کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چاوترسێن کردنی خەڵک، ئامانجی ڕژیم لە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان

photo 2025 08 13 11 35 56

 ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و سزادراوانی دادگا ئاساییەکانی چڕتر کردووەتەوە. هەر لەم پێوەندییەدا دوێنێ لە ٤٩ زیندان لە سەرتاسەری وڵات هەشتا و یەکەمین هەفتەی کەمپەینیسێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدانبەڕێوەچووزیندانیانی خەباتکاری ٤٩ زیندانی ئێران لەو کەمپەینەدا بەشدار بوون و مانیان لە خواردن گرت. لە بەیاننامەی ئەم هەفتەیەی کەمپەینەکەدا وێڕای ئاماژە بە پەرەسەندنی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان، لە بنەماڵەی ئەو زیندانیانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، داوا کراوە کە هەواڵی لەسێدارەدانی منداڵەکانیان بە ڕای گشتی بگەیەنن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی ئەو لەسێدارەدانانە بوڕێوە بەرنلە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە کاتێکدا ئێعدام و سەرکوت لە ئێران پەرەی سەندووە و دوابەدوای گواستنەوەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین، شاهیدی ڕفاندن و گواستنەوەی لەناکاوی پێنج زیندانی سیاسیین کە پێشتر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێنرابوو، بە ناوەکانی وەحید بنی ئامریان، پویا قوبادی، بابەک عەلیپوور، ئەکبەر (شاهروخ) دانشوەرکار و محەممەد تەقەوی، بۆ بەندیخانەی قەزڵحەسار. پرسێکی کە لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیشەوە بە توندی ئیدانە کراوە. هەروەها دوو بەندکراوی ئەمنییەتیش بە ناوەکانی بابەک شەهبازی و ئومێد تەباری موقەدەم، دوای لێدان و ئەزیەت و ئازار، گوازرانەوە بۆ ئەو زیندانە. ئەم هەوڵە سەرکوتگەرانە بەشێکە لە پڕۆسەی پەرەسەندنی گوشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی و پەرەسەندنی بێوێنەی ژمارەی ئێعدامەکان لە وڵاتدا. بەپێی زانیارییەکان، زیندانییەکی سیاسی بەلووچ بە ناویعامر پەرکی بەلوچزەهیبەمەبەستی لەسێدارەدان گواستراوەتەوە بۆ بەندی تاکەکەسی لە زیندانی زاهیدان و گیانی لە مەترسیدایە. تەنها لە ڕۆژی ٥ی گەلاوێژدا ٢٠ کەس لەسێدارەدران. ئاماری هەژێنەرتر ئەوەیە کە لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە تا ئێستا زیاتر لە ١١٠ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون. بەڵام لە به‌رامبه‌ر  ئه‌م شه‌پۆلی ئێعدامانەدا خەبات و خۆڕاگریی زیندانیان و جەماوەر بەردەوامە. کاسبکاران و خەڵکی بوێری شاری سمیرۆم دژ بە سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ دوو برا بە ناوەکانی فازڵ و مێهران بەهرامیان، بە داخستنی بازاڕ و دوکانەکانیان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.

ئێمە داوا لە سەرجەم بنەماڵەی زیندانیانی مەحکووم بە ئێعدام دەکەین کە لە بەرامبەر سزای لەسێدارەدانی منداڵەکانی خۆتان و خزم و کەس و کارتان بێدەنگ مەبن و لە ئاستێکی بەریندا بڵاوی بکەنەوە و بە کۆبوونەوە لە شوێنە گشتیەکان دەنگی ناڕەزایەتی خۆتان دژ بەم سزا نامرۆڤانەیە بەرز بکەنەوە. کەمپەینیسێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدانداوا لە سەرجەم خەڵکی ئێران و جیهان دەکات کە پاڵپشتی ئەو بنەماڵانە بن و بە هەر ئامراز و ئیمکاناتێکی کە لەبەردەستیاندایە لە دژی دەزگای ئێعدام لە ئێران ناڕەزایەتی دەرببڕن. تەنیا بە ڕاپەڕین و بەرەنگاری و بوێری و بەرزکردنەوەی دەنگی بەکۆمەڵ دەتوانرێت کۆتایی بەم سووڕی مەرگە بهێنرێت. سزای لە سێدارەدان هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم ڕێژیمەوە، وەک ئامرازێک بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک کەڵکی لێوەرگیراوە. ئەم دەسەڵاتە جینایەتکارە زیندانیانی سیاسی و هەروەها زیندانیانی تاوانە ناسیاسییەکان وەک بارمتە لە زیندانەکانی خۆیدا ڕادەگرێت و هەرکاتێک پێویست بکات ئێعدامی ئەوان بە ئامانجی سیاسی و بۆ دروستکردنی کەشی ترس و خۆف لە کۆمەڵگادا بەکاردەهێنێت. بەلای ڕێژیمەوە گرنگ نییە کە زیندانییەکە تاوانی ئەنجامداوە یان نا، دادگایی کراوە یان نا، چەند ساڵ بە تۆمەتەوە یان بەبێ تۆمەت، بە بەڵگە و دیکۆمێنتەوە یان بەبێ بەڵگە و دیکۆمێنت، یان تەنانەت سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و بەشێک لە حوکمەکەشی تێپەڕ کردووە. ڕژیم هەرکاتێک بەپێویستی بزانێت، لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجە نامرۆڤەکانی خۆیدا، بە تاک یان بەکۆمەڵ، لە گیانی زیندانییەکان کەڵک وەردەگرێت.

