باروودۆخی سووریه و پێگه‌ی ڕۆژئاوا به‌شێكی دیكه بوو له باس و لێكۆڵینه‌وه‌كانی پلۆنۆمی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه كه له چوارچێوه‌ی ڕاپۆرتی سیاسی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری دا تاوتوێ كرا.
سه‌رئه‌نجام ده‌وڵه‌تی توركییه له درێژه‌ی داگیركردنی كانتۆنی عه‌فریندا، به ته‌بانی كردن له‌گه‌ڵ هێزه ئیمپریالیست و ده‌وڵه‌تانی كۆنه‌په‌رستی ناوچه‌كه، به‌شێكی دیكه‌ی له پلانه‌كانی خۆی دژبه بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی سووریه به‌كرده‌وه ده‌رهێنا. ئه‌مریكا، ڕووسیه و ده‌وڵه‌ته ئۆرووپاییه‌كانی ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆ، له هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و كۆماری ئیسلامی، هه‌ركامیان به پێی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركییه له‌سه‌ر داگیركردنی ناوچه‌كانی كوردستانی سووریه له‌ژیر ناوی پێكهێنانی “ناوچه‌ی ئارام” به ڕێك كه‌وتن. “هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل” له شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ردا له‌گه‌ڵ یه‌كێك له پڕچه‌كترین ئه‌رته‌شه‌كانی په‌یمانی ئیمپریالیستی ناتۆ، وێڕای موقاومهتێكی قاره‌مانانه، ناچار بوون له به‌شێك له ناوچه سنووریه‌كان پاشه‌كشه بكه‌ن. داگیركردنی ئه‌م ناوچانه له لایه‌ن ئه‌رته‌شی توركییه و گرووپه ئیسلامیه به‌كرێ گیراوه‌كانی، وێڕای به‌كار هێنانی دژه ئینسانیترین چه‌كه‌كان، به قیمه‌تی ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س و كوژرانی سه‌دان كه‌سی دیكه له خه‌ڵكی ناوچه‌كه، به‌كرده‌وه ده‌رهات. له ئێستادا ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به‌شێك له ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ست داوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و دژواریانه‌ی كه خوڵقاون، گه‌لێك ده‌ستكه‌وتی هه‌یه كه به هێرش و داگیركاری نیزامی وه‌رناگیرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه دوژمنانی ئه‌م خه‌ڵكه له به‌ره‌كانی دیكه‌دا له‌ژێر گوشار دان و سه‌رتاپێی ده‌سه‌ڵاتیان كه‌وتووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه.
ده‌وڵه‌ته‌كانی توركییه و سووریه كه له زومره‌ی دوژمنانی سوێند خواردووی ئازادی و مافی دیاری كردنی چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردن، ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێك پێگه‌یان لاوازتر بووه. ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له‌م قۆناخه‌دا وه‌ك ده‌وڵه‌تی ڕهسیمی سووریه قه‌بووڵ كراوه، به‌ڵام له دواڕۆژی كۆتایی هاتنی شه‌ڕ و خوێن ڕشتن له‌و وڵاته، دیسان بۆ جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی خرۆشانی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ئه‌مجاره‌یان به وه‌رگرتنی ئه‌زموون له كه‌م و كوڕیه‌كانی ڕابردوو، سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه. خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و ژان دیتووی ئه‌م وڵاته، تۆڵه‌ی كاره‌ساتی ساڵه‌كانی ڕابردوو، له‌و و له ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كه‌نه‌وه. بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به‌و ئه‌زموونه به‌نرخانه‌ی كه به‌ده‌ستی هێناوه، ده‌توانێ به‌شێكی چاره‌نووس ساز له ڕه‌وتی ڕووخانی ئه‌م ڕژیمه بێت.
ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان له نێوخۆی‌دا پرتووكاوه و له به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌یرانه سیاسی و ئابوورییانه‌ی كه به‌ره به‌ره سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ڕۆژ له دوای ڕۆژ لاوازتر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، سیاسه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د مووزیانه و فریوكارانه‌یه، سیاسه‌تی ئه‌ڕدۆغان ده‌ست درێژی و دژه كرده‌وه‌یه‌كه بۆ داپۆشینی شكست و ناكامیه‌كانی خۆی. ئاواته‌كانی ئه‌ردۆغان بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی ئیمپراتووریهتی عوسمانی له ناوچه‌كه‌دا، وه‌ك بڵقی سه‌رئاو ته‌قیه‌وه. پشتیوانی له ڕه‌وته ئیسلامیه‌كانی وه‌ك داعش و گرووپه توندڕه‌وه‌كانی دیكه، كه له جیات توركییه و عه‌ره‌بستان له سووریه شه‌ڕیان ده‌كرد، شكستی ئه‌ردۆغان و ڕسوایی جیهانیی ئه‌وی به‌دوای خۆیدا هێنا. مانۆری دیپلۆماتیكی ئه‌ردۆغان له نێوان ڕووسیه و ئه‌مریكادا جگه له زیانی ئابووری و سه‌رشۆڕی سیاسی، ده‌رئه‌نجامێكی دیكه‌ی نه‌بوو. كه‌ڵك وه‌رگرتن له كارتی په‌نابه‌رانیش نه‌یتوانی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی توركییه وه‌ك ئه‌ندامێكی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، بگۆڕێت. قه‌یرانی ئابووری توركییه توندتر و قووڵتر بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌دار و ئه‌نجۆمه‌نی شاره‌كان ده‌ركه‌وت كه بیروڕای گشتیش ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر له ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه. ته‌نانه‌ت كار به جێگه‌یه‌ك گه‌یشت كه به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌تانه‌وه حیزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان دوو له‌ت بوو و به‌شێك له یارانی پێشووی له‌دژی سیاسه‌ته‌كانی كه‌وتنه كار. ده‌ست تێوه‌ردانی نیزامی و هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ له دژی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕۆژئاوا، له زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه بۆ داپۆشینی ناكامی و وه‌دواخستنی چاره‌نووسێكی مسۆگه‌ر كه چاوه‌ڕوانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان و حیزبه‌كه‌ی ده‌كات، كه‌وتووه‌ته گه‌ڕ.
بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا نه‌ك هه‌ر حه‌ره‌كه‌تێكی نیزامی به‌ڵكوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی پێشكه‌وتوویه كه تێیدا نه‌سلێك له مرۆڤه به ئه‌زموونه‌كان له گۆڕه‌پانی خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌روه‌رده بوون. بێ گۆمان ئه‌وان توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه كه له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ژیان و دیاری كردنی چاره‌نووسی خۆیان له‌وه‌ی كه به‌ده‌ستیان هێنا زیاتر هه‌نگاو هه‌ڵێننه‌وه و به‌ربه‌ست و كه‌م و كوڕیه‌كانی ده‌وره‌ی پێشوو وه‌پشت سه‌ر نێن. له ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوردستانی سووریه‌دا، به هیمه‌تی ژنان و پیاوانی ئازادی خواز، گه‌لێك یاسا له بواره‌كانی یه‌كسانی ژن و پیاو و ده‌وری ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك له ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگا و یه‌كسانی مافی تاكه‌كانی سه‌ربه ئایین و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی سیاسی، خراوه‌ته گه‌ڕ كه ده‌توانێ هه‌وێنی هیوابه‌خشی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و مافخوازانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێت.
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه كه ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه قووڵ بكرێنه‌وه و په‌ره‌یان پێبدرێت. نابێ ڕێگه بدرێت گوشار و مه‌ترسیه‌ك كه هه‌ڕه‌شه له‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌كات، به‌شداربوون و ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ر له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا و دیاری كردنی چاره‌نووسی سیاسی خۆیان كه‌م ڕه‌نگ كاته‌وه. پێویسته به‌شداری كردنی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری كرێكار و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش له له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵدا به دامه‌زراوه بكرێت و له‌م ڕێگه‌وه مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی بوروكراتیسم و شێوه‌ی نادیمۆكراتیك و گه‌نده‌ڵی ماڵی و ئیداری به‌ری پێبگیرێت. له بواری ئابووریه‌وه پێویسته خۆش بژیوی و ئاسایشی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بخرێته ناوه‌ندی به‌رنامه ئابووریه‌كان و ئه‌وه‌ش خۆی به بێ ئاراسته‌یه‌كی دژه سه‌رمایه جێبه‌جێ نابێ. ته‌نیا له‌م ڕێگه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی ڕه‌نج دیتوو، پێكهاته‌ی سیاسی و ئیداری ده‌سه‌ڵاتدار به هی خۆیان ده‌زانن و زیاتر هۆگری ده‌ستكه‌وته‌كانیان ده‌بن و توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسی ده‌ره‌كی دا ده‌بێت.