چهارشنبه – ۲۳ آبان – ۱۳۹۷ , 14 – 11 – 2018
رۆژی شەممە ٥ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ بەرابەر لەگەڵ ٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨، پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردروای کۆنگرەی ١٧، بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، بە سرودی ئەنترناسیۆنال و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە یاد و بیرەوەری گیانبەخت کردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی به كار کرد. لەم پلینۆمەدا بەپێی ڕەواڵی ئاسایی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش وەک چاودێر بەشدار بوون. دەستور جەلەسەکانی پلینۆم بریتی بوون لە هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە و دابەش کردنی کارەکانی نێوخۆی کۆمیتەی ناوەندی. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلینۆم تەرخان کرا. چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر بارودۆخی گشتی دنیادا، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاڵوگۆڕە سیاسیە تازەکان لە ئێران، روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و پڕۆسەی شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی، ئەگەری سیناریۆکانی بۆرژوایی، ئاسۆی سیاسی کوردستان و ئەولەویەتەکانمان، سەردێڕی سەرەکی ڕاپۆرتی سیاسییان پێکدەهێنا.
پلینۆم لە باسەکانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی دنیا لەسەر چەند قەیرانی جیدی کە ئهمڕۆی جیهانی سەرمایەداری لهگهڵی بەرەوڕووه، جەختی کردەوە:
یەکەم، درێژەی قەیرانی ئابووری، هەروەک لە پلینۆمی پێشتریشدا باسی لێكرابوو، قهیران ئێستا ئیتر بۆتە بەشێک لە پێکهاتەی کۆمەڵگای سەرمایەداری. ئاوێتەی یەکتر بوونی بازاڕە جیهانیەکان لە بوارەکانی بازهرگانی و سەرمایەگوزاریدا، كهڵهكه بوونی هەرچی زیاتری سەرمایەداری لە دەست کارتێل و تراستە چەند میلیەتیەکاندا، سنورە نەتەوایەتیەکانی تێپەڕاندوە و توانایی مانۆڕدانی دەوڵەتەکان بەرانبەر به هاندهرێكی جهوههری کە ئەم ڕەوتە لێی بەهرەمەندە، گەلێک بەرتەسک كردۆتهوه. ئەم ڕەوتە توانایی دەوڵەتەکانی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئابووری بە بەراورد لەگەڵ ١٠ ساڵ لەوەی پێشی دابهزاندووه. سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری لهگهڵ سهلماندنی بەردەوام بوونی قەیرانی ٢٠٠٨، دان بهوهدا دهنێن کە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ١٠ ساڵ لەوەپێش ئامرازگهلێكی كهمتریان بۆ بهرهوڕوو بوونهوه لهگهڵ قهیران له بهردهستدایه. جێ گۆڕكێی بهردهوامی سهرمایه وەرگرتنی ماڵیات لە شیرکەتە چەند میلیەتیەکان بۆ چەند دەوڵەتێکی دیاریکراوی دژوار تریش کردوە. لە ڕاستیدا ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئۆروپا بۆ ڕزگار کردنی بۆنگاکان هەتا توانیان لە سەروەتی گشتی و لە کیسەی خەڵک بۆ کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکە خهرجیان کرد، لەمرۆدا ئیتر خەڵکی وڵاتان کەم بوونەوەی خزمەتگوزاری گشتی لهوه زیاتره قەبوڵ ناکەن و لە ئاکامدا توانایی ئەم جۆرە سەخاوەتمەندی و دەست و دڵبازیەی دەوڵەتەکانیش گەلێک بەرتەسک بۆتەوە. شەڕی بازهرگانی نێوان دەوڵەتەکان ڕەوتێکی لاوەکی و پێچەوانەی جەریانە. ئەم ڕەوتە بە حوکمی بارودۆخی عەینی جیهانگری سەرمایە ناتوانێ زۆر بخایەنێت. بهڵام درێژەی ئەم قەیرانە دەتوانێ ببیتە هۆی توند بوونەوەی کێبڕکێی تەسلیحاتی و بەرپا بوونی شەڕی ناوچەیی زیاتر.
دووهەم، قەیران لە پێوهندی دەوڵەتاندا، هاوسەنگی هێزی جیهانی نێوان دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی تێکچووە، بلۆک بەندیەکانی ڕابردوو جێگای خۆیان ئەدەن بە بلۆک بەندی نوێ. روسیە زل هێزێکی نیزامیە، بەڵام بونیەی ئابووریەکەی لاوازە. لە بەرانبەردا چین زل هێزێکی ئابووریە بە توانایی بەرتەسک تری نیزامیەوە بە بەراورد بە روسیە و ئەمریکا. ههر لە ئێستاوە ئەمریکا نیگەرانی پێكهاتنی بلۆکی چین- روسیەیە، کە بێگومان ئهگهر سهر بگرێت یهكتر تهكمیل دهكهن و دەبنە هێزی یەکەمی دنیا. چین كێبڕكێی خۆی لهگهڵ دهوڵهتانی ئێمپریالیستی دیكه، به دوور له ههراو هوریای تهبلیغاتی خستۆته بواری ئابوریهوه. چین کۆمەڵێک سەرمایەگوزاری کەڵانی لە ئافریقا و ئەمریکای ناوەندی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووریدا دەست پێکردووە. یەکێتی ئوروپا لە هەوڵدایە سیستمی ئەمنیەتی خۆی سەربەخۆ لە ئەمریکا سەرلەنوێ ڕیکبخاتەوە، هەروەها کۆمەڵێک هەوڵ لە ئارادان تا جارێکی تر بریتانیا تێکەڵ بە یەکێتی ئوروپا بکرێتەوە. له پاڵ ئهو ململانێیانهی زلهێزهكاندا، چهندین دهسهڵاتی ناوچهیی سهربهخۆ سهریان ههڵداوه كه خوازیاری بهشی خۆیان له دابهش كردنی ئهرك و بهرژهوهندیهكاندان. ههمووی ئهو ڕاستیانه پێمان دهڵێن كه جیهان خهریكه دیمهنێكی دیكه، جیاواز لهوهی تا ئێستا بووه، به خۆیهوه دهبینێ.
