کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی چوارەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئاخێزی بەهێزتر لە ڕێ دان ( بەشی یەکەم)

چوارەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمونیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دوازدەهەم لە رۆژی شەممە ٢٨ ی مانگی ڕێبەندان بەرابەر لەگەڵ ١٧ ی فێوریەی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەش وەک چاودێر بەشدار بوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە تەرخانکرا بۆ ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی و دواتر ڕاپۆرتی تەشکیلاتی کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب بە پلینۆم و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕاپۆرتانە. ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بە جەخت کردنەوەی سەرلەنوێ لەسەر بنەماکانی بەیانیەی کۆمیتەی ناوەندی حیزب ” سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێستا و مەوقعیەتی ئاخیزە سەرتاسەریە جەماوەریەکان” زیاتر چووە سەر بەرداشت و ئیستنتاجاتی سیاسی و کرداری لە بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا. گرنگیدان بەم لایەنە لە باسەکان لەم ڕوەوە خاوەنی ئەهمیەتە کە سەرجەم فاکتۆرەکانی مەوجود لە بەیان و لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی ئێران وەک بوارە عەینی و کۆمەڵایەتیەکان و ئاستی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، درێژەی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاری و جەماوەریەکان و داماوی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازی هەنوکەیی و خێرای کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا ئەوە دەردەخات کە ئاخێزی بەهێز تر لە ڕێدان. ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار وەک ئەزمونێکی کۆمەڵایەتی، نا ئامادەیی، خاڵە لاوازەکان و کەموکوڕیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کومونیستی و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکانی لە ئێران نیشاندا. بزوتنەوەی کرێکاری کە بە حوزوری چالاکانەی خۆی لە گۆڕەپانی خەباتدا یارمەتی فەراهەم بوونی بوارە زەینیەکانی روودانی ئاخێزێکی سەرتاسەری دابوو، نەچووە ئاستی ڕێبەریی کردنی ئەم ئاخێزەوە. ئەم بزوتنەوەیە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی هاوتەریب لەگەڵ ئاخێزە سەرتاسەریەکان لە ئارادا بوو، بەڵام لە پێگەیەکدا نەبوو کە بە سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنەکانی لە پشتیوانی کردنی ئاخێزە جەماوەریەکان بەردەوام بوونیان زەمانەت بکات. بزوتنەوەی کرێکاری کە لە ماوەی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی خەباتی خۆیدا لە ساڵ و مانگەکانی ئەم دواییەدا و بە بەرپا کردنی مانگرتنی درێژ ماوە نیشانی دابوو کە خاوەنی ڕادەیەک لە ڕێبەریی و ڕێکخراو بوونە، بەڵام ئاخێزەکانی ئەم دواییە دریخست کە ئەم ڕادەیە لە ڕێبەری و ڕێکخراو بوون بۆ بوون بە بڕبڕەی پشتی بزوتنەوەی جەماوەری و گەیشتن بە ئاستی ڕێبەرییەکەی بەس نییە و کەم و زۆر ئەو نیگەرانیە بوونی هەیە کە لە کاتی ڕاپەڕینی جەماوەریدا، بزوتنەوەی کرێکاری نەتوانێ مۆری چینایەتی خۆی لە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی داهاتو بدات و سەرلەنوێ بۆرژوازی لە قامەت و ئاڕایشێکی سیاسی نوێدا درێژە بە حاکمیەتی خۆی بدات. لەم روەوە پێوستە کە ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری لەسەر ناوەرۆکی هاوسەنگی هێزێکی نوێ کە بە تایبەت دوای ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دواییە بە قازانجی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گۆڕاوە و لە ناخی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکاندا هەموو توانا و زەرفیەتەکانی بۆ دروست کردنی تەشەکۆلە جەماوەری و چینایەتیە کرێکاریەکان لە شوێنەکانی کاردا بخاتە گەڕ. لە لایەکی دیکەوە ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری نابێ لەم ڕاستیە غافڵ بن کە ڕێکخراو بوون لە حیزبی سیاسی کومونیستیدا بەشێکە لە ئیستراتیژی شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستی و بەبێ ڕیکخراو بوون لە حیزبی سیاسی کومونیستیدا تەنانەت لە دەورەکانی شۆڕشیشدا ناکرێت چوونە پێش بەرەو شۆڕشی کرێکاری زەمانەت بکرێت. لەم دەورەیەدا چالاکییە تەبلیغی، تەرویجی و سازماندەرانەکانمان دەبێ هەروا لە خزمەت زاڵ بوون بەسەر کەموکوڕیەکان لە بزوتنەوەی کرێکاریدا بێت. 

