پلۆنۆمی ٧ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه، هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی ١٧، ڕۆژی ٢٤ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٩ی هه‌تاوی، به به‌شداری ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه، به سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ و ده‌قیقه‌یه‌ك بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له یادی گیان به‌خت كردووانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیسم ده‌ستی به كار كرد. له‌م پلۆنۆمهدا ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب وه‌ك چاوه‌دێر به‌شدار بوون. ده‌ستووری جهلهسهكانی پلۆنۆم بریتی بوو له پێشكه‌ش كردن و لێكدانه‌وه‌ی ڕاپۆرتی سیاسی و ته‌شكیلاتی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری كۆمه‌ڵه، لێكدانه‌وه‌ی بڕیار و قه‌تعنامه‌ی پێشنیاری و دابه‌ش كردنی كاری ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی.
یه‌كه‌م ده‌ستووری كاری پلۆنۆم، ڕاپۆرتی سیاسیی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری بوو. ئه‌م ڕاپۆرته ئه‌ساسه‌ن باروودۆخی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی جیهان، ئێران و كوردستانی له سه‌رده‌می قه‌یرانی جیهانیی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا دایه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه و له‌م بواره‌دا تیشكی خسته سه‌ر خاڵه‌كانی خواره‌وه.
- نه‌خۆشیی كۆویدی ١٩، هاوشێوه‌ی شۆكێك بوو كه له ته‌ندرووستی، له ئابووری، له سیاسه‌ت و له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵك، له ئاست جیهانی دا، درا. ئاماری زیانه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌م په‌تایه، له ماوه‌ی ئه‌و ٥ مانگه‌ی كه له بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ی تێپه‌ڕ ده‌بێت، یه‌كجار له‌سه‌رێیه. هه‌تا ئێستا پتر له ١٠ تریلیۆن دۆلار له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه به ئامانجی ڕێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه و دواهاته‌كانی، كراوه‌ته هه‌زینه‌ی قه‌ره‌نتینه. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ئه‌م نه‌خۆشیه به‌رده‌وام له سه‌رتاسه‌ری جیهان قوربانیی لێده‌كه‌وێته‌وه و هه‌تا ئێستا ڕێگاچاره‌یه‌كی بڕاوه‌ی بۆ نه‌دیتراوه‌ته‌وه.
- به‌هۆی پێكهاته‌ی لاواز و ناكارامه‌یی سیستمی ته‌ندرووستی و به‌ڵایه‌ك كه نێئۆلیبڕالیی سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر به‌شی پزیشكیی و ده‌رمانیی هێناوه، له زۆربه‌ی وڵاته‌كان، ده‌وڵه‌ته‌كان بۆخۆیان كۆنتڕۆڵی قه‌یرانه‌كه‌یان وه‌ئه‌ستۆ گرتووه. ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه له‌سه‌ره‌تاوه ده‌یانزانی كه له باروودۆخی ئێستادا قه‌ره‌نتینه ته‌نیا ڕێگای كاریگه‌ره بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ویرووسی كۆرۆنا، به‌ڵام هه‌موویان، كه‌م و زۆر، بهدرهنگیهوه، ئه‌م سیاسه‌ته‌یان به‌كرده‌وه ده‌رهێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه له ڕێژه‌ی هه‌زینه‌یه‌ك كه ناچار بوون بیده‌ن، تۆقابوون. ئه‌گه‌رچی سه‌رئه‌نجام ناچار بوون كه قه‌بووڵی بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕاده‌یه له وه‌دره‌نگی خستنه، كاره‌ساتی قهرهبوونهكراوهی لێكهوتهوه.