سێهەم، قەیرانی ئیدئۆلۆژیک، بیرمەندانی دنیای سەرمایەداری هیچ ستراتیژیەکی روون ناخەنە بەردەم ئەم نیزامە. لیرالیسم شكستی خوارد و نئۆلیبرالیزمیش نەیتوانی ڕێگای ڕزگاری نیشان بدات. میلتون فریدمەنەکان، بیرمهندانی نێولیبرالیزم قەڵەمەکانیان خستۆته كالاناوه. فۆکۆیاما کە دوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵات باسی له لێبراڵ دیمۆكراسی وهكوو دوایین شكڵی حكومهت له جیهان دەکرد، ئێستا دەستی کردوە بە ڕەد کردنەوەی ڕوانگەکانی ڕابردووی و ڕێگای ڕزگاری لە گرەوی جۆرێک سۆسیالیزمدا، بە تێگهیشتنێك كه خۆی له سوسیالیزم هەیەتی، دەبینێ.
چوارەم، قەیرانی ژینگەیی، ئەم قەیرانە بە شێوەیەکی مەترسیدار نە تەنیا داهاتوی بەشەریەت بەڵکوو هەڕەشە لە ژیانی ئەمرۆشی دەکات. بەرهەمهاتنی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری گازە گوڵخانەییەکان و زیاد بوونی گەرمای زەوی و توانەوەی سەهۆڵەکانی قوتبی، هاوسەنگی ژینگەیی گۆی زەوی تێکداوە. دەوڵەتی ئەمریکا وەک یەکێک لەوانەی گەورە ترین خەسار و لەتمە لە ژینگە ئەدەن، بە کورتبینیهكی قازانج پەرستانەوه بە هیچ بهڵێن و پەیمانێکی نێونەتەوەییەوە پابەند نەماوەتەوە. لە بواری ئالودەگیەکاندا، کار گەیشتۆتە جێگایەک کە ئەگەر تا دوێنێ لەتی پلاستیکیان لە زگی گیاندارانی دەریاییدا ئەدۆزیەوە، ئهمڕۆ بە دەیان توێژینەوەی پزیشکی بوونی وردیلهی میکروسکوپی پەلاستیک لە گەدە و ڕیخۆڵەی ئینسانەکاندا پیشان ئەدات.
پێنجەم، قەیرانی پەنابەری، زیاتر لە ٦٠ ملیۆن ئینسان لە نێو وڵاتەکانیان و لە دەرەوەی لە ئاکامی شەڕ و هەژاری و سەرکوتگەری و بێ مافی ئاوارەن و بەشوێن سەرپەنایەکدا خۆیان لە ئاو و ئاگر ئەدەن. دروست کردنی کەمپە دژی بەشەریەکانی دەوڵەتانی ئوروپایی لە لێوارەکانی باکوری ئافریقا، نەیتوانیوە بەر بە حەرەکەتی پەنابەران بەرەو ئوروپا بگرێت. تەنیا لە مەودای دوو پلینۆمدا نزیک بە ٢ هەزار پەنابەر لە ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانەدا خنكاون. ئۆردوگای مائوس لە ئۆسترالیا بۆتە کەمپی مەرگ بۆ پەنابەران. ترامپ کە دەیویست بە دروست کردنی دیوار لە سنورەکانی لەگەڵ میکزیکدا بەر بە هاتنی رۆژانە دەیان کەس بگرێت بۆنێو وڵاتەکەی لە ڕێگای ئەم سنورانەوە، ئێستا لەگەڵ شەپۆلێکی دەیان هەزار کەسیدا بەرەو ڕوو بۆتەوە.
شەشەم، قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی، لە ئاکامی وەها بارودۆخێکدا بەشێک لە خەڵک لەبەر بێ ئاسۆیی بەرەو لای ڕاست ترین و کۆنەپەرست ترین ئەحزابی سیاسی چوون. هاتنە سەرکاری ترامپ لە ئەمریکا نمونەی دیکەشی لە گۆشە وکەناری دنیا بەشوێنەوە بوو. چاوێک لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە بۆ نمونە لە سوئید و ئاڵمان و بریزیل بکەن، تا ڕاستی ئەم قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەتان باشتر بۆ روون بێتەوە. لەم نێوانەدا ئەگەرچی بەشە وشیار و تێکۆشەرکانی ئەم کۆمەڵگایانە ورەی خۆیان لەدەست نەداوە و هێشتا لە مەیدان دان، بەڵام لەم بوارەدا کاری دژواریان لەبەردەم دایە.
له ڕاستیدا له بەرانبەر وەها بارودۆخێکدا بەشەریەت بیدەنگ نییە. کێشمەکێشی چینایەتی و سیاسی گەورە لە ئارادان. ئەگەر رۆژێک سۆسیال دیموکراتەکان ئیمتیحانی خۆیان دا و ڕۆیشتن، میانە ڕەوەکان هاتنە سەرکار و تاقی کردنەوەی خۆیان پێشکەش کرد و هیچیان بۆ نەکرا، دەستە ڕاستیە توندڕەوەکانیش دەوڵەتی کاتیین و چارەنووسیان هاوشێوەی پێشینیان دەبێت. بە حوکمی بارودۆخی عەینی و ئاڕاستەی ئاڵوگۆڕی مادی مێژوویی، دەرفەت بۆ هێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و کومونیستەکانیش دەکرێتەوە. تەنانەت کەسێکی وەک فۆکۆیاما کە رۆژێک نەزەریە پەردازی ڕاست ترین باڵی سەرمایەداری بوو، ئهمڕۆ دەڵێ سۆسیالیزم تەنیا ئاڵترناتیوی ڕزگاری بەخشی بەشەریەتە لە سەرجەم قەیرانەکان.
