به‌ڕێوه‌به‌ری پیشه‌یی كارخانه‌كانی قه‌ند و شه‌كر ڕۆژی ١٤ی ڕێبه‌ندان له وتووێژ له‌گه‌ڵ وێبسایتی ته‌جاره‌ت نیووز، وێڕای پشتیوانی له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی موعافییه‌تی ماڵیاتیی شه‌كر پێشبینیی كرد كه تا كۆتایی ئه‌مساڵ و به حیسابكردنی ٩ له‌سه‌د ماڵیات، قیمه‌تی هه‌ر كیلۆیه‌ك شه‌كر “نزیكه‌ی هه‌زار تمه‌ن گران بێت”.
به‌همه‌ن دانایی وتی كه وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی له بڕیاری ده‌وڵه‌ت بۆ لابردنی موعافییه‌تی ماڵیاتیی شه‌كر پشتیوانی ده‌كات چونكه شه‌كر “بۆ خه‌ڵك زیانباره” و به‌كارهێنانی كه‌متری، له‌سه‌ر “كۆنتڕۆڵی دیابێت و نه‌خۆشییه هاوشێوه‌كان كاریگه‌ری داده‌نێت”. ئه‌گه‌رچی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئیدیعا فریوكارانه‌یه پێویست به ده‌لیل هێنانه‌وه ناكات، به‌ڵام جێی خۆیه‌تی كه چاوخشاندنێكمان بێت به‌سه‌ر بۆچوون و ئامار و ئه‌رقامی ڕه‌سمیی خودی ده‌وڵه‌ت له‌م بواره‌دا تا درۆبوونی ئه‌م ئیدیعایه كه گۆیا به‌های شه‌كر به‌هۆی پاراستنی سڵامه‌تی خه‌ڵك و هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاستی تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك “دیابێت” چووه‌ته‌سه‌رێ، زیاتر ئاشكرا بێت. ئاماره ڕه‌سمییه‌كانی ده‌وڵه‌ت نیشانی ده‌دات كه له‌ناو خۆراكییه‌كاندا ته‌نیا شه‌كر گران نه‌بووه به‌ڵكوو گرانی هه‌موو ڕۆژێ ڕێكۆردێكی تازه تۆمار ده‌كات و له‌ئاكامدا لیستێكی دوورودرێژ له خۆراكییه‌كان له‌سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵك نه‌ماون.
له یه‌كێك له نوێترین ئاماره‌كان له‌مباره‌وه، ناوه‌ندی ئاماری ئێران له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ڕابردوودا ڕایگه‌یاند كه قیمه‌تی خۆراكه سه‌ره‌كییه‌كان له ئێران له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا نیسبه‌ت به ده‌وره‌ی پێشوو، له‌گه‌ڵ گۆڕانی قیمه‌تی ١٠٠ له‌سه‌دی به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه كه ئه‌م ڕه‌قه‌مه ڕێكۆردێكی تازه له ته‌وه‌رۆمی خۆراك دێته ئه‌ژمار. قیمه‌تی هه‌ر كیلۆ مریشك و گۆشتی سوور له یه‌ك ساڵی ڕابردوودا به‌دوای یه‌كدا دوو به‌رابه‌ر و ٣٠ له‌سه‌د زیادیان كردووه و به‌شێوه‌ی گشتی، له ساڵی ١٣٩٠ه‌وه هه‌تا ئێستا ئاستی به‌كارهێنانی گۆشتی ئێرانییه‌كان زیاتر له ٤٠ له‌سه‌د هاتووه‌ته خوارێ. به‌شێوه‌ی دیاریكراو سه‌باره‌ت به شه‌كر، به‌پێی نوێنترین ئاماری وه‌زاره‌تی سه‌نعه‌ت، مه‌عده‌ن و ته‌جاره‌ت ده‌رباره‌ی گۆڕانی به‌های كاڵا ئه‌ساسییه‌كان، قیمه‌تی په‌سندكراوی ده‌وڵه‌تی بۆ شه‌كر، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه “زیاتر له ٩٠ له‌سه‌د چووه‌ته سه‌رێ”.
له‌مباره‌وه به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كیه‌تیی بنكداران “چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی قه‌ند و شه‌كر بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه ئه‌م كاڵایانه له‌سه‌ر ده‌ستی كارخانه‌كان بمێنێته‌وه و له بازاڕدا داواكاری زۆر بۆ كڕینی ئه‌م دوو كاڵایه بوونی نییه”. هه‌روه‌ها به‌وته‌ی سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی، ته‌نیا له ماوه‌ی ساڵانی ١٣٩٠ تا ١٣٩٩ به‌كارهێنانی قه‌ند و شه‌كر له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه ئێرانییه‌كانه‌وه ٣٣ له‌سه‌د هاتووه‌ته خۆارێ. به‌مجۆره، شه‌كریش به‌و لیسته زیاد بووه كه ئارام ئارام له‌سه‌ر سفره‌ی بنه‌ماڵه ئێرانییه‌كان لاده‌چێت.