- به بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه، ئابووریی سه‌رمایه‌داریی جیهان، كه‌وته به‌رده‌م قه‌یران و ڕكوودێك كه له گشت مێژووی ته‌مه‌نیدا بێ وێنه بووه. پانتایی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م قه‌یرانه و به‌رینایی كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی ئابووریی سه‌رمایه‌داری، هێشتا به‌ته‌واوه‌تی ئاشكرا نه‌بووه. به‌ڵام كارناسانی جیهانی سه‌رمایه، ڕكوودێكی درێژخایه‌ن و قووڵ پێشبینی ده‌كه‌ن و له خۆش بینانه‌ترین حاڵه‌تدا، له‌گه‌ڵ ڕكوودی وێرانكه‌ری ده‌یه‌ی ٣٠ی سه‌ده‌ی ڕابردوو هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن. هه‌ربۆیه وێده‌چێ دواهاته‌كانی ئه‌م قه‌یرانه یه‌كجار مه‌ترسیدارتر له خودی ویرووسی كۆرۆنا بێت.
- نه‌خۆشیی كۆویدی ١٩، به‌هۆی دهخاڵهتهكانی ده‌وڵه‌ت له به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یران، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئابووریی وڵاته‌كان، نابووت بوونی كۆمپانی و پیشه چكۆله‌كان و هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌ی زیاتری سه‌رمایه‌ی له كۆمپانیه گه‌وره چهندنهتهوهییهكان، لێده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌م قه‌یرانه ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی بێ وێنه‌ی بێكاری، هاتنه خواره‌وه‌ی توانای كڕینی كرێكاران و توێژه كه‌م داهاته‌كان، هاتنه‌خواره‌وه‌ی داواكاریی كاڵا و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری له ئاست جیهاندا.
- جیهانی سه‌رمایه‌داری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه ئابووریه‌ی كه له ڕێ دایه، ڕێگاچاره‌یه‌كی نییه. ده‌خاڵه‌ته كهڵانهكانی ده‌وڵه‌ت له ئابووریدا، زه‌ربه‌یه‌كی دیكه‌ی له جه‌سته‌ی نێئۆلیبرالیسم داوه. هێزه فاشیست و ده‌ستی ڕاستیه‌كانیش هیچ ڕێگاچاره‌یه‌كیان بۆ ئه‌و قه‌یرانه ئابووریه نییه و هه‌ربۆیه زۆر جار ده‌ست ده‌ده‌نه ئاژاوه‌گێڕی. له وه‌ها باروودۆخێكدا له ده‌ورانی پاش كۆرۆنا، باسی به‌دیلی سه‌رمایه‌داری له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا دێته گۆڕێ و له ڕووی بابه‌تیه‌وه ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ گه‌شه‌ی ڕه‌وته چه‌پ و كرێكاریه‌كان دهوخوڵقێت.
- په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تانی چین و ئه‌مریكا وه‌ك دوو ئابووریی به‌هێزی جیهان، ئه‌گه‌ر پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆناش لێڵ ببوو و شایه‌دی شه‌ڕێكی ئابووریی ئاشكرا و شاراوه‌ی ئه‌م دوو زلهێزه ئابووریه بووین، ئه‌مڕۆ به‌خاتری كۆرۆنا ئه‌م په‌یوه‌ندیه لێڵتریش بووه. كێبه‌ركێی ئه‌م دوو زلهێزه كه خه‌ریكه به‌ره‌و پێكهێنانی بلۆك به‌ندی نوێی جیهانی ده‌ڕوات، نیشانه‌ی ده‌ستپێكی ده‌وره‌یه‌كی دیكه له شه‌ڕی سارده له جیهانی پاش كۆرونادا. ئه‌و شه‌ڕه سارده، ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه، شه‌ڕی نیابه‌تیی خوێناویشی لێبكه‌وێته‌وه.
