رۆژی یەکشەممە ٤ ی مانگی گوڵان، قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە فەرانسە بەڕێوەچوو. لەم دەورەیەدا “ئامانۆیل ماکرون”، نوێنەری لیبڕاڵ و میانە ڕەوەکان و “مارین لۆپێن” کاندیدی ڕاستی توندڕەو، سەرکەوتن بۆ دەورەی دووهەم. “ماکرون” ٢٣ و ٧ دەهومی دەنگەکان و ڕەقیبەکەی “مارین لۆپێن” ٢١ و ٣ دەهومی دەنگەکانی دەستەبەر کرد. ئەم دوو کەسە، رۆژی ٧ی مانگی مەی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەرەورووی یەکتر دەبنەوە. ڕێژەی بەشداری لەم دەورەیەدا، نزیکەی ٧٠ لەسەد بووە کە بەراورد بە دەورەکانی پێشوو، کەمێک دابەزیوە. بە سرنجدان بەو نیگەرانیانەی کە سەبارەت بە سەرکەوتنی ڕەوتی ڕاست ڕەوی توندڕەو لە فەرانسە بوونی هەیە لە دەورەی دووهەمدا بە ئەگەری زۆرەوە، ئیئتیلافێک لە هێزەکانی ناسراو بە چەپ و ڕاستی میانە بۆ پشتیوانی لە “ماکرون” پێک دێت و سەرۆک کۆماری داهاتوی فەرانسە “ئێمانۆیل ماکرون” دەبێت.
تا ئێرەی مەسەلەکە شتێکی زۆر چاوەڕوان نەکراو رووی نەداوە. ئەم جۆرە ئاکامانە کەم تا زۆر لە گشت ڕاپرسییهكاندا، پێش بینی دەکران. بابەتی گرنگ و شیاوی قسە لەسەر کردن لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی فەرانسەدا، پێگەی دۆڕاوەکانی ئەم قۆناغە و دۆڕاوی دەورەی کۆتاییەتی. لەم پێوەندەدا دوو ڕەوتی سەرەکی بە روونی دەبیندرێن.
ڕەوتی یەکەم، ئەم هەڵبژاردنە لە ڕاستیدا شانۆی شکست هێنانی ئەحزابی سوننەتی بوو لە نێو دیموکراسی فەرانسەدا. دوو حیزبی سەرەکی و خاوەن پێشینەی فەرانسە، واتە “حیزبی کۆماری” و “حیزبی سۆسیالیست” کە لە ماوەی ئەم چەند دەیەی دواییدا، بەردەوام هەر کامەو بە نۆرە، دەسەڵاتی سیاسیان لەم وڵاتەدا بە دەستەوە بووە، ئەم جارە نوێنەرەکانیان كهوتنه خوارەوەی لیستهكهوه. “بۆنوا ئامۆن” کاندیدی حیزبی سۆسیالیست، شکستی خۆی بە “شکستێکی بەرچاو و مێژوویی” بۆ چەپی فەرانسە ناوبرد. ئەمە چارەنووسی ئەحزابی سوننەتی لە سەرتاسەری ئوروپا و ڕەنگە لە دنیادا لە دیموکراسیە پاڕلمانیەکاندا بێت. ئەوان رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر، بڕوای دەنگدەران لە دەست ئەدەن و یەک لە دوای یەک، جێگای خۆیان ئەدەن بەو حیزب و جەریاناتەی تر کە زۆربەیان تازە سەریان هەڵداوە. دهنگ گهلێك کە بە قازانجی حیزبی ڕاستگەرای توندڕەو “بەرەی میللی” بە ڕێبەری “مارین لۆپێن” خرانە سندوقەوە بە نۆبەی خۆی نیشانەی بێ هیوایی ئەم کۆمەڵگایە به نیسبهت دهسهڵاتی ئەم حیزبانەیە.
ڕەوتی دووهەم، سەرهەڵدانی تا ڕادەیەک خێرای بزوتنەوەیەکی چەپ لە هەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی فەرانسەدا بوو. “ژان لوک ملانشون” لە حیزبی چەپی فەرانسە بە دروشمی ” فەرانسەی نافەرمان”، نزیکەی ٢٠ لەسەدی دەنگەکانی دەستەبەر کرد کە لە ڕاستیدا لە گەڵ دەنگی باقی کاندیدەکان لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردندا، مەودایەکی ئەوتۆی نییە. لەوانەبوو بتوانێ تەنانەت بشگاتە دەورەی دووهەم. ئەگەر بگەیشتایەتە دەوری دووهەم، سەرکەوتنی بەسەر “مارین لۆپێنی” ڕاست گەرادا، تا ڕادهیهكی زۆر مسۆگهر بوو. لە ڕاستیدا “ملانشون” لە یەک قەدەمی سەرۆک کۆماری فەرانسەدا بوو. ئەم حیزبە لە ساڵی ٢٠٠٩دا پێکهات و جیابوونەوەیەک بوو لە حیزبی سۆسیالیستی فەرانسە و کاردانەوەیەک لە بەرانبەر ڕاست رەویەکانی ئەم حیزبەدا.
