رۆژەکانی شەممە و یەکشەممە ١٩ و ٢٠ ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧ ڕێكهوتی ٩ و ١٠ ی مانگی ژوئێنی ٢٠١٨، پلینۆمی سێهەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی گۆنگرەی ١٧ بە ئامادە بوونی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و بە ڕاگەیاندنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و بەتایبەت یاد و بیرەوەری هاوڕێ سیامەک شامی کە لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا گیانی لەدەستدابوو، بەڕێوەچوو. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێرانیش وەک چاودێر ئامادە بوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە تەرخان کرا بۆ ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلینۆم کە لەلایەن دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵەوە پێشکەش کرا.
چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر بارودۆخی گشتی دنیا، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاڵوگۆڕە سیاسییهکانی ئێران، ئەگەرەکانی داهاتوو و ئاسۆی سیاسی کوردستان، سەردێڕی سەرەکی ڕاپۆرتی سیاسیان پیکدێنا.
ئهو خاڵانهی كه لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی جیهانیدا تهئكیدیان لهسهر كرا بریتی بوون له:
درێژەی قەیرانی ئابووری. قەیرانی ئابووری ئێستای جیهانیی سهرمایهداریی درێژەی قەیرانێکە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستی پێکردوە. ئەگەرچی ئێستا لە شیدەتی قەیرانەکە بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی سەرەتا کەم بۆتەوە، بەڵام گەشەیەکی ئابووری کە مەعمولەن بەدوای قەیرانەکاندا سهرههڵدهدا، بەدی نەهاتووە. بەم واتایە ئیتر قەیران بۆتە دیاردەی هەمیشە ئامادە و پێکهاتەیی لە نیزامی سەرمایەداریدا. گەشەی سەرسوڕ هێنەری تێکنولۆژی، بەرز بوونەوەی ئاستی بهرههمهێنهری کار، چوونه سهرهوهی زهرفییهت بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستیە سەرەتاییەکان له ئاستی فراوان دا، بەگشتی ئەمانەی کە دەیانتوانی بەشەریەت بە ئازادی و ڕێفاه و یەکسانی بگەیەنن، بە پێچەوانە لە ژیانی زۆربەی خەڵکی دنیادا بۆتە هۆی زیاتر بوونی هەژاری، خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، بێکاری، کەم بوونەوەی خزمەتگوزاری گشتی، کۆچبەری و ئاوارە بوون. لە عەینی حاڵدا ڕەنگدانەوەی ئەم بارودۆخە لە پهرهسهندنی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیادا دەبینین.
ڕقابەت و کێشمەکێشەکانی نێوخۆی بنەماڵەیی ڕژیمە سەرمایەداریەکان زیاتر بووە. روسیە و چین لە مەیدانی رقابەتە جیهانیەکاندا چالاک تر بوون. گەلێک لە یەکیتیەکانی ڕابردوو له بهردهم ههڵوهشانهوه دان. یەکێتی ئوروپا لە قەیراندایە. کشانەوەی بریتانیا لەم یەکێتیە، دودڵی ئیتالیا و یۆنان لەسەر دوو ڕێیانی مانەوە و نەمانەوە لەم یەکێتیەدا، گۆرانی بەرچاوی ڕای گشتی خەڵکی ئوروپادا لە دیفاع لەم یەکێتیە، لە زومڕەی نمونە بەرچاوەکانی ئەم قەیرانەن. دەوڵەتی ئەمریکا لەژێر ڕێبەریی دوناڵە ترامدا بە دروشمی ” ئەمریکا یهكهم” هەوڵ ئەدات بەهەر شێوەیەک بووە هێژمونی ئابووری، سیاسی و نیزامی خۆی بەسەر دنیادا بپارێزێت، بەڵام بێتوانایی لە داسهپاندنی ئەم جێگا و شوێنه بۆتە هۆی پهرهسهندنی قەیرانە سیاسیەکان. ڕێككهوتنهكانی ڕابردو یەک لە داوای یەک تێکدەچن. کشانەوە لە قەراردادی پاریس لە بواری ژینگەدا، هەڵوەشانەوەی ناڕاستەوخۆی قەراردادی توجاڕی ئەمریکای شومالی، دەرچوون لەبەرجام شەڕی نێوان ئەمریکا و ئوروپا لە لایەکەوە و چین و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە لەسەر دانانی تەعرەفەی گومرکی و هیتر، کۆمەڵێک نمونەی دەرکەوتنی ئەم قەیرانە و لە نیشانەکانی بارودۆخێكی نوێن کە بەسەر دنیادا زال بووە. وەها بارودۆخێک دنیای ئەمرۆی بۆ دانیشتوانی نا ئەمن تر لە ڕابردو کردوە.
ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست هەروا یەکێک لە ناوهندهكانی قەیرانی دنیایە. ستراتیژی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا ئەساسەن لەسەر بنەمای “گهڵاڵهی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە” بنیاد نراوە. ناوەرۆکی ئهم گهڵاڵهیه بریتی بوو لە: چارەسەر کرانی کێشە ناوچەییەکان و لە ناوەندیشیاندا مەسەلەی فەلەستین، بە نێوبژیوانی ئەمریکا، لەبەین بردنی بوارە مادییەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشەکان و ئاخێزە کۆمەڵایەتیەکان، كردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوچەی ژێر نفوزی بێ ئەملاو ئەولای ئابووری و هێژ مونی سیاسی ئەمریکا.
بەڵام چەند هۆکار بەرەوپێش چوونی ئەم ڕەوتەی راگرت. یەکەم، ئاخیزە جەماوەریەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێواڕاست ناسراو بە بەهاری عەرەبی کە بوون بە هۆی روخانی چەند دیکتاتۆڕی هاوپەیمانی ئەمریکا. دووهەم، شکست هێنانی پلانە نیزامیەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێڕاق و سوریە و سێهەم، گەڕانەوەی روسیە بۆنێو کێشمەکێشەکانی روژهەڵاتی نێوەڕاست. هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵ کردنی قەیرانەکان لە خاوەرمیانەدا لەسەر بنەمای ستراتیژی ” گهڵاڵهی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە” تا ئێستا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە.
ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلینۆم، هەروەها چووە سەر هەڵسەنگاندنی بارودۆخی وڵاتانی عێڕاق، تورکیە و سوریە و ئەم بابەتانەش لە لایەن بەشدارانەوە قسەوباسیان لەسەر کرا. خاڵە سەرکیەکانی ئەرزیابی ڕاپۆرتەکە سەبارەت بەم وڵاتانە بریتی بوون لە:
هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێڕاق، ئەم هەڵبژاردنە نە تەنیا نەیتوانی ململانێ نێوان گوروپە جۆراو جۆرەکان کەم بکاتەوە، بەڵکو زیاتریشی کرد. بههۆی ئهوه لهم گوروپانەدا هەرکامەیان میلیشیای ڕەسمی و نا ڕەسمی خۆیان هەیە، مەترسی دەست پێکرنەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوخۆیی لەسەر دابەش کردنی دەسەڵات بوونی هەیە. ئەم هەڵبژاردنە لە لایەن نزیک بە ٧٠ لەسەی ئەو کەسانەوە کە ئەیناتوانی دەنگ بدەن. بهرهوڕووی بایكۆتێكی وشیارانهی گهوره بووهوه. گوروپە جۆراو جۆرەکان تەنیا بە فڕوفێڵ و تەقەلوب و پاشقولدانی یەکتر توانیان، لانیکەمی دهنگی دەنگدەران بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن. ئەم بایکۆتە ئاگاهانە و بەرینە نیشانەی دابەزینی بەرچاوی نفوزی گوروپە دەسەڵاتدارەکان و ههروهها ئوپوزسیۆنیش بووه. لە مانگەکانی داهاتو چاوهڕوانی گهشه و بهرهوپێش چوونی خهباتی جهماوهری لەدژی هەژاری و فەلاکەت و نا ئەمنی دهبینن. لەم نێوانەدا دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ ئەدات تا بە دەستەبەر کردنی هاوکاری کۆماری ئیسلامی لە عێراق هاوسەنگی لە نێوان گوروپەکانی مەجود دا بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق، بەدی بێنی، حاکمیەتێک کە بی گومان لەرزۆک و ناسەقامگیر دەبێت.
قەیرانی سوریە. لەگەڵ شکستی داعش و گیرانەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەو ڕەوتە، قەیرانی سوریە چۆتە قۆناغێکی نوێوە. دیاردەکان ئەوە دەڵێن کە دانهوهی سوریە وەک وڵاتێک تهنیا له سوورهتی دابەش بوونی بۆ دوو ناوچەی ژێر نفوزی روسیە و ئەمریکا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای روباری فورات مۆیهسهر دهبێ. بەم واتایە دەوڵەتی بەشار ئەسەد یان هەر دەوڵەتێکی تر لەسەر کار بێت، دەبێ بەرژەوەندیەکانی ئەم دوو لایەنە زل هیزە و هەروەها ئیسرایلیش ڕەچاوبکات. لە عەینی حاڵدا داگیر کردنی ناوچەی عەفرین لە لایەن تورکیەوە، کە دوای خۆڕاگریەکی قارەمانانە لە لایەن پارێزەرانیەوە، ڕوویدا، نیشانیدا کە لە نێوان ئەمریکا و دەوڵەتی تورکیەدا سەبارەت بە خستنە ژێر گوشاری بزوتنەوەی رۆژئاوا و ڕێبەریەکەی، کۆمەڵێک تەوافوقی شاراوە رووی داوە. هێشتا دەبێ چاوەڕێی دەرکەوتنی ئاکامەکانی دیکەی ئەم تەوافوقاتە لەدژی خەڵکی رۆژئاوا بین. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا گەلێک لە دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی بزوتنەوەی رۆژئاوا کە بۆتە هێزێکی مادەی لەنێو جەماوەردا، لە ئاکامی ئەم جۆرە تەوافوقە دەژی خەڵکیەدا، ناسرێنهوه.
تورکیە لە سهروبهندی هەڵبژاردنی پێش وەختی سەرۆ کۆماریدایە. سەرکوتگەری توند و بەرین بە بیانوی کودتای بێ ئاکام، گشت پرسی قانونی ئەساسی بۆ زیاتر کردنی ئیختیاراتی سەرۆک کۆمار و ئێستا هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەگشتی نیشانەی ئەوەن، ئەردوغان بەم ئاکامە گەیشتوە کە دەسەڵاتی لە تورکیە بە پشت بەستن بە ستراتیژی سەرکوتی بێ پەردە نەبێت ناپاریزرێت. لەم روەوە هەوڵ ئەدات، تا بەر لەوەی کە بزوتنەوە جەماوەریەکان و ناڕەزایەتی لە ئاستێکی سەرتاسەریدا بکەوێتەڕێ، پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا قایم بکات و بە دەستی کراوە ترەوە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆی بەرەو پێش بەرێت.
بەڵام بێ گومان کۆمەڵگای تورکیە لە بەرانبەر هێرش بۆسەر دەسکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی، سەر دانانەوێنی. لە تورکیەدا چهند بزووتنهوهی بەهێزی کۆمەڵایەتی هەیە کە لە سەحنەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە بەرانبەر دیکتاتۆری حاکمدا ڕیزیان بەستوە. بزوتنەوەی کرێکاری تورکیە یەکێک لە بەهێز ترین بزوتنەوە کرێکاریەکانە لە ئاستی دنیادا. بزوتنەوەی ئازادی خوازی و سیکۆلار کە بزوتنەوەی خوێندکاری و کۆمەڵگای رووناکبیری تورکیە له ناوهندی دایه و گرایشاتی چەپ و کومونیستی تێیدا دهوری بەرچاویان هەیە و ههروهها بزوتنەوەی خەڵکی کورد لە کوردستانی تورکیە، کۆڵەکەیەکی دیکەی خەباتی ئازادی خوازنە و ماف تەلەبانەیە لە تورکیە. ئەم بزوتنەوەیە لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا بەشی پێشڕەوی کۆمەڵگای تورکیەشی کردۆتە هاوڕێی خۆی و سەرەڕای ئەو گورزانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا وێی کەوتوە، هێشتا یەکێک لە نیگەرانیە جیدیەکانی ئەردوغان و حیزبەکەیەتی.