ژنانی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردا لەپاڵ چینی کرێکاردا زۆر ترین ئازاریان بەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە کێشاوە. کۆماری ئیسلامی گەلێک هەوڵی دا تا وێڕای بەکارهێنانی سەرکوتی ڕاستەوخۆ، بە پشت بەستن بە باوەڕە مەزهەبیەکان، ستەم لەسەر ژنان دەرونی بکاتەوە و ئەوان وادار بکات تا بە پێگەی ژێر دەستە بوونی خۆیان ڕازی بن، بەڵام نەتەنیا لەم کارەیدا سەرکەوتو نەبوو، بەڵکو بورکانی قین و توڕەیی ئەوانیشی هەڵخڕاند. ئەوەی کە ئهمڕۆكه لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا لەڕووی حوزوری بەرینی ژنانەوە دەیبینین، تەنیا بەشێکی بچوکە لەو شەپۆلە گەورە و خورۆشاوەی کە لە ڕێدایە. نوشین ئەحمەدی خۆراسانی و پەروین ئەردەڵان، لە هەڵسوڕاوانی مافەکانی ژنان، رۆژ ژمێری ئهو ڕووداوانهی كه بهرهبهره حیجابی زۆرە ملێیان بهسهر ژنان دا سهپاند و به شێونی مافهكانی دیكهشیان پێشێل كران لە کتێبێکدا بەناوی” سیناتۆڕ” تۆمار کردەوە. ئەوەی کە لە خوارە دێت، بژاردەیەکی كورت كراوهی ئهو كتێبهیه.
لە دهوروبهری ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن و دوو حەوتو دوای روخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ یەکەم هێرش بۆسەر ژنان لە لایەن خومەینی و لایەنگرانیەوە دەستی پێکرد. رۆژی ٧ ی مانگی ڕەشەمەی ١٣٥٧ رۆژنامەی کەیهان بە بڵاو کردنەوەی نامەیەک لە لایەن دەفتەری خومەینیەوە هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی یاسای “پشتیوانی له بنەماڵە” کە كۆمهڵێك ئیسلاحاتی بە قازانجی مافەکانی ژنان لە دەورەی ڕژیمی شادا تێیدا بوو، ڕاگەیاند. بە بڵاو بوونەوەی ئەم نامەیە نیگەرانی سەبارەت بە مەوقعیەتی ژنان لە ڕژیمی تازەدا، کەم کەم لە واقعیەت نزیک دەبۆوە. چەند رۆژ دواتر رۆژنامەکە لە زمان خومینیەوە نووسی:” ژنان دەبێ بە حیجابەوە بچنە وەزاڕەتخانەکان،” ئەم قسانە مەڕاسمی ٨ ی ماڕسی ئەو ساڵەی خستە ژێر گاریگەری خۆیەوە. بە هەزاران ژن لە شارەکانی تاران و سنە و ئیسفەهان و تەورێز و شیراز و چەندین شاری دیکە، ڕژانە سەر شەقامەکان و لەدژی ئەم حوکمە دەستیان دایە خۆپیشاندان. هەرچەند ئەم ناڕەزایەتیە لە تاران و ئیسفەهان لە لایەن حیزبوڵڵاییەکانەوە هێرشی كرایه سهر، بەڵام ژنان پاشەکشەیان نەکرد. رۆژی ١٩ ی مانگی ڕەشەمە ژمارەیەکی بەرین لە ژان لە کۆشکی دادگوستەری لە تاران کۆبوونەوە و بە بڵاو کردنەوەی قەتعنامەیەک، خواستەکانی خۆیان ڕاگەیاند: رۆژنامەی کەیهان لە ژمارەی رۆژی دواتریدا ئەم داخوازیانەی بەم شێوەیە بڵاو کردەوە:
” ١ – پۆشینی ئاسایی ژنان دەبێ بە لەبەرچاو گرتنی عوڕف و عادەت و تایبەتمەنی شوێن و بە تەشخیسی خۆیان بێت. ٢ – مافی بەهرەمەند بوونی یەکسان لەگەڵ پیاوان لە مافی مەدەنیدا. ٣ – مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان بەبێ هیچ هەڵاواردنێک پارێزراو و دابین بکرێت. ٤ – ئەمنیەتی بە تەواوەتی ژنان لە کەڵک وەرگرتن لە ماف و ئازادیە یاساییەکان زەمانەت بکرێت. ٥ – بەهرەمەند بوونی واقعی لە ئازادییە بنەڕەتیەکان بۆ ژنان و پێاوانی وڵات زەمانەت بکرێت. ٦ – هەموو جۆرە نایەکسانیەکی نێوان ژن و پیاو بسڕدرێتەوە. ٧ – پێگەی شوغڵی ئێستای ژنان پارێزراو بێت. ٨ –”یاسای پشتیوانی بنەماڵە” لە ڕاستای دابینكردنی زیاتری مافەکانی لەدەست چوونی ژنان گۆڕانكاری تێدا بكرێت.”
بەرینایی حەرەکەتە ناڕەزایەتیەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا بە ڕادەیەک بوو کە دەوڵەتی کاتی بازرگانی وادار بە پاشەکشە کرد. تاڵەقانی لە سوخەنڕانیەکدا وتی:” سەبارەت بە حیجاب هیچ ئیجبارێک لە کاردا نییە، خومەینی وەک باوکێک نەسیحەتی منداڵەکانی کردوە.” بەڵام ئەم قسانە ژنانی تێکۆشەری ئارام نەکردوە. نیگەرانیەکانیان هەروا لە ئارادا بوو. رۆژی ٢١ ی مانگی ڕەشەمە، خۆپیشاندان لە تاران و شارستانەکان درێژەی هەبوو. بە ڕیفڕاندۆمی ١٢ ی مانگی خاکەلێوە و دامەرانی کۆماری ئیسلامی هێرش بۆسەر مافەکانی ژنان بێ پەردە تر درێژەی کێشا و بەرە بەرە بەشێوەی یاسایی خۆی دەرخست. لە ٨ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٥٩، فەرمانی” شۆڕشی ئیداری” لە لایەم خومەینیەوە دەرچوو. وە بەدوای ئەودا تەسفیە و “پاکسازی” لە سازمانە دەوڵەتیەکاندا دەستی پێکرد. ئەم فەرمانە لایەنی جیاوازی هەبوو، بەڵام مێحوەرەکەی جەخت کردنەوە لەسەر پۆشینی ژنان لە ئیدارەکاندا بوو. لەم بوارەدا داوا لە ژنان کرا کە لە ماوەیەکی ١٠رۆژیدا بە ڕێعایەت کردنی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییە ئیسلامیەکانەوە لەسەر کار ئامادە بن. لە ١٦ ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٥٩ لە لایەن شوڕای ئینقلابەوە ڕاگەیەندرا کە چوونی ژنان بۆ ئیدارەکان بەبێ پۆشینی ئیسلامی قەدەغەیە. رۆژنامەی کەیهان لە ١٦ ی مانگی پوشپەڕی ئەو ساڵە لە هەواڵێکدا سەبارەت بە شوڕای ئینقلاب نووسی:” جەلەسەی دوێشەوی شوڕای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی موهەندیس بازرگان لە بینانی سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو. لە کۆتاییدا هاشمی ڕەفسەنجانی سەبارەت بە بابەتە تەرح کراوەکان وتی:” قەرار درا شوڕای ئینقلاب ڕەسمەن ڕایبگەیەنێت کە خانمەکان بەبێ پۆشینی ئیسلامی مافی چوون بۆ ئیدارەکانیان نەبێت و ئیدارەکان مافی خۆیانە بەریان پێبگرن.” کارەکە لێرەدا کۆتایی نەهات، و بۆ ئیجباری کردنی حیجاب، بەسیجی گشتی دەستی پێکرد. دادستان عەلی قدوسی، ئیختاری دایە سەرجەم ئیدارە و دامەزراوە و وەزاڕەتخانەکان:” ئەگەر بێت و ئاسەوارێک لەوەی جێی پەسندی ئیمام نییە لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی رۆژی ١٧ ی مانگی پوشپەڕی ئەمساڵەوە لە ئیدارەکاندا ببیندرێت، یان خانمێک بەبێ پۆشینی ئیسلامی لە شوێنی کارەکەی ئامادە بێت، بە خێرایی ماف و مەزایاکانی دەبڕدرێت. بەدوای ڕاگەیاندنەکەی دادستانی گشتی، ژنان سەرلەنوێ لەبەردەم بینای سەرۆک وەزیراندا کۆبوونەوە. کەیهان بڵاوی کردوە:” ئامادە بوونی بە هەزاران کەس لە پیاوانی موسڵمان و تێکۆشەری تاران لەبەردەم بینای سەرۆک وەزیران بەری بە کۆبوونەوەی ژنانی بێ حیجاب لەم شوێنە گرت و سەرئەنجام ژنانی بێ حیجاب بەبێ ئەوەی کە بتوانن کۆبوونەوه لەم شوێنەدا بەڕێوەبەرن، بڵاوەیان کرد.” دوای ئەم ماجەرایە بە” کۆتایی هاتنی مۆڵەتە ١٠ رۆژیەکەی خومەینی هەڵسەنگاندنی شیوازی پاکسازی و ڕەچاوکرانی پۆشینی ئیسلامی لە ئیدارەکاندا دەستی پێکرد و ئەو ژنانەش کە درێژەیان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەدا دەستبەسەر کران.
بەرە بەرە ڕیعایەتی پۆشینی ئیسلامی بەسەر هەموو شوێنە گشتیەکانیشدا سەپا. لە ١١ ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٢ بە پەسند کرانی تەک مادەی ١٠٢ ی قانونی مجازاتی ئیسلامی حیجاب شێوازی یاسایی بەخۆیەوە گرت. ناوەرۆکی ئەم مادەیە بەم جۆرە بوو:” ئەو ژنانەی کە بەبێ حیجابی شەرعی لە شوێنە گشتیەکاندا ببیندرێن بە تەعزیری تا ٧٤ زەربە شێلاق مەحکوم دەکرێن.” دوای ئەوە دادستانی گشتی تاران بە دەر کردنی ڕاگەیاندنێک لە رۆژی ٤ ی مانگی گەلاوێژی ١٣٦٣، روو بە” سەرجەم بەرپرسان لە ئیدارە و سازمانە دەوڵەتی و شیرکەتەکان و باقی یەکە دەوڵەتی و تایبەتەکان، شوێنە گشتیەکانی وەک هۆتێلەکان، مسافیرخانەکان، تالار و باشگاکانی بەڕیوەبەری ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری، ڕێستووران و باقی شوێنە گشتیەکانی ئێعلام و ئیبلاغ” کرد کە” لە کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاگەیاندنەوە وەزیفەیانە بەر بە چوونی خانمانی بێ حیجاب بگرن بۆ نێو ئەو شوێنانە.
بە بە یاسایی بوونی حیجاب، کۆنترۆڵ توندتر، گرتن و سزادانی سەرپێچی کاران زیاتر بوو وە ئەمجار تاوانێکی تازە بەدی هات، ناوەکەی “بەد حیجابی” بوو.
بهمجۆره پێ به پێ سهقامگیربوونی حكوومهتی ئیسلامیی، حیجابی زۆرهملێش هاوكات لهگهڵ كۆمهڵێك یاسای دژبه ژن به سهر ژنانی ئێران داسهپا. لە درێژەی پەسند کرانی یاسای مجازاتی ئیسلامیدا لە ساڵی ١٣٧٥ کرا بە مادەی ٦٣٨ و هەموار کرایەوە و تەبسرەکەشی بەم جۆرە دەستکاری کرا:” ئەو ژنانەی کە بەبێ حیجابی شەرعی لە شوێنە گشتیەکاندا دەرکەون بە حەبسی لە ١٠ رۆژەوە تا ٢ مانگ و یان سزای نەغدی مەحکوم دەکرێن.” ئێمە لە دەرفەتێکی تردا دەچینە سەر ٤٠ ساڵ ئازار و ڕەنج و ٤٠ ساڵ خۆڕاگری و پایەداری ژنانی ئێران لە گۆڕەپانە جۆراو جۆرەکاندا. ئهم لێكدانهوهیه پێمان دهڵێت كه كۆماری ئیسلامیی ئێران لهسهر چ بۆركانێك له تووڕهیی و نهفرهتی ژنانی ئێران ڕۆنیشتووه. ئهو ڕاستییه حاشا ههڵنهگره، كه یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی داهاتوی شۆڕشی خەڵکی ئێران خەباتی ژنانی ئازادیخواز و یهكسانیخواز دهبێت.