تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئهمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مانگی جۆزەردان لە کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئهمریکا، هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی کەڵانی ئهمریکای لە بەرانبەر ئێراندا ڕاگەیاند. ئەو ئەم قسانەی سەربارەت بە کۆنترۆڵ کردنی ” دەوری تێکدەرانەی ئێران” لە ساقامگیریی ناوچەکە، لە چەكدار کردنی هێزە شیعەکان، لە هەناردە کردنی ملیشیا بۆ سورییە و عێڕاق، لە پشتیوانی کردنی لە حوسییەکانی یەمەن، لە یارمەتیدانی حیزبۆڵڵای لوبنان، دا کرد و هەروەها ئاماژەی بە “مههار کردنی تواناییەکانی ئێران بۆ درووست کردنی چەکی ئهتۆمیش کرد. و لە کۆتاییدا لە هەمووی ئەمانە ئهوه نهتیجه گرت کە :” سیاسەتی ئهمریکا گۆڕینی ئاشتیانەی ڕژیمی ئێڕانە.”
ئەم سیاسەتە لە ڕاستیدا بەر لە هەموو شتێک دەربڕینی ڕهنگ دانهوهی هاوسهنگییهکی نوێیە کە لە ناوچەی قەیراناوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێكهاتووه. لهڕاستیدا ستڕاتێژی ئهمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و ناوچەییەکانی لە جەریانی ڕووخاندنی دەوڵەتانی حاکم لە ئەفغانستان، عێڕاق، لیبی و سوورییە نە تەنیا بەرەوڕووی شکست بۆتەوە و نەزمی دڵخوازی ئهمریکای بە دیاری نەهێناوە، بەڵکوو بواری بۆ سەرهەڵدانی جەریاناتی تا سەرئێسقان کۆنەپەرستی ئیسلامی- تیرۆریستی کە هێندێکیان لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئیمپڕیالیزمی ئهمریکاوە وەک عەرەبستان، قەتەر و تورکیە پشتیوانی مادی و لۆجستیکی دەکرێن، فەراهەم کردوە. بارودۆخی کارەساتباری حاکم بەسەر ئەم وڵاتانەدا نیشانی ئەدات کە هێزە ئیمپڕیالیستەکان پێیان ناوەتە هەر جێگایەک نەک هەر نەزمێکی نوێیان بەدی نەهێناوە، بەڵکوو هەموو ژێرخانەکانی ئەو کۆمەڵگایانەیان وێران کردووە و بە میلیۆن ئینسانیان کردۆتە قوربانی شەڕی دەست درێژی کارانە.
گۆڕانی ستڕاتێژی ئهمریکا لە ” ڕژیمی چینجی” سهردهمی بوشەوە بۆ ” بەرجام”ی، سهردهمی ئۆباما و ئێستاش سیاسەتی کۆنترۆڵ کردنی ئێڕان درێژەی هەمان ستڕاتێژی ئۆبامایە بەڵام بە واژەگەلی توندتر بهیان دهكرێ و بۆ بهڕێوهبردنی ههر ئهو سیاسهته، گوشارهكانی زیاتر دهكات.
گهمارۆ تازهكانی مەجلیسی سێنای ئهمریکا لەژێر ناوی گهڵاڵهی ” بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ کرداری نا سەقامگیر کەرانەی ئێران” لە پێوەند لەگەڵ پەرەسەندنی چالاکی مووشەکی دوور هاوێژی ئێران، ناسەقامگیر کردنی ناوچەکە و زیاد کردنی سپای پاسداران بە لیستی هێزە تیرۆریستییەکانەوە ڕۆژێک دوای سوخەنڕانی وەزیری دەرەوەی ئهمریکا، بەشێک لەو گوشارانەن کە دەوڵەتی ترامپ خستویەتە دەستوری کاریەوە.
دووهەمین فاکتۆڕی سیاسەتی کەڵانی ” مههار”، دروست کردنی بەرین ترین بەرەی مومکین لە ناوچەکەدا لەدژی کۆماری ئیسلامیی و پەڕاوێز خستنیەتی. چاوپێکەوتنە سێ لایەنەکانی ترامپ لە سەفەرەکەیدا بۆ عەرەبستان لەگەڵ سەرانی ئەم وڵاتە، سەرانی شوڕای هاوکاری کەنداو و چل وڵاتی ئیسلامیی عەرەبی و هەوڵدان بۆ هاوئاهەنگ کردنی سیاسەتەکانیان، هاندانی عەرەبستان بۆ دروست کردنی پێوەندی نزیک لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق، واژۆکردنی قەراردادی تەسلیحاتی، ١١٠ میلیاڕد دۆلاری لەگەڵ عەرەبستان و واژۆکردنی قەراردادێکی ١٢ میلیاردی لە لایەن وەزیرانی بەرگری قەتەر و ئهمریکاوە لە بهرواری ٢٤ی مانگی جۆزەرداندا لە واشنگتۆن، چهند لایهنێكی سیاسەتی پەڕاوێز خستنی ئێرانن. ئەوەی کە جێگری سەرۆک کۆماری عێڕاق لە ٢٦ ی مانگی جۆزەردان لە سوخەنرانییهكدا ” پشتیوانی کردنی ئێران لە گوروپە شیعەکانی عێڕاقیان بە هۆکاری پهرهگرتنی فیرقه گەرایی لەم وڵاتەدا ” ناوبردوە و ووتی، کە ” ئێران لە ڕەوتی بڕیاردان بۆ خەڵکی عێڕاقیشدا دەخاڵەت دەکات” و ئەوەی کە ” ئەو هیوادارە خەڵکی عێڕاق خۆیان بەبێ هیچ جۆرە دەخاڵەتێکی دەرەکی نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن”، دەربڕینی ئەو گوشارانەیە کە هەم لە لایەن ئهمریکا و هەم لەلایەن وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوە دەخرێتە سەر دەوڵەتی عێڕاق.
