لە کۆتایی هاتنی ساڵی ١٣٩٥ ی هەتاوی نزیک دەبینەوە. سبەینێ ئاخرین چوارشەممەی ساڵ، ناسراو بە چوارشەممە سورییە. بەڕێوەبردنی ڕێوڕهسمی شایی و خۆشی بە تایبەت لە لایەن لاوان و تازە لاوانەوە لەم ڕۆژەدا، نهریتێکی جێ كەوتووە. کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر، ئاگر کردنەوە، هەڵپەڕین و شایی، لەم ڕۆژەی ساڵدا بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمهڵگه، دەرفەتێکە بۆ دوور کەوتنەوە لە ڕەنج و ئازار و بۆ ساتێك له بیر بردنهوهی بێبەشیەکان و دڵ سپاردن بە شەپۆلەکانی شادمانییەکی گشتی.
چوارشەممە سووری و نەورۆز لەو بۆنانەن کە سەرانی ڕژیم بە نهریتێکی ناکۆک لەگەڵ ئاینی ئیسلام دەزانن. لەم ڕووەوە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا هەوڵی زۆریان داوە کە بە زەبر و زهنگ نواندن و سەرکوت و یان به تهبلیغانی بێ ناوهرۆك، ئەم نهریته لە کۆمەڵگەدا بسڕنەوە. بەڵام لەوێوە کە تێکەوتن و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ وەها فەرهەنگێکی جێکەوتو لە کۆمەڵگهی ئێراندا کارێکی هاسان نەبووە، سەرانی ڕژیم لە بەرانبەر خۆڕاگری خەڵکدا بەرە بەرە لە هەڵوێستی خۆیان لەم بوارەدا پاشەکشەیان کردووە و هەوڵیانداوە تا لانیکەم هێندێک ئاستهنگی بۆ دابنێن. بەڵام هەر پاشەکشەیەکی ڕژیم لە هەمانحاڵدا پێشڕەوی جهماوهری خەڵکی بەشوێنەوە بووە. دژایەتی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕێوڕهسمی تایبەت بەم رۆژانە، بۆتە هاندهرێك بۆ خۆڕاگری..
هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کۆتایی ساڵ و ئامادە بوونی خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕهسمهکانی چوارشەممە سووری و نەورۆز، كاربهدهستانی ئینتیزامی، ئەمنییەتی و ئیجرایی و دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم دەکەونە خۆ تا نەهێڵن هیچ کۆبونەوەیەک بەم بۆنەیەوە شکڵ بگرێت، نەهێڵن لەم رۆژەدا پێکەنین و شادی و نیشات لە هیچ کۆڕ و کۆبونەوەیەکدا ببیندرێت. ئەوان کە لە سێبەری خۆشیان دهترسن، نیگەرانن لەوەی کە لەم ڕێوڕهسمانەدا قسەیەک بە ئاماژە و یان ڕاستەخۆ لەدژی ڕژیم بە زماندا بێت و کۆبونەوەی خەڵک ببێتە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی ئەوان. ڕژیمی ئیسلامی جێژن و شادی خەڵک وەک تەشوێ دان لە ڕیشە دەبینن. ئەم ڕژیمە نەک چوارشەممە سووری و نەورۆز، بەڵکوو بە درێژایی ساڵ، لەگەڵ ڕواڵەتی بزە لەسەری خەڵک ناکۆکە. کۆماری ئیسلامی لەسەر خەمۆکی و بێ هیوایی دەژیت. خوازیاری کۆمەڵگایەکی مل کەچ و موتیعە کە تێیدا ئینسانەکان بەرانبەر به چارەنووسێک کە ڕژیم بۆی دیاری کردون ڕازی بن. ڕێوڕهسمی زەماوەند بە بیانوی ئەوەی کە حیجابی ئیسلامی و مەودای نێوان ژن و پیاو تێیدا ڕەچاو نەکراوە تێکئەدات. بەر بە کۆنسێرتی مووسیقا ئەگرێت. ئەو لاوانەی کە بە بۆنەی جۆراو جۆر بەیەکەوە کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە شایی و خۆشی، دەداتەبەر لێدان و ئەزیەت و ئازار و سوکایەتیان پێ دهكات. لە ڕاستیدا ئەگەر دنیا بە کامی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوایە، ئەم کۆمەڵگهیە یەکسەر ڕەش پۆش و بە درێژایی ساڵ و هەر رۆژە و بە بیانویەک ماتەمبار دەبوو. بەڵام جهماوهری خەڵکی ئەم کۆمەڵگهیە بەرانبەر به ڕژیمی ئیسلامی كۆڵیان نهداوه. وەک دەبینین، سەرەڕای هەڕەشەکان و تەنانەت گرتن و زیندانی کردن لەم پێوەندەدا، خەڵک لە سەرتاسەری ئێران ئەم دژایەتییانە پشتگوێ ئەدەن. مۆسیقی و هونەر و گۆرانی و هەڵپەڕین و شایی، لە سوچ و قوژبنە شاراوەکان هاتونەتە دەر. ڕێوڕهسمی چوارشەممە سووری و نەورۆز لەزومڕەی ئەوانەن. بەرانبەر به فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی حاکم، فەرهەنگی خۆڕاگری پێشڕەو سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە..
