پیلینۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٢، لە ماوهی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٥ و ٢٦ ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥، بەرابەر لەگەڵ ١٤ و ١٥ ی ژانوییەی ٢٠١٧، بەڕێوەچوو. لەم پێلینۆمەدا ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی “کۆمەڵە”ش وەکوو چاودێر بانگهێشتی ئەم کۆبوونەوەیە کرابوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە تهرخاندرا به ڕاپۆرتی سیاسیی و دواتر ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بۆ پێلینۆم و ههروهها هەڵسەنگاندنی ئەم ڕاپۆرتانە. ڕاپۆرتی سیاسیی و باسەکانی، تایبەت بوون بە ڕهوشی سیاسیی ئێران و مەوقێعییەتی کۆماری ئیسلامیی، بارودۆخی جیهان و ناوچەکە.
لە باسی سهر بارودۆخی سیاسیی ئێران و مەوقێعییەتی کۆماری ئیسلامیدا، جەخت لهسهر ئهوه کرایەوە کە سیاسەتی هێرشبەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەسهر ئاستی ناوچەکە و هەزینەیەکی کەڵان کە سەرفی دخاڵەتگەریی لە سورییە، عێراق، یەمەن، بەحرهین و ئەفغانستان و شوێنەکانی دیكهی دەکات، هیچ هاوسەنگییەکی لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆیی ڕژیمی ئیسلامیدا نییە. ڕژیمی ئیسلامیی لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی چەند لایەنانەدا بەرەوڕوویه کە هەموویان ئاستێکی کارەساتباریان بەخۆیانەوە گرتووە. دوای بەرجام، لە ٦ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە شانزە هەزار بۆنگای بەرهەمهێنان داخراون، بە چەشنێک کە تەنانەت لەسەر بنەمای ئاماری سەرچاوە حکومەتییەکانیش ڕێژەی بێکاران گەیشتۆتە ٧ میلیۆن کەس. بە پێی ئاخرین ئاماری بانکی مهركهزیی، نرخی کالاکانی وەک مەسکەن، ئاو، بەرق و گاز و باقی سووتەمەنییەکان، بێهداشت و دەرمان و گواستنەوە و گەیاندن و مەواددی خۆراکیی، بهرهو ههڵكشان چوون و بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی بههای دراوی ناوخۆیی و گرانتربوونی هاوردەکردن و زیادبوونی هەزینەی بەرهەمهێنان، ئەم ڕەوتە ههروا درێژەی دەبێت و توانای کڕینی خەڵک، هێندهی دیكه دادەبەزێت. حاشیەنشینیی بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ ،حەڤده هێنده زیادی کردووە و ئامارە حکومەتییەکان باس لە یازدە میلیۆن حاشیەنشین لە ئێراندا دەکەن. گەندەڵیی دارایی بۆتە گرفتێکی پێكهاتهیی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا. “سازمانی شەفافییەتی نێونەتەوەیی” لە تازەترین لێكدانهوهی خۆیدا لە باری گەندەڵیی ئابوورییەوە کۆماری ئیسلامیی لە ڕیزی گەندەڵترین ڕژیمەکانی جیهاندا داناوە. تەپڵی ڕسوایی بەڵگە و مهدرهكی ساختە و تهقهلوبیی زۆرێک لە کاربەدەستان، لە هەموو جێگایەک لێدراوە. گەندەڵیی ئیداریی لەوپەڕی خۆیدایە. ئێستا دهوری ١٠ میلیۆن بنەماڵەی ئێرانیی دەرگیری گرفتی ئێعتیادن. ٤٥ لەسەدی زیندانییان بەهۆی تاوان و جەرایێمی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە کەوتوونەتە زیندان. لە بواری ئاستی مەرگ و میریشدا، بەهۆی ڕووداوی شوێنی کار و نائەمن بوونی جاددەکانەوە، ئێران لەسهر ئاستی جیهاندا ڕێکۆردداره، بەڵام لە ناخی ئەم دۆزەخەشدا کە کۆماری ئیسلامیی خوڵقاندوویهتی، جوڵە و حەرەکەت و خەبات بەبێ پسانەوە لە ئارادایە و بەشێکە لە ژیان. ناڕەزایەتیی لەدژی وێرانکردنی ژینگە، خەبات بۆ دیفاع لە مافی منداڵان، هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مەسکەن، سازدانی كهمپهین دژ به نائەمن بوونی جاددەکان، خەبات لەدژی ئێعدام، خەباتی زیندانییانی سیاسیی، بزووتنەوەی جهماوهریی حاشییەی شارەکان بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی شەهریی و ههروهها خەباتی خوێندکاران و …. بهدهیان نموونهی دیكهی لهم چهشنه، وێنای کۆمەڵگهیەکی زیندووی پڕ لە جووڵە و بزووتن پیشان دەدات.
