پیلینۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٢، لە ماوهی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٥ و ٢٦ ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥، بەرابەر لەگەڵ ١٤ و ١٥ ی ژانوییەی ٢٠١٧، بەڕێوەچوو. لەم پێلینۆمەدا ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی “کۆمەڵە”ش وەکوو چاودێر بانگهێشتی ئەم کۆبوونەوەیە کرابوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە تهرخاندرا به ڕاپۆرتی سیاسیی و دواتر ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بۆ پێلینۆم و ههروهها هەڵسەنگاندنی ئەم ڕاپۆرتانە. ڕاپۆرتی سیاسیی و باسەکانی، تایبەت بوون بە ڕهوشی سیاسیی ئێران و مەوقێعییەتی کۆماری ئیسلامیی، بارودۆخی جیهان و ناوچەکە.
لە باسی سهر بارودۆخی سیاسیی ئێران و مەوقێعییەتی کۆماری ئیسلامیدا، جەخت لهسهر ئهوه کرایەوە کە سیاسەتی هێرشبەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەسهر ئاستی ناوچەکە و هەزینەیەکی کەڵان کە سەرفی دخاڵەتگەریی لە سورییە، عێراق، یەمەن، بەحرهین و ئەفغانستان و شوێنەکانی دیكهی دەکات، هیچ هاوسەنگییەکی لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆیی ڕژیمی ئیسلامیدا نییە. ڕژیمی ئیسلامیی لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی چەند لایەنانەدا بەرەوڕوویه کە هەموویان ئاستێکی کارەساتباریان بەخۆیانەوە گرتووە. دوای بەرجام، لە ٦ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە شانزە هەزار بۆنگای بەرهەمهێنان داخراون، بە چەشنێک کە تەنانەت لەسەر بنەمای ئاماری سەرچاوە حکومەتییەکانیش ڕێژەی بێکاران گەیشتۆتە ٧ میلیۆن کەس. بە پێی ئاخرین ئاماری بانکی مهركهزیی، نرخی کالاکانی وەک مەسکەن، ئاو، بەرق و گاز و باقی سووتەمەنییەکان، بێهداشت و دەرمان و گواستنەوە و گەیاندن و مەواددی خۆراکیی، بهرهو ههڵكشان چوون و بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی بههای دراوی ناوخۆیی و گرانتربوونی هاوردەکردن و زیادبوونی هەزینەی بەرهەمهێنان، ئەم ڕەوتە ههروا درێژەی دەبێت و توانای کڕینی خەڵک، هێندهی دیكه دادەبەزێت. حاشیەنشینیی بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ ،حەڤده هێنده زیادی کردووە و ئامارە حکومەتییەکان باس لە یازدە میلیۆن حاشیەنشین لە ئێراندا دەکەن. گەندەڵیی دارایی بۆتە گرفتێکی پێكهاتهیی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا. “سازمانی شەفافییەتی نێونەتەوەیی” لە تازەترین لێكدانهوهی خۆیدا لە باری گەندەڵیی ئابوورییەوە کۆماری ئیسلامیی لە ڕیزی گەندەڵترین ڕژیمەکانی جیهاندا داناوە. تەپڵی ڕسوایی بەڵگە و مهدرهكی ساختە و تهقهلوبیی زۆرێک لە کاربەدەستان، لە هەموو جێگایەک لێدراوە. گەندەڵیی ئیداریی لەوپەڕی خۆیدایە. ئێستا دهوری ١٠ میلیۆن بنەماڵەی ئێرانیی دەرگیری گرفتی ئێعتیادن. ٤٥ لەسەدی زیندانییان بەهۆی تاوان و جەرایێمی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە کەوتوونەتە زیندان. لە بواری ئاستی مەرگ و میریشدا، بەهۆی ڕووداوی شوێنی کار و نائەمن بوونی جاددەکانەوە، ئێران لەسهر ئاستی جیهاندا ڕێکۆردداره، بەڵام لە ناخی ئەم دۆزەخەشدا کە کۆماری ئیسلامیی خوڵقاندوویهتی، جوڵە و حەرەکەت و خەبات بەبێ پسانەوە لە ئارادایە و بەشێکە لە ژیان. ناڕەزایەتیی لەدژی وێرانکردنی ژینگە، خەبات بۆ دیفاع لە مافی منداڵان، هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مەسکەن، سازدانی كهمپهین دژ به نائەمن بوونی جاددەکان، خەبات لەدژی ئێعدام، خەباتی زیندانییانی سیاسیی، بزووتنەوەی جهماوهریی حاشییەی شارەکان بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی شەهریی و ههروهها خەباتی خوێندکاران و …. بهدهیان نموونهی دیكهی لهم چهشنه، وێنای کۆمەڵگهیەکی زیندووی پڕ لە جووڵە و بزووتن پیشان دەدات.
لەم نێوانەدا بزووتنەوەی کرێکاریی پڕ جووڵە و حەرەکەتترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ناو ئێرانه. زیادبوونی ئاماری ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی و ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لەم ناڕەزایەتییانەدا بەشداریی دەکەن و درێژماوەبوونی ماوه و كاتێك کە کرێکاران لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا دەمێننەوە، نیشانی دەدات کە ئەم بزووتنەوەیە ڕووی لە گەشە و پەرەسەندنە. هەروەها ئەم ناڕەزایەتییانە دەریدەخەن کە ڕادەیەک لە سازماندران و ڕێبەرییان ههیه. بەم حاڵەوە بزووتنەوەی کرێکاریی هێشتا مەودایەکی زۆری هەیە لەگەڵ مەوقهعییەتێک کە بتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆی بگۆڕێ و ڕێگه بۆ بەرپاکردنی تەشەکولە چینایەتیی و جەماوەرییەکانی خۆی، ههموار بکات. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی باسکرا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کرێکاریی لە داهاتوودا، ڕووداو و بابهتێكی حەتمییە. ئەم واقهعییەتە بە هەمان ڕادە کە جێگهی هیوایە و هومێدە، نیگەرانیشی تێدایە. ئەوەیکە جێگهی نیگەرانییە، ئەوەیە کە سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە لە غیابی هێژمۆنییهکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستیدا، تووشی چارەنووسی ئاخیز و شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریقا ببێت. لەم ڕووەوە ئهوه ئەرکی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێرانە كه هەرچی زیاتر لە خەباتی بهتەنها دژ به ڕژیم و ڕووخاندنی نیزام دوور بکەوێتەوە و نەك ههر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، بەڵکوو نیزامی سەرمایەداریی بکاتە نیشانە و تەبلیغ و تەرویجی سۆسیالیستیی و یارمهتیدان به ڕێكخراوبوونی چینایهتیی و جهماوهریی كرێكاران و سازماندانی حەوزەکان و هەستە کۆمۆنیستییەکان لەناو کرێکاران، بکات به ئەولەوییەتی کارەکانی خۆی.