به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ڕۆژی چوارشه‌ممه ٧ی مانگی به‌فرانبار، كۆمه‌ڵێك له چالاكانی سیاسی شاری سه‌قز به كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر گڵكۆی “مه‌هسا ئه‌مینی” و “دانیال پایبه‌ندی” و گیانبه‌ختكردووانی دیكه‌ی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ری، تراكتیان به دروشمی بژی سۆسیالیزم و بڕۆخێت ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری بڵاوكرده‌وه.
به‌شداربووانی ئه‌و كۆبوونه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كیان خوێنده‌وه كه تێیدا هاتووه، بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ری ڕۆڵه‌كانیان بۆ دابینكردنی جهانێكی باشتر له‌ده‌ست داوه و ئێمه‌ش له‌بیریان ناكه‌ین و ڕێگه‌یان درێژه ده‌ده‌ین. بنه‌ماڵه‌كان چ له كوردستان یان هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی ئێران بن، ئه‌بێ یه‌كگرتووانه گۆشار بێنن بۆ سه‌ر ناوه‌نده ده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر جۆره پهروهندهسازییهك دژبه ده‌ستبه‌سه‌ركراوان ڕابگرێت. گه‌لی ئێمه نابێت له‌ئاست باروودۆخی زیندانیانی سیاسی بێ ته‌فاوه‌ت بن هه‌ر به‌و هۆیه‌وه داوا له ته‌واوی بنه‌ماڵه‌كان ده‌كه‌ین كه ناو و ناسناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی زیندانی یا بریندار و یان كوژراون بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكه‌ن. ئاشكرابوونی ناوی ئه‌و ئازیزانه گۆشارێكه بۆ سه‌ر نوێنه‌رانی سه‌رمایه‌داری و ئێمه نامانه‌وێت به بێده‌نگی خۆمان ده‌یه‌ی شهستێكی دیكه دووپات بكه‌ینه‌وه. له كۆتاییدا به‌شداربووان دروشمه‌كانی “زیندانی سیاسی ئه‌بێ ئازاد بكرێت”، “كرێكاری زیندانی ئه‌بێ ئازاد بكرێت”، “ئه‌ی كوردستان، ئه‌ی ئێران، یه‌كگرن، یه‌كگرن”، “بژی ئازادی و به‌رابه‌ری” و “بژی سۆسیالیزم”یان به‌رز كرده‌وه و خوازیاری یه‌كگرتوویی زۆرتری ئێرانیان بوون.