لەم نێوانەدا بزووتنەوەی کرێکاریی پڕ جووڵە و حەرەکەتترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ناو ئێرانه. زیادبوونی ئاماری ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی و ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لەم ناڕەزایەتییانەدا بەشداریی دەکەن و درێژماوەبوونی ماوه و كاتێك کە کرێکاران لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا دەمێننەوە، نیشانی دەدات کە ئەم بزووتنەوەیە ڕووی لە گەشە و پەرەسەندنە. هەروەها ئەم ناڕەزایەتییانە دەریدەخەن کە ڕادەیەک لە سازماندران و ڕێبەرییان ههیه. بەم حاڵەوە بزووتنەوەی کرێکاریی هێشتا مەودایەکی زۆری هەیە لەگەڵ مەوقهعییەتێک کە بتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆی بگۆڕێ و ڕێگه بۆ بەرپاکردنی تەشەکولە چینایەتیی و جەماوەرییەکانی خۆی، ههموار بکات. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی باسکرا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کرێکاریی لە داهاتوودا، ڕووداو و بابهتێكی حەتمییە. ئەم واقهعییەتە بە هەمان ڕادە کە جێگهی هیوایە و هومێدە، نیگەرانیشی تێدایە. ئەوەیکە جێگهی نیگەرانییە، ئەوەیە کە سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە لە غیابی هێژمۆنییهکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیدا، تووشی چارەنووسی ئاخیز و شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریقا ببێت. لەم ڕووەوە ئهوه ئەرکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێرانە كه هەرچی زیاتر لە خەباتی بهتەنها دژ به ڕژیم و ڕووخاندنی نیزام دوور بکەوێتەوە و نەك ههر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، بەڵکوو نیزامی سەرمایەداریی بکاتە نیشانە و تەبلیغ و تەرویجی سۆسیالیستیی و یارمهتیدان به ڕێكخراوبوونی چینایهتیی و جهماوهریی كرێكاران و سازماندانی حەوزەکان و هەستە کۆمۆنیستییەکان لەناو کرێکاران، بکات به ئەولەوییەتی کارەکانی خۆی.
لە چاوگێڕانێکدا بەسەر بارودۆخی جیهاندا، کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیی جەختیکردەوە کە بەدوای دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئۆرووپا، سەرەڕای دژایەتیی ئەحزابی قەدیمیی و سوننەتیی ئەم وڵاتە، ڕووداوی سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکادا کە بە هەڵوێستە ڕاستە ئێفراتییەکەی، نەك ههر لە بەرانبەر پارتی دێمۆکراتدا ڕاوەستا، بەڵکوو هەڵوێست و سیاسەتە سوننەتییەکانی پارتی کۆماریخواز لە بوارە جۆراوجۆرەکانیشی تووشی کێشە و گرفت کرد، نیشانی دەدات کە سیاسەتە نێئۆلیبڕالیستییەکان، وەک بەدیلێک بۆ چارەسەری قەیرانی سەرمایەداریی، له لای ڕای گشتیی ئێعتیباری خۆیان لەدەستداوە. لەم ڕوویەوه کە ئەحزابی ڕەسمیی کە لە ماوهی سێ چوار دەیەی دواییدا بەهۆی گرتنهبهری سیاسەتە نێئۆلیبڕالیستییەکانەوە هاتوونهته ئاراوه، کەوتوونەتە ژێر گوشاری ڕاستی ئیفراتییەوە. لەم ڕووەوە ترامپ وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەیکە تێجارەتی ئازاد، ئابووریی ئامریکای لهناوبردووه، ئاراستەی پشتیوانیی لە سەرمایەداریی ناوخۆیی، واده و بهڵێنی درووستکردنی دیوار لەسەر سنووری مێکزیک و بەرتەسککردنەوەی کۆچکردنی موسڵمانان بۆ ئامریکا، کەمکردنەوەی ههرچی زیاتری ماڵیاتەکان لەگەڵ زیادکردنی هەزینە دیفاعییەکان، دەیهەوێ قەدەرقودرەتیی ئامریکا بژێنێتهوه. ئەم ڕەوتە و پەنابردنەبەر ناسیۆنالیزمی توندڕۆ، تایبەت