كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به “دواهاته‌كانی ویرووسی كۆرۆنا و ڕێگاكانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵی“، له ڕۆژانی پێنجشه‌ممه و هه‌ینی، سێهه‌م و چواره‌می دێسامبر، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٣ و ١٤ی مانگی سه‌رماوه‌ز، به‌ڕێوه‌چوو. هه‌ر وڵاتێك ده‌یتوانی پێنج ده‌قیقه له ڕێگه‌ی فیلمێكی پێشتر ئاماده‌كراوه‌وه، بۆچوونی وڵاته‌كه‌ی له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ده‌رببڕێ. سه‌رۆك كۆماره‌كانی ئه‌مریكا، ڕووسیه و چین، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شداریان نه‌كردبوو و ئه‌م ئه‌ركه‌یان به وه‌زیری تهندرووستییهكانیان سپاردبوو. ئه‌وه‌یكه له جه‌ره‌یانی ئه‌م كۆبوونه‌وه دوو ڕۆژییه‌دا له زمانی به‌رپرسانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كرگرتووه‌كان و نوێنه‌رانی ١٤٠ وڵاتی به‌شداربوو باسی لێكرا، ده‌ربڕینی ئاشكرای قه‌یرانێكی قووڵ بوو له نیزامی سه‌رمایه‌داریدا و هه‌ڵبه‌ت كاره‌ساته‌كه ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه كه وته‌بێژانی نه‌زمی زاڵ، به‌سه‌ختی ده‌یانتوانی له دواهاته‌كانی چاوپۆشی بكه‌ن. وه‌ك ده‌وترێ به پێی ئاماره ڕه‌سمییه‌كان، پتر له ٦٦ ملیۆن كه‌س له سه‌رتاسه‌ری جیهان تووشی نه‌خۆشیی كۆویدی ١٩ هاتوون و پتر له یه‌ك و نیو ملیۆن كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه.
له نوێترین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، كه ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٣ی مانگی سه‌رماوه‌ز بڵاو بۆوه، هۆشدار دراوه كه ٣٢ ملیۆن كه‌سی دیكه له‌وانه‌یه بكه‌ونه داویی هه‌ژاریی تۆخه‌وه. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته له ئێستادا ٣٧ ملیۆن كه‌س له جیهان له ههژاریییهكی كه‌م وێنه‌دا ده‌ژین. واته ئه‌م جه‌معییه‌ته، به شێوه‌ی مامناوه‌ند، پێویسته به داهاتی كه‌متر له یه‌ك دۆلار و ٩ دههۆمی دۆلار له ڕۆژدا، ژیان به‌سه‌ر به‌رن. له هه‌مان حاڵ‌دا چه‌ند ڕۆژ پێشتر ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند كه “له‌ژێر كاریگه‌ریی دواهاته‌كانی كۆرۆنا ژماره‌ی كه‌سانێك كه له سه‌رتاسه‌ری جیهان پێویستیان به یارمه‌تیی مرۆڤدۆستانه هه‌یه، ٤٠ له‌سه‌د زیادی كردووه”.
سه‌رۆكی “به‌رنامه‌ی خوارده‌مه‌نیی جیهانیی، سه‌ربه ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان“، له به‌شێك له وته‌كانیدا ڕایگه‌یاند كه “ساڵی داهاتووی زایینی دا، شایه‌دی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مرۆیی ده‌بین كه له كاتی دامه‌زراندنی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه واته له ٧٥ ساڵ ڕابروودا، وێنه‌ی نه‌بووه”. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ” به‌پێی به‌ڵگه‌كان ده‌توانین بڵێین كه ساڵی ٢٠٢١دا، كاره‌ساتێكی مرۆیی ڕوو ده‌دات و پتر له ١٠ وڵات ده‌كه‌ونه به‌ر قاتی و نه‌بوونیه‌وه”. ئه‌گه‌رچی ناوبراو ناوی ئه‌م ١٠ وڵاته‌ی ڕانه‌گه‌یاند به‌ڵام زۆر دژوار نییه كه بزانین ئه‌م وڵاتانه هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه تێیاندا شه‌ڕی نیابه‌تی و تاییفی، ویشكهساڵی و دواهاته‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له له‌ناوبردنی ژینگه، بێداد ده‌كات. یه‌مه‌ن، سوودان، سوومالی، نیجه‌ر، ته‌نیا به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ن كه ته‌نانه‌ت به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناش، گرفتاری قاتی و كاره‌سات ببوون. هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه كه به‌رپرسیاری گشت ئه‌م شه‌ڕه نیابه‌تی و قهومییانه و دواهاته‌كانی له‌ناوبردنی ژینگه، ئه‌وانه‌ن كه هاوساری ده‌سه‌ڵاته جیهانی و ناچهییهكانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، و یان به‌جۆرێك، ڕێگایان بۆ هێرش كردنی ڕه‌وته تیرۆریسته ئایینیه‌كان خۆش كردووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی ڕایگه‌یاند كه “ئێمه ناتوانین ئه‌وه قه‌بووڵ بكه‌ین كه وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له كێبه‌ركێی وه‌ده‌ستهێنانی واكسێندا، وڵاتانی هه‌ژار بخه‌نه ژێر پێی خۆیانه‌وه. ئه‌وه قه‌یرانێكی جیهانییه و ڕێگاچارهكهی، واته واكسێن و ده‌رمان، پێویسته وه‌ك پێداویستیی گشتی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و به شێوه‌ی هاوبه‌ش و عادڵانه دابین بكرێت“. وته‌كانی ناوبراو به‌وێنه‌ی دوعای ڕۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ی كه‌شیشه‌كان و جومعه‌ی ئیمامهكانه، كه له گۆێی باوهڕمهندانیاندا ده‌یخوێنن. حه‌قیقه‌تی جیهانی سه‌رمایه‌داری، یه‌كجار له‌م بانگهێشته مرۆڤدۆستانه‌یه، به‌دووره. هه‌مووان ده‌زانین كه هه‌ر له ئێستاوه كێبه‌ركێیه‌كی زۆر، له نێوان كۆمپانییه گه‌وره‌كانی ده‌رمان، بۆ درووست كردنی ئه‌م واكسێنه، له ئارا دایه. ده‌وڵه‌تانی زلهێزی سه‌رمایه‌داری له مانگ و حه‌فته‌كانی پێشتره‌وه، قه‌راردادیان بۆ وه‌رگرتنی واكسێن له‌گه‌ڵ كۆمپانییه‌كانی ده‌رمان به‌ستووه و هاوكات ملیۆنها دۆلار خراوه‌ته حیسابی ئه‌م كۆمپانیانه‌وه تا له‌م واكسێنهش وه‌ك چه‌كێك بۆ درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆیان به‌سه‌ر وڵاتانی دیكه، كه‌ڵك وه‌رگرن. هه‌ڵبه‌ت ته‌نیا ڕسته‌یه‌كی واقعی له وته‌كانی ناوبراودا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه كه “ئه‌وه قه‌یرانێكی ڕاسته‌قینه‌یه”. ئه‌وه‌یكه ئه‌م به‌رپرسه باسی لێناكا و ده‌یشارێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ویرووسی كۆرۆنا ئه‌گه‌رچی له ناخی قه‌یرانی نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌وه هاته ده‌رێ و گشت جیهانی ته‌نییه‌وه به‌ڵام هاوكات جه‌وهه‌ری دژه مرۆیی بوونی ئه‌م نیزامهشی به ته‌واو مانا ئاشكرا كرد. له ماوه‌ی مانگه‌كانی ڕابردوودا بینیمان كه له هه‌موو شوێنێك ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ر له هه‌مووان بیریان له‌و چینه ده‌كرده‌وه كه ئه‌وانیان وه‌ك كارگێڕی خۆیان ده‌ست نیشان كردبوو. ئه‌گه‌ر له وڵاتانی مێترۆپۆلی سه‌رمایه‌داری میلیاردها دۆلار خرایه سندووقی كۆمپانی و دامه‌زراوه ماڵی و سهنعهتییهكانهوه، له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا بوودجه‌ی ناوه‌نده‌كانی سه‌ركوت زیاد كرا و پڕۆژه‌ی هه‌سته‌یی په‌ره‌ی پێدرا.
له ماوه‌ی مانگه‌كانی ڕابردوودا، بینیمان كه شه‌و و ڕۆژ له بڵینگۆكانیانهوه هاواریان كرد كه ویرووسی كۆرۆنا به‌ڵایه‌كی سرووشتییه و ده‌توانێ به‌رۆكی هه‌موو كه‌س بگرێت. به‌ڵام دیتمان له جه‌رگه‌ی ئه‌م هه‌راوهوریایه‌دا، له هه‌موو شوێنێك قوربانییه‌كان ئه‌وانه‌ن كه له خوارترین به‌شی هێره‌می كۆمه‌ڵگادا ده‌ژین. به‌ڕاستی كێ ده‌توانێ وته‌كانیان به‌جیدی وه‌ربگرێت كاتێك كه ده‌ڵێن: ده‌رمانی ویرووسی كۆرۆنا ده‌بێ وه‌ك “پێداویستیی گشتی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و به‌شێوه‌ی هاوبه‌ش و عادڵانه دابه‌ش بكرێ“. به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ده‌ستپێكی وته‌كانی خۆیدا وتی: “لێتان تێك نه‌چێ، واكسێنێك ناتوانێ ئه‌و خه‌ساره‌تانه‌ی كه ئاسهوارهكانیان ساڵه‌ها و ته‌نانه‌ت ده‌یه‌كانی داهاتوو ئاشكرا ده‌بێت، قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. ڕێژه‌ی هه‌ژار و برسییه‌تی له جیهاندا خه‌ریكه ده‌ڕواته سه‌رێ، هه‌ڕه‌شه‌ی قاتی و نه‌بوونی ڕوو له زیاد بوونه، ئێمه له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین ڕكوودی جیهانی له ماوه‌ی ٨ ده‌یه‌ی ڕابردوودا به‌ره‌وڕووین“. ئه‌و له درێژه‌دا ده‌ڵێ: “بۆ خه‌بات له‌گه‌ڵ نایه‌كسانی و بێعهداڵهتییهكان، كه به گشتگربوونی كۆرۆنا زه‌رووره‌تی په‌یدا كردووه، پێویسته هه‌وڵی خۆمان له خاڵی سفره‌وه ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه”. هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: “قه‌راردادێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته له نێوان خه‌ڵك، ده‌وڵه‌ته‌كان، به‌شی خسووسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پێكبێت تا به دامه‌زراندنی نیزامێكی ماڵیاتیی عادڵانه له‌سه‌ر داهات و سه‌روه‌ت و له هه‌مان حاڵ‌دا خوڵقاندنی عادڵانه‌ی به‌رژه‌وه‌ند و ده‌رفه‌ته‌كان بۆ هه‌مووان، به‌ره‌نگاری ڕیشه‌كانی نایه‌كسانی ببینه‌وه“. پێویسته به به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوترێ كه قه‌راردادی كۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ ناتوانێ له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمێك شكڵ بگرێ كه بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر نابه‌رابه‌ریی به‌رهه‌مهێنه‌رانی سه‌روه‌ت و تاڵانكه‌رانی سه‌روه‌ت دامه‌زراوه. “قه‌راردادی كۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ” و “ده‌ستپێكردنه‌وه له سفره‌وه”، ته‌نیا له‌سه‌ر وێرانه‌كانی قه‌راردادی كۆمه‌ڵایه‌تیی تاڵانكهرانهی ئێستا، ده‌توانێ شكڵ بگرێ. بێگومان هیچ ڕێگایه‌كی لابڕ، بوونی نییه.