کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چاودێری تەندروستی لە ئێران: لە مافی شاررۆمەندییەوە بۆ کاڵای بازرگانی

photo 2025 08 09 11 57 01

سیستەمی چاودێری تەندروستی لە ئێران هاوشێوەی زۆرێک لە بوارە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەک ئاو، کارەبا، پەروەردە و هتد، لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ بەرەوڕووە. قەیرانێکی کە ڕیشەی لە تەواوی پێکهاتەی ئابووریسیاسی دەسەڵاتدار و بە بازرگانیکردنی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکاندایە. دابینکردنی بودجەی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی، لە زومرەی ئەرکە لەپێشینەکان نییە و هەمیشە ئەو بڕە بودجەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ ئەم بوارە تەرخان دەکرێت. هەرکاتێکیش دەوڵەت لەگەڵ کورتهێنانی بودجە بەرەوڕوو بووەوە، یەکەم شت کە دەیکات، بودجەی دەرمان و خۆشگوزەرانی خەڵک کەم دەکاتەوە. بەپێی ئامارەکان کەمتر لە ٤ لەسەدی بودجەی وڵات بۆ چاودێری و دەرمان و کەرتی تەندروستی تەرخان دەکرێت. لە پارێزگا بێبەشەکانی وەک سیستان و بەلووچستان، کوردستان، ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد تەنانەت زۆر لەو پشکی ٤ لەسەدەش کە ئاماژەی پێکرا کەمترە، ئەمەش نایەکسانییەکی بەرچاو لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی نیشان دەدات.

گرانیی تێچووی زۆری خزمەتگوزاریی پزیشکی، گرانی نرخی دەرمان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووی پێداویستییەکانی دیکەی ژیان، تەندروستی گشتی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگای بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە، ئەمەش بەستێنی خۆشکردووە بۆ پەرەسەندنی قوربانییە مرۆییەکان و کەمبوونەوەی تەمەن. بە پێی ڕاپۆرتی فەرمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاستی تەندروستی و خۆشگوزەرانی لە ئێران لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە و بەگوێرەی خەمڵاندنی ئەم ڕێکخراوە، ڕیزبەندی تەندروستی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە نێو ١٩٢ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٢٣ دایە. لە کۆماری ئیسلامیدا سیستەمی پزیشکی بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەستی کەرتی تایبەتدایە. بەڵام جگە لەوەش، چارەسەر و دابینکردن و دابەشکردنی دەرمان لە دەستی مافیایەکدایە کە ئەندامەکانی یان خۆیان بەرپرس و خاوەن پلە و پایەی کاریگەری حکومین یان پشتیان بە بەپرسان گەرمە. هەمووی ئەمانە دەستیان داوەتە دەستی یەکتر و تەنانەت ئەو بیمە تەندروستییە نیوە و ناتەواوەشیان بێکاریگەر کردووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان زۆرێک لە کرێکاران و خەڵکی هەژار و دەست تەنگ، بەهۆی بێبەشبوونیان لە بیمەی تەندروستی یان تەنانەت هەبوونی دەفتەرچەیەکی بێ بایەخی بیمه، ئێش و ئازاری نەخۆشییەکەیان تەحەمول دەکەن و سەردانی پزیشک و ناوەندە دەرمانی و نەخۆشخانەکان ناکەن، کە ئاکامەکەی بریتییە لە ڕەنج و ئازارێکی زۆر و مەرگی بە شێنەیی. هەڵبەت ڕاپۆرتەکان هەندێک حاڵەتی هەژێنەریش دەخەنەڕوو کە نەخۆشخانەکان خۆیان لە وەرگرتنی نەخۆشە هەژارەکان و بەتایبەتی منداڵانی نەخۆشی بنەماڵە کەمدەرامەتەکان بواردووە و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانیان. لەم سیستەمە پزیشکییە مافیاییەدا، ئیتر نەخۆشەکان وەک کەسانێکی کە پێویستیان بە دەرمان و چارەسەر هەیە سەیر ناکرێن، بەڵکوو بوونەتە کڕیارێکی پڕ سوود بۆ سیستەمی تەندروستی. لە سیستەمی چاودێری تەندروستی ئێراندا، سوودی دارایی جێگەی تەندروستی نەخۆشەکانی گرتۆتەوە و مافەکانی نەخۆش پەراوێزخراون. لە سیستەمێکدا کە ئابوورییە مایەپووچەکەی، پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گشتییە لە ژێر ناوی بەتایبەتیکردن و سەپاندنی خۆپارێزی و زگ هەڵگوشینی ئابووری، لەسەر بنەمای ئابووریی نیۆلیبڕالی بەسەر خەڵکدا، چۆن دەتوانرێت باس لە دابینکردن و دادپەروەری تەندروستی بکرێت؟ ئەو بەرپرسانەی کە بە کردەوە پشتیوانی کەرتی تایبەتن، چۆن دەتوانن باس لە ڕاستگۆیی بکەن لە گرنگیدان بە کێشە تەندروستییەکانی کەسانی کەم داهات؟

ئەگەر قبووڵی بکەین کە مەرجی سەرەکی دابینکردنی تەندروستی خۆپارێزییە، ئاشکرایە کە چاوەدێری و تەندروستیش بە تەواوی بەستراوەتەوە بە پرسی هەژارییەوە. چونکە تەندروستی بە پلەی یەکەم بە ڕێگریکردن لە نەخۆشی دابین دەکرێت. هەروەها خۆپاراستن پێویستی بە دابینکردنی خۆراکی پێویست و تەندروست و بەرەوپێشبردنی زانیاری هەیە سەبارەت بە خۆراکی خاوەن کوالێتی و پەروەردەکردن لەسەر چۆنیەتی ژیانێکی تەندروست و کات بەسەربردن و وەرزشی ڕۆژانە و چەندین بابەتی تر. بەڵام لە سیستەمێکی سەرتاپا گەندەڵی کە ٧٠ لەسەدی هاووڵاتیانی بەرەو هەژاریی موتڵەق و ڕێژەیی بردووە، چۆن دەتوانرێت ئەم مەرجە سەرەتاییانە بۆ خۆپارێزی و تەندروستی دابین بکرێت. دەرمان و چاوەدێری بێبەرامبەر مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو هاوڵاتییەکە. نابێت هیچکەس بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان ئازار بچێژێت. هەموو نەخۆشێک مافی وەرگرتنی چارەسەری گونجاوی هەیە. نەخۆش پێویستی بە پشتیوانی هەیە، نەک ئەوەی کە وەک سەرچاوەی داهات سەیر بکرێت. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا نەخۆشەکان وردە وردە لە پێگەی کەسێکی خاوەن پێویستی چارەسەرەوە، بوونەتە سەرچاوەی قازانج. تا ئەو کاتەی کە تەندروستی وەک کاڵایەکی بازرگانی و نەک مافێکی سەرەتایی هەموو هاووڵاتییەک سەیر بکرێت، ئەم قەیرانە بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە.

بەڵام سیستمی چاودێری تەندروستی ئێران هاوکات سیستەمێکی گەندەڵە: لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کە ئیمکاناتی زیاتریان هەیە، بۆ نموونە، زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کەم نین ئەو نەشتەرگەرییە ناپێویستانەی کە تەنها بۆ بەدەستهێنانی قازانج ئەنجام دەدرێن. لە ئاکامدا نەخۆشەکان تێچووی نەشتەرگەرییەکیان بەسەردا دەسەپێت کە لە بنەڕەتدا ناپێویست بووە. لە نەخۆشخانە حکومییەکان کەمیی پزیشک و پەرستار و تاقیگە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان و کەمی ئاستی خزمەتگوزاری بەڕادەیەکە کە زۆر کەس هیچ هیوایەکیان بە وەرگرتنی چارەسەر لەو ناوەندانە نەماوە. ئەوان هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت پارە پەیدا بکەن و سەردانی نەخۆشخانە ئەهلییەکان بکەن. بەم جۆرە بەردەوام ژمارەی نەخۆشخانە حکومیی و بنکە تەندروستییەکان کەم دەبێتەوە و ژمارەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە ئەهلییەکان زیاد دەکات.

سیستەمێکی کە لە ڕێگەی دام و دەزگا سەربازی و ئەمنییەتییەکانییەوە دەستی بەسەر هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا گرتووە و بەشێکی زۆر لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەم وڵاتە دەڕێژێتە گیرفانی تاقمێک نیزامیی سەرمایەداری جینایەتکار و لات و چەقۆکێشە سەرکوتگەرەکان و ئەوەی دیکەش لەپێناو تەیارکردنی دام و دەزگای سەرکوت و ناوەندەکانی پەرەپێدان بە نەزانی و خوڕافات دا خەرج دەکات، دەتوانێت چ پابەندبوونێکی هەبێ بەرامبەر بە تەندروستی و خۆشگوزەرانی خەڵک؟