ئەو دەنگانەی کە بە قازانجی “ملانشون” خرانە سندوقەوە، نیشانەی ئەوەیە کە بەشێکی بەرینی خەڵکی فەرانسە، بەشوێن داد پەروەری و ئازادیەوەن، بەڵام هێشتا ڕیگای خۆیان نەدۆزیوەتەوە و لە ئێستادا بە جێگای بێ تەفاوەتی سیاسی، دەچنە ئەم جۆرە بەرانەوە. ئەم دیاردەیە لە ڕاستیدا، دەرێژەی گرایش بەرەو چەپێکە کە لە پاڵ مەیدانداری و تەڕاتێنی هێزەکانی ڕاستی میانە و توندڕەودا، لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتانی ئوروپایی سەری هەڵداوە.
له راستیدا شکستی ئەحزابی سوننەتی و دەرکەوتنی ئەحزابی ڕاستی تووندڕهو و ئەحزابی چەپی وەک حیزبی چەپی فەرانسە، لە دیموکراسیە پاڕلمانیەکاندا، هەردوو بەرهەمی قەیرانێکی ئابووری قوڵن کە جیهانی سەرمایەداری لە ساڵی ٢٠٠٨ وە تا ئێستا، تێیدا پەلەقاژەیەتی. بەهۆی ئەم قەیرانەوەیە کە سیستمی سیاسی سوننەتیش لەم وڵاتانەدا بێ ئیعتیبار بووە. ئەو ناڕەزایەتیانەی لەم کۆمەڵگایانەدا لە ئارادان لە لایەکەوە دەبنه هۆی سەرهەڵدانی ڕهوتی ڕاستی وەک ترامپ لە ئامریکا و “مارین لۆپێن” لە فەرانسە و “حیزبی ئازادی” ڕاست گەرای توندڕەو لە هولەند و شوێنەکانی دیکە. و لە لایەکی ترەوە لە پاڵ بەرەو ڕاست چوونی دەنگدەران، حەرەکەتی بەرەولای چەپیش دەستی پێکردووە. دیارترین نمونەی لە دنگەکانی “برنت ساندرز” لە هەڵبژاردنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دا بینیمان کە بە پشت بەستن بە دروشمە چەپەکان، پێگەیەکی تایبەتی لە هەڵبژاردنی ئامریکادا لە بەرانبەر جەریاناتی ڕاستی میانە و ڕاستی توندڕەودا بە دەست هێنا. لەم ساڵانەی دواییدا، “سیریزا” لە یوونان، حیزبی “پۆدیموس” لە ئیسپانیا، “چەپی یەکگرتو” لە ئسلووێنی و بەرەی “کرێکارانی کورواسی” دەکرێت لەم ڕیزەدا دابنێین. هەرلەم دەورەیەدایە کە “جێرێمی کووربین” نوێنەری باڵی چەپی حیزبی کارگەری ئینگلیس، دەبێتە سەرۆکی ئەم حیزبە. “حیزبی چەپی فەرانسە”ش لەم لیستەدا جێی دەبێتەوە. ئەگەرچی “ژان لوک ملانشون” لە حیزبی چەپی فەرانسە بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی مهیلی كۆمهڵایهتی بەرەو چەپ ناکات و ئەوەی کە لە تەبلیغاتی هەڵبژاردنیدا، جەختی لەسەر دەکردەوە لە چوارچێوەی ئیسلاح کردنی ئەم سیستمە واوەتر نەدەچوو، و هەڵبەت ڕوون نییه کە ئەگەر سهریش بكهوتایه تا چ ئاستێک پابەندی ئەم بهڵێنانهش دەمایەوە، بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا، بەرز بوونەوەی پێگەی لە بەرانبەر ئەحزابی قەدیمی و گیان سەختی فەرانسەدا، سەرچاوەگرتوو لەو دروشمانەوەیە کە بۆنێکیان لە سیاسەتێکی ڕادیکاڵ لیدەهات. دروشمەکانی وەک، “گۆڕینی یاسای بنهڕهتی بە قازانجی دیموکڕاتیک تر کردنی ئهو یاسایه، زیاد کردنی ماڵیات بهسهر داهات و هاوسەنگ کردنی سەروەت، دەرچوون لە پهیمانی ناتۆ، پەرەپێدانی خزمەتگوزاری رهفاهی، بێهداشت و دەرمان بەخۆڕایی، زیاد کردنی حەقدەستەکان، کەم کردنەوەی بێکاری” و دروشمی تری لەم بابەتانە. بێ هۆ نەبوو ئەگەر گەلێک لە ڕاگەیەنەرەکانی باڵی ڕاستی فەرانسە، “ملانشۆن”یان وەک مەترسیەکی جیدی دەناساند کە گەرهکیەتی بە بەرنامە ئابووریەکانی، خهرجی دهوڵهت زیاد بكات و زیاتر پهیوهندی فەرانسە لەگەڵ هاوپەیمانە بەهێزەکانی سڕ و خاو بکاتەوە.
بێگومان بەرەوروو بوونەوەی چەپ و ڕاست لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری وەک فەرانسە لە بەرەنگار بوونەوەی ئەحزابی سیاسی چەپ و ڕاستی مەوجود، واوەتر دەچیت و تەکلیفی داهاتوی سیاسی ئەم کۆمەڵگایانە لە خەباتێکی چینایەتی چارەنووس سازتردا یەکلایی دەبێتەوە. کارێکی ئاوا هەڵبەت گەورە لە توانایی ڕێبەریی ئەو حیزبانەی کە ئەمرۆ لە ڕێبهری بزوتنەوەی چەپ لەم وڵاتانەدا قەراریان گرتوە، بەدەرە.