چارەنووسی ڕژیم لە لایەن هاووڵاتیانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەوە دیاری دەکرێت، نەک ترامپ.
خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان لە دیدارێکدا لەگەڵ خاوەن سەرمایەکانی کەرتی تایبەت، بێ ئەوەی ناوی بێنێت، وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترامپ سەبارەت بە ڕێژیمی دایەوە. ئەمە لەو ڕۆژەدا بوو کە ئازادیخوازانی کوردستانی شۆڕشگێڕ، لە شائابادەوە بگرە تا کرماشان، سنە، سەقز، بۆکان، مەهاباد و شارە گەورە و بچووکەکانی دیکەی جوگرافیای کوردستان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژبە بناغە و ڕەگ و ڕیشەی کۆماری ئیسلامی، واتە سزای لەسێدارەدان و بەهێزکردنی ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەی ئێستا لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە، قوتابخانە، ناوەندەکانی کار، دوکان و بازاڕیان داخست و ئیدارەکانیان لەکارخستبوو. ئاساییە کە هەر سیاسەتمەدارێک لە ئاوا هەلومەرجێکدا لە پشت دەرگا داخراوەکاندا دادەنیشێت بۆ ئەوەی کە ئەگەر مانگرتنێکی بەرینی لەو چەشنە، هاوشێوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ساڵی ١٤٠١دا، ئاگری نەفرەت و بێزاریی پەنگخواردووی، جەماوەری ناڕازی لە سەرتاسەری ئێران بڵێسەدار کرد، بیرێک لە چارەنووسی نیزامەکەی بکاتەوە. بەڵام خامنەیی هاوبیرە ڕاستەقینەکانی ترامپ، واتە سەرمایەدارەکانی کەرتی تایبەتی کۆکردبووەوە بۆ ئەوەی پەیامێکی سازشی بۆ بنێرێت. بەڵام ناوبراو لە هەمان کاتدا پەیامێکیشی بۆ خەڵکی ئێران نارد. ئەو پەیامە چی بوو؟
ترامپ کۆمەڵێک واقیعییەتی سەبارەت بە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی درکاندبوو کە زۆربەی هاووڵاتیانی ناڕازی، بەپێی ئەزموون دەیزانن. چونکە ئەم لاوازبوونە بەردەوامە، ئاکامی خەبات و تێکۆشانی بێوچانی خۆیانە لەسەر بەستێنی دژوازی و قەیرانەکانی ڕژیم. خامنەییش وەک هەموو ئاخووندە بەناو کارناسە درۆزن و چەواشەکارەکان، ئیدیعای ئەوەی کرد که دەسەڵاتەکەی وەک هەمیشە بەهێزە. ئەو وتی، لە سەردەمی سەدامیشدا پێیانوابوو حکوومەتی ئیسلامی لاوازە، هەربۆیە هێرشیان کردووە سەری. لە سەردەمی ڕێگانیشدا هەروایان بیردەکردەوە و سەدامیان بەهێزکرد. بەڵام هەموویان ڕۆیشتن و ڕێژیمی ئیسلامی مایەوە. بەڵام واقیعییەت چییە؟ ساڵی ٥٩ کاتێک حکوومەتی بەعس بە هاوکاری ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی تەنانەت هێشتا سەقامگیر نەببوو. کرێکارانی لەسەرکار بە شۆڕاکانیان، کرێکارانی بێکار بە خۆپیشاندانەکانیان، ژنان بە ئاکسیۆنەکانیان، خەڵکی عەرەب و کورد و تورکمان بە خەبات و تێکۆشانیان و هەروەها ئازادیخوازان بە ڕێکخراوەکانیان، خوازیاری مافەکانیان بوون. ڕژیملەسایەیشەڕدا،بەئازاروئەشکەنجەولە
سێدارەدانی هەزاران کەس لەناو زیندانەکان و بەکوشتدانی گەنجان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، بناغەکانی دەسەڵاتەکەی بەهێز کرد. ئەگەرچی ئەو شەڕە بە گڵۆپی سەوزی دەوڵەتی ئەوکاتی ئەمریکا دەستیپێکرد، بەڵام جۆرێک پلانیان بۆ دانا کە کۆماری ئیسلامی شکستخواردوو لێی بێتەدەرەوە. کاربەدەستانی ئەوکاتی ئەمەریکا، زۆر جار دووپاتیان کردەوە کە ئەو شەڕە، لایەنی سەرکەوتووی نییە و هیچ نیازێکیش بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ئارادا نییە. چونکە ڕژیم ئەو دوو ئەرکە سەرەکییەی خۆی تەواو نەکردبوو، کە بۆرژوازی و دەوڵەتی ئەمریکاش دەیانویست، واتە لەناوبردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئازادیخوازانەی ٥٧ و پێشێلکردنی هەرچی زیاتری مافی کرێکاران، بە کامڵکردنی دام و دەزگاکانی سەرکوت و سەپاندنی دیکتاتۆریەت و دووبارە بنیاتنانەوەی سەرمایەداریی ئاسایی. بڕیاربوو ئەو هێزە ئابوورییەش کە سەرمایەداریی تەقلیدی دەخاتەوەگەڕ، هەر ئەو کەسانە بن کە خامنەیی ڕۆژی مانگرتنە گشتییەکەی کوردستان، قسەی بۆ دەکردن.
هەموو باڵەکانی ڕێژیم بە ئاشکرا یان بە نهێنی، دانیان بەوەدا ناوە کە دەسەڵات لە هیچ قۆناغێکدا بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە. ئێستا خامنەیی بە سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و ترامپەکان دەڵێت کە دەیەوێت بە هاوکاری ئەوان، ئەو ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنێت. هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندان، زۆربەی ڕۆژنامە بەناوبانگەکان قسەیان لە پێویستی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و قبوڵکردنی داواکارییەکانی کرد، بۆ ئەوەی سەرمایە ڕووبکاتە ئێران. هەر لەو ڕۆژەدا چەند وێنەیەکەی فریوکارانەی پزیشکیانیان بڵاوکردەوە کە بێڵی بەدەسەتەوە گرتبوو. بۆ ئەوەی کە زەحمەتکێشان به داهاتووی کابینەکە و باشتربوونی ژیانیان ئومێدەوار بکەن. بێ ئاگا لەوەی کە کرێکارانی ئازارچێشتوو و خاوەن ئەزموونی ئێران، بەم چەواشەکارییانە فریو ناخۆن. واقیعییەت ئەوەیە کە مەبەستی لێدوانەکانی ترامپ، کە لەڕاستیدا تووشی وەهم و خۆشباوەڕیش بووە و زۆربەی پلانەکانی لە هەناوی قوڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریدا، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەبنەوە، بریتییە لە ڕامکردنی کۆماری ئیسلامی، نەک ڕووخاندنی. هەربۆیە ئەندامانی ئەو ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەی کە چاوەڕێی ئەوەن کە ترامپ و ئیسرائیل ڕژێمیان بۆ بڕوخێنن و سەرلەنوێ لەسەر تەختی بە مێژوو سپێردراوی سەڵتەنەتی دابنیشنەوە، خەیاڵیان خاوە. ڕەوتی خەبات و ناڕەزایەتییەکان، کە مانگرتنی شکۆداری و سەرکەوتووانەی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان لە کوردستان، یەکێک بوو لە قۆناغەکانی، ئەو مژدەیە دەبەخشێت کە ڕوخێنەری ڕژێم ئەو جەماوەرە دەبن کە ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینایان وەڕێخست. ئەوان لەڕووی ئەو ئەزموونەوە بوو کە دروشمی “نە شامان دەوێ نە ڕەهبەر، نە پەیڕەوانی ئەکبەر“یان هێنایە ئاراوە. ئەمانە هەر ئەو کەسانەن کە ترامپ و دەسەڵاتدارانی پێش خۆی، لە ترسیان، بەردەوام پشتیوانییان لە هەڵسووکەوتی فاشیستی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە لە دژی خەڵک و بە دابینکردنی چەک و کەرەسەتەی دژی خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەکانی سەر شەقام و هەروەها ئامرازەکانی ئەشکەنجە و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی، خزمەتیان بەو ڕێژیمە کردووە.