به پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٦ی مانگی ڕێبه‌ندان، كۆمه‌ڵێك له دۆستان و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له مه‌ریوان، به بۆنه‌ی هاتنی ڕۆژی كۆمه‌ڵه، چالاكییه‌كی به‌رینی ته‌بلیغییان به‌ڕێوه‌برد.
به‌م بۆنه‌یه‌وه، له مه‌سیری شاری مه‌ریوان به‌ره‌و پاركی جه‌نگه‌ڵی، قه‌ڵعه‌ی ئیمام، ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه و وێڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت و پلاكارد، شێعر و سروودی شۆڕشگێڕانه‌یان وته‌وه. شایانی باسه، له‌سه‌ر تراكت و پلاكارده‌كان درووشمی وه‌ك “بژی ٢٦ی ڕێبه‌ندان ڕۆژی كۆمه‌ڵه، كۆمه‌ڵه هه‌ر ده‌مێنێ و زیندانی سیاسی ده‌بێ ئازاد بكرێ” ده‌بیندران. له‌درێژه‌ی ئه‌م چالاكیانه‌دا، دۆستان و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، له گه‌ڕه‌كی كه‌مه‌ربه‌دیی ١ و ٢، بیمارستانی قه‌دیم، ئیداره‌ی به‌رق، دارسه‌یرانی ١ و ٢، پاركی شانۆ، وێڕای نووسینی درووشم و بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت، ڕێزیان له ڕۆژی كۆمه‌ڵه گرت و به‌ره‌وپیری ئه‌م ڕۆژه ڕۆیشتن. له به‌شێكی دیكه له چالاكییه ته‌بلیغییه‌كان به بۆنه‌ی هاتنی ڕۆژی كۆمه‌ڵه، شه‌وی چوارشه‌ممه هه‌ڵسووڕاوانی كۆمه‌ڵه وێڕای هه‌ڵكردنی ئاگرێكی گه‌وره له میحوه‌ری جاده‌ی مه‌ریوان ـــ كامیاران ده‌ستیان دایه وتنه‌وه درووشم و ئۆتۆمبێله‌كانی ئه‌م مه‌سیره به لێدانی هۆرن و هه‌ڵكردنی چراكانیان، هاوڕێیان بوون.