- كۆرۆنا هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی له سه‌رتاسه‌ری جیهان خسته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كێبه‌ركێی وه‌رزشی ناوخۆیی و جیهانی له‌وانه ئۆله‌مپیكی ٢٠٢٠، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕێوڕه‌سمی حه‌ج، زیاره‌ت و سه‌فه‌ر، داخرانی سینه‌ما، تێئاتر، كلیسا و مزگه‌وت، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی جێژن و سه‌ره‌خۆشی، داخرانی مه‌ده‌رسه و زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی خوێندن، داخرانی كافه و ڕێستووران و هۆتێله‌كان و ناوه‌نده تووریستیهكان، پاراستنی مه‌ودادانانی كۆمه‌ڵایه‌تی، قه‌ره‌نتینه بوون و له ماڵه‌وه مانه‌وه و ئاسه‌واره ده‌روونیه‌كانی، هه‌مووی ئه‌وانه له ماوه‌ی ٥ مانگی ڕابردوودا، سیمایه‌كی جیاوازیان به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤ له ئاست جیهانیدا به‌خشیوه.
- سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه كه گۆیا، كۆرۆنا هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند ناناسێ، ئاماره حاشاهه‌ڵنه‌گره‌كان ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌ده‌ن كه زیان ههڵگرترین كه‌سانی ناو كۆمه‌ڵگا له بوار پێگه‌ی چینایه‌تیه‌وه، یه‌كه‌مین قوربانیه‌كانی ئه‌م ویرووسه بوون. به‌ساڵاچووانێك كه ته‌نیا به‌قه‌د ماڵیاتێك كه ده‌یده‌نه ده‌وڵه‌ته‌كان، له خزمه‌تگوزاریی ده‌ورانی پیری و به‌ساڵاچوویی به‌هره‌مه‌ند ده‌بن و له ماڵی پیراندا نیشته‌جێ ده‌كرێن، له یه‌كه‌مین قوربانیانی كۆرۆنا بوون. ڕێژه‌ی مردن له كۆمه‌ڵگای ڕه‌شپێسته‌كانی ئه‌مریكا كه به‌رینترین به‌شی هه‌ژارانی كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكا پێكدێنن، پتر له سێ به‌رابه‌ری سپیپێسته‌كانه. ئه‌و جه‌ماوه‌ره كرێكار و زه‌حمه‌تكێشه‌ی كه به نانی شه‌و موحتاجن و ده‌وڵه‌ته‌كان هه‌زینه‌ی له ماڵه‌وه مانه‌وه‌یان پێناده‌ن، قوربانیانی به‌رده‌ستی ویرووسی كۆرۆنان.
- ئه‌زموونی ژیان و خه‌باتی كرێكاران و بێبه‌شانی كۆمه‌ڵ له هه‌موو جیهان ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌دات كه ژانی هاوبه‌ش و چاره‌نووسی هاوبه‌ش، مرۆڤه‌كان لێك نزیك ده‌كاته‌وه و ئه‌وان به‌ره‌و دیتنه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌بات. بزووتنه‌وه‌ی جیهانیی دژه ڕه‌گه‌زپه‌رستی له جه‌رگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنادا، بوو به نومایشی هاوپشتیهكی جیهانیی. ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، خه‌زێنه‌ی ئه‌زموونی مرۆڤی وشیار و پێشكه‌وتووی، بۆ ئه‌و نه‌به‌ردانه‌ی كه له ڕێ دان، ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردووه و هیوای ڕزگاریی، سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌م قه‌یرانانه، له دڵی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه و ستهملێكراودا، زیندوو ڕاگرتووه.
- ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تانی دواكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری له ناوچه‌گه‌لێكی وه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، باكووری ئه‌فریقا، ئه‌مریكای لاتین و شوێنه‌كانی دیكه، خۆیان ڕاسته‌وخۆ گرفتاری په‌تای كۆرۆنا و ئاسهوارهكانین، به‌ڵام كاریگه‌ریه‌كانی قه‌یرانی ئابووریی وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌نعه‌تی له‌سه‌ر ژیانی سیاسی و ئابووریی ئه‌وان، له داهاتوویه‌كی نزیكدا، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاوتر ئاشكرا ده‌بێت و ئه‌و وڵاتانه له قه‌یرانه سیاسیه‌كاندا نوقم ده‌كات. ئه‌و قه‌یرانانه ئه‌گه‌ر باروودۆخی شۆڕشگێڕانه‌یان لێنه‌كه‌وێته‌وه و له ڕێبه‌ریی ڕه‌وته پێشڕه‌و و ڕادیكاڵه‌كان بێ به‌هره بن، چاره‌نووسێكیان بێجگه‌له ڕووداوه‌كانی ناسراو به به‌هاری عه‌ره‌بی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا نابێت. به‌ڵام نیشانه‌كان بۆ داهاتووی وڵاتێكی وه‌كوو ئێران، به‌گشتی، هیوابه‌خشن.
پلۆنۆمی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه له درێژه‌ی باسه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به ڕاپۆرتی سیاسیی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری، باروودۆخی ئێران و كوردستانی دایه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه. خاڵه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م به‌شه له ڕاپۆرتی سیاسی و باسه‌كانی پلۆنۆم به كورتی به‌م شێوه‌یه بوون:
- چینی كرێكار و توێژی هه‌ژار و بێبه‌شی كۆمه‌ڵگای ئێران، له باروودۆخێكی دژوار و له‌تاقه‌ت به‌ده‌ردا به‌سه‌ر ده‌بات. ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئاماری كۆمیسیۆنی ئابووریی مه‌جلیس به بنه‌ما دابنێین، كه وه‌ك هه‌میشه به‌شێكی چكۆله له ڕاستیه‌كانمان پێ نیشان ده‌دات، به پانتایی گۆڕانكاریه‌ك كه له ماوه‌ی نزیك به یه‌ك ساڵدا به‌سه‌ر ژیانی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران‌دا هاتووه، ده‌گه‌ین. ئه‌م كۆمیسیۆنه ده‌ڵێ: “له ماوه‌ی ساڵی ١٣٩٨ هه‌تا ئێستا هێڵی هه‌ژاری له ئێران دوو به‌رابه‌ر بووه و له ٢ و نیو ملیۆن تمه‌نه‌وه گه‌یشتووه‌ته ٥ ملیۆن تمه‌ن. سه‌به‌دی بژێوی بنه‌ماڵه كرێكاریه‌كان بۆ مانگی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ نزیك به ٦ ملیۆن و ٩٠٠ هه‌زار تمه‌ن بوو“. ئه‌مه‌ش له حاڵێكدایه كه نزیك به ٧٠ له‌سه‌دی خه‌ڵكی ئێران له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری دا ده‌ژین و لانیكهمی حه‌قده‌ستی كرێكاران، چوار قات له ژێر هێڵی هه‌ژاری دا دیاری كراوه. ئه‌گه‌ر به‌م هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ته گشتییه، بێكاریی به‌رین و زیانه گه‌وره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی وه‌ك ئێعتیاد، له‌ش فرۆشی، خۆكوژی و خه‌مۆكی و هیتر ئێزافه بكه‌ین، پانتایی ئه‌م كاره‌ساته‌مان بۆ ڕوونتر ده‌بێته‌وه.
- بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا ژانێكه، له‌سه‌ر هه‌موو ژانه‌كانی دیكه، كه ماوه‌ی پێنج مانگه به‌رۆكی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی گرتووه. ئامار و زانیاریی ناڕاستی ڕژیم ناتوانێ پانتایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه و زیانه‌كانی بشارێته‌وه. كۆماری ئیسلامی به‌رنامه و سیاستهتێكی تایبه‌تی له به‌رامبه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌دا نه‌گرتووه‌ته به‌ر. ئه‌م ڕژیمه له ڕاستیدا، كۆمه‌ڵگای له به‌رامبه‌ر ئه‌م په‌تایه‌دا به‌حاڵی خۆی ڕه‌ها كردووه. ئه‌ویش له حاڵێكدا كه پێكهاته‌ی ته‌ندرووستی و ده‌رمانیی ئێستا ته‌نانه‌ت نیوه‌ی پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له باروودۆخی ئاساییشدا دابین ناكات. كۆرۆنا له هه‌مان حاڵ‌دا بۆ كۆماری ئیسلامی بوو به “به‌ره‌كه‌ت” و ده‌رفه‌تێكی به‌م ڕژیمه دا تا، ئه‌گه‌ركوو به شێوه‌ی كاتیش بێت، مه‌ترسیی ئاخێزه جه‌ماوه‌ریه‌كان له‌خۆی دوور بخاته‌وه.
- كۆماری ئیسلامی كه به باشی له قه‌یرانه‌كانی ئێستا و ئه‌وه‌یكه له‌به‌رده‌می دایه ئاشنایه، هه‌وڵ ده‌دات خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه ئاماده كات و به‌ر له هه‌موو شتێك ڕیزه‌كانی خۆی یه‌كگرتوو ده‌كات و مۆره ده‌ست و پێگره ناوخۆییه‌كانی له‌سه‌ر ڕێگای خۆی لاده‌بات. ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌و ڕهواڵهیه كه له جه‌ره‌یانی تازه كردنه‌وه‌ی قووه‌ی موقهنهنه و قه‌زاییه، گرتیه‌به‌ر. ئه‌گه‌ر باروودۆخهكه به شێوه‌ی دڵخوازی ڕژیم بڕواته پێش، سه‌باره‌ت به قووه‌ی موجریهش له یه‌ك ساڵی داهاتوودا هه‌ر ئه‌و ڕه‌واڵه جێبه‌جێ ده‌كرێت. یه‌ك ده‌ست بوونی ده‌سه‌ڵات، كاری سازش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و پاشه‌كشه له ناوچه قهیراناویهكانی عێراق و سووریه و یه‌مه‌ن به بێده‌نگی، بۆ كۆماری ئیسلامی ئاسان ده‌كاته‌وه. ڕه‌وتێك كه هه‌ر له ئێستاوه نیشانه‌كانی ده‌بیندرێن. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌یكه كاتی پێویست بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌م سیاسه‌ته به‌ده‌ست بێنێت، له‌و ماوه‌یه‌دا، له لایه‌كه‌وه به‌رده‌وام شمشیر دژبه چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی و خه‌ڵكی ناڕازی هه‌ڵده‌كێشێ و سیاسه‌تی سه‌ركوت و ڕه‌شبگیری درێژه پێده‌دات و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هاوكات هه‌وڵ ده‌دات خه‌ڵك به‌هیوای باشتر بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا و ئاسایی بوونه‌وه‌ی فرۆشی نه‌وت و باشتر بوونی باروودۆخی ئابووری، له چاوه‌ڕوانیدا ڕابگرێت. ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی، له ماوه‌ی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ئه‌ساسه‌ن به دوو تاكتیكی فریو و سه‌ركوت به‌سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا سه‌پێندراوه. ئێستا له باروودۆخێك داین كه نه فریو كاراییه‌كی ماوه و نه سه‌ركوتیش وه‌ك ڕابردوو، توانای چاوترسێن كردنی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی هه‌یه كه له هه‌ژاریی تۆخدا گرفتارن. به‌ڵام ڕژیم هه‌وڵ ده‌دات یه‌كه‌م، خه‌ڵك ماندوو و ناهۆمێد كات و دووهه‌م، ئه‌وان له چاوه‌ڕوانی دا ڕابگرێت و سێهه‌م، شۆڕش به بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی پێناسه كات و خه‌ڵك له شۆڕش بترێسێنێ. ئه‌و تاكتیكانه پێویسته به وشیاریه‌وه پووچه‌ڵ بكرێنه‌وه.
