کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، جوتیاران، ژنانی ئازادیخواز، دایکانی دادخواز و چین و توێژە مافخواز و خەباتکارەکانی تر، لە مانگی خاکەلێوەدا، بە هاوسەنگییەکی هێزی باشتر خەبات و تێکۆشانی خۆیان لە دژی ڕژێم درێژە پێدا. ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی نەورۆز، گۆڕانی هەرچی زیاتری بارودۆخەکەی بە قازانجی خەڵک، بە باشترین شێوە نیشاندا.
کرێکارانی نەوت، گاز و پێترۆشیمی، وەک هەمیشە پێشەنگی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان بوون. بۆ نموونە، ڕۆژی پێنج شەممە ٢١ی خاکەلێوە، کرێکارانی ئەرکانی سالس لە شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕەی ئێران لە ناوچەی وەبەرهێنانی لاوان، لە ناڕەزایەتی بە هەلومەرجی کار و ئاستی نزمی حەقدەستەکانیان لەوانە جێبەجێ نەکردنی بەتەواوەتی تەرحی پۆلێنکردنی پیشەکان و هەڵاواردن و نەدانی حەقدەستی یەکسان بۆ کاری یەکسان، دەستیان لەکار کێشایەوە و مانیانگرت. داواکارییەکانی ئەم کرێکارانە، کە ماوەیەکە لە چالاکییەکانیاندا خستوویانەتەڕوو، هاوشێوەی کرێکارانی تری ئەرکانی سالسە. هەندێک لەم داواکاریانە بریتین لە: زیادکردنی حەقدەست بە گوێرەی ئاستی هەڵاوسان و گرانی بەردەوامی بازاڕ، لابردن و نەهێشتنی تەواوی بەڵێندەرانی نەوت، جێبەجێکردنی تەرحی پۆلێنکردنی پیشەکان، جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی بڕیاری ٣١٨٨ی دیوان لە پێدانی حەقدەستەکان، لابردنی مامناوەندی زێدەکاری، سوودمەندبوون لە ئاسانکاریەکانی قەرزی سێ سەد ملیۆنی و هتد.
ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کرێکارانی پاڵاوگەی بیدبڵەندی بێهبەهان لە ناڕەزایەتی بە ئاستی نزمی حەقدەستەکان، باجی زۆر، جیاوازی لە پێدانی حەقدەست و بەڵێنییە بێ ناوەڕۆکەکان، دەستیان لە کار هەڵگرت و لە شوێنی کارەکانیان کۆبوونەوە. ئەوان وتیان کە نزیکەی چوار ساڵ و نیو لە دەستپێکردنی کاری پاڵاوگەکە تێپەڕیوە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی هێشتا ئەو بەڵێنانەی کە کاتی دامەزراندن پێی دابوون، جێبەجێی نەکردووە. بە وتەی کرێکاران، بڕیار بووە ئیمتیازاتی حەقدەست و خۆشبژێوی بدرێت بە کرێکاران، بەڵام ئەم بەڵێنانە جێبەجێ نەبوون. ئەم پاڵاوگەیە نزیکەی ١٣٠٠ کرێکاری گرێبەستی و ٧٠٠ کرێکاری کاتی هەیە. نموونەیەکی تر: کرێکارانی ئەرکانی سالسی پیشەسازی نەوت، گاز و پێترۆشیمی شیرکەتی پاڵاوتنی گازی فەجری جەم، ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە بە هەمان داواکارییەکانی هاوڕێیانیان لە ناوچەی بەرهەمهێنانی لاوان، دەستیان لە کار هەڵگرت و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
جگە لە خەبات و ناڕەزایەتی کرێکارانی لەسەرکاری نەوت، ژمارەیەک لە خانەنشینانی ئەم پیشەسازییە سەرەکیەی وڵاتیش، ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لەسەر شەقامەکان نیشاندا. بۆ نموونە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی خانەنشینی پیشەسازی نەوت، لە بەردەم سندوقی خۆشگوزەرانی و کاروباری خانەنشینی، لە ئەمانیەی ئەهواز کۆبوونەوە. ئەوان سەبارەت بە جێبەجێ نەکردنی یەکسانسازی حەقدەستەکان، حەقدەستی کەم و نەدانی مافە یاساییەکانیان ناڕازین. ئەم خانەنشینانە وێڕای ئاماژە بەوەی کە سندوقەکەیان تایبەتە و خاوەنی تایبەتی هەیە، وتیان: دەبێت سەربەخۆیی سندوقەکەیان پارێزراو بێت، چونکە سەرچاوەکانی سندوق هی خانەنشینانی پیشەسازی نەوتی ئەهوازە و دەوڵەت نابێت دەستدرێژی بکاتە سەری.
هەروەها بەشێک لە کرێکارانی هەفت تەپە لە ناڕەزایەتی بە کەمئاوی کێڵگەکانی شەکر، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای فەرمانداری، خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی کێڵگەکانی شەکری هەفت تەپە بوون.
کرێکاران دەڵێن: ڕێژەی ئەو ئاوەی کە لەمساڵدا لە لایەن کۆمپانیای دابینکردنی ئاوی خوزستانەوە بۆ کێڵگەکانی شەکری هەفت تەپە دیاری کراوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمتر بووەتەوە. ئەوان داوا لە بەرپرسانی فەرمانداری شووش دەکەن، هەرچی زووتر چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی کێشەی بێ ئاوی کۆمەڵگەی هەفت تەپەش بەزوویی چارەسەر بکرێت. ئەوان دەڵێن ئەم دۆخە قەیراناویە نەک هەر زیان بە بەرهەمهێنان دەگەیەنێت، بەڵکوو ژیان و گوزەرانی هەزاران کەس دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
جگە لە کرێکارانی نەوت و بەشە کرێکارییەکانی تر، خەباتی جوتیارانی ئیسفەهانیش کە لە ڕۆژەکانی دوای ١٣ بەدەرەوە دەستی پێکرد، شایانی سەرنجە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە لە بنەڕەتدا لە دژی ئەو بەشە لە فەرماندەکانی سپا بوو کە ماوەی سی ساڵە، ئاوی زایەندەڕوود بۆ کەسابەت و ژیانی تایبەتی خۆیان و هاوچینەکانیان دزیوە. جوتیارانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئیسفەهان، بە یارمەتی پێشڕەوانی شار و بە سوود وەرگرتن لە هاوسەنگی نوێی هێز، خەباتێکی شێلگیرانەیان بەرەوپێشبرد و لەو ماوەیەدا، هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی سپایان بە بەرگرییەکی کاریگەر لە خۆیان، پووچەڵ کردەوە. لە ئاکامی ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەدا، پزیشکیان ناچار بوو دەستێوەردان بکات و لە سەرەنجام هەندێک ئاو بە شێوەیەکی کاتی، گەڕایەوە بۆ زایەندەڕوودی ویشکبوو. جوتیاران وێڕای بەکارهێنانی ئەو ئاوە، بە دروشمی “زایەندەڕوود بەردەوام” و هێنانە ئارای داخوازی وەرگرتنی قەرەبوو، درێژەیان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان دا.
دوێنێ، شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، دانوستانەکانی نوێنەرانی دەوڵەتی ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە مەسقەت، پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. ئەم دانوستانانە لە درێژەی ڕێککەوتنەگەلێکی شاراوەدا بوو کە بازاڕ و بڵاوکراوەکانی ژێر تیغی سانسۆر، بە گەشبینیەوە کاردانەوەیان نیشان دا. بەڵام لەم نێوەندەدا بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان، بە هەمان بێ باوەڕی بە ڕژێمی شکستخواردووی ئیسلامی و مانۆڕەکانی ترامپ، درێژەی بە ڕێگای خۆیدا و جارێکی تر نیشانی دا کە شووشەی تەمەنی ڕژێم، لە دەست کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی مافخوازدایە نەک ئەمریکا.