کوشتاری سیستماتیکی جیلێک لە گەنجانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی دەیەی شەستیش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە  بە هەمان شێوە بەڕێوەچوو. ئەم ڕێژیمە هەر لە سەرەتاوە نیشانی دا کە چ پۆتانسێل و توانایەکی بەرزی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کوشتار و جینایەت. کۆماری ئیسلامی لە ساڵەکانی دەیەی شەستدا بە مەبەستی بەئاکام گەیاندنی سەرکوتی شۆڕش، بە فەرمانی خومەینی هەزاران گەنجی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی لە زیندانەکاندا کۆمەڵکوژ کرد. سەرەتای مانگی گەلاوێژی ١٣٦٧ و هەفتەیەک دوای ٢٧ی پووشپەڕ، که خومەینی جامە ژەهرەکەی شکستی شەڕی کۆنەپەرستانەی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقی نۆشی، بەمەبەستی زاڵکردنی کەشی ترس و خۆف بەسەر کۆمەڵگادا و هەروەها پێشگیری لە ناڕەزایەتی جەماوەر دژ بە ئاکامەکانی ئەو شەڕە دڕندانە و ماڵوێرانکەرە، دیسان پەنای بردەوە بەر ئامرازی کوشتاری زیندانیان و هەزاران زیندانیی سیاسیی لە زیندانەکاندا کۆمەڵکوژ کرد. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران سەرەڕای هەوڵی ڕیفۆرمخوازانی حکوومەت و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم بۆ لەبیرکردنی، ئەو تاوانانە هەرگیز نە لەبیر دەکەن و نە لێی خۆش دەبن.

دوای ئاگربەستی شەڕی ١٢ ڕۆژە، شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی زیندانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئامانجی پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و خۆف لە نێو خەڵکدا بەڕێوەچووە. لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی ئابووریی ڕێژیم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر بووەتەوە، لە دۆخێکدا کە هەژاری و بێکاری ژیانی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێرانی تاڵ کردووە، لە کاتێکدا تێچووی بژێوی ژیان بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و لانیکەمی حەقدەست پێنج هێندە لە ژێر هێڵی هەژاریدایە، لە کاتێکدا پچڕانی بەردەوامی کارەبا و کەمیی ئاو، تەنگی بە ژیانی خەڵک هەڵچنیوە و هەروەها لە کاتێکدا مەترسی شەڕێکی وێرانکەری دیکە بەردەوام بەسەر سەری خەڵکدا دەسوڕێتەوە، وەڵامی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ ئەو دۆخە مەینەتبارەی کە بۆ خەڵکی دروستی کردووە، بریتییە لە پەرەپێدان بە ئێعدامەکان لەناو زیندانەکان و لەپێش چاوی خەڵک، بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری  سەرهەڵدانی هەر چەشنە ئاخێز و ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی.

بەڵام جەماوەری ستەملێکراوی ئێران هیچ ڕێگایەکیان لەبەردەمدا نییه جگه له ناڕەزایەتی به‌رده‌وام و یەکگرتووانە و ڕێکخراو له دژی ڕژیم بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی. نابێ ڕێگه بدرێ کۆماری ئیسلامی گیانی زیندانیانی سیاسی لەپێناو مانەوە و درێژەدان بە جینایەتەکانی خۆیدا وه‌ک بارمته به کار بهێنێت. نابێ ڕێگە بدرێ که ڕێژیم بە وەڕێخستنی هەراوهوریا و درۆ و دەلەسە و هەڵخڕاندنی هەستی خەڵک لە دژی کەسانی مەحکووم بە ئێعدام بە بیانووی ئەوەی ئەو کەسە بکوژ، دەستدرێژیکار یان ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکانە، زیندانیان لە سێدارە بدات. دەبێ هەوڵ بدرێت شوێنی بەڕێوەچوونی ئێعدامەکان لە زیندان و لە نێو خەڵکدا بکرێتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی لەدژی خودی ڕژیم. جەماوەری خەڵکی ئازادیخواز نابێ ببنە تەماشاگەری ئەستاندنی گیانی مرۆڤەکان لە گۆڕەپانی پڕ لە شەرمەزاری بەڕێوەچوونی ئێعدامەکان. نابێ ڕێگە بدەن ڕێژیم بێدەنگییەکەیان بکاتە ئامرازێک بۆ چاوترسێن کردنی خۆیان و بەرەوپێشبردنی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی. ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی جەماوەری خەڵک دەتوانێ ڕێژیم لە بەکردەوە دەرهێنانی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانی بێ دیفاع ناچار بە پاشەکشە بکات و بەر بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی بگرێت.