ڕاپۆرتی کۆمیتەی ئیجرایی و دانیشتنی بهربڵاوی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، تیشکی خستە سەر چەرخەی نوێی ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە وەک یەکێک لە گرینگترین ڕەوتەکانی ئێستای جیهان. لە ماوەی حەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا شایەتی ڕاپەڕین و ئاخێزی جەماوەری لە شیلی، ئێکوادۆر، پۆرتۆریکۆ، هائیتی، گینە، قەزاقستان، ئەلجەزایەر، سوودان، عێراق، ئێران و کاتالۆنیا بووین. خۆپیشاندانەکان و مانگرتنە گشتیەکان بوونەتە بەشێک لە واقعیەتە سیاسیەکانی فەڕانسە و پەرەسەندنی ئەو جۆرە شۆڕشانە بۆ وڵاتانی ئۆرووپایی کردووەتە ئەمرێکی گونجاو. لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا، هەوڵی فەرماندە نیزامیەکان بۆ دەست بە دەست کردنی دەسەڵات نەیتوانیوە بزووتنەوە جەماوەریەکان کۆنتڕۆڵ کات. لە هێند هەر لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، پتر لە ٢٥٠ ملیۆن کرێکار و کارمەند، لە ناڕەزایەتی بە سیاسەتە ئابووریەکانی دەوڵەت و سپراردنی کۆمپانی و ناوەندە دەوڵەتیەکان بە بەشی خسووسی، گەورەترین مانگرتنی جیهانیان بەڕێوەبرد. لە لایەکی دیکەشەوە شایەتی بزووتنەوەیەکی بەرینین بۆ دیفاع لە ژینگە، کە تێیدا نەسلی لاو بەرچاوترین دەور و نەخشی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئهو بزووتنهوهیه پانتایەکی جیهانیتر بەخۆوە دەگرێ. بزووتنەوەیەک کە عەزمی جەزم کردووە، ژینگە بپارێزێت و بیسپێرێتە نەسەلەکانی دوای خۆی.
پاش بزووتنەوە جەماوەریەکان دژبە جیهانی کردنەوەی نێئۆلیبرالیستی لە ساڵی ١٩٩٩ کە بزووتنەوەی سیاتێل خاڵی وەرچەرخانی بوو، هەروەها پاش بزووتنەوەی داگیرکردنی وال ئێستریت لە ساڵی ٢٠١٢ و مانگرتنی بەرینی کرێکاران لە هێندێک له وڵاتانی ئۆرووپایی کە ئاکامی سێ، چوار ساڵ قەیران و ریازەتی ئابووری بوو و لووتکەی ئەو ئاخێزە جەماوەریانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا خۆیان نیشان دا و دیکتاتۆرەکانی توونس و میسر و لیبییان ڕووخاند و بەرەو سووریە و بەحرەین و یەمەن پەرەیان سەند، له درێژهی ئهم ڕهوتهدا ئاخێزە جەماوەریەکانی ئەم دوایانەش سێهەمین چەرخەی ناڕەزایەتی جەماوەری بوون لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا.
لە جیهانێک دا کە زیاتر لە ٤ ملیارد کەس دەستیان بە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕادەگا، زۆرێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە تۆڕەکانی پەیوەندی گرتن ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هاوکات بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیەکان و ئاخێزە جەماوەریەکان، کەوابوو پێویستە لە شوێنێکی دیکەوە بەدوای سەرچاوەی هێزی ئەو ئاخێزە جەماوەریانەدا بگەڕێین. ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠١٩، ئاکامی پەرەسەندنی شارنشینی و زۆرتر بوونی ژمارەی کرێکاران و حەقدەست وەرگران و توندبوونەوەی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری بوو لە ئاست جیهاندا. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە جەمعیەتی بەشی شارنشینی جیهان لە ٤٧ لەسەدەوە بۆ ٥٦ لەسەد بەرز بووەتەوە و یەک ملیارد و ٤٠٠ ملیۆن کەسی دیکە لەچاو دوو دەیەی ڕابردوو لە ناوچە شاریەکاندا دەژین.
بە پێی ئامارەکان لە ئێستادا نزیک بە یەک ملیارد و ٨٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا خەریکی کاری مزدین، واتە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەتا ئێستا جەمعیەتی حەقدەست وەرگران ٦٠٠ ملیۆن کەسیان پێ زیاد بووە. کەوابوو نە تەنیا کرێکاران ژمارەیان زیاتر بووە بەڵکوو زیاتر جارانیش لە شارەکاندا کۆبوونەتەوە. پێکهاتەیەک لە کرێکاران و بێ بەشانی شار، هێزی بزوێنەری چەرخەی ئێستای ڕاپەڕینەکانیان پێکهێناوە. هەر بۆ نموونە، ڕێژەی هێزی کار لە شارەکانی شیلی لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لە ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسەوە هەتا ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە ٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس. لە ئێکوادۆریش ئەو ڕێژەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بوو، لە ساڵی ٢٠١٨دا گەیشتە ٥ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس. ئەگەرچی جەمعیەتی کرێکار زیاتر بووە و شارنشینیش پەرەی سەندووە، بەڵام هێزی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەگەڵ ڕکوود بەرەوڕوو بووەتەوە. گەشەی ئابووریی جیهان لە سەردەمی ڕەونەقی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی ٥ لەسەد بوو، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە کاتی قەیرانەکانی دەیەی ١٩٧٠ نزیک بە ٣ لەسەد هاتە خوارێ و لە ئێستاشدا گەشەی ئابووری وڵاتی چین ٦ لەسەدە و باقی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریش لە دەورووبەری ٢ تا ٢ و نیو لەسەد دان.