به‌پێی ئاماره ڕه‌سمییه‌كانی ڕژیم، توانای كڕینی خه‌ڵكی ئێران ته‌نیا له‌ماوه‌ی یه‌كساڵدا پتر له ٥٠ له‌سه‌د هاتووه‌ته خۆارێ. به‌پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێریی “ئیلنا” “گرانیی شیره‌مه‌نی و هێلكه یه‌كجار جێگای نیگه‌رانییه. زۆرێك له خه‌ڵك ده‌مێكه گۆشتی سوور و گۆشتی مریشك و ته‌نانه‌ت هێلكه‌یان به‌ناچار له‌سه‌ر سفره‌ی هه‌ژارانه‌یان لابردووه، و له‌ئێستاشدا به‌ده‌لیلی گرانی له‌گه‌ڵ نه‌مانی شه‌كر له‌سه‌ر سفركانیان به‌ره‌وڕوون”. ئه‌گه‌رچی قیمه‌تی شه‌كری به‌رهه‌می ناوخۆیی بۆ مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٤٠٠، سێزده هه‌زار و ٣٥٠ ریاڵ بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك دیاری كراوه، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌كان نیشانی ده‌دات كه هر له‌ئێستاوه هه‌ر كیلۆیه‌ك شه‌كر له بازاڕی ئازاد و له عومده‌فرۆشییه‌كاندا به قیمه‌تی پتر له ٢٢ هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشرێت!
ڕه‌وتی لێكدانه‌وه‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی “سه‌نعه‌ت، مه‌عده‌ن و ته‌جاره‌ت” سه‌باره‌ت به قیمه‌تی كاڵا سه‌ره‌كییه‌كان له مانگی به‌فرانباری ساڵی ١٤٠٠ نیشانی ده‌دات كه نرخی ئه‌م كاڵایانه نیسبه‌ت به مانگی به‌فرانباری ١٣٩٩ له‌گه‌ڵ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی بێوێنه‌ی قیمه‌ت به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه. لێكدانه‌وه‌ی قیمه‌تی كاڵا سه‌ره‌كییه‌كان له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا نیشانی ده‌دات كه قیمه‌تی برینجی ئێرانی و شه‌كر ٨٠ له‌سه‌د، گۆشتی گوێره‌كه ٤٢ له‌سه‌د، گۆشتی مریشك ٤٥ له‌سه‌د و گۆشتی مه‌ڕ ٢١ له‌سه‌د چووه‌ته سه‌رێ.
هه‌ربۆیه وته‌كانی به‌همه‌ن دانایی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی كارخانه‌كانی قه‌ند و شه‌كری ئێران سه‌باره‌ت به‌وه‌یكه “چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی شه‌كر بۆ پاراستنی سڵامه‌تی خه‌ڵكه” ئیدیعایه‌كی دوور له ڕاستییه. گرانبوونی شه‌كر نه‌ته‌نیا به‌و هۆكاره نییه كه گۆیا ده‌وڵه‌ت نیگه‌رانی سڵامه‌تیی خه‌ڵكه، به‌ڵكوو نیشانه‌ی بێ كه‌فایه‌تیی به‌رپرسان و بوونی گه‌نده‌ڵیی به‌رین له بواره‌كانی ماڵی و حكووه‌مه‌تی دایه. ئاماره ڕه‌سمییه‌كان، ته‌وه‌رۆم و گرانیی به‌رده‌وامی كاڵاكان له ئێران نیشان ده‌ده‌ن كه بێگومان شه‌كریش یه‌كێك له‌وانه.
ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له لایه‌كه‌وه ده‌ستی سه‌رمایه‌دارانی قازانجپه‌رستی بۆ ڕانت‌خۆری و قۆرخكاریی هه‌مووجۆره كاڵا و پێداویستییه‌كی خه‌ڵك ئاواڵه هێشتووه‌ته‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه گشت ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به گولـله و سه‌ركوت وڵام ده‌داته‌وه. له‌و جێگه‌وه كه گرانبوونی شه‌كریش له قه‌یرانی ئابووری و گه‌نده‌ڵیی سیستماتیكی ناو هه‌موو ناوه‌نده‌كانی ڕژیمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، تا نیزامی سه‌رمایه‌داریی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر كاره، كێشه‌ی ته‌وه‌رۆم و گرانی له ئێرانیش به‌شێوه‌ی ڕیشه‌یی چاره‌سه‌ر نابێت. بێگومان چاره‌سه‌ركردنی ته‌وه‌رۆم و گرانیی هه‌وسارپساو ته‌نیا ده‌توانێت ئاكام و به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆی خه‌باتی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شی كۆمه‌ڵ بێت.