ڕۆژنامه‌ی بریتانیایی “گاردیه‌ن” له ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كه له جه‌ره‌یانی ساخت و ساز بۆ جامی جیهانیی فووتباڵ له قه‌ته‌ر، پتر له ٦ هه‌زار و ٥٠٠ كرێكاری كۆچبه‌ر گیانیان له‌ده‌ست داوه.
به پێی ڕاپۆرتی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه، له كاتی سه‌ركه‌وتنی قه‌ته‌ر له كێبه‌ركێی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی جامی جیهانی فووتباڵی ساڵی ٢٠٢٢ له دێسامبری ٢٠١٠ه‌وه هه‌تا ئێستا، حه‌فتانه به شێوه‌ی مامناوه‌ند ١٢ كرێكار له قه‌ته‌ر گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌م كرێكارانه كه له هێند، پاكستان، نێپاڵ، به‌نگلادێش و سریلانكاوه بۆ كار ڕۆیشتوونه‌ته قه‌ته‌ر، به‌شێكی زۆریان له پڕۆژه‌كانی ساخت و ساز بۆ جامی جیهانی خه‌ریكی كار بوون. گاردیه‌ن ده‌نووسێ ئاماری ڕاسته‌قینه‌ی كرێكارانی كۆچبه‌ر یه‌كجار له‌سه‌رتره له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه داتاكانیان مه‌رگی كرێكارانی فیلیپینی و كێنیایی له‌خۆناگرن. شایانی باسه، ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌ن مه‌رگی كرێكارانی كۆچبه‌ری تا كۆتایی مانگه‌كانی ساڵی ٢٠٢٠ تۆمار كردووه.