کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧  ( بەشی دووهەم)

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەی باسەکانیدا چووە سەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی ئێران. لەم پێوەندەدا لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ڕێبەریی، باسەکانی پلینۆم لەسەر ئەم سەردێرە سەرەکیانەی خوارەوە چڕ بۆوە.

یەکەم، ناکۆکی نێوان ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم چەند دەیەی دوایی لە ئێران و پێکهاتەی سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حقوقی ده‌سه‌ڵات. لەم پێوەندەدا جەخت کرایەوە کە کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردودا شاهیدی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی بەرین بووە. وەک نمونە لەم دەورەیەدا ڕژیمی ئیسلامی نەیتوانیوە شێوازی ژیانی جێی سەرنجی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ و ئۆلگوەکانی ژیانی خەڵک گۆڕانی بەسەردا هاتوە. ماهوارە و ئینترنێت و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان هاتونەتە نێو گۆڕەپانە جۆراو جۆرەکانی ژیانی خەڵکەوە. مەزهەب بە شێوەیەکی بەرچاو بە تایبەت لەلای لاوان پاشەکشەی کردوە و مزگەوتەکان کەم ڕەونەق بوون و برەویان نەماوە. فەرهەنگ و هونەر لە بوارە جۆراو جۆرەکانی وەک مۆسیقا و سینەما و هیتردا چوارچێوەکانی کۆنترۆڵ و سانسۆڕ و ئیدئۆلۆژی ڕژیمیان تێ په‌ڕاندووه‌. ژمارەی ئەو کەسانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە بە دەیان بەرابەر زیادی کردوە کە لە نێویاندا ژنان پێشەنگن. لە عەینی حاڵدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئێران توشی ئالوگۆڕ بووە. جەمعیەتی ئێران لە دەورەی حکومەتی ئیسلامیدا زیاتر لە دوو بەرانبەر زیادی کردوە. شپۆلی کۆچ کردن لە دێهاتەکانەوە بەرەو شار جەمعیەتێکی زیاتر ٢٠ ملیۆن کەسی حاشیە نشینی لە شارەکانی بەشوێنەوە بووە، کە زیاتر کرێکار و زەحمەتکێشن. پەراویزی شارە گەورەکان بەم جەمعیەتە زۆرەوە، بۆتە کانونی پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان. بەڵام لە بەرانبەر ئەم ئاڵوگۆڕە گەورە کۆمەڵایەتیانه‌دا، پێکهاتەی سیاسی، ئیدئۆلۆژیکی و حقوقی ڕژیم لەوانە، قانونی ئەساسی، ویلایەتی فەقیە، شورای نیگابان، شەبەکەی ئیمام جومعەکان وەک موڕەویجیی ڕژیم و ناوه‌رۆكی ته‌رویجیه‌كه‌یان، تەنانەت ستراتیژی دوو باڵی ڕژیم بۆ به‌قا، گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە. تەنیا گۆڕەپانێک کە تییدا هەست بە گۆڕانی ڕژیم دەکرێت، کامڵ تر بوونی سازمان و شێوازەکانی سەرکوتە. ئەم ناکۆکیانە حکومەت کردن بەسەر وەها کۆمەڵگایەکیدا بۆ ڕژیمی ئیسلامی رۆژ لەگەڵ رۆژ دژوار تر کردوە.

دووهه‌م، گوشارە ئابووری و سیاسیەکان بۆسەر ڕژیم لە لایەن ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی رۆژئاواییەوە، درێژەی هەیە. بە درچوونی ئەمریکا لە بەرجام ئەم گوشارانە زیاتر بوون و هەم ڕژیم و هەم زۆربەی خەڵکی ئێڕانیان خستۆتە بارودۆخێكی دژوارەوە. ستراتیژی ئەمریکا لە پێوەند لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەک روخاندنی ڕژیم بەڵکو بوونی لە ڕژیمێکی سەرکێشەوەیە بۆ بوون بە ڕژیمێکی هاوكار لە ناوچەکەدا. دەوڵەتی ئەمریکا لە زەرفیەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا لە کەم کردنەوە و چارەسەر کردنی قەیرانەکانی ناوچه‌كه‌دا، لە فەلەستین و لوبنانەوە بگره‌ تا عێڕاق و یەمەن و بەحرین و تەنانەت ئەفغانستان ئاگادارە. ئاشکرایە کە دەوڵەتی ئەمریکا وێڕای شوێن گرتنی ئەم ستراتیژییە، زەرفیەتەکانی خۆی بۆ بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ ئاڵوگۆڕە پێش بینی نەکراوەکانی داهاتوش بەهێز دەکات. بۆ نمونە لەم بارەیەوە لە بەرانبەر ڕەوتی روخاندنی کۆماری ئیسلامیدا بێ لایەن و ده‌سته‌وه‌ستان نابێت. چرا سەوزە جارو بارەکانی بە ئەوپوزسیۆنی بۆرژوایی ڕژیم لە خزمه‌ت ئاماده‌ كاری بۆ وه‌ها بارودۆخێكه‌.143 1

