به پێی ئامارهكان، ژمارەی تووشبووانی ویرووسی کۆرۆنا لە ئەمریکا دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاندووه و هاوکات لەو وڵاتە زیاتر لە ١١٢ هەزار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێى داتاکانی “ووڕلد میتر” کە تایبەتە بە ویرووسی کۆرۆنا لە جیهاندا، تائێستا لە ئەمریکا دوو ملیۆن و حەوت هەزار و ٤٤٩ کەس تووشی ویرووسی کۆرۆنا بوون و لهو ژمارهیه، ١١٢ هەزار و ٤٦٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئهمه لهكاتێكدایه كه تا ئێستا، ٧٦١ هەزار و ٧٠٨ کەسیش چاکبوونەتەوە. جێگهی ئاماژهیه، ئێستا لە چەند ئهیالهتێكی ئەو وڵاتە بەهۆی کوژرانی جۆرج فلۆید بەدەستی پۆلیسێکی سپی پێست، رۆژانە بە دەیان هەزار کەس دەڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان دەکەن، ئەمەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی ویرووسهکەی زیاتر کردووە. تائێستا لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون و بههۆیهوه ٤٠٦ هەزار و ١٩٥ کەس گیانیان لەدەستداوە. لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە. لەدوای ئەمریکاش، وڵاتانی بەڕازیل و ڕووسییه لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.