رۆژی سێشەممە ٣٠ی مانگی جۆزەردان “محەممەد باقر نەوبەخت” وتەبێژی دەوڵەتی ئێران جەختی کردهوه کە ژمارەیەک لە بەناو “ماسیگرانی ئێرانی” لە لایەن هێزەکانی گاردی ساحلی عەرەبستانی سعودیەوە دەستبەسەر کراون. بە پێی ڕاپۆرتی ئیلنا مودیری کولی کاروباری سنوری دەستبەسەر کرانی ٣ کەس ” لە خەڵکی بوشێهری بە ناوی دیاریکراوەوە” دوای چوار رۆژ تەئید کرد. ئەوە لەحاڵێکدایە کە وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی تا ئێوارەی رۆژی دووشەممەش هەواڵی گیرانی پاسدارانی ڕەد دەکردەوە. بەڵام ڕاگەیەنەرەکانی ئێران رۆژی شەممە بڵاویان کردەوە کە ” گاردی ساحلی عەرەبستانی سعودی بەرەو کەشتیەکی ماسی گرتن کە بە هۆی جوڵەی شەپۆلەوە لە لێوارەکانی بوشێهرەوە چووبوە نێو ئاوەکانی عەرەبستان، تەقەی کرد و بە هۆیەوە ڕاوچیەکی ئێرانی کوژراوە.”
رۆژی دووشەممە ٢٩ی مانگی جۆزەردان وەزارەتی زانیاری گەیاندنی عەرەبستان لە ڕاگەیاندنێکدا وتبوی کە دوانیوهڕۆی رۆژی هەینی بەلەمێکی نیزامیی کۆماری ئیسلامی چەک و مادەی تەقینەوەیان ڕاگرتوە و ٣ کەسی سەرنشینی کە لە ئەندامانی سپای پاسدارانن دەستبەسەر کراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان. لەو ڕاگەیاندنەدا ئاماژە کرابوو، ئەوە یەکێک لەو سێ بەلەمە تیژڕەوە نیزامیەی کۆماری ئیسلامی بووە کە بەبێ گوێدانە تەقەی ئاگادار کەرەوەی هێزەکانی عەرەبستان بە خێرایی بە ئاوە نیونەتەوەییەکاندا هاتنە نێو ئاوەکانی ئەو وڵاتەوە و بەرەو دامەزاوەی نەوتی “ئهلمەرجان” دەچوون و دەیانویست ئەو سەکۆ نەوتیە بتەقێننەوە.
ئەم کار و کردارە نیزامییە تەحریک ئامێزهی هاوشێوە و رۆژانەی کۆماری ئیسلامی بەشێک لە سیاسەتی شەڕ ئەنگیزانەیەتی لە ناوچەکەدا. ئیستراتیژی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت باڵی ئوسولگەرا بۆ درێژەی حاکمیەت و داسەپاندنی مەوجودیەتی بەسەر ئامریکا و باقی هێزە سەرمایەداریەکاندا، هەوڵێکە بۆ توند کرانەوەی بارودۆخێکی قەیراناوی کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا. کێ دەتوانێ پاساوهكانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم کردارە شکست خواردوە نیزامیانەی قەبوڵ بکات؟ چ عەقڵێکی سەلیم دەتوانێ باوەڕبکات کە گۆیا ” ماسیگرانی ئێرانی بەهۆی جوڵەی شەپۆلی دەریاوە لە بووشێهر ڕێگا ون بکەن” و دوای تێپەڕ کردنی ئاوە نێو نەتەوەییەکان، لە ئاوەکانی عەرەبستاندا سەردەربێنن؟ ئەویش لە بارودۆخێکدا کە ئەم ناوچە ئیستراتیژیکە بە توندی لەباری نیزامی و ئەمنیەتیەوە ئالۆز و لەژێر کۆنترۆڵ دایە و لە حاڵێکدا کە پێوەندی دیپلۆماتیکی نێوان هەردوو دەوڵەتی ئێران و عەرەبستانیش گەلێک تێکچووە و ئاڵۆز بووە؟