بەشێکی تر لە باسەکانی پلینۆم بۆ بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەرخان کرا و لەم بوارەدا، پلینۆم لەسەر سێ بابەتی فەلەستین، سوورییه و عێراق لێكۆڵینهوهی کرد.
فەلەستین کۆنترین ناوهندی قەیران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاسته کە ئاسۆیهكی روونیش بۆ چارەسەر بوونی عادڵانەی له بهردهم نییه. بزوتنەوەی ناسراو بە” ڕێپێوانی گەڕانەوە” کە لە مانگی خاکەلێوەی ڕابردوەوە لە لێوارەی غەزە دەستی پێکرد، سەرەڕای وەحشیگەریەکانی دەوڵەتی ئیسڕائیل و زیانی گیانی قورسی هێشتا هەر درێژەی هەیە. ئامانجی ڕێکخەرانی ئەم حەرەکەتە ئهوهیه كه ڕێگا نهدهن ههستی بێ هیوایی، بههۆی شكستهكان بهسهر جهماوهری خەڵکدا زاڵ بێت. لەم حەرەکەتەدا تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٦ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. لە بەرەی دەوڵەتەکاندا لە لایەکەوە دوژمنانی سەرسەختی وەک دەوڵەتی ئیسڕائیل و ئیدارەی ترامپ دەبینین و لە لایەکی دیکەوە دۆستانێکی ڕیاکاری وەک دەوڵەتانی تورکیە و کۆماری ئیسلامی و قەتەر هەن. درووشمهكانی بێ ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامیی نە تەنیا گرێیەکی لە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی فەلەسەتین نەکردووهتەوە، بەڵکوو بەکردەوە بیانووی سەرکوتی زیاتر و وەحشیانە تری داوەتە دەژمنانی سەر سەختی خەڵکی فەلەستین. دەوڵەتی تورکییە لە مەسەلەی فەلەستین وەک ئامرازێک بۆ پەرەدان بە نفوزی خۆی لە وڵاتانی موسڵمان نشیندا کەڵک وەردەگرێت و تا ئێستا چكۆلهترین كاریگهری لهسهر كهم كردنهوهی ڕهنج و ئازارهكانی ئهم خهڵكه نهبووه. ئامانجی دەوڵەتی قەتەریش حوزور و ئامادە بوون لەم کانونانەی قەیران دایە بە سەرف کردنی بڕێک هەزینە بۆ بەهرەبەرداریەکی سیاسی بەرتەسک و لێژكردنی پێگهی كۆماری ئیسلامیی.
بەڵام بزوتنەوەی فەلەستین لە ناخی خۆشیدا خاوەنی یەک پەیکەری یهكگرتوو نییە و لانیکەم دوو پارچهیه. گوروپە ئیسلامیەکانی حاکم لە لێوارەی غەزە و سازمانی ئازادیبەخشی فەلەستین لە کەرانەی رۆژئاوا هەردوکیان بێ هیوایانە، دوو سیاسەتی جیاواز پەیڕەو دەکەن. نە لێىڕاوی سازمانە ئیسلامیەکان و نە سازشکاری سازمانی ئازادیبەخشی فەلەستین، هیچکامیان لە ڕاستای کەم کردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خەڵک و نیشان دانی ئاسۆیەکی روون بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، کەم کردنەوەی هەژاری وفەلاکەتی دانیشتوان و گهیشتنی خهڵك به مافی دیاری كردنی چارهنووس، سەرکەوتوو نەبوون. لە وەها بارودۆخێکدا، لەگەڵ ئەو جۆرە دوژمنانەدا و بە بوونی ئەو دۆستە ڕێاکارانە و بە بزوتنەوەیەکی بەم شێوەیە چەند پارچە، تەنیا ئاڵوگۆڕی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و جیهانی بە قازانجی بەرەی عەداڵەت و سۆسیالیزم دەتوانێ گرێپوچکەی مەسەلەی فەلەستین بکاتەوە. به بوونی ئەم ئێسکی نێو برینە، ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست هەروا لە ناوەندی کێشمەکێشە جیهانی و ناوچەییەکاندا دەمێنێتەوە.
دەوڵەتانی یاریکەری گۆڕەپانی سیاسی لە سوورییه و هێزە کۆنەپەرستەکانی سەربەوان لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردودا هەتا توانیان لە گیان و ژیانی خەڵک هەزینەیان کرد و وڵاتیان وێران كرد و بە ملیۆن خەڵکیان تووشی ئاوارەیی لە نێوخۆ و لە دەرەوەی سنورەکان كرد. ئهمڕۆ ئهگهرچی تێکهەڵچونەکان بە تەواوی کۆتاییان نەهاتوە بەڵام تا ئاستێک هێور بوونەتەوە و سەرانی هێزە دەرگیرەکان، هەرکامە و بە پێی ڕادهی جەنایەتێک کە کردوویانه، بەشوێن بەش بردن لە داهاتوی سیاسی ئەو وڵاتەدان. دەربیجەیەک له هیوا بهرهو ڕووناكی كه لە ئاکامی بزوتنەوەی رۆژئاوا، بە رووی ژیانی بەشێک لە خەڵکی سوورییهدا کرابۆوە، هێشتا لە ژێر مەترسی پیلان گهلێكی ئاشکرا و شاراوە دایه.
