کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چونەدەری بریتانیا لە یەکێتی ئوروپا و کاریگەریەکانی لەسەر چینی کرێکار

رۆژی پێنجشەممە ٢٣ ی ژوئێن، بەرابەر لەگەڵ رۆژی سێی مانگی گەلاوێژ، نزیک بە ٥٢ لەسەدی دەنگدەرانی بریتانیا لە گشت پرسیەکدا ڕازی بوونی خۆیان بە دەرچونی بریتانیا ( شاملی ئینگلیس، وێڵز و ئیسکاتلەند) و ئیرلەندی باکور لە یەکێتی ئوروپا ڕاگەیاند.نەیارانی دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپا زۆریان دانیشتوی ناوچە پیشەسازیەکان و شارەگەورەکانی وەک لەندەن و لە نێو لاوانی ژێر ٢٤ ساڵدا بوون. لە ئاکامی ئەم ڕاپرسیەدا دەرچونی ” بریتانیا” لە یەکێتی ئوروپا یەکلا بۆوە و پرۆسەکەی لە دوو ساڵی داهاتودا کامڵ دەبێت.بریتانیا پێنجەمین ئابووری گەورەی دنیا و دوای ئاڵمان دووهەمین ئابووری گەورەی ئوروپایە. بەم هۆیەوە هاتنەدەری لە یەکیتی ئاروپا بازاڕەکانی دنیای توشی لەرزین کرد. یەکێتی ئوروپا لەلایەن دەوڵەتانی بۆرژواییەوە ڕێکخراوە و زیاتر بۆرژوازی و دوو دەوڵەتی ئاڵمان و فەرانسە لەبوونی ئەو قازانجیان کردوە. بەم حاڵەشەوە چینی کرێکار لە بەرانبەر بۆرژوازی ڕاستی ئیفراتی و ناسیۆنالیستدا دیفاعی لێ کردوە. یاسای کرێکاری لە یەکێتیەکەدا بە بەراورد لەگەڵ یاسا کرێکارایەکانی بریتانیا باشترە. لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەکێتیەکەدا پێوەندی کرێکارانی وڵاتانی ئوروپایی و تەشکیلاتەکانیان بە یەکەوە خاوەنی بوارێکی مادی بەهێزترە. بەم هۆیەوە کرێکارانی پیشەسازی و وشیار رۆژی پێنجشەممە دەنگیان بە مانەوەی بریتانیادا. هەڵبەت ئەو کرێکارانەی ئازادی سەفەر کردنی کرێکارانی کۆچبەر و هەرزانیان بۆ بریتانیا لە وڵاتە کەمتر گەشە کردوەکانی ئوروپا و هەروەها کۆچ کردن لە هەموو شوێنێکی دنیاوە بەرەو ئەم وڵاتەیان بە زیانی خۆیان دەزانی چونە پاڵ بۆرژوازی ڕاستەوە و دەنگیان بە دەرچوون دا. ئەوان لە ڕاستیدا بەرژەوەندی درێژماوەی خۆیان لە پێوەند لەگەڵ خەباتی چینایەتی و ئەنترناسینالیزمی پرۆلیتێریدا نە ناسی و لە لایەن بۆرژوازی ڕاستەوە فریودران. بەڵام لە ئێستاوە ئاسەواری پەشیمانی لەنێو ئەم کرێکارانەدا دەرکەوتوە. لەبەر ئەوەی:پێشبینیەکانی کارناسانی ئابووری خودی بۆرژوازی دەرخەری قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری ئێستایە. بۆ نمونە ئالن گرین سپن، سەرۆکی پێشوی فیدڕاڵ ڕزێرو، بانکی ناوەندی ئامریکا، لە وتووێژێکدا وتی:746
´گەشەی بەرهەمهێنان لە ئوروپا و ئامریکا توشی دابەزینی زیاتر دەبێت و داهاتە ڕاستەقینەکان لەگەڵی توشی کەم بوونەوە دەبێت.” ئەو داواکاری توند کردنەوەی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری و هەرچی زیاتر کەم کردنەوەی بیمەکان و کەم کردنەوەی زیاتری پشتیوانیە دەوڵەتیەکان بۆ خەڵک بوو.
لە ئێستاوە موجتەمەعە گەورە پیشەسازیە چالاکەکان لە بریتانیا وەک ماشین سازیەکانی فۆرد، تویوتا و نیسان مەسەلەی بێکارسازی بەرینیان لەم وڵاتەدا ڕاگەیاندوە. ئەمەش وێڕای زه‌ربه‌ لێدان لە ئابووری بۆرژوازی ئاستی ژیانی چینی کرێکاریش گەلێک دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بە دانی دەنگی دەرچونی بریتانیا لە یەکیتی ئوروپا کە لە لایەن بۆرژوازی ناسیۆنالیست و دژی کۆچبەرانەوە ڕێكخرا، چینی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە بەرەو ڕاست سوڕا. هەر ئەم بەشە لە بۆرژوازی لەپێش هەموو کەسێکدا تەوسیەکانی کەسانی وەک گرین سپن بە کردەوە دەردێنن و سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری لەدژی کرێکاران توندتر دەکەنەوە.

