بهپێی ئاماری ناوهندهكانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی ١٤ی ئاگۆست تاکوو ٣١ی ئاگوستی ٢٠٢٣ واتە ١٨ ڕۆژی کۆتایی ئەو مانگە، لانیکەم ١٣ حاڵەتی خۆکوژی منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لە شارەکانی داڵاهۆ، كامیاران، شنۆ، سەردەشت، دیواندەرە، ورمێ، ڕوانسەر، بۆکان و سەلاسی باوەجانی تۆمار کراون.
بهپێی ئهو ئامارانه، مامناوهندی تەمەنی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە ١٥ ساڵە و شارەکانی كامیاران، شنۆ، سەردەشت و داڵاهۆ هەرکامیان بە دوو حاڵەت زۆرترین ئامارەیان تۆمار کردووە. لەو ئامارەدا دوو کچی تەمەن ١٢ ساڵانی خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و سەردەشت بچووکترین تەمەنی قوربانییەکانن کە بەهۆی ناکۆکیی بنەماڵەیی و تێکچوونی باری دەروونییەوە هەوڵی خۆکوژیان داوە و کۆتایییان بە ژیانیان هێناوە. هەروەها لەسەر هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەو کەسانە، ٨ حاڵەتی ناکۆکی لەنێوان بنەماڵەکان تۆمار کراوە، کە لەنێویاندا قوربانییەکی هاوسەرگیری منداڵان، ٣ حاڵەتی تێکچوونی باری دەروونی و ٢ دۆسیەشیان هێشتا ناڕوونە.