بەڵام یاریکەرانی سەرەکی سیاسی سوورییه هەرکامیان لە چ پێگەیەک دان؟ کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ئیسڕائیل و ئەمریکا و تەنانەت روسیەی هاوپەیمانیدا، ناچارە ئەم ناوچەیە بەجێ بێڵێ و تەنیا هیوای بۆ کاریگەری دانان له داهاتوو، هاوپهیمانی لهگهڵ حیزبوڵڵای لوبنانە. دەوڵەتی تورکییە هەوڵ ئەدات کۆریدۆرگهلێك له سنوورهكان بۆنێو خاكی سوورییه بکاتەوە. ئهمڕۆ ئێدلهب، دوێكه و عەفرین و سبەینێ مهنبهج و کۆبانی. لە کۆتاییدا ئامانجی دەوڵەتی تورکییە دروست کردنی پشتێنەیەکی بەناو ئەمنیەتیە لە سەرتاسەری سنوری ٥٠٠ کیلۆمیتری سوورییه لەگەڵ تورکیەدا. ئەم نەخشەیە بەر لە هەر شتێک بەرتەسک کردنەوەی بزوتنەوەی رۆژئاوایه، کە بۆتە دڕكێك لە چاوی دەوڵەتی تورکییەدا كردووهته ئامانج. بەڵام وەها تەرحێک بەکردوە دەرنایەت مەگەر بە تەوافوق و هاوکاری دەوڵەتی ئەمریکا کە بە تایبەت زاڵ بوون بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فوڕاتی بۆ خۆی بە زهمانهت كردووه. دەوڵەتی ئەمریکا کە بەبێ هێزەكانی پاراستنی گهل له بزوتنەوەی ڕۆژئاوا نەیدەتوانی شەڕی داعش بکات، ئهمڕۆكه کە شەڕ لەگەڵ داعش هێور بۆتەوە، بەرژەوەندی خۆی لە هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیەدا دەبینێ. دەوڵەتی ئەمریکا بە هەزینە کردن لە پێوەندیەک کە لەگەڵ بزوتنەوەی رۆژئاوا هەیەتی، هەوڵ ئەدات سارد بوونەوەی پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ تورکییە قەرەبوو بکاتەوە و پێش به لێک نزیک بوونەوەی زیاتر ڕووسییە و تورکییە بگرێت. ڕووسییه پێگهی خۆی لە ڕێگای پاراستنی ڕژیمی بەشار ئەسەدەوە، لە ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری فوڕات قایم تر کردوە و بنكهی دەریایی ستڕاتێژیکی خۆی لە لێوارەکانی دەریای مەدیتەرانەدا پاراستوە. ئێستا ئیتر هەموو لایەنەکان ڕژیمی بەشار ئەسەد بە ” دەوڵەتی سوورییه” ناودەبەن. لەم نێوانەدا عەرەبستانی سعودی کە لە فازی نیزامیدا دۆڕاوی شەڕی نیابەتی بوو، ئێستا بە پارەی خۆی، بە بیانوی ئاوهدان کردنەوەی وێرانەکان سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە گۆڕەپانەکە. بەم شێوەیە دەبینین کە ئارامیەکی ڕێژەیی لە بەرەکانی شهڕدا هنێشتا بە واتای گەڕانەوەی خەڵکی لێقهوماوهی سوورییه و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ژیانیان نییە. وا پێ دهچی كه خهڵكی سوورییه له كورت ماوهدا، دهورهیهكی نهشهڕ، نهئاشتی تهجرووبه بكهن.
سەبارەت بە بزوتنەوەی رۆژئاوا پلینۆم ئەساسەن لەسەر دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە لە بواری دامەزراندنی حاکمیەتی خەڵکی و بە یاسایی کردنی بەرابەری ژن و پیاو و سوننەتە دیموکراتیکەکانی تر کە جێگیر بوون، جەختی کردەوە. له ڕاستیدا دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکان بە پیلان گێڕی و گوشاری نیزامی و هیتر بە هاسانی لە خەڵکی ئەو ناوچەیە وەرناگیرێنەوە.
باسێکی تری پلینۆم لە چوارچێوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەبارەت بە عێراق بوو. لە عێراق بەم دواییانە هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو کە بەرەو رووی بایکۆتی تاڕادەیەک بەرین بووه و هاوكات تهزویری زۆری تێدا كرا. ئەگەرچی سەرئەنجام بەڕواڵەت بەپێی ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی دەسەڵات لەنێوان باڵ و حیزبە جۆراو جۆرەکاندا دابەش کرا، بەڵام ئەوە گشت واقعیەتەکە نییە. گومانی ئەوەی کە لە عێراقدا دێمۆکراسییەکی مۆدێلی رۆژئاوایی لەسەر بنەمای نیزامێکی پارلمانی، لە ئارا دایە، خۆش خهیاڵییه. هێشتا میلیشیای چەکدار، پارە و ڕێكخستنی شێوە مافیایی بەسەر ڕواڵەتی رۆژئاوایی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا زاڵە. خەڵکی سوننی مەزهەب، هەروا لە پەڕاوێزی دەسەڵاتدان. لەنێو ئەواندا تهنیا کەسانێک کە بە تەماعی دەسەڵات و سەروەت لەگەڵ حیزبە شیعە مەزهەبەکان کەوتون، پۆست و پلەوپایەیان دەستکەوتوە. شار و ناوچەکانی ژیان لە ماوەی شەڕەکانی ئەم دواییدا بوونهته وێرانە. هێشتا بەشێکی زۆر له خهڵك تەنانەت ڕێگهیان پێ نادهن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و ماڵە وێران بووەکانیان. لە شارێکی گەورەی وەک موسڵ هێشتا هێزەکانی حەشدی سەعبی بەسەر خەڵکدا حکومەت دەکەن. هێشتا پاشماوەکانی داعش ڕیشەکێش نەکراون و ئهگهری سەرهەڵدانەوەیان لەژێر ناوێکی تردا بههێزه. ئەو برینانەی کە داعش و ڕژیمی مەزهەبی لە جەستەی کۆمەڵگایاندا، بە هاسانی سارێژ نابنەوە، بەڵام بە هەر ڕادەیەک کە ژیان ڕەوتی ئاسایی بەخۆیەوە بگرێت، ناڕەزایەتیی لەو ناوچانەشدا سەر هەڵئەدەن. لە عەینی حاڵدا حەرەکەت و ناڕەزایەتی لە ناوچەکانی باشوری عێراقیش ئەحزابی حاکمیان خستۆتە ژێر گوشارەوە. کاردانەوەی ئەم حیزبانە سەرکوتی توند و تیرۆری سیما ناسراوەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە بووه.
هەڵبژاردنی ئەم دواییە لە ههرێمی کوردستانیش کەم و زۆر هاوشێوەی باقی ناوچەکانی عێراق بووە. هەر ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا ئەحزابی سوننەتی حاکم هەروا لە پێگەی دەسەڵات دان. ئەگەرچی هێشتا حکومەتی نوێی ههرێم پێکنەهاتوە، بەڵام لەم دەورەیەشدا چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێک لە پێکهاتە و ناوەرۆکی بەڕێوەبردندا ناکرێت و لە کوردستانیش دەرگا لەسەر هەمان پاژنەی پێشو دەسوڕێتەوە. لە پێوەند لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیشدا له باشترین حاڵهت دا، ئهو پێوهندیه لە چوارچێوەی یاسای فیدڕاڵدا تەنزیم دەکرێت. لە یەک مانگی ڕابردوودا بههۆی پهرهسهندنی هەژاری و بێکاری لە کوردستانی ئێران، بە هەزاران کرێکار رویان کردۆتە هەرێمی کوردستان و بە لەبەرچاو گرتنی باشتر بوونێکی ڕێژهیی کە لە بارودۆخی ئابووری حکومەتی هەرێمدا هەیە، هەوڵ ئەدەن ئەگەر بە کەمترین حەقدەستیش بووە کارێک بۆخۆیان بدۆزنەوە.
پلینۆمی کۆمیتوی ناوەندی کۆمەڵە لە درێژەی باسەکانیدا هاتەسەر لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی ئێران. خاڵە سەرەکیەکانی ئەم باسە بریتی بوون لە:
١ – کۆماری ئیسلامی توشی کۆمەڵێک قەیرانی توندی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆتەوە کە بۆ چارەسەر کردنیان هیچ ستڕاتێژی و ڕێگاچارەیەکی روونی نییە. کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی بۆرژوایی ناکارایە، نوقمە لە گەندەڵی ماڵی و ئیداریدا. سیاسەتی ئەم ڕژیمە کە زهمانهتی مانەوەی خۆی لە دخاڵەت کردن لە وڵاتانی ناوچەکەدا دهدیتهوه، بەرەوڕووی شکست بۆتەوە. ئەگەر لە ڕابردودا دروست کردنی قوڵایی ئەمنیەتی لە ناوچەکەدا، زەرورەتی مانەوەی ڕژیم بوو، ئهمڕۆ كه بۆتە خاڵی لاوازی. لە وەها بارودۆخێکدا حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە پشتی بە هێزی سەرکوت بەستوە و لەلایەکی دیکەوە بەم هۆکارەیە کە هێشتا ئاڵترناتیوێک لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لە بەرانبەریدا شکڵی نەگرتوە.
٢ – گەمارۆی ئابووری و گوشارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامی، بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئاستی زێدەخوازیەکانی ئەم ڕژیمە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەم گوشارانە كه زیاتر ئابوورین، کارکردی دوو لایەنەی هەیە. لە لایەکەوە دەبێتە زیاتر بوونی هەژاری، بێکاری، تەوەڕوم، بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری نرخی کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی توێژی چەوساوە و هەژاری کۆمەڵگا، و لە لایەکی دیکەوە ڕژیمیش دەخاتەژێر گوشاری ئابووریەوە. سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت بۆ دابین کردنی سیستمی ئیداری و نیزامی و ئەمنیەتی پڕ خەرجی بەرتەسک دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر ڕەچاو کردنی ئەم گوشارانە بۆ زۆربەی خەڵکی ئێران لە باری بەڕێچوونەوە کارەساتبارە، لە عەینی حاڵدا بە هیچ شێوەیەک بارودۆخێکی لەباریش بۆ پەرەدان بە خەباتی ئەم خەڵکەش لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەدی ناهێنێ. بەم جۆرە کرێکاران و جەماوەری بێبەش و زۆرلێکراو لە دوولاوە لە گوشارە ئابووریەکانی ئەمریکا زەرەر و زیان دەبین. لە لایەکەوە توشی ئاسەواری کارەساتباری سەرچاوە گرتو لەم گەمارۆیانەوە دەبن و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ بارودۆخێکی نالەبار لە خەبات لەگەڵ ئەم ڕژیمەدا بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ژیانیان، بەرەو روو دەبنەوە. ناڕەزایەتی بەرینی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردو لە بارودۆخێکدا روویاندا کە هێشتا خەبەرێک لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و سزا ئابووریەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی لە ئارادا نەبوو. گەلێک نمونە بوونیان هەن کە نیشانی ئەدەن، گەمارۆ ئابووریەکان نابنە هۆی رووخانی ڕژیم، بەڵکو بە پێچيوانە، بە ڕژیمە سەرکوتگەرەکان ئیمکانی ئەوە ئەدات بە فریوکاری و مەزڵوم نمایی خەتاکان بخەنە ئەستۆی دەستی دەرەکی و لە کاریگەری ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان کەم بکەنەوە.
٣ – کۆماری ئیسلامی بژاردەی زۆری بۆ دەوردانەوەی تەحریمەکان لەبەردەمدا نییە. لە کەلێنەئابووری و سیاسیەکانی نێوان زل هێزە جیهانیەکاندا جێگایەکی زۆر بۆ مانۆڕدانی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە. لەنێوخۆی وڵاتدا بونگا ئابووریەکانی چالاکیش یەک لەدوای یەک دادەخرێن، بەبێ ئەوەی کە حقوقی دوا خراوی کرێکارانی بێکارکراویش درابێت. بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کە کارا ترین بەشی ئابوورییە لە ئێران، بە لەبەرچاو گرتنی وشکە ساڵی و سیاسەتە وێرانگەرە دەژی ژینگەییەکانی ئەم چەند دەیەی دوایی ڕژیم، کەم بۆتەوە و بە ئاڕاستەی ڕکودێکی قوڵدا دەڕوات. بە گشتی دەکرێ بوترێت کە ئابووری ئێران لە بهردهم لێک هەڵوەشان دایە. سەرمایە دەرەکیەکان لە ئێران دەرچوون و سەرمایەی نێوخۆییش لە گۆڕەپانی بەرهەمهێنان دەرچوون و روویان کردۆتە توجارەت و بازرگانی. بە لەبەرچاو گرتنی گشت ئەمانە، کۆماری ئیسلامی ناچارە کە لە بەرانبەر ئەمریکادا پاشکەشە بکات. هەڵبەت سروشتیە کە هەوڵ ئەدات تا ئەم پاشەکشەیە بە کەمترین مەترسی تێپەڕێنێ. هەوڵ ئەدات کە خاڵە لاواز و بێ تواناییەکانی لە خەڵک بشارێتەوە. هەوڵ ئەدات گومان و ڕاڕایی ڕیزی لایەنگران و هێزە سەرکوتگەرەکانی دانەگرێت. هەوڵ ئەدات کە نە تەنیا خەڵکی ئێران، بەڵکو ئەمریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییش، لە شۆڕش و یان لە بە سوریە بوونی ئێران بترسێنێ.
٤ – بەڵام پاشەکشە کردن لەبەرانبەر ئەمریکاشدا گرفتی بنەمایی ئەم ڕژیمە چارەسەر ناکات. قەیرانی ئابووری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تەحریمەکانی ئەمریکادا بەدی نەهاتون و بە لاچوونی ئەم گەمارۆیانەش چارەسەر نابن. ناڕەزایەتی مانگی بەفرانباری ڕابردو وە مانگرتن و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە شاریەکان بەدوای ئەو بارودۆخەدا دروست بوون کە هێشتا گەمارۆکان ڕەچاو نەکرابوون و پێوەندی وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر بنەمای تەوافوقی بەرجام دەچووە پێش. کۆماری ئیسلامی دوای کودتای هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٨ ڕەوایەتی خۆی لای دەنگدەران لە دەست دا، و لە مانگی بەفرانباردا خەڵکی وەگیان هاتوو لە هەژاری و بێکاری و گەندەڵی حاکمیەتی ڕژیمیشی بردۆتە ژێر پرسیارەوە. لە ڕاستیدا لە مانگی بەفرانباری ڕابردوەوە کۆمەڵگای ئێران چۆتە نێو فازێکی تازەوە. قۆناغێک کە خەڵکی ناڕازی لە کرداری سەرکەتگەرانەی ڕژیم ناترسن، هیوایان بە ئیسلاحی ڕژیم نییە و داخوازی و داواکاریەکانیان بە شێوەیەکی جیدی پەیگیری دەکەن.
٥ – خەباتی کرێکاری و جەماوەری ئەم مانگانەی دوایی ئەگەرچی لە دەوری ویست و داخوازیە دیاری کراوەکان و هێندێک جاریش بە شێوەی بەرتسک بەڕێوەچوون، بەڵام لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆی لە باری دروشمەکانەوە، لەباری پێکهاتەی بەشداران، لە باری تاکتیک و شێوازی ناڕەزایەتی و لە باری هاوئاهەنگی و سەرتاسەری بوون، ڕەوتێکی بەرەو کامڵ بوون و روو لە پێشیان بووە. مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتەکانی سەربە ڕێگای ئاسنی سەرتاسەری، مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران، مانگرتنی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە پاڵ دەیان حاڵەتی تر لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی شێلگیرانەی تردا، لە نمونەکانی دەستپێکی وەها ڕەوتێکن. لە نێوخۆی ئەم حەرەکەتە کۆمەڵایەتیەدا، ڕێبەرانێکی کارا پەروەردە ئەبن و دەبنە خاوەنی ئەزمونی زیاتریش. لە ناخی ئەم بزوتنەوانەدا تەشەکولی جەماوەری تر پێکدێن. بوونی ئەم جۆرە تەشەکولانە بوارە مادیەکانی پەرەگرتنی تەشەکولی سیاسی ڕادیکاڵ فەراهەم دەکەن.
٦ – لەگەڵ گشت ئەمانەدا هێشتا ناکرێ بوترێت کە کۆمەڵگای ئێران پێی ناوەتە نێو بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانەوە. بەڵام بێ توانایی کۆماری ئیسلامی لە وڵلامدانەوە بە داخوازی زۆربەی خەڵک، زەمینگیر بوونی هێزە سەرکوتگەرەکانی، شپرزەیی لەنێو ناوەندەکانی سەروەی ڕژیمدا، بەرز بوونەوەی رۆحیەی ناڕەزایەتی و جسارەت و بوێری بەرەو روو بوونەوەی خەڵک لەگەڵ دوژمن، گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەڵکی چەوساوە و بێبەش، کۆمەڵگای ئێرانی لە سەرهەڵدانی وەها بارودۆخێک نزیکتر کردۆتەوە.
٧ – روخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی گرێدراوە بە شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوێکی سۆسیالیستیەوە. بەڵام ئاڵترناتیوی سۆاسیالیستی لە غیابی بزوتنەوەی عەینی چینی کرێكار و بەبێ هاوڕێیەتی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیە و لە دەرەوەی ئەودا پێکنایەت. لەم پێوەندەدا خەباتی ئێستا لەدەوری داخوازیە دیاری کراوەکاندا گرنگیەکی چارەنووس سازی لە شکڵ گرتنی ئەم ئاڵترناتیوەدا هەیە. ئاڵترناتیو بە بێ وشیاری، ڕێىەری و سازمان دانامەزرێت. چارەنووسی ئاخیزە شۆڕشگێڕانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی لە چەند بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئافریقا، جێگای لێ فێر بوونە. بۆ نمونە لە میسر نارەزایەتیەکی بەرینی کرێکاری لە ئارادا بوو. دروشمەکان ڕادیکاڵ و پێشڕەو بوون و لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵاتیەکانەوە گشتگیر دەبوون. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بزوتنەوانە دەرفەتی ئەوەیان نەبوو تا سازمانی بەرین و ڕێبەری خۆیان پێکبێنن، لە کۆتاییدا مەیدان بۆ ئیخوان موسلمین کە سازمان و ڕێبەری خۆی هەبوو درا. لە فازی دواتریشدا بینیمان کە ئیخوانەکان بە وەسیلەی ئەڕتەش، کە ئەویش سازمان و ڕێىەری خۆی هەبوو لە کورسی دەسەڵات کێشرایە خوارەوە. بۆ ڕەوتێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست لە ئێرانیش وەک هەر جێگایەکی تر، ڕێگایەکی کورت تر لەوە بوونی نییە. پرۆسەی شکڵ گرتنی سازمان و ڕێىەریەک کە مەقبوڵیەت و مەشروعیەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکات، پرۆسەی دروست کردنی ئاڵترناتیوی سۆاسیالیستیە. پرۆسەیەک کە لەگەڵ دروست بوونی بارودۆخی شۆڕشگێڕانە، لە ماوەیەکی کەم تردا بە ئاکام دەگات.
٨ – بەڵام ئەوە تەنیا هێزە سۆسیالیستەکان و شۆڕشگێڕان نین کە بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی هەوڵ ئەدەن. کۆمەڵێک هێز لە بۆسەدان تا پرۆسەی گەشە و پەرەگرتنی شۆڕش و شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوی ڕادیکاڵی ئەم ڕژیمە لە نیوەی ڕێدا پەک بخەن. لەم روەوە کۆمەڵێک ئاڵترناتیوی جۆراوجۆر دەتوانن بۆ جێگرەوەی ئەم ڕژیمە دروست بن. سپای پاسداران بە دروست کردنی ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لە پێکهاتەی دەوڵەتی و ئیدئۆلۆژی ڕژیمدا، یەکێک لە ئامرازەکانی سازماندراو بۆ داسەپاندنی وەها بارودۆخێکە. دخاڵەتی دەرەکیش دەتوانێ ببێتە هۆی بە هێز بوونی باڵەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی. ئەوە ڕاستە کە دەوڵەتی ئەمریکا لەمرۆدا نەخشە و پلانی روخاندنی کۆماری ئیسلامی لەسەردا نییە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کاتێک ڕژیمی ئێستا لە بارودۆخی ڕوخاندا ببینێ، بۆ جێگرەوەکەی خەریکی دروست کردنی ئاڵترناتیوی جێی سەرنجی خۆی نابێت.
پلینۆم لە ئاخرین بەشی باسەکانی لە ڕاپۆرتی سیاسیدا چووە سەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە کوردستانی ئێران. لەم پێوەندەدا ئەو خاڵە سەرەکیانەی قسەیان لەسەر کرا بریتی بوون لە:
١ – لە ماوەی ئەم مانگانەی دواییدا و لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا کوردستانیش وەک باقی شوێنەکانی ئێران، یەکێک لە ناوهندهكانی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری بوو. شارەکانی کوردستان لەگەڵ مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداراندا هاوڕێیەتی کرد. بانگەوازی مانگرتنی مامۆستایان لە لایەن موعەلیمانی کوردستانەوە وڵامی شیاوی وەرگرتەوە. مەڕاسمی شکۆداری ناشتنی گیانبەختکردوانی ژینگەپارێز، شەریف باجور و هاوڕێکانی لە مەریوان کە بوو بە ماڕشێکی سیاسی ڕادیکاڵ و پێشەڕەو و چەند رۆژ دواتر کۆبوونەوەی خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە لە یەکێک لە پارکەکانی شار و ڕێپێوانی دوایی بۆ ڕێزگرتن لەم گیانبەختکردوانە، لە نمونە بەرچاوەکانی حوزوری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشڕەودا بوو. بەڵام خاڵی دەروشاوەی خەباتی خەڵکی کوردستان لەم دەورەیەدا وڵامی یەک پارچە و لێىڕاوانەی بوو بە بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە لایەن هێزە سیاسیەکانی چالاک لە کوردستانەوە. ئەم حەرەکەتە وڵامێکی لێىڕاوانە بوو دژ بە ئێعدامی زیندانیانی سیاسی ڕامین، زانیار و لوقمان و هەروەها هێرشی موشەکی بۆسەر پێگەکانی هەردوو حیزبی دیموکرات. ئەم حەرەکەتە درەوشاوە، نیشانیدا کە لە کوردستان ئەوە تەنیا هەڵچوونی خێرا و قینێکی پۆنگخواردو نییە کە لەنەکاو هەڵدەچێت. لێرە وشیاری، ئەزمون، سازمان و ڕێبەرییە کە کاردەکات. ئەم حەرەکەتە جارێکی تر نیشانی دا کە کوردستان کۆمەڵگایەکی حیزبییه و لەم بارەیەوە زەرفیەتەکانی ئەم کۆمەڵگایەی بۆ کاریگەری دانان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی داهاتو لە ئێرانی بە هەموان نیشاندا.
پلینۆم لە درێژەی باسەکانیدا لەسەر ئەولەویەتە دیاریکراوەکان لە پلینۆمەکانی پێشودا سەرلەنوی جەختی کردوە و ڕادهی بەرەو پێشچوون لە بوارە جۆراو جۆرەکانیدا هەڵسەنگاند. ئەم ئەولەویەتانە بە کورتی برتی بوون لە:
پتەوتر کردنی پێگەی کۆمەڵە لە ڕێبەریی خەبات لەدژی ستەمی نەتەوایەتیدا بە پشت بەستن بە ” بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداری جەماوەی”، ” ستڕاتێژی کۆمەڵە لە بزوتنەوەی کوردستاندا” دا و پەسند کراوەکانی گۆنگرەی ١٧ ی کۆمەڵە، بەشداری کردنی چالاکانە لە خەباتی ڕۆژانهی جهماوهری دا، شکڵدان بە جەمسەرێکی چەپ و سۆسیالستی لە کوردستان، پەرەدان بە تەشکیلاتی حیزبی بە تایبەت لە کارگا و لە شوێنە کرێکاریەکان، بردنەسەری زەرفیەت و توانایی تەشکیلات بۆ ڕاکێشانی لاوانی شۆڕشگێڕ و كۆمۆنیستی چالاک لە زانکۆکان، لە نێو مۆعهلیماندا، لە شوێنە فەرهەنگییە پێشکەوتو و پێشڕەوەکاندا، بەهێز کردنی هاوپشتی و وەحدەتی حیزبی لە ههموو ئاستێكدا، پەرەدان بە چالاکیەکانی نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، کەڵک وەرگرتنی باشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئامادەیی پێویست بۆ نواندنی دەورێکی کاریگەر لەئەگەری سەرهەڵدانی هەر بادودۆخێکی نالەباردا.
٢ – یەکێک لە ئەولەویەتە دیاری کراوەکان لە پلینۆمی پێشودا هەوڵدان بوو بۆ شکڵدان بە جەمسەرێکی چەپ لە کوردستان. ئامانج ئەوە بوو کە سەرجەم هەڵسوڕاوانی چەپ و کومونیست لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات کە دەیانەوێ لە زەرفیەتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا دەور بنوێنن و لە ئێستادا ئەندامی هیچ حیزب و تەشکیلاتێکی سیاسی دیاریکراویش نین یان لەگەڵ سازمانە سیاسیەکانی چالاکی چهپ لە کوردستان، لەسەر پرۆژەیەک کە بە هاوبەشی ئامادە کرابێت، لە دەوری یەک کۆببنەوە و تواناییەکانیان بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داندراو، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا بخەنە گەڕ. لەم پێوەندەدا لە ماوەی نێوان دوو پلینۆمدا، کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هێندێک کاری دیاریکراوی کردوە. بۆ روون کردنەوەی ئامانجەکانی ئەم حەرەکەتە بەزوویی سمینارێک لە دەرەوەی وڵات لەژێر ناوی:” کوردستان، بزوتنەوەی چەپ و ئاڵترناتیوی سۆاسیالیستی”، بەڕێوەدەچێت، نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات ئەم سمینارە ڕێکدەخات. لەم سمینارەدا داوا لە سازمانە چەپ و سۆسیالیست و کەسایەتی و هێزە چالاکە چەپەکان لە کوردستان دەکرێت تا بۆچوونەکانیان لەم بوارەدا لەگەڵ یەکتر بێننە گۆڕێ. لەگەڵ ئەوشدا دواتر چەند گوروپ و سازمانی چالاک لە کوردستان لەوانە کۆمەڵە، سازمانی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە، شاخەی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی کرێکاری- حیکمەتیست، شاخەی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی کرێکاری ئێران و گوروپی موبارزانی کومونیست، بە هاوبەشی لە دەرەوەی وڵات کۆنفڕانسێک هەر بەم ئامانجە بەڕێوە دەبەن و هەوڵ ئەدەن بگەنە بەڵگە و نەخشە عەمەلێکی هاوبەش لەم بوارەدا.
٣ – تەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە کوردستانی عێڕاق یەکێک لە مەیدانە گرنگەکانی چالاکی کۆمەڵەیە. پاراستن و بەهێز کردنی ئەم ناوەندە بەردەوام یەکێک لە ئەولەویەتەکانی ئێمە لە دەورە جۆراو جۆرەکاندا بووە. بەڵام لە ههمان كاتدا لە پلێنۆم جارێکیتر جەخت کرایەوە کە بە حوکمی بارودۆخی عەینی سیاسی، وێڕای بەهێز کردن و پاراستنی سیمای کۆمەڵە وهكوو هێزێكی سیاسیی كه باسكی چهكداری ههیه، به پێی ئیمكاناتی ئهم دهورهیه، وتنی ئەم ڕاستیەش پێوستە کە ماوەیەکی زۆرە کوردستانی عێراق وەک پشتی جەبهەی چالاکی نیزامی ئێمە بە حیساب نایەت. ئەو حیێزبانەی کە لە دیاری کردنی ستڕاتێژی نیزامی خۆیاندا ئەم ڕاستیەیان لەبەرچاو نەگرتوە، نە تەنیا دهسكهوتێكیان نهبووه، بەڵکو هەم خۆیان زهربهیان خواردووه و هەم ئیمکانی ئەوەیان داوەتە ڕژیم تەبلیغاتێکی ورە شکێنانە لەنێو بەشێک لە خەڵکی کوردستاندا پەرە پێبدات.
پلینۆم لە بەشی سەبارەت بە ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەری کۆمەڵەی لە پێوەند لەگەڵ کاری ئورگانەکانی جێگیر لە هەرێمی کوردستان، چالاکیەکانی کۆمیتەی ڕێکخەری تەشکیلاتی ناوەوەی وڵات، نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات و بڵاوکراوەی پێشڕەوی دایە بەر باس و هەڵسەنگاندن و بۆچوون و پێشنیاری جۆراو لە ڕاستای باشتر کردن و بردنە سەرەوەی چەندایەتی و چۆنایەتی چالاکیەکان پێشکەش بە کومیتەی ڕێبەری کران. کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی لە باسەکانی پێوەندیدار بە دابهش كردنی كاری نێوخۆی كومیتەی ناوەندی، کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی دیاری کرد و بەم جۆرە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
کومیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
خەزەڵوەری ١٣٩٧
نۆوامبری ٢٠١٨