بەڵام ئەمە تەنیا کرداری تەحریک ئامیزی نیزامی کۆماری ئیسلامی نەبووە لەم ماوەیەدا. بەپێی ڕاگەیاندنی سپای پاسداران رۆژی یەکشەممەی ڕابردوش سپای پاسداران ٦ فەروەند موشەکی بالستیکی میانبۆردی زەوی بە زەوی لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ ناوچەی دهیرۆلزوور لە سوریە هاویشت. گۆیا کۆماری ئیسلامی ئەم موشەکانەی بە تۆڵەی کردارە تیرۆریستیەکانی داعش لە هێرش کردنە سەر مەجلیسی ئێڕان و قهبری خومەینی هاویشتوە. له ڕاستیدا ئەگەرچی ئەم کردارانە خۆی لە خۆیدا دەتوانێ جۆرێک لە هێز نواندنی ناوچەیی پیشانبدات، بەڵام ئامانجی کۆماری ئیسلامی نەک بە روودا کێشانی توانایی موشەکی خۆی بە ئامریکا و ئیسرایل و هیتر “کە ئامرازەکانی پوچەڵ کردنەوەی دەیان بەرابەری ئەوهیان هەیە”، بەڵکوو بەر لە هەر شتێک نیشاندانی هێزە لە پێوەند لەگەڵ خەڵکی ئێراندا. لە ڕاستیدا پەیغامی موشەک هاویشتنەکانی، روو بە خەڵکی ئێرانە نەک بۆ دەوڵەتی ئامریکا. ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی نیگەران دەکات نەک مەترسی هێرشی نیزامیی ئامریکا و یان عەرەبستان، بەڵکوو تەقینەوەی قین و توڕەیی خەڵک و سەرهەڵدانی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانەیە لە ئێران. بە هەر ڕادەیەک کۆماری ئیسلامی لەم بارەیەوە هەست بە مەترسی بکات، ماجەراجوییەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت. کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە نمایشی تواناییە موشەکیەکانی، ئامریکا نیگەران ناکات، بەڵام هیوادارە کە ئەم نمایشە لە لای خەڵکی ئێران وەک نیشانەی بەهێزی ڕژیم وەربگیرێ. دەوڵەتی ئامریکاش پێویستی بە نمایشی موشەکی کۆماری ئیسلامی هەیە، تا لەژێر سێبەریدا، دۆلارە نەوتیەکانی دەوڵەتانی دەوڵەمەندی عەرەبی ناوچەکە لە ڕێگای فرۆشتنی چەکەوە پێیان بگهڕێنێتهوه لای خۆی. به گشت ئهمانهوه ئامانجی کۆماری ئیسلامی هەرچیەک بێت، نەفسی هاویشتنی موشەک، ئاڵۆزی نیزامی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات و لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جۆرێک یاری کردن بە ئاگرە.
لەگەڵ هاتنە سەرکاری ترامپ ئەگەرچی ئامانجی ستراتیژیکی ئامریکا سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە. قسە هەڕەشە ئامێزەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستانی ئامریکا سەبارەت بە هەوڵدان بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ئێران بەشێک لە ستراتیژی ئەم وڵاتەیە لە پێوەند لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. ئەم ستراتیژیە لە پێوەند لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی مەیلی بەشێک لە ئوپوزسیۆنی عافیەت تەڵەبی ڕژیم لە دەرەوە، نەک گۆڕینی ڕژیم، بەڵکوو کەم و زۆر هەر گوشار هێنانە بۆ وادار کردنی کۆماری ئیسلامی بە پاشەکشەی زیاتر لە کانونەکانی قەیران لە ناوچەکەدا و هاو ئاڕاستە کردنی ئەم ڕژیمەیە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئامریکا و رۆژئاوادا.
نە سیاسەتی ئامریکا و باقی هێزە سەرمایەداریەکان لە رۆژئاوا و نە مناسباتی بەرژەوەندی خوازانەی روسیە لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا نە تەنیا قازانجێکی بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتوی ئێران نییە بەڵکوو لەدژی ئەوانە و لە بارودۆخی هەڵگیرسانی هەر شەڕێکدا ئەوە جەماوەری خەڵکن کە دەبنە قوربانیانی قازانج و بەرژەوەندی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان.