له ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا واته له ڕێكه‌وتی ١٩ی مارس، ده‌وڵه‌تی توركییه به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی له كۆنوانسیۆنی ئیستانبۆل چووه ده‌رێ. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه توركییه له نێوان ٤٧ وڵاتی ئه‌ندامی شۆرای ئۆرووپا، باڵاترین ڕێژه‌ی توندوتیژیی دژبه ژنانی تێیدا تۆمار كراوه. كاربه‌ده‌ستانی توركییه هۆكاری چوونه‌ده‌ره‌وه له‌م كۆنوانسیۆنهیان كه له لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانه‌وه واژۆ كراوه، ڕانه‌گه‌یاندووه. “زه‌هرا زۆمۆرۆد” وه‌زیری بنه‌ماڵه‌ی توركییهش له‌مباره‌وه ڕایگه‌یاندووه كه “یاسای بنه‌ڕه‌تیی توركییه مافی ژنان زه‌مانه‌ت ده‌كات و هه‌روه‌ها به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵمانی توركییه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه ئه‌م كۆنوانسیۆنه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ناوه‌ندی بنه‌ماڵه و په‌ره‌پێده‌ری هاوڕهگهزخوازییه”.
به‌پێی ڕاپۆرتی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌واڵنێریی ته‌سنیم، “سۆله‌یمان سویلو” وه‌زیری وڵاتی توركییه سه‌باره‌ت به چوونه‌ده‌ره‌وه له كۆنوانسیۆنی ئیستانبۆل وتوویه‌تی كه: “له‌م باره‌وه له‌گه‌ڵ تۆمه‌تێكی نابه‌جێ و ناڕه‌وا به‌ره‌وڕوو بووینه‌وه”. هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه كه: “ئێمه وڵاتێكین به ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تیی سه‌ربه‌خۆوه. ئه‌و به‌ڵگه نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی كه به سهڵاحمانه واژۆی ده‌كه‌ین و ئه‌وانه‌ش كه پێویستمان پێیان نییه لێیان ده‌رۆینه ده‌ره‌وه”.
به‌ڵام كۆنوانسیۆنی ئیستانبۆل واته كۆنوانسیۆنی شۆرای ئۆرووپا بۆ ڕێگری له توندوتیژی دژبه ژنان و توندوتیژیی بنه‌ماڵه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌یه. ئه‌م كۆنوانسیۆنه له ڕێكه‌وتی ١١ی مه‌ی ساڵی ٢٠١١دا له لایه‌ن وه‌زیرانی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ٤٧ وڵاتی ئۆرووپایی له شاری ئیستانبۆلی تۆركییه په‌سند كرا. تا مانگی ژووئیه ١٢ وڵات ئه‌م كۆنوانسیۆنهیان واژۆ كرد و ٢٤ وڵاتی دیكه‌ش سه‌ره‌ڕای واژۆ كردنی ئه‌م كۆنوانسیۆنه، له پارله‌مانه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆشیاندا په‌سندیان كرد و به‌ڕێوه‌یان برد. ئه‌م كۆنوانسیۆنه له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤ه‌وه به‌كرده‌وه ده‌رهاتووه. وڵاتانی ئه‌رمه‌نستان، بۆلغارستان، كۆماری چێك، مه‌جارستان، لیتونی، لیختنشتاین، لیتوانی، مولداوی، ئۆكراین و بریتانیا ئه‌گه‌رچی ئه‌م كۆنوانسیۆنهیان واژۆ كردووه، به‌ڵام هێشتا له‌ناو پارلهمانهكانیاندا په‌سندیان نه‌كردووه. به پێی ئه‌م كۆنوانسیۆنه، وڵاتانی ئه‌ندام ئه‌ركی سه‌ر شانیانه كه هه‌رجۆره توندوتیژییه‌ك له توندوتیژیی