رۆژی هەینی 11ی مانگی پووشپەڕ، بەرپرسانی ئەمریکایی رایانگەیاند کە هێزەکانی ئەوان پاش 20 ساڵ پێگەی ئاسمانی “بەگرام”یان بە جێ هێشتووە.
پێگەی “بەگرام” ناوەندی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بۆ شەڕ لە دژی چەکدارەکانی تاڵیبان و ئەلقاعیدە بوو. ئەم پێگەیە بە تەواوی رادەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەفغانستان کراوە. هەواڵنێری “فەرانسە” لە زمان بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە رایگەیاندووە کە هەموو هێزە چەكدارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە زووی خاکی ئەفغانستان بە جێ دەهێلن. چوونە دەرێی هێزە چەکدارە بیانییەکان لە ئەفغانستان لە کاتێکدایە کە تاڵیبان لە چەند حەفتەی رابردووە هێرشەکانی چر کردووەتەوە و چەندین شار و شارۆچکەی ئەو وڵاتەی بە کۆنترۆلی خۆی دەرهێناوەتەوە.