به‌دوای هاویشترانی چه‌ند ڕاكێت به‌ره‌و باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا، له ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٣٠ی مانگی سه‌رماوه‌ز، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٠ دێسامبر له به‌غدا، گرژی له كه‌ش و هه‌وای سیاسیی عێراقدا په‌ره‌ی سه‌ندووه. ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی هێزه‌كانی ناسراو به “دژه تیرۆر” كه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی “كازمی“ی سه‌روك وه‌زیران دان، ٦ كه‌س له فه‌رمانده و ئه‌ندامانی گرووپی حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ربه لقی “عه‌سائێبی ئه‌هلی حه‌ق“یان به تۆمه‌تی هاوده‌ست بوون له‌م هێرشه‌دا، ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. پاش ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ئه‌م كه‌سانه، هێزه‌كانی ئه‌م گرووپه له ڕێگه‌ی كۆبوونه‌وه له به‌رامبه‌ر بینای ڕێكخراوی ئه‌منیی ئه‌م وڵاته و خۆپیشاندانی چه‌كدارانه له ناوچه‌كانی دیكه‌ی پێته‌خت، ٤٨ كاتژمێریان ده‌رفه‌ت به ده‌وڵه‌تی كازمی دا تا ده‌ستبه‌سه‌ر كراوان ئازاد بكات. له كاردانه‌وه به‌م كرده‌وه‌یه، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وێڕای ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌م ئۆڵتیماتۆمه و حه‌ره‌كه‌تی سهمبۆلیكی حزووری شه‌خسی له شه‌قامه‌كانی پێته‌خت، ڕایگه‌یاند كه ئه‌گه‌ر پێویست بێت، ئاماده‌ی “ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چاره‌نووس ساز“ه. حزووری هاوكاتی “ئیسماعیل قائانی“، فه‌رمانده‌ی سپای قۆدس له به‌غدا، بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆكانی په‌یوه‌ندیدار به ئه‌گه‌ری چالاكیی كۆماری ئیسلامی له ساڵوه‌گه‌ڕی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، حزووری كه‌م وێنه‌ی هێزی ده‌ریایی و ئاسمانیی ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت هێزی ده‌ریایی ئیسرائیل له كهندئاوی فارس، تا جێگه‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندیی به ڕووداوه‌كانی عێراق هه‌یه، ته‌وه‌ره‌كه‌ی هه‌ستیارتر كردووه‌ته‌وه. هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌دا، ڕۆژی ڕابردوو، كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند كه “ڕێگه نادات وڵاته‌كه‌ی بكه‌وێته داوی ئاژاوهگێڕیهكی پووچی دیكه‌وه”.
به‌ڵام له جه‌رگه‌ی ئه‌م باروودۆخه‌دا، ئه‌و پڕسیاره دێته گۆڕێ كه به‌ڕاستی چ كه‌سانێك به‌سه‌ر جوگرافیای سیاسیی وڵاتی عێراقدا حكوومه‌ت ده‌كه‌ن؟
- به‌شێك له باكووری ئه‌م وڵاته له كوردستان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركییه‌وه داگیركراوه و كازمی له دیداری ئه‌م دوایانه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان له توركییه، له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ٥ ملیارد دۆلاردا و به ئامانجی لاواز كردنی زیاتری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ئاسانی له‌م مه‌سه‌له‌یه چاوپۆشیی كرد.
- داعش هێستاش له ناوه‌چه‌كانی ناوه‌ڕاست و سوننی نشینی عێراقدا، وه‌ك هێزێكی ناوچه‌یی حزووری هه‌یه و ئه‌منییه‌تی له خه‌ڵكی ناوچه‌كه زه‌وت كردووه.
- چه‌ندین گرووپی حه‌شدی شه‌عبی، به ده‌یان هه‌زار هێزی چه‌كداری ته‌یار به چه‌كی مۆدێرن، كه پاشماوه‌ی شه‌ڕی داعشن و ڕێكخراوی یه‌كپارچه‌یان له‌ڕووی مۆدێلی حیزبوڵڵای لۆبنان و سپای پاسدارانه‌وه هه‌یه و سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆیه‌وه، به‌كرده‌وه، ده‌وڵه‌تێكیان له‌ناو ده‌وڵه‌تدا پێكهێناوه و بێجگه‌له فه‌رمانده‌كانی خۆیان به هیچ ناوه‌ندێكی دیكه وڵامده‌ره‌وه نین و زۆربه‌شیان سه‌ربه ڕژیمی كۆماری ئیسلامین.
- ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی وه‌ك مه‌رجه‌عی ته‌قلیدی شیعه‌كان، هه‌ر سیاسه‌ت و هه‌وڵێك كه به مه‌یلی ئه‌و نه‌بێت، به یه‌ك فتوا، له سه‌رووی ده‌وڵه‌ته‌وه، پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه.
- باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا به پتر له ٣ هه‌زار كارمه‌نده‌وه، كه گه‌وره‌ترین باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكایه له جیهاندا، له په‌نا پاشماوه‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق، به‌شێكی به‌چاو له ده‌سه‌ڵاتی واقعیی ئه‌م وڵاته‌یان له‌ده‌ست دایه.
- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌رچی خۆی ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كگرتوو نییه و هێزی چه‌كداری حیزبه‌كان هێشتا هێزێكی واحیدیان پێك نه‌هێناوه، به‌ڵام به‌كرده‌وه، به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی واقعیی وڵاتی عێراقی له‌ده‌ست دایه.
- له عێراق پارله‌مانێكی تێدایه كه فراكسیۆنه جۆراوجۆره‌كان، هه‌ركامیان، حیزبگهلێكی چه‌كدار له پارله‌ماندا نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن و هاوسه‌نگیی هێز له ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان به‌سه‌ر په‌سندكرانی یاساكاندا زاڵه و ئه‌م یاسایانه له ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان، به‌ده‌ر له ڕێكه‌وتنی ئه‌م هێزانه، هیچ جۆره زه‌مانه‌تێكی كرده‌وه‌ییان نییه.
- له په‌نا هه‌موو ئه‌وانه‌دا، دهوڵتێكی ڕه‌سمیی، پشت به‌ستوو به ئه‌رته‌شێكی شكست خواردوو و سووكایه‌تی پێكراو له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش و هێزه‌كانی ناسراو به “دژه تیرۆر“، كه زۆربه‌یان له ئه‌مریكاییه‌كان حیساب ده‌به‌ن تا ده‌وڵه‌تی خۆیان، بوونی هه‌یه. كازمی و ته‌نیا به‌شێك له كابینه‌كه‌ی، ئه‌م ده‌وڵه‌ته ڕه‌سمییه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن. بۆ نموونه، له‌م دوایانه‌دا، وه‌زیری داراییی عێراق، فه‌رمانی كازمیی بۆ دانی موچه‌ی دواخراوی كارمه‌ندانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێدانی به‌های گه‌نمی كڕدراو له جووتیارانی كوردستانی، به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هێنا.
به‌م دیمه‌نه پێویسته دوو حه‌قیقه‌تی دیكه‌ش زیاد بكرێ:
یه‌كه‌م، قه‌یرانی ئابووریی كه به هاتنه خواره‌وه‌ی ٥٠ له‌سه‌دیی داهاتی نه‌وت، كهسری بوودجه‌ی ٤٠ له‌سه‌دی، قه‌رزدار بوونی پاره‌ی كهڵان به سیستمی بانكیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، فره بوونی ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات، گه‌نده‌ڵیی به‌رینی ماڵی و دزیی كهڵان، ئاسۆیه‌ك بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه لێی نابیندرێ.
دووهه‌م، خه‌ڵكێكی وه‌خه‌به‌ر و ناڕازی كه ده‌مارگرژی و كێشمه‌كێشی خوێناویی ئایینیان وه‌پشت سه‌رناوه و له‌م باردووخه وه‌گیان هاتوون. ئه‌م بزووتنه‌وه مافخوازانه‌یه كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ك ئاگری ژێر خۆڵه‌مێش خهوتبۆوه، له سه‌رتاسه‌ری عێراق، دیسان خه‌ریكه ده‌گه‌شێته‌وه و ته‌شه‌نه ده‌ستێنێ.
به دیتنی ئه‌م دیمه‌نه بابه‌تییه، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه له عێراقدا نه ته‌نیا ناوه‌ندێكی بڕیار دان و ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكوو چه‌ندین ناوه‌ندی جۆراوجۆر بوونیان هه‌یه كه هه‌ركامیان به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه و به‌رده‌وام ده‌ست و پێی یه‌كتر پێشێل ده‌كه‌ن.
به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ڕه‌سمیی مسته‌فا كازمی بۆ گۆڕینی ئه‌م ڕاستییانه له‌سه‌ر دوو خۆشباوه‌ڕی بینا كراوه:
یه‌كه‌م، هه‌ڵبژاردنێك كه قه‌راره له ساڵی داهاتوودا به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌و باس له مۆجزهكانی نیزامی هه‌ڵبژاردنی نوێ ده‌كات، به‌ڵام ئاشكرایه كه میلیشیای حیزبه سیاسیه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی و ته‌نانه‌ت باروودۆخێك كه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا زاڵه، ڕێگه به هیچ نیزامێكی هه‌ڵبژاردن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌چاو ڕابردوو، به ڕواڵه‌ت، ڕوخسارێكی دیمۆكراتتریشی بێت، نادات، كه نیزامی دابه‌شكاریی ئێستای ده‌سه‌ڵات تێكبدات.
دووهه‌م، دڵخۆش كردن به ده‌خاڵه‌تی چالاكی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، بۆ یه‌كجێ كردنی ده‌سه‌ڵات له‌م وڵاته، كه بێگومان ئه‌ویش ئاكامێكی بێجگه‌له ده‌ستپێكی شه‌ڕێكی ناوخۆیی خوێناویی و قۆناغێكی دیكه له كوشتار و وێرانیی نابێ. له‌و حاڵه‌ته‌شدا، ڕه‌واڵی ژیانێكی ئاسایی له خه‌ڵك زه‌وت ده‌كرێت و كۆمه‌ڵگای عێراق ده‌كه‌وێته ژێر چه‌نگی هه‌ژاری و نائه‌منی و قه‌یرانێكی ماڵوێرانكه‌رتر.
سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه، له باروودۆخی ئێستای عێراقدا، په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری، به ده‌رس وه‌رگرتن له شكستی بزووتنه‌وه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و هه‌ڵبه‌ت ئاڵوگۆڕه‌كان له ئێران و ڕووخانی كۆماری ئیسلامی، ته‌نیا ئاسۆیه‌كی ڕوونه، كه له وڵاتی عێراقیش ده‌توانین هیوامان پێی بێت.