لەگەڵ دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپا چەند بەشێک لە بۆرژوازیش هەر زوو توشی زەرەر و زیان بوون و سەرجەمی ئەم چینە لە درێژماوەدا توشی زیانی کەڵان و سەدەماتی سیاسی دەبن. سەرلێ شێواوی بۆرژوازی بریتانیا لەپێش گشت پرسیەکەدا لە ئاکامەکانی قەیرانێکی ئابووری گەورەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا سەری هەڵدا و لە ئێستادا بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە قەیرانێکی قوڵتر لەوەی پێشو. ئەم قەیرانە کە بەخێرایی کێشراوەتە مەیدانی سیاسیشەوە لە ئێستادا بەتوندی خۆی لە نێو حیزبی محافزەکار، حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری بریتانیادا، نیشانداوە. هێندێک لە ئەندامانی ئەم حیزبە و لایەنگرانیان بە ڕێبەریی دەیوید کامیرون، سەرۆک وەزیر، خوازیاری مانەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپادا بوون و بەشە ڕاست ترەکانیش لایەنگری هاتنەدەر بوون. چالاکانی ئەم بەشە ڕایانگەیاندوە کە ڕێگا لە هاتنی کرێکارانی کۆچبەر و بەتایبەت کرێکارانی ئوروپایی بۆ بریتانیا دەگرن و یاسای دژی پەنابەری توندتر دەکەنەوە. سەرۆک وەزیری بریتانیا لەگەڵ ڕاگەیەندرانی ئاکامی گشت پرسیەکە وتی کە لە مانگی ئۆکتۆبردا دەست لە سەرۆکایەتی کابینە و حیزبی محافەزەکار دەکێشێتەوە.

دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپا فاشیستەکان و شێوە فاشیستەکانی هێندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئوروپا و لە پێشیانەوە سەرۆکی حیزبی فاشیستی ” بەرەی میللی فەرانسە” و لە هولەند سەرۆکی حیزبی ڕەگەز پەرستی ” حیزبی ئازادی” شادمان کرد. ئەوان لە بەیانیەکانیاندا ڕەزامەندی خۆیان لە دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپا ڕاگەیاند و وتیان کە بۆ بەڕێوەچوونی گشت پرسی هاوشێوەی بریتانیا لە وڵاتەکانیاندا هەوڵ ئەدەن. لە ڕاستیدا رێكخراوه‌ فاشیستیەکانی ئوروپا دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپایان بە شانسێک بۆ هاتنەدی ئامانجە سیاسی و دژی پەنابەری و کرێکارانی کۆچبەر، و لە کۆتاییدا سەرجەم چینی کرێکار لە ئەروپادا دەبینن. ئه‌و بارودۆخه‌ به‌هێزبوونی راسته‌توندره‌وه‌كان و فاشیسته‌كانی ئۆرووپا لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. لەنێو سیاسەتمەداراندا ئانگلا مێرکڵ، سەدری ئەعزەم، یەکەم کەسێکە کە ئەگەری شەڕی مەتڕەح کردوە. هەڵبەت دەوڵەتەکەی، کە میلیتاریزم و نیزامیگەری لە ئاڵمانی زیندو کردوەتەوە، ئەم جۆرە ئەرزیابیانەی کردوەتە دەستمایە و بونیەی نیزامیی ئاڵمان لە ڕێگای زیاد کردنی بوجەی نیزامیەوە بەهێز دەکات.

له‌ راستیدا هاوسەنگی هێزی چینایەتی نێوان چینی کرێکاری وشیار و کومونیست و بۆرژوازی چارەنوسی سبەی رۆژی ئوروپا دیاری دەکات. ئەگەر چینی کرێکاری وشیار و ئاگا و سوسیالیست لە بریتانیا و ئوروپا بتوانن پێگەی ڕاستەقینەی یەکێتی ئوروپا بە گشت بەشەکانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان بناسێنن و بەدیلی کرێکاریان بخەنە بەردەم ئەو هیوایە هەیە کە دەستی ڕاستە ئیفراتیەکان لە توندتر کردنی چەساندنەوە و شەڕئەنگێزی کورت بکەنەوە. ئەمەش یارمەتی ئەدات تا کرێکارانی وشیار بتوانن بە پشت بەستن بە سوسیالیزمی زانستی، ئەنترناسینالیزمی پرۆلیتێری و بە زاڵ بوون بەسەر ڕیفۆڕمیزم و باقی کۆسپەکانی سەر ڕێی تەحەزوب یابی کرێکاراندا، ئەحزابی کومونیست و کرێکارای خۆیان دروست بکەن و هیوا بە ڕزگار بوون لە موسیبەتەکانی سەرمایەداری، سەرلەنوێ لە زەینەکاندا زیندو بکەنەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-