سێهەم فاکتۆر لە سیاسەتی کەڵانی دەوڵەتی ئهمریکادا سەبارەت بە ئێران ئەوەیە کە وەزیری دەرەوەی ئهمریکا ناوی دەنێ ” گۆڕینی ئاشتیانەی ڕژیم لە نێوەوە”. ئەم سیاسەتە بە واتای ئەوەیە کە ئهمریکا ئاسۆیهك بۆ جێگرەوەی هێزێک لە دەرەوەی باڵەکانی مەوجود لە ڕژیمدا نابینێ. بە زمانێکی دیكه هێزێک کە خاوەنی پشتیوانی زۆرینەی کۆمەڵگا بێت و لە خزمەت ستڕاتێژی ئهمریکا و هاوپەیمانەکانیدا بێت لە داهاتویەکی نزیک لە تیرڕەسی ئهمریکادا نییە. ئەم سیاسەتە لە ڕاستیدا هیوای بە کەلێنەکانی ناوخۆیی حکومەت بەستووە و دیارە کە چاویشی بڕێوەتە زیاتر بوونی دەسەڵاتەکانی ئەو بەرەی کە بە ناوی ئیسلاح خوازی حکومەتی ناسراوە.
لەخۆڕا نەبوو کە زەریف وەزیری دەرەوە، لاریجانی سەرۆکی مەجلیس، جەزایری جێگری باڵای خامنەیی لە سپادا واتە نوێنەرانی باندە جۆراوجۆرەکانی حکومەتی بە قسەکانی کاردانەوەیان پیشاندا. هاوکات وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕژیم لە کاردانەوە بە گەمارۆ تازەکان و لە لیستی گورووپە تیرۆریستییەکاندا دانانی سپا، ڕایگەیاند کە مەجلیسی ئێران بەشوێن پەسند کردنی یاسایەکی گشت گیرەوەیە کە یەکێک لە خاڵەکانی دتوانێ دانانی ئهڕتهشی ئهمریکا بێت لە لیستی گوروپە تیرۆریستییەکاندا. لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا کە تەرح کراون لە لایەن باڵە جۆراوجۆرەکانەوە نابێ ئەوەمان لەبیر بچێتەوە کە خودی دەربڕینی ئەم ستراتیژیە لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئامریکاوە بەشوێنیدا توند بوونەوەی کێشمەکێشی باندە حکومەتیەکان سەرهەڵدات. سەرەڕای ههموو ئەو فاکتۆڕانە هێشتا بە ڕوونی ناکرێت باس لە ” سیاسەتی نوێی ئهمریکا” بەرانبەر مەسایلی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێراندا بکرێت.
ئەولاوئەملا کردنەکانی سیاسەتی تڕامپ سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچەکە، کە ڕۆژێک عەرەبستان لەدژی قەتەر هانئەدا و ڕۆژی دواتر مانۆڕی هاوبەشی نیزامی لەگەڵ قەتەر بەڕێوەدەبات، ڕۆژێک لەدژی کۆماری ئیسلامیی شمشێر لە کالان دەردەکێشێ، باس لە هەڵوەشاندنەوەی بەرجام دەکات و خێرا زاری کۆمەڵێک لە لایەنەکانی ئۆپوزێسیۆنی بۆرژوایی و ناسیۆنالیست کە تەنیا ” لە زەینی خۆیاندا بوونەتە دۆستی”، شەکراوی تێدەزێ، و سبەینێکەی باس لە ” کۆنترۆڵ کردنی” کۆماری ئیسلامیی دەکات، هەموو ئەمانە دەرخەری ڕادەیەک لە بێ سوباتین لە سیاسەتی دەرەوەی ئهمریکا لە بەرانبەر ڕۆژههڵاتی نێوهڕاستدا.
لەم نێوانەدا ئەوەی کە پەیوەستە بە کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکانەوە، نەکهتنە داوی ئەو لێکدانەوە ڕووكهشیانە ژۆرنالیستهی كه به دهنكه مێوژێكی گهرمیانه و به دهنكه قۆرهیهك ساردی. ئامادەکاری بۆ رووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی بەدیلێکی سۆسیالیستی لە جێگای ئهو لە سەر شانی خۆڕاگری چینی کرێکار، تەنیا ستڕاتێژی واقعی و ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕینی بنچینەیی کۆمەڵگای ئێران.