ڕێک لە باروودۆخێکدا کە شارنشینی پەرەی سەندووە و چاوەروانیەکان لە ژیان چوونەتە سەرتر، ڕکوودی سەرمایەداری، بێکاریی کردووەتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی، بەجۆرێک کە لە ناو ئەو لاوانەی کە ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە ڕاپەرینەکاندا، زیاترین ڕێژەی بێکارییان تێدا دەبیندرێ. لە حاڵێکدا کە کەمبوونی ماڵ و شوێنی نیشتەجێ بوون بێداد دەکا، حاشیەنشینی پەرەی سەندووە و لەو ناوچانە سیستمی هاتووچۆی لاواز، هەزینەی سەرسووڕهێنەری هاتووچۆی گشتی، ژینگەی پیس و ناسام و نەبوونی خەزمەتگوزاریی شاری، بووەتە کێشەیەکی چارەهەڵنەگر.
کەوابوو هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە حەقدەست وەرگران و هەژارانی ناو کۆمەڵ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر دەبن، دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن. لە ساڵی ٢٠١٥، بە پێی ڕاپۆرتی ئاکسفام، سەروەتی ٦٢ کەس لە ملیاردێرەکان، بەرابەر بوو لەگەڵ سەروەتی ٣ ملیارد و ٦٠٠ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی هەژاری جیهان، لە ژانویەی ٢٠١٧دا هەر ئەو ناوەندە ڕایگەیاند کە تەنیا ٨ کەس لە دەوڵەمەندەکانی جیهان، سەروەتی نیوەی جەمعیەتی جیهانیان لە ئیختیار دایە. لە ڕاستیدا سەروەت و دارایی نیوەی هەژاری جیهان لە ساڵی ٢٠١٠ەوە هەتا ئێستا ٤١ لەسەد هاتووەتە خوارێ. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووەتە ناوەندی ئاخێزە جەماوەریەکان، مەودای نێوان سەروەت و هەژاری لەوەش زیاترە. هەموو بەڵگە و داتاکان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە لە دڵی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداری دا، پەرەسەندنی بێکاری کە بووەتە دیاردەیەکی پێکهاتەیی و هەژاری و فەلاکەت و قووڵ بوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت، سەرهەڵدانی ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە بەشێوەی دەورەیی و کورت ماوە، بوونەتە بەشێک لە ڕاستیەکانی ئەمرۆی جیهان. لە جەریانی ئەو ئاخێزە جەماوەریانەدا بەهۆی پەلاماری بورژوازی و لاواز بوونی سەنگەرە سوننەتیەکانی هێزی چینی کرێکار، سەرەڕای حزووری حاشاهەڵنەگری کرێکاران لە ناڕەزایەتیەکاندا، دەور و نەخشێکی چارەنووس سازیان لە ڕێبەری کردنی ئەو ناڕەزایەتیانەدا نەبووە. لەو جێگەوە کە ڕۆڵی کرێکاران لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، هێزی بەکۆمەڵ بوونیان دژبە سەرمایە پێ دەبەخشێ، بەناچار بەرەو ئاراستەی خەباتی بەکۆمەڵ دەیانبات و لەو پرۆسەیەدا، تواناکانی خۆیان بۆ گۆڕینی باروودۆخی زاڵ دەناسن و پێویستی ڕێکخراوبوونیان دەرک دەکەن. ئەگەرچی شەپۆلی ئەم دوایانەی ئاخێزە جەماوەریەکان، شۆڕشی کۆمەڵایەتیان نهكردووهته ئامانجی خۆیان، بەڵام هەر ئەو بزووتنەوە و ئاخێزە سیاسیە جەماوەریانە، ڕێگا بەرەو وشیاربوون و تێگەیشتن لە پێویستیەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆش دەکەن. لەو پرۆسەیەدا ئەگەرچی پێکهێنانی ڕێکخراو و حیزبی سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕانە کە ڕیشەی لە چینی کرێکار و کۆمەڵدا بێت، زەروورەتی پێشڕەویی خەباتە بەڵام مەرجی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ئەوە ستراتێژ و سیاسەتی سۆسیالیستیە کە دەتوانێ دەور و نەخشێکی چارەنووس سازی لە بەرەوپێش بردنی خەباتی سۆسیالیستی و شکڵ گرتنی ئۆرگانەکانی هێزی کرێکار و بنکۆڵ کردنی پێکهاتەکانی سەرمایەداریدا بێت.