بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، سێیەمی مانگی ڕەزبەر، زانکۆکانی ئێران بە زیاتر لە ٤ میلیۆن خوێندکارەوە بکرێنەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ترسی خۆیان لە پەرەسەندی بزووتنەوەی دانشجویی لە ساڵی نوێی خوێندندا ناشارنەوە. لە مانگەکانی هاویندا، وەک ڕێکارەکانی خۆپارێزی، دەیان چالاکی بزووتنەوەی خوێندکارییان دەستبەسەر کرد یان ئیزنی درێژەدان بە خوێندنیان لێ سەندنەوە. خوێندکارانی ناڕازی و هەڵسووڕاوانی سنفی لە ١٤ زانکۆی ئێران، ڕۆژی شەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی کلاسەکانی دەرس، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی چەند بایاننامەیەکەوە، جەختیان کردۆتەوە کە لەسەر هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەری لە دژی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن. لەم پێوەندییەدا دەتوانرێت ئاماژە بە بەیاننامەی ئەو شەش خوێندکارە بکرێت کە سزای هەڵپەساردن لە خوێندنیان بۆ دەرچووە. ئەوان لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ بڵاویانکردەوە، وێڕای ئاماژە بە بێکاریگەربوونی هەڵپەساردن و دەرکردن لە زانکۆکان، نووسیویانە: “ئەم هەڵپەساردنانە شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە، چونکە ژیانی ڕۆژانەی ئێمە بەردەوام تێکەڵە لەگەڵ هەموو چەشنە هەڵپەساردنێک؛ لەوانە هەڵپەساردن لە داهاتوو، لە ئەمنییەتی پیشەیی و دەرمان و هتد… ئەوەی مژدەبەخشە، بەرزبوونی ورە و خولیای ژیانە، کە دەڕوانێتە ” دەرەوەی زنجیرەکانی ئەو هەڵپەساردنانە یان بە واتایەکی تر ئەو بێمافیانەی کە بەسەر ژیانماندا سەپێنراوە“. لەیلا حوسێن زادە، چالاکی سیاسیش کە پێشینەی سێ جار دەستبەسەرکرانی هەیە، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان لە دانیشتنی دیفاع لە پایاننامەکەیدا، ورەیەکی هاوشێوەی لەخۆی نیشانیدا. ناوبراو بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکان، بەبێ حیجاب، بەشداریی لە جەلەسەی دیفاع لە پایاننامەکەی کرد.
ئەم ورە خەباتکارانەیە ترسی مەرگی خستووەتە دڵی بەرپرسە ورد و دەشتەکانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە. کۆنەپەرستانی دەسەڵاتدار لە زانکۆی تاران، بەبێ هیچ پرسیار و وەڵامێک دوو مامۆستایان تەنیا بەهۆی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی دیفاع لە پایاننامەی لەیلا حوسێن زادە، هەڵپەساردووە و هەڕەشەیان لە باقی ئەو مامۆستایانەش کردووە کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون. ئەو ترسەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی چەپی خوێندکاریی هەیانە، پێشینەی مێژوویی هەیە. بە درێژایی سەردەمی دەسەڵاتی ڕژیمی پاشایەتی و ئیسلامی، جگە لە ماوەیەکی کورت کە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەت پێشەنگی بزووتنەوەی خوێندکاریی بوون، خوێندکارانی چەپ و سۆسیالیستی بەردەوام هێزی بزوێنەری ناڕەزایەتی و خەباتی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاران و ڕەنگدانەوەی خەباتی ڕادیکاڵ بوون لەناو کۆمەڵگادا. بەشێکی زۆر لە هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە خەباتگێڕ و ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان دەرچووی زانکۆکانن و بەشێک بوون لە بزووتنەوەی خوێندکاریی. خۆڕاگرترین و بە جەربەزەترین زیندانیانی سیاسی لە هەردوو حکوومەتی سەڵتەنەتی و ئیسلامیدا، لە نێو خوێندکارانەوە سەریان هەڵداوە. ئاخووندەکان و لەوان خومەینی، دەیانزانی کە ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیست لە زانکۆکان بەرەو ئەوە دەچێت کە بۆ هەمیشە بازاڕی سەدان ساڵەی پەرەپێدان بە خوڕافات و درۆ و دەلەسە و دزی و گەندەڵییەکانیان پێ دابخات. لەمڕووەوە دوای گەیشتن بە دەسەڵات، لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، بە خەرجکردنی هەزینەیەکی زۆر و بەکارهێنانی ئەشکەنجەگەران، جینایەتکاران و دواکەوتووانی ئایینی، زۆرترین هەوڵی تەبلیغاتیی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەیان لە دژی دانشجوویان و مامۆستایانی چەپ و پێشکەوتنخواز بە کردەوە دەرهێناوە. ئەوان لەم ڕێگەیەوە زیانی قورسیان بە کۆمەڵگا و خوێندکاران گەیاندووە. بەڵام کاریگەریی سەرجەم هەوڵە دژە ئینسانییەکان لە ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و بە تایبەتی لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا بوو بە بڵقی سەرئاو و بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرەڕای ئەو هەموو سەرکوتگەرییانە هەروا پێشڕەو و پێشەنگ مایەوە.
لە هەلومەرجی ئێستادا، کە دەنگی خەبات و ناڕەزایەتی لە هەموو گۆشە و کەنارێکی ئەم کۆمەڵگایە بەرز بووەتەوە، لە هەلومەرجێکدا کە ژنانی ئازادیخوازی ئەم کۆمەڵگایە لە گەلێک بواردا سنگیان کردووە بە قەڵغان لە بەرامبەر کۆنەپەرستی ئیسلامیدا، مامۆستایان، موعەلیمان، خانەنشینان، کرێکاران و بێبەشان و ستەملێکراوان لەپێناو دادخوازیدا هاتوونەتە مەیدان، لە وەها دۆخێکدا بەشێوەیەکی سروشتی دەبێ چاوەڕوانی ئەوە لە بزووتنەوەی دانشجوویش بکرێت کە خاوەنی گەلێک ئەزموون و نەریتی خەباتکارانەی بەنرخە، لە ساڵی داهاتووی خوێندندا خۆی لەگەڵ کەشوهەوای گشتی کۆمەڵگا و ویست و داواکاریی مافخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی بێبەش و ستەملێکراو هاوئاهەنگ بکات.