- ئه‌گه‌رچی پێشبینیی وردی هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه به‌ڕێوه‌ن، دژواره، به‌ڵام ئه‌زموون پێی نیشان داوین كه ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له به‌رامبه‌ر هه‌ژاریی تۆخدا سه‌ری تسلیم دانانه‌وێنێ. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێت كه له مه‌وداگه‌لێكی كورت ماوهتهر له‌چاو نێوان به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، ئاخێزه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بێنه ئاراوه. درێژه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی و ئاخێزانه، كه هێزه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كرێكارانی بێكار و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی هه‌ژار و بێبه‌شی قه‌راغ شاره‌كان پێكیدێنن، ده‌توانێ له درێژه‌دا، پێكهاتنی باروودۆخی شۆڕشگێڕانه‌ی لێبكه‌وێته‌وه. ئه‌وه‌یكه له‌م بواره‌دا یه‌كجار گرینگ و پێویسته ئه‌وه‌یه كه ده‌رس و ئه‌زموونی ئاخێزهكانی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوو و به‌تایبه‌ت ئه‌زموونی ئاخێزهكانی ٩٦ و ٩٨، بێته هۆی گه‌شه‌ی وشیاری و قووڵ بوونه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی خه‌ڵك له ئاستێكی جه‌ماوه‌ریدا. پێویسته خه‌ڵكی ناڕازی به تاكتیك گه‌لێكی وه‌ك مانگرتنی سیاسیی به‌رده‌وام و هیتر ئاشنا بن، واته له‌گه‌ڵ ئه‌و تاكتیكانه‌ی كه دوژمن ماندوو و زهویگیر ده‌كات. واته ئه‌و تاكیتیكانهی كه ڕێگه نادات دوژمن ئه‌وان به‌ره‌و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی پێشوه‌خت به‌رێت. له‌م په‌یوه‌نده‌دا، درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی موتالباتی یه‌كجار گرینگه. به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی موتالباتی، ڕه‌وتێكی ئاسایی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌وه‌یكه له‌م قۆناغه‌دا و به‌تایبه‌ت پاش ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ گرینگیی هه‌یه ئه‌وه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی موتالباتی هه‌م ببێته هۆی ڕێكخراو بوون و هه‌م ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه بخرێته ڕووبه‌ڕووی. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه واته: تێكشكاندنی ده‌زگای سه‌ركوتی دوژمن، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌رته‌ش و سپای پاسداران، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت یاسای دیلیه‌تی هێنه‌ری ئێستا و له‌وانه قانوونی ئه‌ساسی و هیتر.
- ئه‌گه‌رچی چینی كرێكاری ئێران ئه‌مڕۆ ڕێكخراوی چینایه‌تیی سه‌رتاسه‌ریی خۆی نییه، به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا له‌و ڕاده‌یه له وشیاری و ئه‌زموونی خه‌باتكارانه به‌هره‌مه‌نده كه له سه‌روبه‌ندی سه‌رده‌می شۆڕش و له جه‌رگه‌ی شۆڕشدا، له‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه له ئیختیاری داده‌بێت، به‌هره وه‌رگرێت و به خێرایی ئه‌و كه‌م و كوڕیه‌ی بڕه‌وێنێ. ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی ڕۆژانه‌ی كرێكاری ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌دا كه كرێكاران له به‌رامبه‌ر ملهوڕیی ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌داراندا سه‌ریان دانه‌نه‌واندووه. هه‌ر ئه‌م موقاومهتهی ئه‌مڕۆ، ڕێگاخۆشكهری ده‌ور و نه‌خش نواندنی چاره‌نووس سازی دواڕۆژی ئه‌م چینه‌یه.
- كۆمه‌ڵێكی به‌رین له ئۆپۆزیسیۆن به به‌رنامه و ستراتێژی جیاوازه‌وه له به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی دا ڕێزیان به‌ستووه. ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه له هه‌مان حاڵ‌دا كه ئیمكاناتێكی یه‌كجار به‌رینی ته‌بلیغاتیی بۆ كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر بیروڕای گشتی له ئیختیار دایه، به‌ڵام هێشتا له پێگه‌یه‌ك دا نییه كه بێجگه‌له كوردستان، خۆی به‌ته‌نیایی له كۆمه‌ڵگادا “ڕووداو” بخوڵقێنێ، به‌ڵكوو ئه‌ساسه‌ن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه كه “ڕووداو“ێك بخوڵقێت و ئه‌گه‌ركوو گونجا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابنێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، ئه‌گه‌رچی له سه‌رده‌می شۆڕشدا، هێزه چه‌پ و كرێكاریه‌كان، توانای باشتریان بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ستراتێژی سیاسیی خۆیان ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر له ئێستاوه پێویسته دژواریه‌كانی ڕێگا هه‌م له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ڕژیم و هه‌م له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن بناسین. ئه‌زموونی كۆمه‌ڵه له سه‌رده‌می شۆڕشی ساڵه‌كانی ١٣٥٧ و ١٣٥٨، هه‌ڵگری گه‌لێك ده‌رسی به‌نرخه كه بێ گومان له ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردنی ئه‌زموونی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به پرسی كوردستان، پلۆنۆم له باس و لێكدانه‌وه‌كانی ڕاپۆرتی سیاسیی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری، له‌سه‌ر خاڵه‌كانی خواره‌وه جه‌ختی كرده‌وه:
- هه‌موو ئه‌وه‌ی وا سه‌باره‌ت به باروودۆخی ژیان و بژێوی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران باسی لێكرا، له كوردستان به شێوه‌ی چه‌ند به‌رابه‌ر له ئارا دایه. بۆ نموونه بێكاری تا ڕاده‌یه‌ك كرێكاران و توێژه هه‌ژاره‌كانی كوردستانی خستووه‌ته ژێر گوشاره‌وه، كه ناچارن بۆ دابین كردنی لانیكهمی بژێوی بنه‌ماڵه‌كه‌یان، خۆیان به ئاو و ئاگر داده‌ن و به كۆڵبه‌ری كردن له سه‌ر سنووره‌كان نانی ڕۆژانه‌یان له گه‌ڕووی هه‌ژدیها ده‌ركێشن. ڕۆژ نییه كه ته‌رمی چه‌ند كۆڵبه‌ری زه‌حمه‌تكێش، كه به ده‌ستی هێزه جه‌نایه‌تكاره مهرزیهكانی ڕژیمی ئێران ده‌كوژرێن، نه‌كه‌وێته سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵكی كوردستان. له حاڵێكدا كه ویرووسی كۆرۆنا بێداد ده‌كا، خه‌ڵك له كه‌مترین كه‌ره‌سته‌ی خۆقهرهنتینه كردن بێبه‌رین.
- سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه هه‌ستی بێ هیوایی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا زاڵ نه‌بووه. په‌تای كۆرۆنا بوو به پێوانه‌ی نیشان دانی ئه‌م هه‌سته. به پێی سوننه‌تێكی جێكه‌وتووی كۆمه‌ڵایه‌تی، خه‌ڵكی كوردستان له ڕۆژانی سه‌خت و له باروودۆخی ڕوودانی كاره‌ساتی سرووشتی به‌خێرایی ناوه‌نده مه‌ده‌نیه‌كان پێكدێنن و ته‌نانه‌ت له به‌شه‌كانی دیكه كوردستانیش به‌هانای یه‌كتره‌وه ده‌ڕۆن. كۆماری ئیسلامی سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ربه‌ست و كۆسپ نانه‌وه و سه‌ركوته‌كانی، نه‌یتوانیوه ڕه‌وتی سه‌رهه‌ڵدان و شكڵ گرتنی ئه‌م ناوه‌ندانه ڕابگرێت. له سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له كوردستان، شایه‌دی پێكهاتنی جۆرێك له‌و ناوه‌ندانه بووین. ئه‌م ناوه‌ندانه به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێوا وه‌به‌ر خه‌ڵك نێن. له باروودۆخێكدا كه ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشیه، بێجگه‌له دانی زانیاریی درۆ و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ناته‌با، كارێك ئه‌نجام نادات، به شێوه‌ی سرووشتی خه‌ڵك ده‌ست به‌كار ده‌بن و توانای جه‌ماوه‌ریی خۆیان وهكار ده‌خه‌ن. ئه‌زموونی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌هه‌موو كه‌م و كوڕیه‌كانیه‌وه، ڕیشه‌ی له مێژووی خه‌باتی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردووی خه‌ڵكی كوردستان و به‌تایبه‌ت سه‌رده‌می شۆڕشی ١٣٥٧ دایه.