كهلامییهوه بگره تا توندوتیژیی فیزیكی، ده‌ستدرێژی، قه‌تڵی نامووسی، له‌بار بردنی كۆرپهڵهی ئیجباری و هاوسه‌رگیریی ئیجباری له یاسای وڵاته‌كه‌یاندا به تاوان پێناسه بكه‌ن و سزای پێویست بۆ تاوانباران دیاری و په‌سند بكه‌ن. بێگومان، ئه‌م كۆنوانسۆنه هه‌وڵێك بووه بۆ وڵامدانه‌وه به ئاستی ناڕه‌زایه‌تییه‌ك كه بزووتنه‌وه‌ی ژنان و چالاكانی ئه‌م بواره دژبه ده‌سه‌ڵاتی توركییه بوویانه. ئه‌گه‌رچی هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، په‌سند كردنی وه‌ها كۆنوانسیۆنێك له لایه‌ن زۆرێك له وڵاته‌كانه‌وه له‌وانه توركییه، هه‌وڵێكی ڕواڵه‌تی بووه به‌ڵام له‌گه‌ڵ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی توندوتیژی و ژن كوژی له توركییه و له ئاكامدا ناڕه‌زایه‌تی دژبه‌م جه‌نایه‌تانه، ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان هه‌وڵ ده‌دات تا ئه‌و جێگایه‌ی كه ڕێگای هه‌یه به گرتنه‌به‌ری توندوتیژی و لاواز كردنی بواره‌كانی ناڕه‌زایه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی، له پهرسهندنیان ڕێگری بكات. بێگومان ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان به‌و ئامانجه‌ی ناگات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ڕاستییه‌كان حاشاهه‌ڵنه‌گرن. هه‌واڵنێریی ڕوویتێرز ڕایگه‌یاندووه كه ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی توركییه ئاماری ڕه‌سمی پێوه‌ندیدار به ژن كوژی ڕاناگه‌یه‌نێ به‌ڵام گرووپێك كه له توركییه له‌م بواره‌دا لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئاشكرایان كردووه كه ئاماری ژن كوژی له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٣ به‌رابه‌ر زیادی كردووه. ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانیش ڕایگه‌یاندووه كه ٣٨ له‌سه‌دی ژنانی توركییه له ماوه‌ی ژیانیاندا، ده‌كه‌ونه به‌ر توندوتیژیی هاوژینه‌كه‌یان و ئه‌م ڕێژه‌یه له ئۆرووپا ٢٥ له‌سه‌ده. به‌وته‌ی چالاكانی ڕێكخراوی “ئێمه كوشتنی ژنان ڕاده‌گرین“ ته‌نیا له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا لانیكه‌م ٣٠٠ ژن له توركییه به ده‌ستی پیاوان كوژراون. له‌م دوایانه‌دا هه‌واڵی ده‌ستدرێژیی سێكسی و كوشتنی ژنێكی ٩٢ ساڵه و گرته ویدیۆی پیاوێك كه هاوسه‌ری پێشووی داوه‌ته به‌ر ئازار و توندوتیژی فیزیكی، باسه‌كانی پێوه‌ندیدار به توندوتیژیی دژبه ژنانی له توركییه په‌ره‌پێداوه. ئه‌م باروودۆخه ناله‌باره ته‌نیا تایبه‌ت به ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تیی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان نییه، به‌ڵكوو له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی “بولنت ئاجویت“یشدا توركییه شوێنێكی گونجاو بۆ ژنان نه‌بوو. له ڕاستیدا ناڕه‌زایه‌تیی “پارتی كۆماریی گه‌ل” كه گرینگ‌ترین حیزبی نه‌یاری ئه‌ردۆغانه، دژبه بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه له‌م كۆنوانسیۆنه و ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌یكه ئه‌م كرده‌وه‌یه به مانای پله دووهه‌م بوونی شارومه‌ندانی ژنه و ڕێگا خۆش كردنه بۆ كوشتن‌یان، به‌ناو ناڕه‌زایه‌تییه‌كه كه ته‌نیا كارایی ناوخۆیی هه‌یه. ئامرازێكه بۆ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی توانای چهنهلێدانی ئه‌م حیزبه له به‌رامبه‌ر حیزبی عه‌داڵه‌ت و گه‌شه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان. توركییه له ساڵی ٢٠٠١دا پله‌ی ٨١ی له‌ناو ١٧٥ وڵات‌دا له بواری گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ژنان به‌ده‌ست هێنا. ئه‌م ده‌ركه‌وته‌یه كه باروودۆخی ژنان له بوار ته‌ندرووستی، فێر كردن و داهاته‌وه ده‌داته به‌ر لێكۆڵینه‌وه، نه ته‌نیا توركییهی خسته پاش وڵاتانی ئۆرووپایی، به‌ڵكوو له‌چاو زۆرێك له وڵاتانی مسوڵمان له‌وانه عه‌ره‌بستان، لۆبنان، ئۆردۆن و توونێس پێگه‌یه‌كی نزمتری پێدا. به پێی ده‌ركه‌وته‌ی “به‌توانا كردنی ژنان“یش وڵاتی توركییه باروودۆخێكی گونجاوی نه‌بوو و له‌ناو ٧٠ وڵاتی له‌حاڵی گه‌شه و مسوڵمان نشینی ئه‌فریقایی و ئاسیاییدا، پله‌یه‌كی نزمی پێدرا. پێویسته بوترێ كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا نزیك به ١٠ له‌سه‌دی ژنانی توركییه له بنه‌ماڵه‌ی چه‌ند هاوسه‌ریدا ده‌ژیان و ئه‌وه‌ش له حاڵێكدا بوو كه له‌ساڵی ١٩٢٦ه‌وه یاسای ڕێگری له چه‌ند هاوسه‌ری په‌سند كرابوو. نابێ له‌بیرمان بچێته‌وه كه له ماوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٩ به‌پێی ئاماری ڕه‌سمیی وه‌زاره‌تی دادگوسته‌ریی توركییه، ڕێژه‌ی توندوتیژی ناو ماڵ هه‌زار و ٤٠٠ له‌سه‌د زیادی كردووه و هه‌ر له‌و مه‌ودا زهمانییهدا نزیك به ٧ هه‌زار ژن به هۆكاری “نامووسی“یه‌وه كوژراون.
هه‌موو ئه‌م ڕاستییه دڵته‌زێنانه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه به‌ده‌ر له‌وه‌یكه چ حیزب یان ده‌وڵه‌تێكی بورژوازی چ كونوانسیۆنێك واژۆ بكات و یان له په‌یماننامه‌یه‌ك بێته ده‌رێ، بناغه‌ی هه‌ر هه‌موویان له‌سه‌ر سته‌م، چه‌وسانه‌وه، سه‌ركوت و ژن كوژی داندارهوه. هه‌ركات بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، حیزب و ده‌وڵه‌ته بورژوازییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی چاكسازیی نیوه‌چڵه‌وه ئه‌م بزووتنه‌وانه كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و ئه‌وكاتیش كه جێگایان به‌خۆیان لێژ بینی، ده‌ست ده‌ده‌نه سه‌ركوتی هه‌رچی زیاتر و دژه مرۆڤیتر. به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م هێرشه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ـــ فاشیستیی ئه‌ردۆغان، پێویستیی هاتنه مه‌یدانی ملیۆنیی ژنان و هێزه چه‌پ و ڕادیكاڵهكانی كردووه‌ته ئه‌ركێكی ده‌ستبه‌جێ و گرینگ. بێگومان ته‌نیا له‌م ڕێگه‌وه پاشه‌كشه به وه‌ها سیاسه‌تێكی به‌ئاشكرا دژه‌ژن ده‌كرێت.