كۆماری ئیسلامی ئێران له زومره‌ی ئه‌و ڕژیمانهیه كه هه‌ر دیارده‌یه‌ك و هه‌ر ڕووداوێك كه بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك خراپ و كاره‌ساتبار بێت، بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌توانێ باش و گونجاو بێت. ئه‌م ڕژیمه وه‌ك كوند له وێرانه‌دا ده‌خوێنێ. شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق كه بێ ئه‌ژمار وێرانیی لێكهوتهوه، ملیۆنان كه‌سی به‌ره‌و مه‌رگ و نه‌مان برد و یان كه‌م ئه‌ندام و خانه‌نشینی كردن. ناوی ئه‌م شه‌ڕه‌یان نا “به‌ركه‌تی ئاسمانی” و وه‌ك ئامرازێكی كارامه له خزمه‌ت پته‌و كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه، به‌كار هێندرا. ئه‌و بوومه‌له‌رزه و لافاوانه‌ی كه ماڵ و حاڵی خه‌ڵك وێران ده‌كه‌ن و بنه‌ماڵه‌كان ده‌خه‌نه ماته‌مینی ڕۆڵهكانیانیانهوه، هه‌ر هه‌مووی به تاقیكردنه‌وه‌ی ئیلاهی ده‌زانن و گۆیا ئاستی تاقه‌ت هێنانی خه‌ڵك له لایه‌ن خوداوه به‌تاقی ده‌كرێته‌وه. “ویرووسی كۆرۆنا“ش كاره‌ساتێكی دیكه‌یه كه بۆ كۆماری ئیسلامی مایه‌ی حه‌یات و مانه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر كۆرۆنا بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك، نه‌خۆشیی و برسیه‌تی و بێكاریی هێناوه، بۆ كۆماری ئیسلامی ده‌رفه‌تێكی كه‌م وێنه‌ی بۆ مانه‌وه خۆڵقاندووه.
ئه‌گه‌ر باس له شاره‌زایی و توانایی كۆماری ئیسلامی بكه‌ین، ده‌توانین بڵێین كه ئه‌م ڕژیمه، توانایی و لێهاتووییه‌كی زۆری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌یكه له شه‌ڕ و بوومه‌له‌رزه و لافاو و كۆرۆنا و هه‌موو به‌ڵایه‌كی دیكه كه‌ڵك وه‌رگرێت بۆ ئه‌وه‌یكه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پێ قایمتر بكات. له وه‌ها كه‌ش و ههوایهكدایه كه بێشه‌رمانه و به خه‌یاڵی ئاسووده‌وه، به شعووری خه‌ڵك كایه ده‌كه‌ن و به دانی ئاماری ناڕاست و نامه‌ربووت، له بوار به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ویرووسی كۆرۆنا، خۆیان له‌پێشتر له وڵاتانی دیكه‌ی جیهان پێناسه ده‌كه‌ن. ڕژیم له حاڵێكدا خه‌ڵكی له به‌رامبه‌ر ویرووسی كۆرۆنادا، وه‌ك كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و ڕووتین به‌حاڵی خۆی ڕه‌ها كردووه كه له بوار ژێرساختهكانی ته‌ندرووستی و ده‌رمانیه‌وه، پله‌ی ١٢٠ی هه‌یه له ئاست جیهانیدا.
كاری به‌كه‌م دانانی شعووری خه‌ڵك گه‌یشتووه به جێگایه‌ك كه دواكه‌وتووترین به‌شی ڕژیم، واته سازمانی به‌سیج، ئامێرێك درووست ده‌كات كه له مه‌ودای ١٠٠ میتریه‌وه ویرووسی كۆرۆنا ده‌ناسێت و هه‌موو فه‌رمانده‌كانی سپا‌ش له ڕێوڕه‌سمی ڕوونهماییهكهیدا به‌شداری ده‌كه‌ن! نه‌فامترین ئاخونده‌كان، جێگای پزیشكانی شاره‌زا ده‌گرنه‌وه و ته‌بلیغ بۆ تیببی ئیسلامی ده‌كه‌ن و “پێكهاته‌ی ئه‌نبه و شیری وشتر” وه‌ك ده‌رمانی دژه كۆرۆنا پێناسه ده‌كه‌ن.