سەبارەت بە بەرجام پلینۆم جەختی کردەوە لەم تەوافوقەدا چەندین خاڵی نەنوسراو هەیە کە دەوڵەتی ئۆباما هیوادار بوو بە گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی ئیسلاح خوازەکان و میانە ڕەوەکانی نێو حکومەت لە نێوخۆی ئێران، بەکردەوە دەرهاتنیان زەمانەت بکرێت. ئەم خاڵانە ئەساسەن پێوەندیان بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیەوە هەیە لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچه‌كه‌دا. دەوڵەتی ترامپ ئه‌و ئامانجه‌ نەنووسراوانه‌ ئاشکرا کرد و بەکردەوەدەرهاتنیانی لە کولیەتی ڕژیم داوا کرد. لە پێوەند لەگەڵ بەرجام ئەگەرچی جیاوازیگەلێک لە سیاسەتی دەوڵەتانی ئوروپایی و ئەمریکادا دەبیندرێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان لەم پێوەندەدا به‌ بێ ئه‌وه‌ی ڕایبگه‌یه‌نن ئه‌ركیان دابه‌ش كردووه‌، بۆ ناچار کردنی کۆماری ئیسلامی بە پاشەکشە، به‌ كرده‌وه‌ بە شێوەی هاوئاهەنگ دەجوڵێنەوە. دیاردەکان نیشانی ئەدەن کە کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا چارەیەکی بێجگە لە پاشەکشە کردن نییە. بابەتەکە تەنیا لەسەر میکانیزمی پاشەکشەیە. لە ڕاستیدا ئەم پاشەکشەیە بە کردەوە سەرەتاکەی دەستی پێکردوە و نیشانەکانی لەبەر چاوی ڕای گشتی شاراوە نییە. پلینۆم هەروەها جەختی کردەوە کە تەحریمەکان و سزا ئابوریەکانی ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی لە عەینی حاڵدا ژیان و بەڕێچوونی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکیشی خستووته‌ ژێر گوشاره‌وه‌ و دوکەڵەکەی بەر لە کۆماری ئیسلامی دەچێتە چاوی ئەوانەوە.

سێهەم، پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان. روداوەکانی ئەم مانگانەی دوایی لە نمونەکانی وەک، مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی ڕێگای ئاسن، مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیرەکان و کامیۆن دارەکان کە لە پشتیوانی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگاش بەهرەمەند بوون، درێژەی ناڕەزایەتی و کۆبونەوە کرێکاریەکانی رۆژانە لە هەموو جێگایەکی ئێران، ئاخێزە شاریەکان لە ئەهواز و کازرون، بەگشتی نیشانی ئەدەن کە بزوتنەوەی جەماوەری مانگی بەفرانبار دانەمرکاوەتەوە، بەڵکو لە شێوازی جۆراو جۆر تردا و بە تاکتیکی گونجاو ترەوە بەردەوامە. چەند تایبەتمەندی گرنگ لە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا، نیشانی ئەدەن کە لەم دورەیەدا تای تەرازو تا ڕادەیەک بە قازانجی بەرەی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی قورسایی دەکات. نیشانەکانی ئەم ئاڵوگۆرانەی هاوسەنگی لە حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی کە بەرە بەرە لایەنی سەرتاسەری تر بەخۆیانەوە دەگرن و هێرش بەرانە تر دەبن، لەوەدا کە کرداری سەرکوتگەرانەی ڕژیم نەیتوانیوە خەڵکی ناڕازی چاوترسێن بکات، لەوەی کە نەرمی نواندن لە تاکتیکەکاندا بە تایبەت لە بواری مانگرتن و خەباتی سەنگەر بەسەنگەردا جێ ده‌كه‌وێ و هێزەکانی ڕژیمی تا ڕادەیەکی زۆر زەمین گیر کردوە، له‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌دا ده‌بیندرێت. لە پلینۆمدا هەروەها جەخت کرایەوە کە بارودۆخی نوێی کۆمەڵگای ئێران لە عەینی هەستیار بوونیدا، هێشتا بە واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئەم کۆمەڵگایە پێی ناوه‌ته‌ دەورەیەکی شۆڕشگێڕانەوه‌.

چوارەم، ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییدا ناچار بە پاشەکشەیە و باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم چارەیەکیان نییە بێجگە لەوەی لەم پێوەندەدا یەکگرتوانە بجوڵێنەوە، بەڵام لە بەرانبەر گوشارەکانی خەڵکی ناڕازیدا خۆڕاگری دەکەن. ئەوان نە دتوانن باشتر بوونێک لە ژیانی ئابووری خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەشدا پێکبێنن و نە دەوێرن دڵخوازانە فەزای سیاسی ئێران بکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەزموون و تەجروبەی خۆیان و ڕژیمە دیکتاتۆڕیەکانی تر پێیان ئەڵیت کە وەها سیاسەتێک ڕەوتی روخانیان خێرا تر دەکات. بەم حاڵەوە وەک هەموو ڕژیمێکی تر هەموو ڕێگاکان بۆ مانەوەی خۆیان تاقی دەکەنەوە. کرێکاران و جەماوەری بێبەش و ژێر ستەم لە ئێران بۆ دەستەبەر کردنی دوو دروشمی لێکجیانەکراوەی نان و ئازادی هاتنە مەیدان و هەر دەستکەوتێک بە دەست بێت تەنیا بەرهەمی خەباتی خۆیان دەبێت. دەرێژەی هەیە