شنبه – ۱۳ بهمن – ۱۳۹۷ , 02 – 02 – 2019
بەڵام سەرەڕای ئەم بەرەو پێش چوونانە و ڕەوتی بەرەو کامڵ بوونی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی، هێشتا لەگەڵ دەورەی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانە مەودامان هەیە. قۆناغی ئیعتیلا و سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانە بە هیچ شێوەیەک دیاردەیەکی لەنەکاو نییە. هەمان بارودۆخی دژواری ژیانی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا، هەژاری و بێکاری و حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاریدا و بارودۆخێک کە لەژێر گوشاری سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکاندا بەسەر هەژارانی شاریدا سەپابوو، زەمینە خۆشکەری ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ٩٦ بوو. توند بوونەوەی ئەم بارودۆخە عەینیە بە تایبەت لە حاڵێکدا کە مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی توێژی بێبەشی کۆمەڵگا لە ئارادایە دەتوانێ لە درێژەدا ببێتە هاتنە ئارای قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە. دەورەی ئیعتلای شۆڕشگێڕانە بە گشتگیر بوونی مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری و بەرز بوونەوەی ورەی شۆڕشگێڕانه پێشان ئەدرێت و خەسڵەت نمایی دەکرێت. دەورەیەک کە مانگرتنی کرێکاری و جەماوەری لە کارخانەیەکەوە بۆ کارخانەیەکی تر و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە ئوستانێکەوە بۆ ئوستانێکی تر بە خێرایی پەرە دەستێنن. دەورەیەک کە مانگرتنی سیاسی و ئابووری ئاوێتەی یەکتر دەبن و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی بەرین و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارە گەورەکان دەبنە بەشێک لە واقعیەتی کۆمەڵگا. دەورەیەک کە کۆمەڵگا وەکوڵ دێت و لەژێر کاریگەری مانگرتنی بەرینی کرێکاریدا بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران تەنانەت ئەو کرێکارانەی کە لە کارگا چکۆلەکاندا و لە دێهاتەکان خەریکی کارن بە شەپۆلی حەرەکەتی ناڕەزایەتیەوە پەیوەست دەبن، دەورەیەک کە حاشیە نشینان بە تایبەت لە ئێران جەمعیەتێکی بەرین پێکدێنن دەکەونە جوڵە، دەورەیەک کە مانگرتنی سیاسی گشتی دەسەڵاتی سیاسی حاکم ئیفلیج دەکەن. ئاخێزی مانگی بەفرانبار و مانگرتن و رووداوەکانی دوای ئەو بە شێوەیەکی روون نیشانی ئەدا کە نەسیم و شنەبای شۆڕش هەڵی کردوە، ورە و ڕۆحیەی کرێکاران و خەڵک گۆڕاوە. ئەم ئاڵوگۆڕی ورەیە لە نێو خوێندکاران، مۆعهلیمان، پزیشکان و هیتر بە رۆشنی دەبیندرێت و خۆی پیشان ئەدات. کرێکاران لە جەریانی خەباتی خۆیاندا هێدی هێدی پێیان ناوەتە نێو قۆناغی ناڕەزایەتیەوە و ئەم پرۆسەیە دەتوانێ ببێتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە.
لە بارودۆخی ئێستادا و لە بەرابەر ڕەوتی روو لە گەشە و کامل بوونی ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکاندا، سەرکوت، سەرەکی ترین بژاردەی هەردوو باڵی حکومەتی بووە بۆ بەرەنگار بوونە لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتیانەدا. هەردوو باڵی ڕژیم هاو هەڵوێست و هاو بەڵێنن تا ئەو جێگایەی کە دەتوانن هیچ ئیمتیازێک نەدرێت بە ناڕازاییان لەبەر ئەوەی نیگەرانن کە لە هاوسەنگی هێزی ئێستادا هەموو جۆرە پاشەکشەیەک لە بەرانبەر داخوازیەکانی بزوتنەوەی کرێکاریدا بزوتنەوەی مۆتالباتی توند و هێرش بەرانە تر دەکات. ڕژیم لە هەمانحاڵدا لە بەرخورد لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و لەبەرانبەر داخوازی مافی پێکهێنانی تەشەکولی سەربەخۆدا، بە سیناریۆی سەندیکا سازی دەوڵەتی و داسەپاندنی شوڕای ئیسلامی هەوڵ بدات بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم داخوایانە و لەنێو بردنی تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریەکان.
ڕیفۆڕم خوازانی حکومەتی ئەگەر لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەساسەن بە کەڵک وەرگرتن لە ترسی خەڵک لەو باڵەی تری ڕژیم و بە ڕاگرتنی خەڵک لەبەرانبەر هەڵبژاردنی خراپ لەبەرانبەر خراپتردا هەوڵیانداوە سەهمێک لە دەسەڵات بپارێزن. لە یەک ساڵی ڕابردوشدا زۆر ترین هەوڵیان، دروست کردنی ترس نیسبەت بە داهاتویەکە کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی تێیدا سەهمێکیان لە دەسەڵاتدا نەبێت. پشت بەستنی یەک لایەنە بە ترسی خەڵک و بە تایبەت چینی مامناوەند، و گێڕانی دەور و نەخشێک لە جەنایەتەکانی ڕژیمدا لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی بەبێ هەبوونی وڵامێک بۆ قەیرانە ساختاریەکان، ڕیفۆڕم خوازانی خستۆتە بەردەم تاقی کردنەوەیەک. ستراتیژی سەهم بەری لە دەسەڵات بە پشت بەستن بە ترساندنی خەڵک لەو باڵەی تر و بە لاڕێدا بردن و بەشدار بوون لە سەرکوتی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان گەیشتۆتە کۆتایی هێڵی خۆی.
لە هەمانحاڵدا روون و ئاشکرایە کە سەرکوت وەک سەرەکی ترین بژاردەی ڕژیم کارایی ڕابردووی لە دەست داوە. لە ڕاستیدا سەرکوت لە زەرفیەتی ئێستادا ئەگەرچی دەتوانێ خێرایی سەرتاسەری بوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان هێور بکاتەوە، بەڵام ناتوانێ خەڵک چاوترسێن بکات و بەر بە درێژە و پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتیانە بگرێت. بۆ نمونە سیاسەتی سەرکوتی ڕژیم لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی حەوت تەپە بۆ ڕژیم گەلێک هەزینەی لەپێدا بووە. نامەی دادخاهی ئیسماعیل بەخشی، و ئیفشاگەری بوێرانەی ئەو و سپیدە قولیان سەبارەت بە ئەشکەنجەكانی جەنایەتكارانی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان و دەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی و هەستی هاودەردی و هاوپشتیەکی بەرین کە هەڵیخڕاند پایەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بەرەو رووی کێشەیەکی سیاسی جیدی کردەوە، ڕژیمی لای ڕای گشتی ڕیسواتر کرد و خەبات لەدژی زیندان و ئەشکەنجەی بردە فازێکی دیکەوە. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ساختاری توانایی وڵام دانەوەی بە داخوازیەکانی کرێکاران، مۆعهلیمان، خانەنشینان و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا نییە، ناڕەزایەتی بە شێوەیەکی چارهەڵنەگر پەرە پێئەدەن و” مەترسی” ئاخێز و شۆڕشە بەرینە کرێکاریەکان و هەژارانی شاریی ئەو کابوسەیە کە خەوی لە چاوی سەرانی کۆماری ئیسلامی زڕاندوە.
درێژهی ههیه…