تاران ئەگەر لە سەرەوە تەماشای بکەیت، شارێکە کە لە چوارچێوەیەکدا جێی نابێتەوە، شارێکی کە تێیدا دوو جیهانی هاوتەریب لە تەنیشت یەکتردا هەناسە دەکەن، بەڵام هەرگیز بە یەک ناگەن. هەر ئەوەندە بەسە کە مەودایەکی کورت لە شەقامی موختاری و شووشەوە بەرەو نیاوەران و زەعفەرانییە ببڕیت تا بزانیت ئەم شارە چۆن لە ناخی خۆیدا دوو دیمەنی تەواو دژواز هەڵدەگرێت: باشوورێکی کە تێیدا ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت، و باکوورێک کە تێیدا ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەنگ و ڕووی لووکستر بەخۆیەوە دەگرێت.
لە گەڕەکەکانی باشووری تاران، لە نێوان شەقامی موختاری، شووش و دەروازەغار، ژیانی ڕۆژانە شێوازێکی دیکەی هەیە، گۆیا ئابووری لە جووڵە کەوتووە و خەڵک و کاسبکاران لە هەوڵدان تەنیا “ئەمڕۆیان” بگەیەننە سبەینێ. لەم کۆڵان و کەلەبەرانەدا، هەژاری بووەتە سیمای شەقامەکان، بووەتە ڕیزە دوورودرێژەکانی نان، بووەتە نیگای شەرمنانەی ئەو کڕیارانەی داوای نرخەکان دەکەن و بەبێ دەنگی لە دوکانەکە دێنە دەرەوە. یەکێک لە کاسبکاران دەڵێت: “ئەمڕۆ کاڵایەک دەفرۆشیت، بەیانی نرخەکەی بەرز دەبێتەوە، پولێک نامێنێتەوە تا کاڵای نوێی پێ بکڕیت.”
لە هەمان شاردا، چەند کیلومەترێک ئەو لاتر، بورجە شووشەییەکان، شەقامە پان و بەرینەکان، ئۆتۆمبێلە ملیاردیی و ئەو ناوەندانەی کڕین کە ناوەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەدرەوشێتەوە، دیمەنێکی تەواو جیاواز لە تاران نیشان دەدەن. لە نیاوەران، وەلەنجەک، فریشتە، فەرمانییە و زەعفەرانییە، ژیان نە بە خەمی نان، بەڵکوو بە هەڵبژاردن لە نێوان براندە لووکسەکان، پۆلەکانی وەرزشی تایبەت، و ئاپارتمانانی بە نرخی خەیاڵی پێناسە دەکرێت. لێرە تارانێکی دیکەیە، تارانێکی کە زۆربەی خەڵکی وڵات تەنانەت ناتوانن وێنەی ژیان لەوێدا لە مێشکی خۆیاندا بکێشن.
ئەم دوو دیمەنە، دوو تاران، دوو جیهان، لە تەنیشت یەکتردا دەنوێنن بەڵام مەوداکەیان نەک چەند کیلومەتر، بەڵکوو کەلێنێکی چینایەتیی قووڵە کە ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئیلنا ئاژانسی هەواڵی کاری کۆماری ئیسلامی، “لە باشووری تاران، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو مانایەکی زۆر بەرجەستەتری لە دیاگرامە ئابوورییەکان هەیە. ئاماری فەرمی دەڵێت هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە ٨٩٪ و نرخی خۆراک زیاتر لە دوو بەرامبەر بووە. بەڵام ئەوەی لە شەقامدا دەبینرێت، لەمەش دڵتەزێنترە: ئەو سفرە و خوانانەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبنەوە و یەکەم شتێک کە لێیان سڕدراوەتەوە، پرۆتینە. قەسابێک باس لەوە دەکات کە ئەمڕۆ و بەیانی دوکانەکەی دادەخات. کەسبوکارە بچووکەکان، کە ڕۆژگارێک کۆڵەکەی بژێویی گەڕەکەکان بوون، یەک بە دوای یەکدا لەپێ دەکەون. جگەرچییەکان و سوپەرمارکێتەکان باس لەو ڕۆژانە دەکەن کە دوکانەکەیان پڕ بوو لە مشتەری و دەنگی گفتوگۆ و هاتووچۆی تێدا بەردەوام بوو، بەڵام ئەمڕۆ ناچار بوون لەسەر شووشەی دوکانەکەیان بنووسن “قەرز ناکەین“. نەک لەبەر دڵڕەقی، بەڵکوو لەبەر بێتوانایی. دەستمایەکەیان تواوەتەوە و نرخەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرز دەبنەوە.”
لەم نێوانەدا، نانەواخانەکان بوونەتە دوایین سەنگەری خەڵک. شاتری گەڕەک، کە هەموو ڕۆژێک بینەری بچووکتربوونەوەی سفڕەکانە، لە قازانجی خۆی خۆش بووە و نان بە قەرز دەدات، تەنانەت ئەگەر زۆر کەس پوڵەکەی بۆ نەگەڕێننەوە. ئەو دەڵێت: “نانە ئیتر، خەڵک پێویستیان پێیەتی. لەم بارودۆخەدا دەبێت ئاگامان لە یەکتری بێت.”
بەڵام هەر ئەم قەرزدانە، کە ڕۆژگارێک هێمای متمانەی گەڕەک بوو، ئەمڕۆ بووەتە هۆکاری قەیران. ژن و مێردێکی بەساڵاچووی خانەنشین کە لە ڕیزی ناندا وەستاون، دەڵێن مووچەکەیان تا ڕۆژی چوارەمەی مانگ بڕ ناکات و هیچ کەسێکی دیکە قەرزیان پێ نادات، چون متمانە نەماوە.
لە شووش و دەربازەغار، دیمەنی هەژاری ئاشکراترە. گەراجەکان و ئەو کارگانەی کە منداڵانی حەوت تا دوانزدە ساڵان تێیاندا کار دەکەن، خانووە قوڕینەکان، کۆڵانە تاریک و چاڵوچۆڵەکان، و پیرەپیاوێکی کە لە زبڵدانەکاندا بە دوای پاشماوەی خۆراکدا دەگەڕێت، بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی ئەم گەڕەکە. هەر لەو مەودایەدا، “کۆمەڵەی بازرگانیی شووش سیتی سەنتەر” بە دیمەنێکی شیک و پۆستەرەکانی کڕینی قیستەوە سەر لە ئاسمان دەسوێ، ناوەندێکی کە بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکە زیاتر لە گەمەیەکی تاڵ دەچێت تا دەرفەتێکی ڕاستەقینە.
لە فرۆشگای گەڕەکی دەربازەغار، شووشەی مورەباکان بە نرخی مانگەکانی پێشووترەوە تۆزیان لێ نیشتووە و فروشتی شیرەمەنییەکان نزیک بووەتە لە سفر. پارەی کارەبای دوکانەکە لە ٤٠٠ هەزار تمەنەوە بەرزبۆتەوە بۆ ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار تمەن و دوکاندار ماوەتەوە کە چۆن ئەم تێچووانە دابین بکات لە کاتێکدا فرۆشەکەی گەیشتووەتە یەک لەسەر چواری ڕابردوو.
لە خاڵی بەرامبەردا، باکووری تاران هەڵکەوتووە، شوێنێکی کە ژیان نەک بە خەمی نان، بەڵکوو بە هەڵبژاردن لە نێوان براندە لووکسەکان پێناسە دەکرێت. ئەم گەڕەکانە، لە نیاوەران و وەلەنجەکەوە تا فەرمانییە و زەعفەرانییە، نەک هەر گرانترین ناوچەکانی تارانن، بەڵکوو هێمای شێوازی ژیانێکى لاکچری لە ئێراندان.
لە ڕابردوودا، دەوڵەمەندنشینیی تاران مانایەکی دیکەی هەبوو: باخە گەورەکان، کۆشکی لە خشت دروستکراو، گالیسکەکان، پیاوانی شیکپۆش بە کلاوی فەرەنگییەوە، میواندارییە شکۆدارەکان و ئەو منداڵانەی کە ئامێری پیانۆ و زمانی فەڕەنسییان دەخوێند. بەڵام ئەمڕۆ ئەم شێوازەی ژیان جێگەی خۆی داوە بە بورجە لووکسەکان، ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان و گەنجانێکی کە جیهانێکی تەواو جیاوازیان لەگەڵ باقی خەڵکی ئێران هەیە.
تارانی ئەمڕۆ، پتر لە هر کاتێکی دیکە، شارێکی دوو کەرت. لە باشوور، خەڵک بۆ کڕینی نان و مریشک داوای قەرز دەکەن، لە باکوور، خەڵک بۆ کڕینی براندە لووکسەکان ڕیز دەبەستن. لە باشوور، منداڵان لە کارگەکاندا کار دەکەن، لە باکوور، منداڵان لە پۆلەکانی زمان و موزیکدان. لە باشوور، دوکاندار دەڵێت “داهاتەکەم تێری ژیانم ناکات“، لە باکوور، نرخی خانووەکان سنوورەکانی خەیاڵی تێپەڕاندوو. ئەم کەلێنە، تەنیا کەلێنی داهات نییە، کەلێنی ئەزموونی ژیانە. کەلێنێکی کە تێیدا دوو جیهان لە تەنیشت یەکتردا ژیان دەکەن، بەڵام هەرگیز بە یەک ناگەن.
تاران، ئاوێنەی باڵانوێنی ئێرانی ئەمڕۆیە، هاوشێوەی ئەم دیمەنە لە سنەوە تا تەورێز، لە ئیسفەهانەوە تا شیراز، لە مەشھەدەوە تا ڕەشت لە هەموو شوێنێکی ئێران بەرچاو دەکەوێت. وڵاتێکی کە تێیدا مەودای چینایەتی نە تەنیا ئابووری، بەڵکوو بووەتە کەلتووری و کۆمەڵایەتی. باشووری تاران، چیرۆکی داڕمانی ژیان و باکووری تاران، چیرۆکی نمایشی سەرمایەیە.