ساڵی ١٣٩٨ی هه‌تاوی، هه‌م بۆ خه‌ڵكی ئێران و هه‌م بۆ كۆماری ئیسلامی، ساڵێكی پڕ له ڕووداو بوو. ئه‌و ڕووداوانه ترسی مه‌رگیان خسته ناو دڵی كۆماری ئیسلامیه‌وه. له مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی ٩٨دا، كۆرۆنا وه‌فریای كۆماری ئیسلامی كه‌وت. ده‌ڵێی كۆرۆنا و ڕژیمی ئیسلامی بوونه‌ته یاری یه‌كتر. ڕژیم ڕێگا بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا خۆش ده‌كات و كۆرۆناش، له‌به‌رامبه‌ردا، ته‌مه‌نی ڕژیم زیاتر ده‌كات. خێر و به‌ره‌كه‌تی ئه‌و ئافه‌ته بوو كه ڕژیم توانیی قه‌یرانی گران كردنی بێنزین و سه‌پاندنی كهسری بوودجه‌كه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵك دا، تێپهڕێیێ. كوژرانی پتر له ١٥٠٠ كه‌س و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هه‌زاران كه‌سی له بیر برده‌وه. به‌ردانه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئۆكراینی به مووشه‌كی سپای پاسداران و و داغدار كردنی چه‌ند سه‌د بنه‌ماڵه‌ی، به فه‌رامۆشی سپارد. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه، بۆ ڕژیم ئه‌م ماجه‌رایه لێره‌دا ته‌واو نابێت. ڕژیم به “هیمه‌ت“ی كۆرۆنا، پێویستی به گه‌لێك ده‌ستكه‌وتی زیاتر له‌وانه هه‌یه.
ئه‌وه‌یكه كۆماری ئیسلامی بیری لێده‌كاته‌وه، ئاماده‌كاری خوڵقاندنی كه‌ش و هه‌وای كۆمه‌ڵی كۆرۆنا لێدراوه، بۆ پاش كۆرۆنا. كۆرۆنا دره‌نگ یان زوو به هه‌ر ئاستێك له زیانه‌كانیه‌وه، تا سه‌رهه‌ڵدانی ویرووسێكی دیكه و په‌تایه‌كی دیكه، ته‌واو ده‌بێت. به‌ڵام ڕژیم نیگه‌رانی ئه‌و تووڕه‌یی و نهفهرهتهیه كه پاش كۆرۆنا، له‌دژی هه‌ڵده‌چێت. هه‌ربۆیه هه‌ر له ئێستاوه ئاماده‌كاریی بۆ ده‌كات كه هه‌ر له ده‌وره‌ی كۆرۆناوه، سه‌رمایه‌ی پێویست بۆ ده‌وره‌ی پاش كۆرۆنا، كۆبكاته‌وه. ئه‌م كۆكراوهیهش هیچ شتێك نییه بێجگه‌له زاڵ كردنی هه‌ستی بێ هیوایی و ناهۆمێدی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا.
سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی كه گۆیا كۆرۆنا ویرووسێكی “دیمۆكرات“ه و فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ند ناناسێت، به‌ڵام هه‌ژاران و بێبه‌شانی ناو كۆمه‌ڵ، پتر له هه‌مووان له به‌رده‌م مه‌ترسیی تووش بوون به‌م ویرووسه دان. له بوار ویرووسی كۆرۆناوه، كۆمه‌ڵگای ئێران به دوو به‌ش، دابه‌ش ده‌كرێت، به‌شێكی تا هه‌ركات كه بیهه‌وێ ده‌توانێ له ماڵه‌كه‌یدا بمێنێته‌وه و ته‌نیا ناخۆشیی و ئاسه‌واره‌كانی له ماڵه‌وه مانه‌وه ته‌حه‌مول ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی دیكه، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ئه‌گه‌ری مردن به كۆرۆنایان له ئه‌گه‌ری مردنی حه‌تمیان به برسیه‌تی پێ باشتره و هه‌ربۆیه له ماڵهكاناندا نامێننه‌وه. ڕژیم له‌سه‌ر له‌ماڵه‌وه مانه‌وه‌ی هیچ كام له‌و دوو به‌شه پێداگری ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه نایهه‌وێ هه‌زینه‌یه‌ك بدات. له‌و نێوه‌دا ئه‌وه‌یكه ڕژیم نیگه‌ران ده‌كات، كاردانه‌وه‌ی به‌شی دووهه‌مه واته كرێكاران و هه‌ژارانی كۆمه‌ڵ له ده‌وره‌ی پاش كۆرۆنادا.