- پلۆنۆم له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه ته‌ئكیدی دووباره‌ی كرده‌وه كه كۆمه‌ڵه وه‌ك ڕه‌وتێكی كۆمۆنیستی، به‌ستێنی سه‌ره‌كیی حه‌ره‌كه‌تی چه‌پ، عه‌داڵه‌تخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌به له كوردستان. ئه‌م ڕه‌وته هیوابه‌خشی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه بۆ ڕزگاربوون له‌و بێبه‌شیانه‌ی كه به‌سه‌ری دا سه‌پاوه. هه‌موو كرێكارێكی چه‌وساوه كه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێی چینه‌كه‌ی خۆی ده‌ناسێت، هه‌ر ژنێكی ئازاده كه به‌رامبه‌ر به هه‌ڵاواردن و نایه‌كسانی سهردانانهوێنێ، هه‌ر زه‌حمه‌تكێشێكی بێبه‌ش كه به‌هره‌مه‌ند بوون له ژیانێكی ئازاد و ئاسووده به مافی ئینسانیی خۆی ده‌زانێ، هه‌ر كۆمۆنیستێكی شۆڕشگێڕ كه شه‌وقی گۆڕینی په‌یوه‌ندی زاڵمانه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر دایه، ده‌توانێ جێگه و پێگه‌ی شیاوی خۆی له یه‌كێتیی ته‌شكیلاتی و یان یه‌كگرتوویی خه‌باتكارانه‌دا له‌ناو ئه‌م ڕه‌وته ببینێته‌وه.
- پلۆنۆم له درێژه‌ی باسه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به باروودۆخی كوردستان، هاوئاهه‌نگی و به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی پیلانی ئاڵۆز و پێچاوپێچی ده‌وڵه‌تانی ئێران و عێراق و توركییهی دژبه خه‌ڵكی كوردستان و هێزه سیاسیه‌كان، دایه به‌ر لێكۆڵینه‌وه. پێشڕه‌ویی زیاتری ئه‌رته‌شی توركییه له ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چاوپۆشیی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م داگیركاریانه و له ڕاستیدا ته‌ئید كردنه‌كه‌ی، كۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له سنووره‌كان و تۆپباران كردنی ناوچه‌كانی كوردستانی عێراق، حزووری په‌هباده‌كانی ئێران و توركییه له‌سه‌ر ئاسمانی كوردستانی عێراق، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه ئه‌و ناوچه‌یه له ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌مریكا دایه، هه‌مووی ئه‌وانه پانتایی جۆراوجۆری پیلانگێریهكی ناوچه‌یی، به چاوپۆشیی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا دژبه خه‌ڵكی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و هێزه سیاسیه ئۆپۆزیسیۆنهكانمان پێ نیشان ده‌ده‌ن. پلۆنۆم ئه‌م جموجۆڵانه‌ی مه‌حكووم كرد و له‌سه‌ر پێویستیی هاوپشتیی خه‌ڵكی به‌شه جۆراوجۆره‌كانی كوردستان بۆ پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌م پیلانگێڕیه هاوبه‌شه‌ی كه له جه‌ره‌یان دایه، ته‌ئكیدی كرده‌وه.
پلۆنۆمی ٧ له به‌شی كۆتایی كاری خۆیدا، دابه‌ش كردنی كاری ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌نجام دا و سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی ١٨ی كۆمه‌ڵه بڕیاری دا كه ئه‌م كۆنگره‌یه له ماوه‌ی ٣ تا ٦ مانگ پاش به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی سێزده‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، به‌ڕێوه‌به‌رێت.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه
ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٢٨ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٩ی هه‌تاوی
١٧ ژۆئه‌نی ٢٠٢٠ی زایینی