نییه بە ئامریکا و بریتانیاوه، بەڵکوو لە وڵاتانی گرنگی ئۆرووپا وەک فەرانسە، ئیتالیا، هۆلاند، ئۆتریش و …، ، ئەم ڕەوتە دەبینین. سەرهەڵدانی ڕاستی ئیفراتیی، دەرخەری ئەوەیە کە ئۆلگووی نێئۆلیبڕالیی کە لە دەیەی حەفتای سەدەی بیستدا بۆ دەورەیەک بووه هۆی کەڵەکەبوون و ڕەونەقی سەرمایەداریی و وەک ڕێگهچارەی قەیرانی ئەو قۆناغە ناسێندرا، لە ئێستادا بێتوانایی خۆی بهرامبهر به قەیرانی ئەم دەورەیە پیشانداوە. نێئۆلیبڕالیزم وڵامدەرەوە نییە و سەرمایە ئەم “ئاسۆ”یەی لەدەستداوە. سەرهەڵدانی ڕاستی ئیفراتیی، بەرهەمی ئەم دورەیە. لە لایەکی دیکەوە لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا ئێمە شایهتی دەرکەوتنی کۆمەڵایەتیی ڕەوتە چەپەکانی وەک سێریزا و پۆدمووس بووین. ئەم ڕەوتانە ئەگەرچی دژایەتی لەگەڵ بەرنامە ڕیازەتی ئابوورییەکانیان وهك پێناسە و هۆوییەتی خۆیان تەعریف کرد، بەڵام بەهۆی هەڵوێست و سیاسەتێک کە بوویان، نەیانتوانی یارمەتیی به بەسیج و سازماندانی چینی کرێکار لەدژی کۆمپانیا و خاوەنانی سەرمایە بدهن کە پایەی ماددیی بەرەوپێشبردنی بەرنامە ڕیازەتی ئابوورییەکان بوو. ئەم ڕەوتانە هەرچەند خاوەنی پایەیەکی ماددیی بوون، بەڵام بەهۆی مهیل و گهرایشیان بەرەو بەرنامەی سۆسیال دێمۆکراتیک و ههڵسهنگاندنی خۆشبینانەی ئیمکانی چاكسازیی و ئیسلاحات لهڕێگهی یەکێتیی ئۆرووپا بۆ کەمکردنەوەی بەرنامە ڕیازەتییە ئابوورییەکان، نەیانتوانی هیچ کارێک بکەن. ئهم بارودۆخه لهباری عهینییهوه، پێویستیی به بزووتنهوهیهكی كۆمهڵایهتیی سۆسیالیستیی ههیه ههتا سۆسیالیسم بنێته جێی بهڕبهڕییهتی سهرمایهداریی. وهها بزووتنهوهیهك تهنها به جوڵانهوهی سیاسیی كرێكاران و جهماوهری میلیۆنیی بێبهشانه كه دهتوانێت بكهوێتهڕێ.
پێلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیست لە درێژەی باسەکانیدا، چووە سەر دوایین گۆڕانكارییهكانی بارودۆخی سوورییە و عێراق. دهربارهی سوورییە، جەختی لهوه کردەوە كه ئەگەرچی داگیرکردنی شاری حەڵەب، هاوسەنگیی هێزی لە بەرەکانی شەڕ و لە مەیدانی دیپلۆماتیکدا بە قازانجی دەوڵەتی سوورییە و هاوپەیمانەکانی گوڕیوە و بەدوای ئەوەشدا كه ڕووسییە و تورکییە ئاگربهسی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا ئهمه بەواتای کۆتاییهاتن بە تێكههڵچوونهكان و تەواوبوونی قەیرانی سوورییە نییە. پێدهچێت کە ڕووسییە و ههندێکی دیكه لە هێزە ناوچەییەکان بە قەبوڵکردنی ئەم واقێعییەتە کە بۆ شەڕی سووریە هەزینەیەکی زۆریان لە باری سیاسیی و ئابووریی و نیزامییەوە داوە و زۆریشی درێژە کێشاوە، لە هەوڵی ئهوهدان كه هیچ نهبێ خۆیان لە زەلکاوی ئەم شەڕە قوتار بکەن. لە کوردستانی سوورییەدا، سەرەڕای ئەو دوژمنایەتی و پیلانانەی کە لەدژی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری جەماوەریی لەئارادایە بەڵام ئەم ناوچەیە ناگەڕێتەوە بۆ دەورەی بەر لە ساڵی ٢٠١١. کوردستانی سوورییە بەو ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی و دەستکەوتانەی کە لە بواری دابینکردنی ئازادییە دێمۆکراتیکەکان، ئامادەکردنی قانون و برەودان بە فەرهەنگی پێشڕەو لە بواری یەکسانیی نێوان ژن و پیاودا و بەڕەسمییەت ناسینی مافی کەمایهتییهكانی دیكه و سازماندانی دەیان هەزار هێزی چەکدار کە خۆیان بە پارێزەری دەستکەوتەکان دەزانن، بە شێوەی ڕەسمیی بۆتە فاکتهرێکی گرنگ لە دیاریکردنی نەخشەی سیاسیی سوورییە و لە مەوقهعییەتێک دایە کە بەشێک لە داخوازییەکانی بەسەر حاکمییەتدا بسەپێنێ.