به‌ڵام سیاسه‌تێك كه كۆماری ئیسلامی له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ كۆرۆنا، گرتوویه‌ته به‌ر، له ڕووی نه‌بوونی زانیاری و نه‌زانی و به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌ڵه‌وه نییه. هه‌رچه‌ند له‌و بوارانه‌شدا هیچ كات كارنامه‌یه‌كی ڕه‌نگینی نه‌بووه. باس و شیكردنه‌وه‌ی لیستی دوور و درێژی ناكارامه‌یی ڕژیمی ئیسلامی له بوار لێهاتوویی و به‌ڕێوه‌به‌ری و زانست، ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی پێویسته. به‌ڵام، قه‌یرانی كۆرۆنا بۆ ڕژیم تایبه‌تمه‌ندیه‌كی دیكه‌شی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له گه‌رماوگه‌رمی بڵاوبوونوه‌ی كۆرۆنادا، باس له ئاسایی كردنه‌وه‌ی باروودۆخهكه ده‌كات، له ڕووی نه‌زانیه‌وه نییه، به‌ڵكوو له‌و بواره‌دا وشیارانه و حیساب كرا‌و ده‌رواته پێش. كێ هه‌یه نه‌زانێ، له باروودۆخێكدا كه ئێران كه‌مترین ئیمكاناتی ژێرساختی پزیشكی و ده‌رمانی هه‌یه، ئه‌مڕۆ به هه‌موو حیسابێك، نیسبه‌ت به جهمعیهتهكهی، له به‌رامبه‌ر زیانه‌كانی كۆرۆنادا ده‌بێ له پله‌ی یه‌كه‌می جیهان دابێت، نه‌ك له پله‌كانی ئاخر دابێت واته ئه‌و جۆره‌ی كه خۆیان باسی لێده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی، دوو سێهه‌می خه‌ڵكی ئێرانیش تووشی نه‌خۆشیی كۆرۆنا بن، ڕژیم باكێكی نییه. ڕژیم خۆی به‌نیازه ڕێژه‌ی زۆری ته‌ڵه‌فات له‌ناو ئه‌م به‌شه‌ی كۆمه‌ڵدا ئه‌وان بێ توانا كات و بێ هیوایی و ناهومێدی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵ بێت. ڕژیم پاش كۆرۆنا، خه‌ڵكێكی ده‌وێ كه له ویرووسهكه ده‌رباز بووبن، به‌ڵام بێ هیوا و ماندوو بن، له ته‌نیایی خۆیاندا، وێڕای له‌ده‌ست دانی ڕووحیه‌ی هاوپشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیی، به شێوه‌ی تاكه كه‌سی، له قهرهنتینهیهكی ئه‌به‌دی دا گرفتار بن. ئه‌م سیاسه‌ته پێویسته شكست بێنێ.
ئه‌زموونی ژیان و خه‌باتی كرێكاران و بێبه‌شانی كۆمه‌ڵ له هه‌موو جیهان ده‌ریخستووه كه ژانی هاوبه‌ش و چاره‌نووسی هاوبه‌ش، ئینسانه‌كان لێك نزیك ده‌كاته‌وه و ئه‌وان به‌ره‌و دیتنه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌بات. ناسینی جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆكی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسه‌ت و شوهكاری كۆماری ئیسلامی له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كۆرۆنا، له هه‌مان كاتدا، ڕووناكی ده‌به‌خشێ به ڕێگا و شێوه‌كار و ئه‌ركی ئێمه، له پێناو پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته دژه مرۆییه.