستی و ئەم تایبەتمەندییە کە بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ماوەتەوە، ئەو ئەرکە دەخاتە سەرشانی ئێمە کە بە هەموو توانامانەوە ئامادە بین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی لە داهاتووی سیاسی ئێراندا. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران باشترین ئامرازە بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە مێژووییە.
هەشتەم: ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی، کە چەخماخەکەی لە کوردستانەوە لێدرا،، پێویستی هاوپشتی و خەباتی سەرتاسەریی ڕێکخراوی بە ڕوونترین شێوە نیشان دا. دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١، خەڵک لە شاری سەقز بە دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) لەدژی ڕێژیمی ئیسلامی و یاسا و نەریتە کۆنەپەرستەکانی خرۆشان. زایەڵەی دەنگی خەڵکی سەقز لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینیدا، زۆر زوو لە هەموو ئێراندا بیسترا و بە خێرایی هەموو جیهانی گرتەوە. شۆڕشی “ژینا” خەباتی ئازادیخواز، یەکسانیخواز و عەداڵەتخوازانەی لە سەرانسەری ئێران بەیەکەوە گرێدا. ڕوانگەی کۆمەڵگای سەبارەت بە پێگەی ژنان و لاوان بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی لە داڕشتنی داهاتووی سیاسی ئێراندا گۆڕی. هاوپشتی و هاوسۆزی نێونەتەوەیی بۆ خەڵکی ئێران دەستەبەر کرد و کەلێنێکی قووڵی لە جەستەی ڕێژیمی ئیسلامیدا پێکهێنا. هەموو ئەمانە جەخت لەسەر گرنگی پاراستن و بەهێزکردنی ئامرازێک دەکەنەوە کە دەتوانێت ڕەهەندەکانی کاریگەریی ڕەوتەکەمان لە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕ بکات.