کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە ” بەشی دووهەم و کۆتایی”

پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردروای کۆنگرەی ١٦، رۆژی شەممە ٢٢ ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ بەرابەر لەگەڵ ١٢ ی نۆوامبری ٢٠١٦ بەڕێوەچوو. لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵەدا بە پلینۆم و باسەکانی سەبارەت بەو، چووە سەر گرنگترین فاکتۆڕەکانی بەیان و روون کردنەوەی بارودۆخی ئێران و کوردستان لە مەودای نێوان دوو پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا. دواتر به‌مه‌به‌ستی ڕووبوونه‌وه‌ی بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، قسە و باس له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی لە بەشە جۆراو جۆرەکانی کوردستان، عێڕاق، سوورییە و تورکییە کرا.

بە شێک لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی و باسەکانی پلینۆم تەرخان کرا بۆ ئاخرین ئاڵوگۆڕەکانی بارودۆخی کوردستانی ئێران. ئەگەر لە ئاستی سەرتاسەریدا ڕەوتی بێکار سازییەکان و بوونی زیاتر لە حەوت میلیۆن و نیو بێکار، قەیرانی بێکاری کردۆتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی و گەشەی ئاوسان و بەرزتر بوونەوەی نرخەکانی پێداویستی ڕۆژانەی ژیان هەموو رۆژێ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵك بەرەو ژیان بەسەربردن لەژێر هێڵی هەژاریدا پاڵ پێوەدەنێت، لە کوردستان ئەم بارودۆخە ئاستێکی گەلێک خراپتری بە خۆیەوە گرتوە. شاری کرماشان بەرزترین نرخی بێكاری لەنێو شارەکانی ئێرانیدا هەیە و لە شاری سنە و باقی شارەکانی دیکەی کوردستانیش نرخی بێکاری رووی لە زیاد بوون بووە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا هەژاری و حاشیە نشینی پەرەی سەندوە و خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕادە بەدەرن. بەم حاڵەشەوە ئەم کۆمەڵگایە پڕ جۆش و خورۆش و جوڵەیە. ناڕەزایەتی خەڵکی مەریوان لەدژی قەدەغەکرانی لێخوڕینی دووچەرخە بۆ ژنان، ناڕەزایەتی ئەوان لەدژی نائەمنی جادەکان و ئاوڕ نەدانەوەی کاربەدەستانی حکومەتی لەم مەسەلەیە کە نمونەی دیکەیمان لە شاری پیرانشار بینی و هەروەها ئەو کەمپەینانەی کە بۆ دیفاع لە ژینگە کە لە شارە جۆراو جۆرەکانی کوردستان دەکەوێتە ڕێ دەرخەری ئەو زەرفیەتانەی خەباتن کە حازر و ئامادە لەم کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە.

لەسەر به‌ستێنی ئەم بارودۆخە و سەرنج دانان لەسەر ئەم ڕاستیە کە لەم ساڵانەی دواییدا پشتیوانیە ماڵیەکانی دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی لە ڕەوتە ئیسلامیە سوننیەکان لە شێوەی توندڕەو و میانەیدا پەرەی سەندوە، ڕەوتی به‌ ڕواڵه‌ت ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی سوننی لایەنگری ئەحمەد موفتی زادە لەم مانگانەی دواییدا جۆڵەیەکی زیاتریان لە خۆیان نیشانداوە. سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەم ئامانجەی کە لاوانی کوردستان لە کۆمەڵە و لە هەموو جۆرە بیر و بۆچونێکی پێشکەوتن خوازانە و پێشرەو بە دوور بگرێت بە ئاشکرایی چاوپۆشی لە چالاکیەکانی ئەم گوروپە دەکەن. لەم روەوە ئەم باڵە لە ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی ئێران وەک کۆسپێک نابینێت لەبەردەم بەرەو پێش چوونی سیاسەتەکانیدا. ئەم ڕەوتە چالاکیەکانی زیاتر لە پەڕاوێزی شارەکانی باشوری کوردستاندا چڕ کردۆتەوە. ئەم ڕەوتە وێڕای بەرینتر کردنەوەی چالاکیە ئابووریەکانی و دامەزراندنی کۆمەڵێک شیرکەتی بیناسازی و دامەزراوەی بەرهەمهێنان بە وەڕێخستنی کلاسەکانی دەرسی ئینگلیسی و ئاموزشی مۆسیقی و ئامادە بوون لە بوارە جۆراو جۆرەکانی فەعالیەتی فەرهەنگیدا هەوڵ ئەدەن کە پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بەرینتر بکەنەوە. لەوێوە کە گەشەی ئەم جۆرە جەریانە وەک پاشەکشەی سیاسی و فەرهەنگی بۆ کۆمەڵگای کوردستان بە حێساب دێت و دەتوانێ وەک پێگەیەک بۆ دەخاڵەتگەری هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بەکار بێت، تەبلیغاتی ئێمە دەبێ بەرخوردێکی چالاکانەتر لە ڕاستای ئاشکرا کردنی ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەم ڕەوتەدا لە خۆی نیشانبدات و هەڵسوڕاوانی ئێمە لەو شوێنانەدا نابێ بێڵن هیچ مەیدانێکی چالاکیە سیاسی و فەرهەنگیەکان ببێتە شوێنی تەڕاتێن و خۆ دەرخستنیان.861

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەی باسەکانیدا سیاسەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ناردنەوەی هێزی پێشمەرەگە بۆ نێو خۆی لەژێر ناوی دەست پێکدنەوەی دەورەیەکی نوێ لە خەباتی چەکدارانەی دایەبەر باس. پلینۆم جەختی کردەوە کە گرتنە پێشی ئەم سیاسەتە لەلایەن حیزبی دیموکراتەوە بە هیچ شێوەیەک پشت بەستو بە فاکتۆڕە نێوخۆییەکان و هەڵسەنگاندنێکی دیاریکراو لە بارودۆخی سیاسی و مەوقعیەتی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان و پێداویستیەکانی بەرەو پێش بردنی چالاکیە نیزامیەکان نەبووە و لەم روەوە هەروەک پێش بینی دەکرا، بەرەو رووی ناکامی بۆتەوە. گرتنە پێشی ئەم سیاسەتە بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەم فاکتۆڕە واقعیانە و سرنجدانە ئەو تەلەفاتە قورس و زیانبارەی کە بەشوێنیەوە بوو بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو دەرفەتەی خوڵقاند کە ” قەدەرقودرەتی” خۆی پیشان بدات و ببێتە جێی نیگەرانی خەڵک. ئەودیوی دراوی ئەم سیاسەتە خۆش باوەڕی حیزبی دیموکراتی کوردستانە بە ئیمکانی ئاشتی و پێکهاتن لەگەڵ باڵیک لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کوتانی دەهۆڵی ئامادە بوون بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی. ئەم حیزبە و ڕەوتی پەڕاوێز خراوتری ناسیۆنالیزم لە کوردستان لە کاتی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیشی دەیەمدا بەو پاساوەی کە گۆیا لەم هەڵبژاردنە وەک سەکۆیەک بۆ تەرح و هێنانەگۆڕی داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان کەڵک وەردەگرن، بە کردەوە بە ئاڕاستەی ڕەونەقدان بە شانۆیەکی دژی دیموکراتیک بەناوی ” هەڵبژاردن” دا هەنگاویان نا.

ئەم ڕەوتانە، چ له‌ئاست مەسەلەی خەباتی چەکدارانە و چ لە بواری وتووێژ لەگەڵ دوژمندا، فاکتۆڕی جەماوەریان بە تەواوی وەلاناوە. تاکتیکی وتووێژ لەگەڵ ڕژیم بەبێ شکڵ گرتنی هاوسەنگی هێزێک کە تێیدا جەماوەری خەڵک لە خەباتی خۆیاندا، ڕژیمیان ناچار بە هاتنە پای مێزی مزاکرە نەکردبێت، و دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکدارانە بەبێ بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی کاریگەری جەماوەری، تەنیا خزمەت بە تەفرەقەی زیاتر لە ڕیزی هێزەکانی نێو بزوتنەوەی کوردستان دەکات.

بە سرنجدان بەو بۆچونانەی سەرەوە سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە جەختی کردەوە کە چالاکیە روتینەکانی تەشکیلاتی لە سەرجەم بوارەکانی تەبلیغ و تەویج و ڕێکخستندا دەبێ پەرە و گەشەیان پێبدرێت. هەڵسوڕاوانی ئێمە بێجگە لە هەوڵدان بۆ ئاوێتە بوون لەگەڵ مەسایلی کرداری خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ باشتر بوونی بارودۆخی کار و ژیان و یارمەتی گەیاندن بە بەرز کردنەوەی وشیاری چینایەتی و سۆسیالیستی و ڕێكخستیان نابێ لە ئاوڕدانەوە لە باقی مەیدانەکانی دیکەی فەعالیەتی سیاسی و فەرهەنگیدا هیچ بۆشاییەک بێڵنەوە. تەبلیغاتی ئێمە دەبێ وێنایەکی گشت گیر لە مەوقعیەتی چینە کۆمەڵایەتیەکان و بێ ڕەبتی ئامانج و سیاسیەتەکانی ئەحزابی ئوپوزسیۆنی بۆرژاویی لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندیەکانی جەماوەری ستەم دیتو پیشان بدات. کاری تەرویجی و سازماندەهی ئێمە پێویستە ببێتە هۆی پەرەگرتنی تەشکیلاتی حیزبی بە شێوەیەک کە لەگەڵ پیوانە عەینیەکاندا شیاوی هەڵسەنگاندن بێت.

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەی باسەکانیدا ئاوڕی لە ئاخرین ئاڵوگۆڕەکانی پێوەندیدار بە عێڕاق، سوریە و تورکیە دایەوە و لەم پێوەندەدا جەختی لەسەر دروستی سیاسەت و هەڵوێستەکانی کۆمەڵە لە بەرانبەر ئەم ئاڵوگۆڕ و روداوانەدا کردەوە.

پلینۆم لە باسی سەبارەت بە ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، گوزارشی فەعالیەتی کۆمیتەی تەشکیلات ناوەوە و تەشکیلاتی ئاشکرای کوردستانی دایەبەر قسەوباس و هەڵسەنگاندن. وێڕای ڕەخنە گرتن لە کەموکوڕیەکان چووە سەر بەشی هێنانە گۆڕی پێشنیار و ڕێکارەکان بۆ باشتر کردنی ئەم چالاکیانە. کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسی سەبارەت بە تەقسیم کار و ئاڕایشی نێوخۆی کۆمیتەی ناوەندیدا، کۆمیتە و ئۆرگانە جۆرا جۆرەکانی تەشکیلاتی لە جێی خۆیان دانایەوە و کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خەزەڵوەری ١٣٩٥

نۆوامبری ٢٠١٦