سەبارەت بە عێراقیش، ئەوەیكه ڕوون و ئاشکرایە كه ئەستاندنەوەی شاری مووسڵ، بەواتای ڕیشەکێش کردنی داعش نابێت. هێشتا شەڕی مووسڵ کۆتایی نەهاتووە کە بەغدا بۆتە شوێنی قودرەت نهمایی داعش و ڕۆژانە بە تهقینهوه و عەمەلیاتی خۆکوژیی، گیانی بهدەیان کەس لە خەڵکی ئەمشارە دەستێنێ. به پێی ئهم لێكدانهوهیه، ههتا کاتێک کە لە عێراقدا دەوڵەتێکی مەزهەبیی لەسەر کار بێت کە شیعەکان دەستی باڵایان هەبێت و سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی سوننه بە ڕەسمییەت نەناسن، داعش دەتوانێ لە پەنای خەڵکی سوننهدا درێژە بە ژیانی خۆی بدات. ههتا ئهو كاتهی كه ئەم بارودۆخە درێژەی هەبێت، وڵاتێک بەناوی عێراق بەداخەوە ڕووی ئارامیی و ئاسایش بەخۆیەوە نابینێ. پێلینۆم لە باسی سەبارەت بە ڕاپۆرتی تەشکیلاتی، گوزارشی چالاکییەکانی کۆمیتەی تەشکیلاتی ناوخۆی وڵات، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب، بڵاوکراوە حیزبییەکان، كهناڵی تێلێویزیۆنیی حیزب، نووسینگهی پێوەندییه نێونەتەوەییهكانی ههڵسهنگاند و وێرای ڕەخنە لە کەموکووڕییەکان، کۆمەڵێک تەرح و گەڵاڵە و ڕێکاری دیاریكراوی بۆ باشترکردنی ئەم چالاکییانە هێنایە گۆڕێ. کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیی لە باس لهسهر دابهشكردنی کار و ئاڕایشی ناوخۆی كومیتهی ناوهندیی، به کومیتە و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتیدا چۆوه، یاخود وهك پێشوو هێشتیهوه. لەم کۆبوونەوەدا دوای قسە و باسیکی زۆر، ڕەشنووسی بهڵگهیهك لهسهر پتەوکردنی حیزبییەت پەسهند کرا. لەم بهڵگهیهدا، لەسەر گرنگیی چالاك كردنهوهی فۆنکسیۆنە جۆاراوجۆرەکانی پتهوكردنی حیزبییەت، جەخت کرایەوە.
پێلینۆم لە بەشی کۆتایی کارهكانیدا، بە ئامانجی هیدایەتکردنی چالاکییە سیاسیی و تەشکیلاتییەکانی حیزب لە مەودای نێوان دوو پێلینۆمدا، کۆمیتەیەکی ئیجرایی پێکهاتوو لە حەوت کەس لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی حیزب، هاوڕێیان: “خوسرەو بۆکانیی”، “رهئووف پەرهستار”، “نۆسرەت تەیموورزادە”، “حەسەن شەمسی”، “مەحموود قارەمانی”، “ئیبراهیم عەلیزادە” و “سەلاح مازووجی” هەڵبژارد.
کومیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٤ ی ڕێبەندانی ١٣٩٥
بهرابهر لهگهڵ
٢٣ ی ژانوییەی ٢٠١٧