لە جەریانی ئاخێزی مانگی بەفرانباردا سەرەڕای حوزوری بەرچاوی ژنان لە خۆپیشاندان و مانگرتنە خیابانیەکاندا، داواکاریە تایبەتەکانیان کەوتە ژێر کاریگەری باقی داخوازیەکانی دیکەوە. بەم حاڵەوە ئەم ئاخێزە سەرتاسەریە خاڵێکی ئەرێنی لە خەباتی ژنان لەدژی نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی بوو. حەرەکەتی نمادین و بوێرانەی ” کچانی خیابانی ئینقلاب” لەدژی حیجابی ئیسلامی لە جەریانی ئەم ئاخێزەدا و تێکرار بوونەوەی ناڕەزایەتیەکی سیاسیە بە ڕژیمێک کە سیاسەت و یاسا دژی ژنەکانی بۆتە بەشێک لە هۆویەت و پێناسەی سیاسی ئیدئۆلۆژیکی. ژنانی خیابانی ئینقلاب بەم حەرەکەتە جەسورانەیان، حیجابی ئیسلامیان وەک هێمای ئاپاڕتایدی ڕەگەزی و بێ مافی ژن لە کۆمەڵگادا توشی کێشە وگرفت کرد. بۆ ڕژیمێک کە کرداری هەڵاواردنی ڕەگەزی ناسنامە و هۆویەتی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکیەکەی پێکدێنێت، خەباتی ژنان لە هەر بوارێکدا وەک هێرشێکی سیاسی بە ئەژمار دێت. ئەم حەرەکەتە و کاردانەوەی بەرینی لە ڕاگەیەنەرەکان و تۆڕە جۆاراو جۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا و ئەو پشتیوانیانەی کە هەڵیخڕاند نیشانی ئەدات کە هێرشی بزوتنەوەی ژنان بۆسەر قانون و سیاسەتە دژبە ژنەکان تا چ ئاستێک خاوەنی مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتیە. ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییە بە تێپەڕ بوون لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی و بە کۆتایی هێنان بە سوڵتەی گوفتمانی ڕێفۆڕمخوازی کە خەبات لە چوارچێوەی تەسکی یاسا ئیسلامیەکاندا وەک بەستێنی سەرەکی ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی فەلاکەتباری مەوجود پێناسە دەکەرد، بزوتنەوەی ژنانی خستۆتە مەوقعیەتێکی باشترەوە بۆ بەرەوپێش چوون. جەریانی ئیسلاح تەڵەبی بە مەیدان دان بە فیمینیزمی ئیسلامی و بە دروست کردنی پەڕاوێزێکی ئەمن بۆ فیمینیزمی لیبڕاڵ بزوتنەوەی ژنانی بەلاڕیدا بردبو وە بەری بەوە گرتبوو کە هێزی بزوێنەری و پاڵنەری بەرەو پێشەوە وە حەرەکەت بکەوێ. ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش هێزی سەرەکی بەرەو پێش بەری بزوتنەوەی ژنانن. هەڵسوڕاوانی سۆسیالیست بە چڕ کردنەوەی چالاکی لە حاشیه‌ی شارەکاندا، بە پەرەدان بە پێوەندیەکانیان لەگەڵ ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە شوێنەکانی کاردا و جەخت کردنەوە لەسەر داخوازی و داواکاریەکانیان و نیشاندانی نا کارایی ئیستراتیژی هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکان بۆ دەستەبەر کردنی خواستەکانیان، دەتوانن ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە بەرینە وەجوڵە بخەن و لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستیدا بەسیجیان بکەن.

لەگەڵ ئاخێزی مانگی بەفرانبار و کۆتایی هاتنی سوڵتەی گوفتمانی ئیسلاح تەڵەبانی حوکومەتی، ڕیزبەندی سیاسی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی خویندکاریشدا دەگۆڕێ، بە تێپەڕبوونی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری لەو قاڵب و چوارچێوانەی کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی لەدژی بارودۆخی مەوجود دەیانخستە بەرەدەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتی، دەور و نەخشی هێژمونیکی ڕێکخراوەکانی خوێنداکاری سەربە ڕیفۆڕم خوزانی حکومەتی کۆتایی دێت و زەمینەیەکی گونجاوتر بۆ گەشە کردنی گرایشی چەپ و ڕادیکاڵ لە بزوتنەوەی خوێندکاریدا فەراهەم دەبێت. بەرەوپێش چوونی بزوتنەوەی خوێندکاری کە بە ڕشتە و ڕایەڵی جۆراو جۆر بە کۆمەڵگاوە پێوەندیەکی نەپساوەی هەیە لە گرەوی ئەوەدایە کە هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆماڵایەتیەکانی وەک بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی ژنان و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە روون ترین شێوە بەرژەوەندی ئازادی خوازانە و ڕیفاهی ئەم بزوتنەوانە لە ئاستی کۆمەڵگادا وێنا بکات. بەشی چەپی بزوتنەوەی خوێندکاری وەک هەستیار ترین بەشی رۆشبیرانی کۆمەڵگە دەتوانن دەورێکی بەرچاویان لە ئاشکرا کردنی ماهیەتی هێزە کۆنەپەرستەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوا لیبڕاڵی ئێران کە خۆیان وەک ئاڵترناتیوی حکومەتی مەتڕەح دەکەن هەبێت. بزوتنەوەی خوێندکاری لەو دەورانەدا کە دەتوانێ لە داخوازییە سینفیەکانی واوەتر بچێت و ئەرکە مێژووییەکانی ڕاپەڕێنێت توانیویەتی دەوری پێشڕەوانەی خۆی لە بزوتنەوەی ئازادی خوازنەی خەڵکی ئێراندا بنوێنێ. دوای ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دواییە و بە دەستپێکی وەرزێکی نوێ لە خەبات بۆ روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی مانگرتنەکان و خەباتی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان هەر ئەم ڕسالەتە لە بزوتنەوەی خوێندکاری دەخوازێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-