تایبەتمەندی ئەم بۆنانە لە کوردستان ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم یەک دەیەی دواییدا بەڕێوەچوونی جێژنەکانی نەورۆز لە کۆڕو کۆبوونەوەی جۆراو جۆردا و بە شێوەی بە کۆمەڵ بەڕێوەچوون. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵدا، بە زۆر و هەڕەشە و چاوترسێن کردن و مانۆڕی نیزامی، هەوڵیداوە بەر بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمهکانی چوارشەممە سووری و نەورۆز لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران بگرێت. بەڵام خەڵکی کوردستان و لە پێشیانەوە لاوانی کچ و کوڕ بە لەبەرکردنی جڵ و بەرگی ئاڵ و واڵا و شادی هێنەر، بەڕێوبەردنی شانۆی هونەری، هەڵپەڕین و گۆرانی وتن، کردنەوەی ئاگری ئیمن، بە دور لە مەترسی و یان زیان گەیاندن بە سروشت، دەستیانداوەتە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕهسمانه. ئەمساڵیش لە حاڵێکدا کە خەڵکی کوردستان له گهڵ ئهوهشدا كه له ڕووی ئابوورییهوه هەژار و دەستکورتن و گوشاری جۆراوی ڕژیمیان به سهرهوهیه، بەره پێری ڕێوڕهسمهکانی کۆتایی ساڵەوە دهچن. كاربهدهستانی ئینتیزامی، ئەمنییەتی، ئاخوندەکان و ئیمام جومعەکان کە شادی خەڵک وەک دڕکێکە لە چاویاندا، شپرزە و نیگەران لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا وەهەراس هاتون و کرداری پێشگیری کارانەی خۆیان دەست پێکردوە..
بەڵام تەجروبە نیشانیداوە کە ئەگەرچی کرداری سەرکوتگەرانەی ڕژیم لەم بوارەدا گەلێک مەحدویەت لە بەڕێوەبردنی رێورهسمهكانی نەورۆز لە کوردستاندا بەدی دێنێ، بەڵام ناتوانێ بەر بە بەڕێوەچوونیان بگرێت و خەڵک لەم بوارەدا خاوەن ئەزمونن و بە شێوەی جۆراو جۆر و لە شوێنی جیاواز و کاتی گونجاودا لە کۆسپەکانی ڕژیم دەربازی ئەکەن. کۆماری ئیسلامی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ سڕینەوەی شادی و نیشات لە ژیانی خەڵک سەری لە بەرد درواوە و هەوڵەکانی لەم بوارەدا داماوانە و بێ سەمەر دەبن. شور و شەوقی ژیان، هەمان ئەو هێزەیە کە ڕژیم توشی ترس و نیگەرانی دەکات. جێژنەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆزی ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردو بەسەر بەربەست و دژایەتیەکانی ڕژیم و ئیمام جومعەکان و جیرە خۆرانیدا دەپەڕێتەوە و دەبن بە شانۆیهكی خۆڕاگری خەڵک لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا.